
شاڕۆخ حەسەنزادە
لە ئەدەبیاتی سیاسیی هاوچەرخی ئێراندا، دەوری وشە و چەمکەکان لە ئامرازێکی ساکاریی وەسفکردنەوە زۆر زیاترن؛ ئەوان خۆیان بوونەتە مەیدانی ململانێ بۆ بەدەستهێنانی شەرعییەت، سڕینەوەی ئەویتر و جێگیرکردن یان سەپاندنی هەژموونی. یەکێک لە سەرەکیترین و ئاڵۆزترین چەمکەکان، دەستەواژەی "حیزب یان ڕەوتە سیاسییە سەرانسەرییەکان" لە ئێراندایە. لە گوتاری زاڵی سیاسیدا، چ لە لایەن دەستەڵات و چ لە لایەن بەشێکی زۆری ئۆپۆزیسیۆنەوە، ئەم چەمکە وەک واقیعێکی دەرهەست و حاشالێنەکراو پەسند کراوە. بەڵام شیکاریی کۆمەڵناسانە و مێژوویی پێمان دەڵێ ئەم چەمکە، زیاتر لەوەی ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی فرەییخوازیی کۆمەڵگەی هەمەچەشنی ئێران بێت، سازەیەکی ئایدیۆلۆژی و ناوەندگەرایە کە چالاکییە سیاسییەکانی حیزبە نەتەوەییە خاوەن داواکارییە ڕوونەکان، بە لاڕێدا دەبات. لێرەدا، ئەوە دەخەینە ڕوو کە چۆن دەستەواژەی "ڕەوتی سەرانسەری" لە خزمەت دووبارە بەرهەمهێنانەوەی دژایەتییە دەستکردەکانی وەک "ناوەند/پەراوێز" و "نیشتمانی/جوداییخواز"دا کار دەکات و چۆن بە پشتبەستن بە پاوانخوازیی زمانی، بووەتە ئامرازێک بۆ شوناسسڕینەوە لە جۆری چالاکی و مافەکانی نەتەوەکان.
ڕەگی مێژوویی دروستبوونی ئەو حیزبانەی خۆیان بە سەرانسەری ناو دەبەن، بۆ سەردەمی پەهلەویی یەکەم و دەستپێکی پڕۆژەی دەوڵەت-نەتەوەسازیی مۆدێرن دەگەڕێتەوە. دەوڵەتی مۆدێرن لە ئێراندا لەسەر بنەمای قۆپیکردنی سەقەتی مۆدێلی فەرەنسیی "یەک دەوڵەت، یەک نەتەوە، یەک زمان" دامەزرا؛ مۆدێلێک کە ناوەندگەراییەکی توندی ئیداری و کولتووری وەک پێویستییەک بۆ مانەوەی سیاسی خۆی دەڕوانێ. لە دوای ئەم گۆڕانکارییە پێکهاتەییە، ئەو ڕەوتە سیاسییانەی لە پایتەختدا لەدایک بوون -له حیزبی توودە و بەرەی نیشتمانی لە ڕابردوودا هەتا ڕەوتەکانی چەپ، ڕاستی مەدەنی، چاکسازیخواز و ئوسوڵگەرای دوای شۆڕشی ١٣٥٧- ئەم پێشگریمانە ناوەندگەرایەیان بە میرات بڕی. ئەوان بێ لەبەرچاوگرتنی پێکهاتەی فرەنەتەوە و فرەزمانی کۆمەڵگەی بەناو ئێران، وایان وێنا دەکرد، سەرجەم جوگرافیای سیاسیی وڵات خاوەنی داواکاری و لەپێشینەیی یەکسانن کە پێداویستییەکانی تەنیا لە لایەن بژاردەکانی ناوەندەوە پێناسە دەکرێن. لەم ڕوانگەیەوە، فرەیی زمانی و نەتەوەیی وەک وردەکولتووری لاوەکی یان لە خراپترین دۆخدا وەک هەڕەشەی ئەمنی دژ بە یەکپارچەیی سەیر کران. لە ڕوانگەی کۆمەڵناسیی سیاسییەوە، ڕەوتێک یان حیزبێک کاتێک دەتوانێت نازناوی سەرانسەری یان گشتگیر هەڵبگرێت کە خاوەنی بەستەرە پێکهاتەییە قووڵەکان بێت دەگەڵ تەواوی ئەو جوگرافیایەی بانگەشەی بۆ دەکات. بەڵام شیکاریی دیاردەناسانەی ئەو حیزبانەی کە بە سەرانسەری ناوزەد دەکرێن لە ئێراندا، ناهاوسەنگییەک لە نێوان ئەوان و ئەم پێوەرانەدا ئاشکرا دەکات.
