کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قاسملوو و سەمفۆنیای خۆڕاگری سەمفۆنیای ژمارە ٥: لە ماڕشی شینەوە بەرەو ماڕشی بەرگری

16:46 - 6 جۆزەردان 2726

هێمن مەردانی

(بەشی دووهەمی خوێندنەوەیەک بۆ سەمفۆنیای پێنجەمی مالێر لە بەستێنی پۆست - کۆلۆنیالیزم و هزر و گوتاری سیاسیی د. قاسملوودا)

ئەم وتارە پشت دەبەستێت بە کۆمەڵێک چەمکی تیۆریک لە بەشەکانی ئەدەب، فەلسەفە و لێکۆڵینەوەکانی سەر دەنگ. سەرەتا، ئایدیای "نەریت و دووپاتە خوێندنەوە"ی تی.ئێس. ئێلیەت، بناغەیەک بۆ تێگەیشتن لە گواستنەوەی بەرهەمێک لە بەستێنێکی مێژوویی بۆ بەستێنێکی تر ساز دەکات، بە جۆرێک کە مانا لە هەر بەستێنێکدا ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت.

دووهەم؛ ئەوە کە شیکارییەکانی ئادۆرنۆ لەمەڕ فۆرمی مۆسیقایی و گرژییەکانی پەیوەست بەوەوە، دەرفەتی تێگەیشتن لە داڕشتی لێکبڕدراو و ناجێگیری بەرهەمەکانی مالێر بەدەستەوە دەدات.

سێهەم؛ چەمکی "بە کۆد کردنی دەنگ" لەلای ئەتالی نیشان دەدات کە چۆن مۆسیقا لە کاتی گواستنەوەی بۆ سیستەمە نوێیەکانی میدیا و ڕاگەیاندندا، دەور و نەخشێکی جیاوازتر بەخۆیەوە دەگرێت.

خاڵی چوارەم؛ ڕوانگەی بێنیامینە لەمەڕ سەرلەنوێ بەرهەمهێنان و جێگۆڕکێی بەرهەمی هونەری، چوارچێوەیەک بۆ تێگەیشتن لە گۆڕینی گشتیی ئۆرکێسترایەک بۆ یەکەکۆکراوەکان دەڕەخسێنێت. لە کۆتاییدا، ئاراستەکانی توێژینەوەگەلی دەنگ، بەتایبەت لە کارەکانی ڵابڵ، دەرفەتی ڕەخساندنی شیکاریی دەنگ وەک توخمێکی چالاک لە شەقڵپێدان بە ئەزموونی هەستی و گشتی پێک‌دەهێنن.

هاوکات جیا لەمە، ئەم نووسینە پشتیش دەبەستێت بە چەمکگەلی سەرەکیی توێژینەوەکانی پۆست - کۆلۆنیالیزم. لەو چوارچێوەیەدا، دەنگ نەک وەک توخمێکی جوانناسی، بەڵکوو وەک ئامێرێک بۆ دووپاتە بەرهەمهێنانی شوناس و خۆڕاگری لەبەرچاو دەگیرێت. هەر لەو ڕوانگەیەوە دەتوانین لە لێکدانەوەکانی سەعید لەمەڕ "نواندنەوە و دەسەڵات" . و هەروەها چەمکەکانی "تێکەڵبوون" و "ڕووبەری سێهەم"ی  کەڵک‌ وەربگرین تاکوو نیشان بدەین چۆن فۆرمێکی مۆسیقایی ئورووپایی لە بەستێنێکی کوردیدا تووشی گۆڕانکاریی مانایی دەبێتەوە.

هەروەها پرسیاری سپیوەک لەمەڕ ئەگەری "قسەکردنی ژێردەستەکان" دەکرێت لە ئاستی دەنگیدا سەرلەنوێ بخوێندرێتەوە؛ لەو کاتەدا کە تەنانەت لە نەبوونی "گوتە"شدا دەبێتە ئامێرێک بۆ دەربڕینی ئەزموونی پەراوێزی. لەپاڵ ئەمەشدا، لێکدانەوەکانی فانوون لەبارەی خۆڕاگری و خۆبەدەستەوەنەدان و سازکردنەوەی سووژە و بەرکار لە هەلومەرجی داگیرکاریدا دەرفەتی تێگەیشتن لە گۆڕانی خەم و ماتەم بۆ هێزێک بۆ کردە و ڕاوەستاوەیی چێ دەکاتەوە.

