
ئیبراهیم لاجانی
لەو حەوتوو و مانگانەی دواییدا، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە كەلکوەرگرتن لە فەزای شەڕ پەرەی بە سەرکوتی سیستەماتیک داوە و بارودوخێکی پڕ لە توندوتیژیی و پۆلیسیی بەسەر خەڵکدا سەپاندووە. ئەو سەرکوت و زەبروزەنگە، پاش کۆمەڵکوژیی ڕۆژەکانی ١٨- ١٩ی بەفرانباری زستانی ڕابردوو، تەنانەت تووندتریش بووە! بارودۆخێک هاتۆتەگۆڕێ کە ئێستا ئەو سیاسەتە بۆتە ڕێکاری سەرەکیی ڕێژیم لە پێوەندی لەگەڵ دۆخی نێوخۆی ئێراندا. ئامانجی ئەو سیاسەتە بریتییە لە سەرکوتی هەر چەشنە ناڕەزایەتی و خەباتێکی مەدەنی، تێکۆشانی سیاسی و هەرجۆرە بەربەرەکانییەکی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی لە نێوخۆدا!
لەو ڕۆژانەدا، دامودەزگا ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم، بەتایبەت وەزارەتی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سوپا بەردەوام خەریکی گرتنی چالاکانی سیاسی و مەدەنی و پەروەندەسازی دژی ئەوانن. ئەو ڕەوتە بەتایبەتی لە کوردستان و خووزستان و بەلووچستان و تورکمەنسەحرادا، بێ دەست ڕاگەیشتن بە پارێزەر، بێ وەبەرچاوگرتنی ڕێوشوێنە قەزاییەکان و ئەسڵە بنەڕەتیەکانی دادرەسی عادڵانە توندتر بەڕێوە دەچێ.
ئەو کارە لە تێرمینۆلۆژیی ماف و یاسادا، پێی دەگوترێ گرتنی سەرەڕۆیانە. ئەمەش بە پێشێلکردنی ئاشکرای بەندی ٩ی کۆنڤانسیۆنی نێونەتەوەیی مافە مەدەنی و سیاسییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە دادەنرێ. دامەزراندنی هەزاران بازگەی پشکنین لە شارە گەورەکان و بەتایبەتی لە کوردستاندا، فەزای گشتیی وڵاتی کردۆتە فەزایەکی پۆلیسی و پڕ لە خەفەقان. پشکنینی موبایل و جانتا و ماشین و کەلوپەلی شەخسی، کۆنتڕۆڵی پەیام و چالاکیی خەڵک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە پێشێلکردنی حەریمی ژیانی خسوسی و بنەماڵەیی دادەنرێ. ئەوەش دیسان هەر پێچەوانەی پەسندکراوە نێونەتەوەیەکانە. لەوەش زیاتر ئەوکارە بە لەژێرپێنانی بنەمایەکی گرنگی مافەکانی مرۆڤ لەقەڵەم دەدرێ؛ واتە ئازادیی بەیان و ئازادیی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری.
پاش فەرمانی تازەی سەرۆکی دەزگای قەزایی ڕێژیم سەبارەت بە "پەلەکردن لە دەرکردنی حوکم و جێبەجێکردنی حوکمەکان" شەپۆلێکی تازە لە دەرکردنی حوکمی ئێعدامەکان، بەتایبەتی لە کوردستاندا، دەستی پێ کردوە. هیچ بەیانییەک نییە کۆمەڵیک لە زیندانیانی سیاسی و گیراوەکانی دیکەی بزووتنەوە ناڕەزایەتیەکان، بە تۆمەتی بێبناخە و هەڵبەستراو نەبرێنە سەر داری سێدارە. ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی پێ لەسەر ئەوە دادەگرن کە ئەو جۆرە حوکمانە، بەپێچەوانەی ئوسوڵەکانی دادڕەسی ددپەروەرانە و ستانداردە قەزاییەکان دەرکراون و جێبەجێ دەکرێن؛ ئەوەش یانی پێشێلکردنی "مافی ژیان" کە پێشێلکردنی بەندی شەشەمی کۆنڤانسێۆنی مافە مەدەنی و سیاسییەکان و سەرجەم ئەسڵە بنەڕەتییەکانی یاسای سزادانی نێونەتەوەییە. هەر بۆیە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەبێ بەئاشکرا دەنگی بێزاری و ناڕەزایەتی خۆی بە دژی ئەو سیاسەتانەی کۆماری ئیسلامی بەرز کاتەوە و هەڵوێست و بەرپەرچدانەوەی هەبێت.
