
ئاسۆ مینبەری
شەڕ لەگەڵ ئەوەی بە ئاشکرا زۆر لایەنی ژیانی مرۆڤەکان دەکاتە ئامانج و دەیانخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە، زۆر جاریش دەتوانێ بەستێنێکیش بۆ پەرەسەندنی دیاردە و خەسارەکانی دیکە لە کۆمەڵگەدا بێت. ئەگەرچی شەڕ لە خودی خۆیدا هەمیشە لەگەڵ ماڵوێرانی و ناسەقامگیری مانا دەکرێتەوە بەڵام، زۆر جاریش ئەم شەڕە دەتوانێ خاڵی دەسپێک بۆ ڕوودانی ڕووداوگەلێک لە پەراوێزەوە بێت کە بە قازانجی کۆمەڵگە و ژیانی مرۆڤایەتی نین.
لەگەڵ دەسپێکی هەر شەڕ و پێکدادانێکی سەختی سەربازیدا، چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگە دەکەونە ژێر کاریگەریی ڕووداوەکانەوە. لێرەدایە کە دیاردەگەلی وەک ژنکوژی و خۆکوژی لەژێر سێبەری شەڕدا دەرفەتی خۆدەرخستن دەدۆزنەوە و خۆ دەنوێنن.
کاتێک کە باس لە شەڕ دەکرێت، ژنان و منداڵان وەک گرینگترین بەشە پێکهێنەرەکانی کۆمەڵگە کە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ دەکەونە ژێر کاریگەرییەوە، دەبنە مژاری سەرەکی و باسیان لێ دەکرێت. لە ڕاستیدا یەکێک لەو بابەتانە کە لە کاتی شەڕ و قەیرانەکاندا، بەرۆکی کۆمەڵگە دەگرێت، ئەو توندوتیژییانەن کە بە هەر هۆکارێک پەرە دەستێنن و کۆمەڵگە تووشی کێشەی گەورەتر دەکەن. یەکێک لەو بابەتانەی کە لەژێر سێبەری شەڕدا، سەرهەڵدێنێ و دەبێتە پرس، دیاردەی ژنکوژییە!
ژنکوژی لەژێر سێبەری شەڕدا یەکێک لە قووڵترین و ئازاربەخشترین کێشە کۆمەڵایەتییەکانە، کە تێیدا جەستە و ژیانی ژن دەبێتە گۆڕەپانێکی دیکەی شەڕ و لە کاتی قەیرانەکاندا، بەتایبەت شەڕی چەکداری و ناسەقامگیریی سیاسیدا، توندوتیژیی خێزانی لە حاڵەتێکی پەراوێزخراوەوە دەگۆڕدرێت بۆ دیاردەیەکی پەرەسەندوو.
هۆکار و ڕەهەندەکانی ئەم پەرەسەندنە دەتوانێ لەم خاڵانەی خوارەوەدا ببینرێت:
لە کاتی شەڕدا، تەواوی سەرنجی دەسەڵات و دامەزراوە ئەمنییەتییەکان دەچێتە سەر بەرەکانی شەڕ، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە بێباکییەک لە سزادان سەر هەڵ بدات؛ بکوژەکان هەست دەکەن لەبەر ئەوەی یاسا لاوازە، دەتوانن بەبێ سزا لە تاوانەکانیان ڕزگاریان بێت.
لە لایەکی دیکەوە نائاساییبوونی دۆخەکە دەبێتە هۆی پەککەوتنی دادگاکان و دۆسییەکانی توندوتیژیی خێزانی دەخرێنە کۆتایی لیستی کارەکانەوە.
هاوکات لەگەڵ ئەمانە، شەڕ فەرهەنگێکی نوێ بەرهەم دەهێنێت کە تێیدا هێز و توندوتیژی دەبنە نیشانەی پیاوەت. و بڵاوبوونەوەی چەک لەنێو ماڵەکاندا، مەترسیی گۆڕانی دەمەقاڵێیەکی سادە بۆ "ژنکوژی" زۆر زیاتر دەکات.
