کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کورد لە گەمەی دێموکراسییەکەی تورکیەدا

09:20 - 10 جۆزەردان 2726

عەزیز مەعرووفی

لە ماوەی هەژدە مانگی ڕابردوودا کە پرۆسەیەکی نوێ لە تورکیەدا دەستی پێکردووە، وشەکانی "ئاشتی"، "دێموکراسی" و "تیرۆر" زۆرترین ئەو وشانەن کە پەردەی گوێی خەباتگێڕان و ئازادیخوازانی کورد بەگشتی و باکووری کوردستان دەلەرێننەوە.

"ئاشتی" و "دێموکراسی" دوو وشەن کە بەردەوام و بێ پسانەوە لەژێر ڕێنوێنییەکانی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان و بە دوای ئەویشدا پارتی ئاشتی و یەکسانی (دەم پارتی)، لەلایەن بەشێکی زۆر لە خەباتگێڕانی سیاسی و جڤاکی باکووری کوردستان دەوترێنەوە، هەروەها وشەی "تیرۆر"یش وشەی هەڵبژێردراوی ئەدەبیاتی سیاسیی حاکمانی تورکیەیە لە بەرامبەر دوو وشەی سەرەوەدا.

لە درێژەی ئەو وتارەدا، ئاوڕ لە کارکرد و چۆنیەتی و چەمکی "دێموکراسیی تورکیە" لەسەر مەسەلەی کورد دەدەینەوە و هەروەها ئەوەی کە کورد لە باکووری کوردستاندا، لە پێشەوەی هەموویاندا بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان هێندە شێلگیرانە لایەنگری ئەو چەشنە دێموکراسییەن، گەنگەشە دەکەین. 

ئەگەر دێموکراسی لە تورکیە کە بریتییە لە ئازادی ئەحزاب، ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی فەردییەکان، پێکهێنانی ئەنجوومەن و سەندیکای جۆراوجۆر، هەڵبژاردن، دەستاودەست پێکردنی دەسەڵات، لەگەڵ وڵاتانی ناوچە وەک ئێران، عێراق، سووریە... بەراورد بکەین، جیاوازی زۆر بەدی دەکەین؛ ئێران بە درێژایی مێژوو قەت خاوەن سیستم و قەوارەیەکی دێموکراتیک نەبووە تا بڵێین دێموکراسی هەیە، بە پێچەوانە سیستمی دیکتاتۆڕی و دەسەڵاتی فاشیستی-مەزهەبی بە درێژایی مێژوو لەو وڵاتە لەسەر کار بووە. لە عێراق و سووریەدا لە سەردەمی دەسەڵاتی سەدام حوسێن و بنەماڵەی ئەسەددا، لە هەڵبژرادنی شانۆییدا سەرۆکی وڵات ٩٧٪ی دەنگەکانی مسۆگەر دەکرد، ئێستاش کە چاوێک بەو دوو وڵاتەدا دەخشێنین "دێموکراسیی تورکیە" چەندین هەنگاو لە پێش عێراق و سووریەیە.

کورد لە باکووری کوردستان، بە درێژایی دەیان ساڵ خەباتی بێوچانی خۆیدا، شەڕی دەستەبەرکردنی مافەکانی کردووە، لە لایەک خەباتی سەختی چەکداری پارتیزانی کە خۆی لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)دا دیتۆتەوە، لە لایەکی دیکەش خەباتی نێوخۆیی لە ڕێی پێکهێنانی حیزب و ڕێکخراوی سیاسی و بەشدار بوونیان لە کایەی سیاسی و هەڵبژاردنی پارلمانی و شارەوانییەکاندا بووە. زۆر پێش پێکهاتنی پەکەکە، کورد لە باکووری کوردستان هەوڵی زۆریان دا دەرەتان و کەلێنێک بۆ خەباتی سیاسی و جڤاکی ببیننەوە، کەچی لەگەڵ گرتن، ڕاونان، بێ سەروشوێن بوون و تیرۆری دەوڵەتیی بەرەوڕوو دەبوونەوە. 