لەو چوارچێوەیەدا، ئەم وتارە گەرەکیەتی ئەوە نیشان بدات کە چۆن شێوازێکی دەنگیی دووپاتکراوە لە بەستێنێکی سیاسیدا دەگۆڕدرێت بۆ ڕێکارێک بۆ جێخستنی یادەوەری، کاتبەندی و خۆڕاگری. هاوکات، بە کەڵک‌وەرگرتن لە چەمکگەلی ئەدەبی و فەرهەنگی، ئەو پرسیارەش دێنێتە ئاراوە کە ئاخۆ دەکرێ ئەم دەنگە وەک "گێڕانەوەیەکی بێ گوتە" سەیر بکەین؛ گێڕانەوەیەک کە لە ڕێگەی دووپاتەیی، هەڵپەسێردراوی و پێشبینییەوە بیچم دەگرێت.

بەڵگەهێنانەوەی سەرەکیی وتارەکە ئەوەیە کە مارشی ماتەمینیی مالێر لەو گواستنەوە میدیایی و سیاسییەدا لە ئاستی نیشاندانی خەم و ماتەمەوە تێدەپەڕێت و دەگۆڕدرێت بۆ ڕیتمێک بۆ وشیاری و جووڵەکردن و هیوا و ئومێد پەیداکردن لە ڕەوتی ئەزموونی مێژوویی نەتەوەیەکی بێ‌دەوڵەتدا. موومێنت یان جووڵەی یەکەمی سەمفۆنی پێنجەم سەرەڕای داڕشتی ئاماڵ - ماڕشییەوە، سوود وەردەگرێت لەو شێوازە دووپاتبووانەی کە ئەرکی سەقامگیرییان هەیە. ئەم دووپاتانە هاوکات بەردەوام تووشی تێکچوون دەبن و دەبنە هۆی جۆرە ناسەقامگیرییەک. هەر ئەو گرژییەی نێوان دووپاتەیی و دابڕانە کە هۆکار دەبێت بۆ سەرهەڵدانی ئەزموونێکی تایبەت لە خەم و ماتەم. ئەو خەم و ماتەمینەی کە نە بنەی دێت و نە جێگیریش دەبێت، بەڵکوو لە دۆخێکی هەڵپەسێردراویدا دەمێنێتەوە.

 

ئۆستیناتۆ، دووپاتەیی و تێپەڕین لە خەم و ماتەمەوە بەرەو ڕیتمی خۆڕاگری

موومێنت یان جووڵەی یەکەمی سەمفۆنی پێنجەم سەرەڕای داڕشتی ئاماڵ - ماڕشییەوە، سوود وەردەگرێت لەو شێوازە دووپاتبووانەی کە ئەرکی سەقامگیرییان هەیە. ئەم دووپاتانە هاوکات بەردەوام تووشی تێکچوون دەبن و دەبنە هۆی جۆرە ناسەقامگیرییەک. هەر ئەو گرژییەی نێوان دووپاتەیی و دابڕانە کە هۆکار دەبێت بۆ سەرهەڵدانی ئەزموونێکی تایبەت لە خەم و ماتەم. ئەو خەم و ماتەمینەی کە نە بنەی دێت و نە جێگیریش دەبێت، بەڵکوو لە دۆخێکی هەڵپەسێردراویدا دەمێنێتەوە. بەم حاڵەش، ئەم داڕشتە دووپاتبووە ناکرێت بە جیا لە کوالێتی و چلۆنایەتیی سەرەتایی مۆسیقاکە لێی حاڵی بین. سۆلۆی ترامپێت لە سەرەتای موومێنت یان جووڵەکەوە، کە پێشتر وەک جۆرێک دەستپێکردنی مۆسیقا هاتبووە ئاراوە، ئاسۆی هەست و سۆزیاریی ئەم دووپاتبوونەوانە هەر لە سەرەتاوە دیاری دەکات. بەو جۆرە، ئۆستیناتۆ نەک لە بۆشایی، بەڵکوو بەدرێژایی "هێمایەکی سەرەتایی" دەور دەگێڕێت؛ هێمایەک کە ماتەمین وەک دۆخی بنەڕەتی دەچەسپێنێت، بەڵام هاوکات ئەگەری گۆڕانی خۆیشی لەنێوخۆیدا هەڵدەگرێت.