لایەنێکی دیکەی ئەو سەرکوتە بریتییە لە مووشەکهاوێژیی بەردەوام بۆ سەر کەمپی بنەماڵە ئاوارەکانی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باشووری کوردستان. ئەو هێرشانە تەنانەت دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست دەگەڵ ئەمریکا، ئێستا زیاتر و تووندتریش بوون. ئەوەش لە یاسای نێونەتەوەییدا پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتی عێراق و هەرێمی کوردستانە. هەروەها نادیدەگرتنی ماددەی دووهەمی مەنشووری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ دەکارنەکردنی تووندوتیژی، بۆ پەلامارنەدانی خەڵکی مەدەنی و سیڤڵ، بۆ سزانەدانی بەکۆمەڵ و پاراستنی مافە نەتەوەیی، سیاسی، ئیتنیکی، مەزهەبی و ئایینییەکانی جۆراوجۆرییەکانە. ئەو هێرشانە لەکاتێکدا دەکرێنە سەر بنەماڵەکانی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات، کە حیزب و ڕێکخراوە سیاسیەکانی کوردستانی ئێران لەو چەند مانگەی دواییدا هیچ چالاکییەکی چەکدارانەیان بەدژی ڕێژیم نەبووە و هەموو ئەو ڕێککەوتننامانەیان پاراستوون کە دەوڵەتی عێڕاق، هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەوانیان وەبەرچاو گرتوون.
دەبێت بگوترێ کە کار و تێکۆشانی ئەو حیزب و ڕێکخراوە سیاسییانە بە شێوەیەکی سەرەکی کاری سیاسی، فەرهەنگی، مێدیایی و پەروەردەییە و ڕوونە کە ئەو هێرشانە بەشێکن لە ستڕاتیژیی ڕێژیم بۆ بە ئەمنییەتیکردنی پرسی کوردستان، بۆ بێدەنگکردن و سەرکوتی دەنگی حەقخوازانەی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران، بۆ کپکردنی دەنگ و ڕەنگی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی گەلەکەمان.
هەروەها دادستانی کۆماری ئیسلامی لەو چەند حەوتوویەدا بە شێوەیەکی غیابی، حوکمی تاڵان و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی سەدان کەس لە خەڵکی ئێرانی دەرکردوە. بڕیاری داوە بە وەزارەتی دەرەوە کە ئەو کەسانە مافیان نیە پارێزەریان بۆ بەدواداچوونی ماف و داواکانیان هەبێت. ئەمەش پێشێلکرانی ئەسڵی شەخسیبوونی تاوان و سزادان و لەژێرپێنانی مافی خاوەنداریەتی و هەبوونی موڵک و ماڵی شەخسییە. لەوەش زیاتر ئەو کارە بە سزادانی بەکۆمەڵ دادەنرێت و کردەوەیەکی نایاساییە. ئەو کارە لەگەڵ ئەو هەڕەشە و گوڕەشانەی دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەدژی تێکۆشەرانی ئازادیخوازی دەرەوەی وڵات دەیکەن، نیشانەی ئەوەیە ڕێژیم دەیەوێ ئەو سەرکوت و زبروزەنگە بۆ دەرەوەی وڵاتیش درێژ بکاتەوە.