لە پلەی یەکەمدا، پێگەی دەنگدان، ژمارەی ئەندامان و جەستەی ڕێکخراوەیی ئەم ڕێکخراو یان ڕەوتانەی بانگەشەی سەرانسەریبوون دەکەن، بە گشتی کەمە و تەنیا لە چوارچێوەی چینی مامناوەندی شارەیی تاران و چەند مەزنشاری ناوەندیدا قەتیس دەمێنێتەوە. ئەم ڕەوتانە لە ناوچە نافارسەکانی وەک کوردستان، بەلووچستان، ئازەربایجان، ئەهواز و تورکەمەن سەحرا، خاوەنی هیچ هێزێکی کاریگەر و پێکهاتەیی و چالاک نین کە لە ناخی کۆمەڵگەکەوە سەرچاوەی گرتبێت. لە قۆناغی دووەمدا، پێکهاتەی بژاردە سیاسییەکان، ئەندامانی سەرکردایەتی و ئەنجومەنی ناوەندیی ئەم حیزبانە بە زەقی ناهاوسەنگە؛ هەبوونی چینی دەستەبژێری نەتەوە نافارسەکان یان بوونی نییە یان بە شێوازێکی ڕواڵەتی و تەشریفاتییە کە مەرجدار کراوە بە توانەوە لە ناو شوناسی پێناسە کراودا. لە کۆتاییدا، لە مانیفێست و بەرنامە سیاسییەکانی ئەم حیزبانەدا کە بەشێکیان تەنیا چەند دە ئەندامێکیان هەیە و خۆیان بە سەرانسەری دەزانن! بابەتە بنەڕەتییەکانی وەک کۆتاییهێنان بە هەڵاواردنی سیستماتیکی نەتەوەیی، مافی خوێندن بە زمانی دایک، نامەرکەزییەت و سیستمی فیدراڵی، یان جێگەیان نابێتەوە یان وەک داواکاریی پلە دوو لە ژێر چەمکە گشتییەکانی وەک دیموکراسیخوازیی گشتی و مافی مرۆڤدا بۆ داهاتوویەکی نادیار دوادەخرێن. ئەم دابڕانە پێکهاتەییە، بە ئەندازیارییەکی وردی وشەسازی لە خزمەت گوتاری ناوەندگەرادا کۆتایی پێدێت. چەمکی ڕەوتی سەرانسەری پەیوەندییەکی ئۆرگانیکی دەگەڵ زنجیرەیەک وشەی هەژموونخوازی وەک "یەکپارچەیی خاک" و "جوداییخوازی"دا هەیە؛ چەمکگەلێک کە ئامرازی ئەندازیاریی گوتارن بۆ پاراستنی هاوسەنگیی هێز بە قازانجی ناوەند. ئەو ڕەوتانەی لە ناوەنددا جێگیرن، بە پێناسەی سەرانسەری خۆیان، شەرعییەتێکی گەورە و نیشتمانی بە چالاکییەکانی خۆیان دەبەخشن. لە خاڵی پێچەوانەدا، ئەم گوتارە هەوڵ دەدات حیزب و ڕەوتەکانی سەر بە نەتەوە نافارسەکان بە ناونیشانی وەک قەومی، لۆکاڵی و ناوچەیی پێناسە بکات. ئەم ناونانە بەئەنقەستانە، سیاسەتی ڕاستەقینە و عەقڵانی تەنیا لە ناوەنددا کورت دەکاتەوە و داواکارییەکانی پەراوێز وەک ههنگاوی لادەرانە، دژەنیشتمانی یان هاندراو لە لایەن دەستی دەرەکییەوە دەناسێنێت. بێگومان لە مێژووی هاوچەرخدا، هەندێک حاڵەت دەبینرێن؛ بۆ نموونە، ئەنجومەنی نیشتمانیی بەرگری "پرۆژەی خودموختاری کوردستانی ئێران"ی پەسەند کرد و دانی بە مافی نەتەوەکانی تریش نا. بەڵام لە ڕوانگەی هەندێک لە ڕاڤەکارانی سیاسییەوە، ئەم هەنگاوە زیاتر لەوەی هێمای گۆڕانکارییەکی قووڵ بێت لە ناخی ئایدیۆلۆژیی ناوەندگەرادا، تاکتیکێکی سیاسی کاتییە.
