
د. ئاسۆ حەسەنزادە
لە بارودۆخێکدا که حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان وا دهنوێنێ که ڕهنگه ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئێران نزیک بێ، نیگەرانییەکی کۆن جارێکی دیکە لەلای خهڵکی ئێران خەریکە سەر هەڵدەداتەوە: لە دانوستانەکانی داهاتوودا، چارەنووسی مافەکانی مرۆڤ و دیمۆکراسی لە ئێراندا چیی بەسەر دێ؟ به ههموو نیشانهکان ڕا دیاره که ڕێککەوتنەکەی داهاتووی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێران -کە ئهگهر وهدی بێ پێ دهچێ لە چەند قۆناغکدا دابڕێژرێ و جێبەجێ بکرێ- بە شێوەیەکی سەرەکی سەرنج دەخاتە سەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، گەمارۆ ئابوورییەکان، ئەمنییەت و پاراستنی گەرووی هورمز و دەستێوەردانە هەرێمییەکانی ئێران. چاوەڕوان ناکرێ مافەکانی مرۆڤ، دیمۆکراسی و سەرکوتی نێوخۆیی بەشێک لە کڕۆکی سەرەکیی دانوستانەکان بن؛ هەرچەندە واشینگتۆن لە ساتگەلێکی تایبەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دواییانەی خۆیدا لەگەڵ ئێران بە توندی پێی لەسەر ئەم بابەتانە داگرتبوو.
ڕوانینێک بۆ مێژووی پێوەندییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێران پێمان دەڵێ ئەم بابەتە نە نوێیە و نه جێگای سهرسووڕمان. مافەکانی مرۆڤ ههرگیز لە چەقی دانوستانەکان لەگەڵ تاراندا نهبووە. زۆربەی کات، مافەکانی مرۆڤ وەک زمانێکی ئەخلاقی دەکار کراوە کە لە پەراوێزی ئەو سیاسەتانە چووەتە پێش کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە نیگەرانییە ئەمنییەتی و جیۆپۆلیتیکییەکانەوە سەرچاوەیان گرتووە. لە ساڵی ١٩٧٩ەوە، ئەولەوییەتە ستراتیژییەکانی ئەمریکا بە نەگۆڕی ماونەتەوە: ڕێگریکردن لە بوونی ئێران بە هێزێکی ئەتۆمی، کۆنترۆڵکردنی نفووز و هێژێمۆنیی هەرێمیی ڕێژیم، پاراستنی ئیسرائیل، دابینکردنی ئەمنییەتی ڕێڕەوەکانی وزە لە کەنداو و سنووردارکردنی چالاکییەکانی ئەو میلیشیا چەکدارانەی هاوپەیمانی تاران و سەر بە ڕێژیمن.
ههر له بنهڕهت ڕا تێکچوونی نێوانی واشینگتۆن و کۆماری ئیسلامی نە بەهۆی سەرکوتی نێوخۆیی لە ئێران، بەڵکوو بەهۆی قەیرانی بارمتەگرتن لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا ڕووی دابوو. تا ئەوەی لە ساڵی ١٩٨٤دا، ئێران بە شێوەیەکی فەرمی لەلایەن ئهمریکاوە وەک دەوڵەتی پشتیوانی تیرۆر دەستنیشان کرا و بەم چهشنه ئەم پێوەندییە بە شێوەیەکی بەردەوام کەوتە نێو چوارچێوەی لۆژیکێکی ئەمنییەتییەوە، نە لۆژیکێکی دیمۆکراتیک یان مافەکانی مرۆڤ.
یاساکانی ئەمریکا زۆر جار ئاماژەیان بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران کردووە، بەڵام ئەم ئاماژەپێکردنانە لەنێو پێکهاتەی ئەو گەمارۆیانەدا جێگیر کراون کە سەرنجیان لەسەر بەرنامەکانی پەرەپێدانی ئەتۆمی، موشەکە بالیستییەکان و پشتگیریکردنی ئێران لە گرووپە بریکارەکانی خۆی لە ناوچەکەدا چڕ کردووەتەوە. مافەکانی مرۆڤ زیاتر وەک ئامرازێک بۆ فشاری زیاتر بۆ سهر کۆماری ئیسلامی ڕۆڵیان گێڕاوه نەک وەک بنەمایەک بۆ ستراتیژییەکی ڕاستەقینەی دێموکراتیزەکردن. گەمارۆکانی پێوەندیدار بە مافەکانی مرۆڤ تەنیا بەشێکی تا ڕادەیەک سنووردار لە پێکهاتەی بەربڵاوتری گەمارۆکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان دژی ئێران پێک دەهێنن؛ پێکهاتەیەک کە بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە لە دەوری نیگەرانییە ئەتۆمی، سەربازی و جیۆپۆلیتیکییەکان ڕێک خراوە.
لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی ٢٠١٥ (بەرجام)دا، بە ڕوونی ئەم پلهبهندییهی ئەولەوییەتەکان ڕەنگ دابۆوە. بهڕێوهبهرایهتیی ئۆباما بە ئاشکرا دانی بە سروشتی سەرکوتکەرانەی ڕژێمی ئێراندا دەنا و گەمارۆگەلێکی تایبەتی لەپێوەندی لەگەڵ مافەکانی مرۆڤدا هێشتەوە؛ بهڵام ئامانجی سەرەکیی دانوستانەکان ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی بوو. مافەکانی گەلانی ئێران لە گوتاری ئەمریکییەکاندا غایب نەبوو، بهڵام لە دەرەوەی کڕۆکی سەرەکیی خودی دانوستانەکاندا مایەوە.
بەپێچەوانەی ئەوەی هەندێ کەس چاوەڕوانیان دەکرد، هاتنەسەرکاری دۆناڵد ترامپ ئەم لۆژیکەی بە شێوەیەکی بنەڕەتی نەگۆڕی. ستراتیژیی ئەوپەڕی تهوژم، لیستی گازنده و سکاڵاکانی ئهمریکا لهدژی ئێرانی فراوان کردهوه، بەڵام ئاماژەکان بۆ مافەکانی خهڵكی ئێران لهچاو نیگەرانییە ئەمنییەتییەکان لە پلەیەکی لاوەکیدا مایەوە. گوتاری ساڵی ٢٠١٨ی مایک پۆمپێئۆ کە تێیدا دوازدە مەرجی بۆ ئێران دیاری کردبوو، لەم بوارەدا هیچی تێدا نەهێشتەوە؛ چونکە مافەکانی مرۆڤ تەنیا لە پەراوێزدا بوون. تەنانەت لە کاتی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی»دا کاتێک ناڕەزایەتییەکانی ئێرانییەکان هاوپێوهندییهکی نێونهتهوهیی گەورەی بۆ لای خۆی ڕاکێشا، ئیدارەی بایدن هێشتا بەردەوام بوو لە ئەولەوییەتدان بە پرسی ناوکی و سەقامگیری له ناوچهدا. واشینگتۆن سەرکوتی خهڵک لهلایهن رێژیمی ئێرانیهوه مهحکوم کرد و گەمارۆگەلێکی سهمبولیکی بهسهر ئهو رێژیمهدا سەپاند بێ ئەوەی خواستە دێمۆکراتیکەکانی خهڵکی ئێران بخاتە چەقی ستراتیژیی دیپلۆماسیی خۆیەوە. ئەولەوییەتی سەرەکیی ئەمریکا هەروا ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی و هاوکات کۆنترۆڵکردنی نفووزی هەرێمیی ئەو رێژیمه مایەوە.
هۆکاری ئەمەش تەنیا ئەوە نییە کە لە کاتی ڕاپەڕینی ژینا، «ژن، ژیان، ئازادی»دا سەرۆککۆمارێکی دێموکرات لە ئەمریکا لە سەر کار بوو. لە ماوەی خولی دووەمی سەرۆکایەتیی ترامپدا، شەپۆلێکی هاوشێوە لە ناڕەزایەتییە مەدەنییەکان پێش ڕووبەڕووبوونەوەی سهربازیی ئەم دواییانە لەگەڵ ئێران وەڕێ کەوت و پشتگیریکردنی خۆپێشاندەران (به ئیدیعای ناردنی چەک بە گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆنیشهوه) بوو بە بەشێک لە گوتاری ئەمریکا. سهرهڕای ئهمهش، هەر که ڕێژێمی ئێران نیشانی دا لهسهر لاساری و ملنهدانی سووره و پهنای برده بهر ئامرازی سەرەکیی ستراتیژیی خۆی واته گەرووی هورموز، ئاماژەکان بۆ مافەکانی خەڵکی ئێران ورده ورده لە گوتاری سیاسیی ئهمریکادا کاڵ بوونهوه.بهمجۆره جارێکی دیکە لۆژیکی ئەمنیەتی بهتهواوی بهسهر ڕوانگهی پشتبهستوو به ئازادی و مافی مرۆڤدا زاڵ بۆوه.
بابەتی گرنگی دیکە ئەوەیە کە سەرەڕای پێشبینی و گومانەکان لەسەر ڕێککەوتنێکی گریمانهیی نێوان ئهمریکا و ئێران بهمزووانه، بازنه و مەودای ڕاستەقینەی ئەو ڕێککەوتنه دیار نیه. ئایا ئەو ڕێککەوتنە بۆ ئاگربهسێکی درێژخایەنه یان لهپێناو ئاساییبوونەوەیەکی پایهداری پێوهندییهکان؟ ئایا راگرتنی شهڕ هەموو بەرە هەرێمییەکان دەگرێتەوە یان تەنیا ناوچەگەلێکی دیاریکراو؟ ئەم کەشە تەمومژاوییە بەتایبەت لهبارهی کوردهكانی ئێرانهوه بەرچاوە. سەرەڕای ئاگربەس و دانوستانهکان، ئێران بە هەمان چڕیی پێشوو، لهسهر هێرشی موشهکی و درۆنی بۆ سهر بنکە و کەمپە مەدەنییەکانی حیزبە کوردییەکانی ئێران لە کوردستان عێراق بهردهوام بووه. هیچ نیشانەیەکیش نابینرێ کە ڕێککەوتنی داهاتوو کۆتایی بەم هێرشانه بێنێ.