پچڕاندنی ئینترنێت لە ئێراندا کە ئەوە بۆ چەند مانگ دەچێ و یەکێک لە بەرینترین و درێژترین ماوەکانی پچرانی ئینتڕنێتە لە ئاستی جیهانیدا؛ یەکێکی دیکە بوارەکانی سەرکوتی سیستماتیکی خەڵکە. هەڵبەت ئەمەش پێشێلکردنی مافی خەڵک بۆ دەستڕاگەیشتن بە زانیارییە، کە بە یەکێک لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ دادەنرێ. هەروەها پێشێلکرانی ئازادیی ڕادەربڕینە، کە ئەسڵێکی سەرەتایی ڕاگەیەندراوی جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤە. لەوەش زیاتر ئەو کارە دەچێتە ڕیزی سزادانی بەکۆمەڵ کە بە پێچەوانەی پەیماننامە نێونەتەوەییەکانە؛ وەک سزادانی بەکۆمەڵی بە میلیۆن میلیۆن خەڵکی وڵات. ئامانجی ڕێژیم لەو کارە سەرکوت و کپکردنی دەنگی خەڵک و پێوەندیی خەڵک دەگەڵ یەکتر و دەگەڵ دونیای دەرەوەیە. لەو ڕێگایەوە ڕێژیم دەیەوێ هەواڵ و دەنگ و باسی نێوخۆی وڵات بڵاو نەبێتەوە و نەگاتە ناوەندە جیهانی و کۆڕوکۆمەڵە بەشەردۆستەکانی دەرەوە.
ئەزموونی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی و ئەزموونی خەباتی خەڵکی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ئێران نیشانی پێمان دەڵێ ناڕەزایەتیی مەدەنی، خەبات و بەربەرەکانیی جەماوەری، خۆڕاگری و بەرگریی بەکۆمەڵ و شارستانیەنە و دوور لە تووندوتیژیی باشترین میتۆد و ئامرازی خەباتن بۆ بەرپەرچدانەوەی سەرکوت و زەبروزەنگی ڕێژیم. مانگرتن، ڕێپێوان، تۆمارنووسین، خۆڕێکخستنی بەکۆمەڵ، دروستکردنی ڕایەڵەی کۆمەڵایەتی و پیشەیی و سیاسی و مەدەنی دەتوانن تێچوونی ڕێژیم بۆ سەرکوتی خەڵک بەرنە سەر، چەند دەستەیی لە ڕیزەکانی ڕێژیم و دامودەزگا سەرکوتکەرەکانیدا پێک بێنن و بواری سەرهەڵدانی ڕاپەڕین و بزووتنەوەیەکی بەرینی سەرتاسەری درووست بکەن؛ بزووتنەوەیەک کە ئێران بەرەو ئازادی و دێموکراسی بەرێت.
حیزبی دێموكراتی کوردستانی ئێران و باقی هێزە سیاسیەکانی دیکە کوردستانی ئێران، وەک ڕابردوو، پێ لەسەر زەرورەتی خەباتی سیاسی و جەماوەریی دادەگرنەوە و ئامادەن لەو ڕێگایەدا لەگەڵ هەموو هێزە ئازادیخوازەکانی وڵاتەکەمان هاوکاری و هاوئاهەنگی بکەن و بۆ تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی و هێنانەسەرکاری ڕێژیمێکی دێموكراتێک، هەموو تواناو و زەرفییەتی سیاسی و ڕێکخراوەیی خۆیان دەکار بکەن.
لە بارودۆخێکدا کە کۆماری ئیسلامی بەکەلکوەرگرتن لە فەزای شەڕ و هەڕەشەی دەرەکی، سیاسەتی سەرکوت و زەبروزەنگی خۆی هێندەی دیکەش تووند و بەرین کردۆتەوە، تەنیا ڕێگای کۆمەڵانی خەڵک بۆ ڕاوەستان و بەربەرەکانی لەگەڵ ئەو سیاسەتە، بریتییە لە بەربەرەکانی، خەباتی مەدەنی و جەماریی بەکۆمەڵ و بەهێزکردنی هاوپێوەندیی کۆمەڵایەتی. هێزە ئازادیخواز و نیشتیمانی و چەپ و دێموكراتیکەکانی وڵات بەتایبەتی لە کوردستان و لە نێو نەتەوەکانی دیکەی ئێراندا، دەتوان لەو پێوەندیەدا ڕۆڵێکی پێشڕەوانە و کاریگەر بگێڕن.
"لە شان و باهۆی خۆم ڕادی هەڵگرم ئاڵای ئازادی".