هەندێ جاریش ئەو پیاوانەی لە بەرەکانی شەڕ دەگەڕێنەوە، تووشی "نەخۆشیی دوای شۆک" (PTSD) دەبن، کە ئەگەر چارەسەر نەکرێت، وەک توندوتیژی بەرامبەر هاوسەر و منداڵەکانیان دەتەقێتەوە.
لە ڕاستیدا شەڕ هەمیشە هەژاری و بێکاری بەدوای خۆیدا دەهێنێت و بە سەرنجدان بەوەی کە دۆخی شەڕ قەیرانی ئابووریش بەدوای خۆیدا دێنێت، ئەم قەیرانە دەتوانێ وەک بزوێنەری توندوتیژی ببینرێت. ناسەقامگیربوونی دۆخی گشتیی کۆمەڵگە و قورسبوونی باری دارایی خێزانەکان، ئاستی تووڕەیی و نائارامی لەناو ماڵدا زیاد دەکات؛ ژن لەم بارودۆخەدا سەربەخۆیی ئابووری لە دەست دەدات و ناچار دەبێت لەگەڵ بکوژەکەی لە یەک شوێندا بمێنێتەوە، چونکە هیچ شوێنێکی دیکە شک نابات.
لە کاتی شەڕدا، کۆمەڵگە داخراوتر دەبێت و زۆرجار پاراستنی "کەرامەتی خێزان" دەبەسترێتەوە بە کۆنترۆڵکردنی توندی ژنان. ژنکوژی بە پاساوی پاراستنی شەرەف لە کاتی شەڕدا تەنها تاوانێکی خێزانی نییە، بەڵکوو هەوڵێکی نائاگایانە بۆ سەپاندنی دەسەڵات لە دەسپێکێکی نوێدایە کە تێیدا پیاو هەست دەکات کۆنتڕۆڵی هەموو شتێکی تری لەدەست داوە.
تەشەنەسەندنی ئەم قەیرانە پێویستی بە تێگەیشتن و هەڵگرتنی هەنگاوی کردەیی هەیە. ئەگەرچی ئەوە ئەرکی دەسەڵاتە کە لە کاتە قەیراناوییەکاندا، پێش بە تەشەنەسەندنی پرسی لەم چەشنە بەتایبەت بەرانبەر بە ژنان و منداڵان بگرێت بەڵام، چییەتیی دەسەڵاتی خۆسەپێنی کۆماری ئیسلامی ئەم بابەتە ڕەت دەکاتەوە و پێویستە کەسانی شارەزا لە بواری دەروونی و کێشە خێزانییەکان، پشتیوانیی دەروونی لەو کەسانە بکەن کە بە هۆی شەڕەوە ئەگەری زۆرە بەرەوڕووی توندوتیژی ببنەوە. لەلایەکی دیکەوە ئەرکی ڕاگەیاندن و میدیاکان ئەوەیە کە کار لەسەر ئەو بابەتە بکەن و جەخت بکەنەوە کە قەیرانی سیاسی نابێت ببێتە پاساو بۆ توندوتیژیی خێزانی.
ژنکوژی لە کاتی شەڕدا تەنها پەیوەندی بە تاکەکانەوە نییە، بەڵکوو نیشانەی هەرەسهێنانی بەها مرۆییەکانە لە کۆمەڵگەیەکدا کە بە هۆی شەڕەوە ماندوو بووە و تێک چووە.
پاراستنی ژنان لە کاتی قەیراندا، بەشێکی دانەبڕاوە لە پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵگەیە و لە کۆمەڵگەیەکدا کە دەسەڵات خۆی و یاساکانی سەرچاوەی توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان، ئەرکی ڕێکخراوە مەدەنییەکان زیاتر زەق دەبێتەوە. ئەوان دەتوانن بە وشیارکردنەوەی خەڵک و بەتایبەت تێگەیاندنیان لە دۆخی هەنووکەیی و لێکدانەوەی هەنگاوە نەرێنییەکانی دەسەڵات لەمبارەوە، ڕۆشنگەرییی زیاتر بکەن.