لێرەدا دەکرێ لە شیکاریی ئالەن پۆ کەڵک‌وەرگرین کە دووپاتبوونەوە بە توخمی سەرەکی لە بەرهەمهێنانی عاتیفی و سۆزیاریدا دەزانێت. ئۆستیناتۆ لەو مانایەدا بە واتای دووپاتبوونەوەی نەبوون و لەدەستدان دەور دەگێڕێت؛ جۆرێ گەڕانەوەی بەردەوام کە لەجیاتی سووکنایی، چڕیی ئەزموون زێتر دەکات. لە ڕاستیدا، ئەم چڕیی ئەزموونییە بەره‌بەرە دەورێکی دیکە وەئەستۆ دەگرێت: دووپاتبوونەوە لە نواندنی ڕووت و ڕەبەقەوە بانتر دەڕوات و دەگۆڕێت بۆ جۆرێک لە پێداگری لەسەر هەبوون و حزوور.

ئەو تێپەڕینە دەکرێ لە ئاستی ئەداکردن و پێرفۆرمێنسیش ببیندرێت. لە ئەداکردنی گاردنێر لەتەک ئۆرکێسترای فیلارمۆنیکی لەندەن، سۆلۆی سەرەتایی ترامپێت وەکوو "بانگهێشتێک" دەبیسترێ کە هەر لە سەرەتاوە ڕێگەی عاتیفی و سۆزیاریی مۆسیقاکە دیاری دەکات. هەر بەم هۆیەوە، دووپاتەکانی تری ئەم مۆسیقایە نەک گەڕانەوەی خەم و ماتەمین، بگرە لە درێژەی ئەم بانگهێشتەدا، بەره‌بەرە لە وەستاویی بەرەو گرژی و لە گرژییەوە بەرەو جووڵە دەگەن. بەڵام ئەم ڕەوتە هەر لە داڕشتی سەمفۆنیایەکەوە نامێنێتەوە. کاتێ ئەو مۆسیقایە ڕێی دەکەوێتە ڕادیۆوە، گۆڕانکاریی بەسەردا دێت. لە نوسخەی ڕادیۆییدا، ئۆستیناتۆ ئیتر تەواوی مۆسیقای سەمفۆنی ژمارە پێنج ناگرێتە خۆی، بەڵکوو ئەوەی دەکار دەکرێت بەرهەمی هەڵبژاردنێک و مۆنتاژێکە کە بەشە هەستیار و بزوێنەرەکان زەق دەکاتەوە. دەکرێ ئەم دۆخە بە شیکاریی ئەتالی لەمەڕ کۆددانانی مۆسیقا باشتر شەن و کەو بکرێت. لێرەدا مۆسیقا دەگۆڕدرێت بۆ شێوازێکی دووپاتکراوە کە زۆرتر دەوری سەقامگرتنی هەیە تاوەکوو پەرەسەندن. بەم حاڵەش، هەر ئەم دووپاتەش بە نۆرەی خۆی جۆرێ کەڵکەڵەبوونی زەمەنی پێک‌دەهێنێت.

لەو چوارچێوەیەدا، دەتوانین قاسملوو وەک ئێدیتۆرێکی دەنگ سەیر بکەین؛ ئەو بە هەڵبژاردنی دانسقە و لەپاڵ یەکدانانی بەشەکان، ڕەوتی هەست و سۆزیاریی مۆسیقاکە دەگۆڕێت. ئەم کارەش ڕێک هاوڕێکە لەتەک چەمکی "چڕکردنەوەی عاتیفی" لەلای گوودمەن. لە ئاکامدا، ماڕشێکی ماتەمینی دەگۆڕدرێت بۆ ڕیتمێکی خێرا و پاڵنەرانە.

ئەم توخمی دووپاتبوونەوە لە ئاستی بەکۆمەڵیشدا مانا پەیدا دەکات. بە چەمکی "داڕشتی هەست و سۆز" بەلای ویلیامز، ئەم دەنگە دەبێت بە بەشێک لە ئەزموونی هاوبەش. لە ڕادیۆ، دەنگ دەگۆڕدرێت بۆ جۆرێ یادەوەریی بیستنی (شنیداری) کە توخمی نەبوون و لەدەستدان لەنێوخۆیدا ڕادەگرێت و هاوکات دەیکاتە هێزێکی بەردەوام و جێگیر. هەر بەم پێیە دووپاتە ئیتر نیشانەی بنبەست یان گرێکوێرە نییە و بگرە نیشانەی درێژەدانە.