لە سەرەتای ساڵانی نەوەددا خەباتی سیاسی و جەماوەری باکووری کوردستان بە خێرایی گەشەی کرد، ئەو خەباتە ساڵی ٢٠١٥ لەژێر ناوی پارتی دێموکراتیکی گەلان واتە میراتگری پارتی و ئاشتی و دێموکراسی کە ڕێبەری خۆشەویستی کوردەکانی باکوور بەڕێز سەلاحەدین دەمیرتاش ڕێبەرایەتی دەکرد، سەرکەوتنی گەورەی پارلمانی تۆمار کرد، پێش ئەوەش لە هەڵبژرادنی شارەوانییەکاندا زۆربەری نیزیک بە تەواوی شارەوانییەکانی باکووری کوردستانیان بردەوە. ئەو سەرکەوتنە بەرچاوەی دەمیرتاش و حیزبەکەی دەسەڵاتی تورکیەی تەنگاو کرد، لێیان کەوتنە پەڵپ و بیانوو، پەلاماریان دان، پەروەندەیان بۆ ساز کردن، لە پارلمان و لە سەرۆکایەتی حیزب و سەرۆک شارەوانییەکان دەریان کردن و ئەوە بۆ ١٠ ساڵ دەچێ کە بەڕێز سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی حیزبەکەی و بەشی زۆری ڕێبەرانی دەستە یەکەمی حیزبەکەی و چەندین سەرۆکی گەورە شارەوانی حیزبەکەی دە کونجی گرتووخانە ئاخنراون، ئەوانە بە تێکڕایی لە ململانێی "دێموکراسیی تورکیە" و ئەویش پاش دەیان کۆسپ و تەگەرەی داتاشراو بەو سەرکەوتنە گەیشتبوون، لە کاتێکدا حیزبەکەشیان، حیزبی "دێموکرات" و "ئاشتی" و "برایەتی گەلان" بوو.

گومانی تێدا نییە، ئەو شێوە خەباتەی کورد لە باکووری کوردستان شیاوترین شێوەی خەباتە کە هەڵیان بژاردووە بەڵام ئەوەی کە پاش سەرکەوتن دەکەونە بەر قەڵت و بڕی دەسەڵاتی دەوڵەتی یان ڕەپێچەکی گرتووخانەکان دەکرێن، ڕاست بۆ کارکردی سەقەتی دەوڵەتی تورکیە لە کرۆکی دێموکراسی ڕاستەقینە و ترس لە خەباتی ڕوو لە گەشەی کورد دەگەڕێتەوە.

کەواتە کاتێک چاو بە پەیام و ڕاسپاردەکانی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلاندا دەخشێنین، ناتوانین ئاواش لە ئاست "دێموکراسیی تورکیە" ئەرخەیان بین. ڕەنگە هەموو لایەک لە بیریان مابێ کاتێک بەڕێز ئۆجەلان ٢٥ی فێبریوەریی ١٩٩٩ ڕادەستی تورکیە کراوە، ڕایگەیاند کە بۆ دێموکراسیی تورکیە تێ دەکۆشم؛ بەڕێزیان چەمکی "کۆماری دێموکراسی" داهێناوە، جیا لەوەش هەر لە پەنا ئەو چەمکەدا "کۆماری هاوبەشی کورد و تورک" و" خۆ گونجاندن دە گەڵ کۆماری دێموکراتیکی تورکیەدا" و زۆر چەمکی هاوشێوەی تیۆریزە کردووە. 