هێرشەکان دژی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێران لە تاراوگە، نیشاندەری پێوەندییەکی قووڵە لەنێوان ڕەهەندە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی سیاسەتی ئێراندا. سەرکوتی نێوخۆیی، ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوەی سنوور، هێزە بریکارە هەرێمییەکان و چالاکیی تێکدهرانی ئێران، هەموویان بەشێکن لە لۆژیکێکی ئەمنییەتیی یهکانگیر. ڕێژێمێک کە نەتوانێ فرەیی سیاسی لە نێوخۆی سنوورەکانی خۆیدا تەحەممول بکا، بەدوور دەزانرێ سیاسەتی ملهوڕانهی خۆی لە دەرەوەی وڵات بە شێوەیەکی درێژمهودا وەلابنێ. پرسی کورد ڕێک نیشانی دەدا کە ڕەهەندە نێوخۆیی و هەرێمییەکانی مهسهلهی ئێران ناتوانرێ بە شێوەیەکی دەسکرد لە یەکتر جیا بکرێنەوە.
باجی سیاسیی ئهم هاودژییه قورسه. ئێستا زۆر لە ئێرانییەکان لەسەر ئەو باوەڕەن ئاماژەکانی ڕۆژاوا بۆ مافەکانی مرۆڤ کڵێشەیی و بهشێوەی ئامرازین. کاتێک واشینگتۆن باس لە ئازادییە بنەڕەتییەکان لە ئێراندا دەکا و هاوکات لەگەڵ هەمان ئەو بەرپرسانەی بەرپرسیاری سەرکوتکردنن دانوستان دەکا، گوتاری ئەمریکا متمانەی خۆی لەدەست دەدا. ئەم بێمتمانەییە نەک تەنیا باوهرپێكراویی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەنێو کۆمەڵگەی ئێراندا خهوشدار دەکا، بەڵکوو شانسی گۆڕانکاریی سیاسیی بنهڕهتییش له ئێراندا لاواز دهکا. ئەم ڕەخنەیه هێندهی دیکهش حکومەتە ئەورووپییەکان دەگرێتەوە کە هەمیشە ڕێککەوتن لەسەر ئەمنییەت و سەقامگیرییان خستووەتە پێش پرسی مافەکانی مرۆڤ و دێموکراسی لە ئێراندا.
ڕۆژئاوا دەبێ سهرهنجام لهو راستییه سادهیه تێ بگا کە ئامانجە ئەمنییەتییەکانی لهپێوهندی لهگهڵ کۆماری ئیسلامیدا بەبێ زهمینه خۆشکردن بۆ گۆڕانکاریی نێوخۆیی لە ئێراندا بە شێوەی بەردەوام نایەنە دی. تا ئهو کاتهی لۆژیکی ئەمنیەتیی سوپای پاسداران له ئێراندا حاکم بێ، گرژییەکانی پێوەندیدار بە بەرنامەی ئەتۆمی، تۆڕە نیابەتییە هەرێمییەکان و قەیرانەکانی کەنداو سەرلەنوێ بەرهەم دێنەوە. رۆژئاواییهكان بە هەوڵدان بۆ ئیدارهدانی دهرکهوت و دهرهنجامهکانی لهسهرکارمانهوهی کۆماری ئیسلامی بەبێ ئاوڕدانەوە لە خودی سروشتی سیستمی سیاسیی ئێران، لە ڕاستیدا رێگه به درێژهکێشانی ئهو ناسەقامگیرییە دەدەن کە ئیدیعا دهكهن لهدژی دهوهستنهوه. پارادۆکسهکه که لەوەدایە ویلایەتە یەکگرتووەکان زۆرجار باس لە مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا دەکا، بەڵام زۆربهی کات بە شێوەیەک دانوستان دەکا کە وەک بڵێی کێشە سەرەکیییەکە لە شوێنێکی دیکەیە. تەنیا گەرەنتیی ڕاستەقینە و پایهدار بۆ بەرژەوەندییە ئەمنییەتییەکانی ڕۆژاوا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا لهو شتهدا خۆی حهشار داوه که بهدرێژایی تهمهنی کۆماری ئیسلامی کهمترین حیسابی لەسەر مێزی دانوستان لهگهڵ ئهو رێژیمه بۆ کراوه، واته هاتنهسهرکاری حکومهتێکی دێموکڕاتیک له ئێران کە نوێنەرایەتیی گەلانی ئەم وڵاتە بکا و ڕێز لە خەڵکی خۆی بگرێ.