ئەم شێوازە دەکرێ بە چەمکی پێش وشیاریشەوە لێی تێبگەین. لە پێکهاتە و داڕشتی سەمفۆنیکی "تڕاوێر- ماڕش" دەستپێکێکی چڕوپڕە کە هەر لە ڕێوە ڕێبازی عاتیفی و سۆزیاریی مۆسیقاکە دیاری دەکات. بەڵام لە ڕادیۆدا، ئەم دەستپێکە دەگۆڕدرێت بۆ یەک "پنتی گەڕانەوە"؛ شتێک کە بەردەوام دووپات دەبێتەوە و وەک دۆخێکی جێگیری لێ دێت. هاوکات دەکرێ ئەم دۆخە وەک "داهاتوویەکی هەڵواسراو"یش ناوی لێ بنێین؛ دۆخێک لەودا داهاتوو بوون و حزووری هەیە، بەڵام بەتەواوی وەدی نایەت. بەم حاڵەش ئەم هەڵپەسێردراوییە بە مانای وەستاوەیی و ماتبوون نییە، جۆرێ لەبەریەککشانەوەی زەمەنییە کە ئەگەری جووڵەکردن دەپارێزێت. ئەم دۆخە لە خودی مۆسیقاکەوە نایەت و بەرهەمی هەڵبژاردن و مۆنتاژیشە. لەو ڕەوتەدا، ئەو بەشانە زەق دەکرێنەوە کە تێیاندا خەم و ماتەمین لە توانا و وزە نزیک دەبنەوە. هەر بەم هۆیەوە، "داهاتووی هەڵواسراو" دەگۆڕدرێت بۆ ئەگەرێکی نزیک لە کردە و کردەوە نیشاندان. ڕێک لەم پنتەدایە کە سیاسەت و ئەندازیاریی دەنگ لە جۆری بڕین و دووپاتبوونەوەدا شەقڵ دەگرێت، نەک بەتەنیا لەنێوخۆی بەرهەمەکەدا - هەروەک چۆن بێنیامین ئاماژەی پێ دەکات.

دواجار، لە کۆمەڵگەیەکی بێ‌دەوڵەتدا، ئەم دووپاتبوونەوە مانی سیاسی بەخۆیەوە دەگرێت. ئۆستیناتۆ دەبێتە "ڕیتمێکی بەرگری" - ڕیتمێک کە بە دووپاتکردنەوەی بەردەوام، توخمی هەبوون و حزوور لەهەمبەر سڕینەوەدا دەپارێزێت. ئەم بابەتە لەتەک ڕوانگەکانی سەعید لەمەڕ بەرهەمهێنانەوەی شوناس لە هەلومەرجی پەراوێزخراوەییدا هاوڕێکە. لێرەدا، توخمی دووپاتبوونەوە دیسان هێمای بنبەست و گرێکوێرە نییە و هێمای درێژەپێدان و خۆڕاگرییە.

 

پوختەی مەبەست

ئەم وتارە هەوڵی دا شەن و کەوی ئەمە بکات چۆن بڕگەیەکی دەنگی لە سەمفۆنیای ژمارە پێنجەمی مالێر لە بەستێنی ڕادیۆی کوردیدا، لە جێگە و پێگەی سەرەتایی خۆی بە واتای داڕشتێکی مۆسیقایی بانتر و بەرەوژوورتر چووە و گۆڕدراوە بۆ ڕێکار و میکانیزمێک بۆ بەرهەمهێنانی یادەوەری، کاتبەندی و خۆڕاگری. بە تێهەڵکێشکردنی شیکاریی مۆسیقاناسی و تیۆریی ئەدەبی، دەرکەوت کە ئۆستیناتۆ - لە پێوەندی دەگەڵ کوالێتی و چلۆنایەتیی سەرەتایی بەرهەمەکە بە واتای دەستپێکی مانادار - دەتوانێت لە تەکنیکێکی دەنگییەوە ببێت بە داڕشتێکی فەرهەنگی -سیاسی.