بەڕێزیان لە ٢٧ی فێبریوەریی ٢٠٢٥ لە پەیامێکدا کە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بڵاوی کردەوە، دەستپێکردنی خەباتی چەکداری و سەرکوت ، کوشت‌وبڕی کوردی بە دەسەڵاتی ئەوکاتی تورکیە، واتە بە حیزبی گەلی کۆماری ( حیزبەکەی ئەتاتورک) بەستەوە، بەستنەوەیەک کە بۆ خۆبواردن لە وتنی نەقوستانییەکانی دێموکراسی بەگشتی و داپۆشینی کەم و کوڕییەکانی دێموکراسییەکەی تورکیە لەژێر دەسەڵاتی حیزبی داد و گەشەپێدان ( ئاکەپە) و شەریکە دەسەڵاتی ئەو حیزبە واتە پارتی نەتەوە پەرەستی تورکیە ( مەهەپە) دەرهەق بە کورد لە باکووری کوردستاندا داڕێژراوە. کەواتە با بپرسین؛ چۆن دەبێ لە لایەک "دێموکراسی" بخوازرێ و لە لایەکی دیکەش چەمک و کارکردەکەی بدینە بەر ڕەخنە؟

کاتی خۆی بەڕێز ئەحمەد تورک، کۆنە سیاسەتمەردار کوتی: ئێمە دەخوازین ئەو دێموکراسییەی لە شارە تورکییەکاندا هەیە، لە کوردستانیش پیادەی بکرێ. ئەو داوایەی بەڕێز ئەحمەد تورک، قەت بە هێند وەرنەگیرا، جیا لەوەش ئەوڕۆ دەبینین ئەو دێموکراسییەی ئەردۆغان و باخچەلی وەک ڕێگەچارەی مەسەلەی کورد لە باکووری کوردستان بیر و هۆشی بەڕێز ئۆجەلانیان بۆ لای خۆیان پێ ڕاکێشاوە نەتەنیا لە باکووری کوردستان بە خەراپترین شیوە خۆی دەنوێنێ بەڵکوو لە شارە تورکییەکان و لە ئاست ئۆپۆزسیۆنی سەراسەریشدا زۆر ڕووداوی تاڵی تێدان.

لەم ماوەی دواییدا هەڵوەشاندنەوەی ئاکامی ٣٨ەمین کۆنگرەی پارتی گەلی کۆماری کە سێ ساڵ لەمەوبەر گیراوە، بە لابردنی ئۆزگوور ئۆزەل و هینانەوەی کەماڵ کلیچدارئۆغلوو بۆ ڕیبەری حیزبەکەی دەرخستنی گەمەی نەقوستانی دێموکراسی لە تورکیە بە گشتی و دێموکراسی نێوخۆیی دەروون حیزبی لە کۆی گشتی تورکیەدایە. لەوەش گەڕێین، لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوودا دەیان حیزب و ڕێکخراوی تایبەت بە کورد داخراون، کەس نەهات "دێموکراسیی کودەتا" لە سەر مەسەلەی کورد لە هەڵا بدات.

لە سیستمی فرە حیزبی تورکیەدا؛ حیزبی دەسەڵاتدار وهاوپەیمانەکەی، ئۆپۆزسیون، کۆمەڵگەی تورک، حیزبی کۆن و نوێ، بەربژێری سەربەخۆ، پارێزگار... هەموو لە سەر ئەوە یەکدەنگ و هاوڕان کە حیزب و ریکخراوی کوردەکان دەنگ نەهێنەوە، بەربەستی ١٠٪ تێنەپەڕێنن، بەربەستێک کە ڕاست وەک کۆسپی ڕاستەقینە لە ڕێی خەباتی پارلمانی بە دژی کورد داندراوە، واتە ئاکامی هەڵبژاردن و دێموکراسیەکە دەبێ بە تەواوی لە پاوانی نەتەوەی باڵا دەستدا بێ، لێرەدا بە ڕوونی دیارە کە کێشەی ئەو جۆرە ڕوانگەیە بۆ حاشا کردن لە دێموکراسی نەتەوەی زۆرایەتی بە سەر نەتەوەی کەمایەتی دایە. کەواتە لە تورکیە و سیستەمە دێمواراتیکەکەیدا!! ئەوەندەی کێشە لە چۆنییەتی ڕەچاوکردنی دێموکراسی و کارکردنەکەیدا نییە هیندەی لە کێشەی حاشا کردن لە کێشەی نەتەوایەتی کورد دایە.