ڕەهەندێکی تر کە دەستەواژەی ڕەوتی سەرانسەری بەرهەم دێنێتەوە و پشتیوانی دەکات، پاوانخوازیی زمانی و ناسیۆنالیزمی ناوەندگەرایە لەسەر بنەمای یەک زمانی تاقانە. لە ئەدەبیاتی سیاسی و پەروەردەیی ئێراندا و تەنانەت لەو ڕەوتانەشدا کە خۆیان بە سەرانسەری دەزانن، زمانی فارسی لە زمانێکی هاوبەشەوە گۆڕدراوە بۆ ئامرازێک بۆ دەستەڵاتداری و سڕینەوەی شوناسی ئەویتر. ڕەوتە سەرانسەرییەکان بە قبووڵکردنی ئەم پاوانخوازییە، بوونەتە باسکی کولتووریی ناوەندگەرایی. ناسیۆنالیزمی ناوەندگەرا بە بچووککردنەوەی کولتوور و زمانی نەتەوەکانی تر بۆ چەمکگەلێکی وەک "زاراوە" یان "شێوەزاری مەحەللی"، هەوڵ دەدات بایەخی زانستی و مێژوویی ئەم کولتوورانە پشتگوێ بخات. ئەم ناونانە هەوڵ دەدات بەکارهێنان و خوێندن بەم زمانانە وەک جۆرێک لە دواکەوتوویی پێشان بدات، لە کاتێکدا زمانی ناوەند وەک تاقە زمانی زانست و سیاسەت دەناسێنرێت. کاتێک زمانێک وەک تاقە زمانی فەرمی و شەرعیی سیاسەتکردن دەسەپێنرێت، بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بژاردەکانی نەتەوەکانی تر کە ئارەزووی بەکارهێنانی زمان و ئەدەبیاتی سیاسیی خۆیان دەکەن، لە مەیدانەکە لا دەبرێن یان پەراوێز دەخرێن. حیزبە سەرانسەرییەکان سوود لەم فیلتەرە زمانییە وەردەگرن و داوا لە چالاکوانانی نەتەوەکان دەکەن کە داواکارییەکانیان لە چوارچێوەی چەمک و پێکهاتەی زمانیی ناوەنددا دەربڕن. هەر جۆرە پێداگرییەک لەسەر شوناسی زمانیی سەربەخۆ، وەک دەمارگیریی قەومی یان هەڕەشە بۆ سەر یەکڕیزیی نیشتمانی پێناسە دەکرێت. بە پشتگوێخستنی مافی خوێندن بە زمانی دایک و بەتاوانبارناساندنی بەکارهێنانی، جۆرێک لە سیستمی تواندنەوە و لکاندنی زۆرەملێ دروست دەبێت. ئەو حیزبانەی خۆیان بە سەرانسەری دەزانن، نەک هەر بەرنامەیەکی ڕژدیان بۆ کۆتاییهێنان بەم ستەمە زمانییە نییە، بەڵکوو بە بێدەنگی یان بە پاساوی پاراستنی یەکڕیزیی نیشتمانی، یارمەتی بەردەوامیی ئەم هەڵاواردنە پێکهاتەییە دەدەن. دیموکراسیی ڕاستەقینە بێ بەدیهاتنی دیموکراسیی زمانی و بەڕەسمی ناسینی مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەکان، تەنیا تراویلکەیەکە و هیچی تر. بەپێچەوانەی ئەو وێنایەی لە لایەن ناوەندەوە دروست کراوە، واقیعە مەیدانی و مێژووییەکان نیشانی دەدەن کە گۆشەگیریی سیاسی و دڵسۆزیی حیزبی لە ئێراندا خاوەنی دابڕانی قووڵی جوگرافییە. خەڵک لە ناوچەکانی وەک کوردستان، بەلووچستان و ئازەربایجان لە جیاتی خۆگونجاندن لەگەڵ باڵباڵێنی نەریتیی ناوەند، شوناس و داواکارییەکانی خۆیان لەناو حیزبە نەتەوەییەکانی خۆیاندا دۆزیوەتەوە. ئەم حیزبانە بە لایەنگری ڕاستەقینەی کۆمەڵایەتی، پێشینەی خەباتی ڕوون و خۆماڵی، ئەرکی نوێنەرایەتیکردنی ڕاستەوخۆی کۆمەڵگەکەیان لە دژی جیاکارییە پێکهاتەییەکان لە ئەستۆ گرتووە.
وەک دەرەنجام، دەستەواژەی ڕەوتی سیاسیی سەرانسەری لە ئەدەبیاتی سیاسیی ئێراندا کە ڕەوتە سیاسییەکانی نەتەوە جیاوازەکانیش بە جۆرێک و بە شێوەیەکی نائاگا قبووڵیان کردووە، دیاردەیەک نییە کە لە کۆمەڵناسییەکی واقیعبینانەوە سەرچاوەی گرتبێت، بەڵکوو پێکهاتەیەکی زمانی، یاسایی و ئایدیۆلۆژییە کە ئامانجی ئاسایی نیشاندانی دەستەڵاتی سیاسی-کولتووریی ناوەند و نائاسایی نیشاندانی فرەیی سیاسیی نەتەوەکانی ئێرانە. لە نەبوونی سیستمێکی سیاسیی فیدراڵ و دانپێدانانی فەرمی بە فرەیی نەتەوەیی، زمانی و کولتووریدا، هیچ ڕەوتێک ناتوانێت بێ ڕەنگدانەوەی داواکاریی نەتەوەکان و جەستەیەکی فرەخواز، بانگەشەی سەرانسەریبوونی ڕاستەقینە بکات. واقیعی ئەمڕۆی ئێران، واقیعی حیزبە نەتەوەییەکانی نەتەوە جیاوازەکانە کە هەرکامەیان لە جوگرافیای خۆیاندا چالاکی دەکەن و هەر جۆرە پێکەوە بوونێکی ڕاستەقینە لە داهاتوودا، تەنیا لە ڕێگەی بەفەرەمی ناسینی ئەم فرەییە و ڕەخنەی جددی لە گوتاری هەژموونخوازی ناوەندگەرادا تێدەپەڕێت.