لەم خوێندنەوەدا، ئەوەی لە سەرەتادا وەک ماڕشی خەم و ماتەمین و ڕیتمێکی هێواش و خاو دێتە بەرچاو، بەره‌بەرە دەور و نەخشێکی تر بەخۆیەوە دەگرێت: خەم و ماتەمین، لە دۆخێکی مەند و ڕاوەستاوەوە بەرەو پڕۆسەیەکی چالاک دەگۆڕدرێت کە لە نێوان دووپاتبوونەوە بەرەو وشیاریی مێژوویی و لەپاشان ئەگەری کردە هەنگاو دەنێت. بەم جۆرە، دووپاتبوونەوە نە نیشانەی بنبەست و گرێکوێرەیە، بەڵکوو نیشانەی بەردەوامبوونە - بەردەوامبوونێک کە لەودا، بابەتی نەبوون و لەدەستدان، تۆزی فەرامۆشی لەسەر نانیشێت و بگرە دەبێتە هێز و وزەیەک بۆ ناساندنەوەی توخمی هەبوون و حزوور.

لەم نێوەدا، ئەوەی ئەم ئاڵوگۆڕە دەلوێنێت نەک بەتەنیا خودی بەرهەمەکە، بەڵکوو جۆری هەڵبژاردن و دەکارکردنەوەیەتی. کەڵک‌وەرگرتن لە هەندێ بڕگەی تایبەت لە ماڕشی شین و ماتەمین - ئەو بڕگانەی کە زۆرترین توانستیان هەیە بۆ پێکهێنانی گرژی و پاڵنەری - ئەوە دەردەخات کە چۆن داڕشتنێکی ماتەمین دەتوانێ لە ڕێی مۆنتاژی هەڵبژاردەیی ببێتە ئامێر و کەرستەیەک بۆ بەرهەمهێنانی پاڵنەرانەی بەکۆمەڵ و هەستی خەبات و شۆڕش. لەو مانایەدا، دەنگ نەتەنیا دەبیسترێت، بەڵکوو ڕێکیش دەخرێت تاوەکوو لە هەناوی خەم و پەژارەوە، ئیمکانی هەڵێنجانی جووڵە و وزە دەست بدات.

دواجار، ئەمە کە توخمی دەنگ بەتەنیا دەنگدانەوە و ڕەنگدانەوەی ئەزموونی مێژوویی نییە، و هاوکات یەکێک لە ئامێرە چالاکەکانە لە بەرهەمهێنانیشیدا. لەم بارە تایبەتەوە، ئۆستیناتۆ دەبێتە توخمێک کە لە ڕێی گەڕانەوەی بەردەوام، خەم و ماتەمین جێگیر دەکات و زەمەن ڕێک دەخات و خۆڕاگری و بەرگریش بەرهەم دەهێنێتەوە - و لەو پێناوەدا ئاسۆیەکی بەرەوڕوومان دەکاتەوە کە لەودا هیوا و ئومێد نە وەک کۆتایییەکی ڕەها و موتڵەق، بگرە وەکوو هێز و وزەیەک بەرەو شەقڵ و بیچم گرتن لە ناخ و هەناوی ئەزموونێکی مێژوویی نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت حزوور و هەبوون پەیدا دەکاتەوە.

ماوەتەوە بڵێین ئەم بڕگە مۆسیقایییە تایبەتە لەو بەستێنە سیاسی و ڕاگەیاندنەدا ناکرێ وەک دەرخەر و دەربڕی خەم و ماتەمینی لێی بڕوانین. بەپێچەوانەوە دەبێت بە هۆکارێک بۆ وشیاری و ئاگایی، و تەنانەت هیوا و ئومێد لە ئەزموونی مێژوویی نەتەوەیەکی بێ‌دەوڵەتدا. دانانی ئەو بڕگە مۆسیقایییە لە سەمفۆنیای ژمارە پێنجی گوستاو مالێر، ئەوپەڕی لێوەشاوەیی و لێزانینی د. قاسملوو دەگەیەنێت لە ناسینی مۆسیقا و سەمفۆنییە جیهانییەکان بەتایبەت ئورووپایییەکان، ئەویش لە ساڵانی حەفتاکان واتە دەیەی ١٩٧٠ی زایینی.