ئاشکرایە حیزبی دەسەڵاتداری ئێستای تورکیە و هاوپەیمانەکەی لە گەمە و خۆدزینەوەیان لە کایەی دێموکراسییەکی ڕاستەقینە لەچاو دەسەڵاتەکانی پێش خۆیان زۆر کارامەن، چونکە لێدوانی بەو شێوەی بەڕێز ئۆجەلان کە ڕاست لێدوانی ئەردۆغان بە درێژایی دەسەڵاتی حیزبەکەی لە ٢٠٠٣ئێستاشی لەگەڵ بێ بە دژی ئۆپۆسیونی دایک لە وڵاتەکەیدایە، ناتوانێ پەڵەی ڕەشی مێژووی دەیان ساڵی حاکمانی تورکیە – کە بەشێک بە کودەتا و بەشێکیش بە ڕێگای دێموکراسی هاتوونەتە سەر تەختی دەسەڵات- لە ئاست نەتەوەی دەیان میلیۆنیی کورد بشواتەوە. 

ئیسماعیل بێشکچی لە وتارێکدا لە ساڵی ٢٠١١، لە بارەوە ڕەخنە لە کوردەکان دەگرێ، ناوبراو دەڵێ؛ "کورد، پێویستە بیر و هۆشی خۆیان لە هەژموونی ئەتاتورکی و کۆماری تورکیایی دەرباز بکات". کەچی ئێستا ئەویش لە کاتێکدا، کوردستان، ناوچەی ئێمە و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە ئاڵوگۆڕ و بەرچاودا تێدەپەڕێ، عەبدوڵا ئۆجەلان و بەشێکی زۆر لە ڕێبەڕانی باکووری کوردستان بە ناوی وتووێژ و بە قەول بۆ قووڵ کردنەوەی دێموکراسی لە تورکیەدا ئێستا لە هەموو کات تیژتر دەڕۆن. 

بۆیە کۆی خەباتی ئازدیخوازانەی کوردستانی باکوور بە هەموو لق و پۆپەکانییەوە و لە ڕیزی هەرە پیشەوەیان دا بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان و وەڤدی دەم پارتی و ڕێبەرانی ئەو پارتە پێویستە لەو بارەوە چەند ڕاستییەک ببینن؛

یەکەم: ئەرکی بە دێموکراسیکردنی تورکیە، ڕاستە دەبێ کورد دەبێ یارمەتیدەر بێ، بەڵکوو ئەرکی لە هەرە پێشینەی کۆمەڵگەی تورک و هێزە سیاسییەکانیەتی نەک کورد؛

دووهەم: دابین کردنی مافە نەتەوایەتییەکانی کورد و خەباتە ڕەواکەی نابێ هەرگیز بچێتە ژێر باندۆری دێموکراسیی تورکیەدا؛

سیهەم: لاینکەم هەتا ئێستا دەوڵەتی تورکیە ئەو هەزاران کوردە خەباتگێڕەی تەنیا بە بیانووی کورد بوون لە گرتووخانەی هاویشتوون و لە خەباتی سیاسی و بێ بەشی کردوون، ئازاد نەکردوون، و لە کاتێکدا دەوڵەتی تورکیە یەک هەنگاوی بۆمەبەستی چارەسەری کێشەی کورد هەڵنەهێناوەتەوە و بەردەوام کێشەی کورد بە کێشەی "تیرۆر" ناو دەبات، دڵخۆش کردنی کورد بە "دێموکراسیی تورکیە" و "کۆماری دێموکراسی"، " کۆماری هاوبەشی تورک وکورد" جێی تێڕامانە؛

چوارەم: ماف و ئازادیی سیاسی و زمانیی، ناسنامە، خاک و وڵات، جلوبەرگ، موزیک و چاند و مێژوو، پێکهێنانی حیزب و ڕێکخراو، بۆ ڕێبەر و خەباتگێڕانی کورد دەبێ زۆر پیرۆز بن، ئەگەر ئەو چەند ئەسڵە سەرەکییەی سەرەوە لە بەرچاو گیران و لە یاسای بنەڕەتی تورکیەدا گونجێندران، ئیدی دێموکراسییەکەی تورکیەش ناچار دەبێ گەشە بکات.