
هەیاس کاردۆ
بۆ کەس شاراوە نییە خەباتی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستان لە ئێران، بۆ گەیشتن بە مافی نەتەوایەتی، مافی بەرابەری و عەداڵەتی کۆمەڵایەتییە. لەوەتی کورد خەباتی خۆی درێژە دەدا، هیچکات مەیلی سەرەڕۆیی و تەماحکارانەی نیشان نەداوە. هیچکات نەیویستووە پەلامار بەرێتە سەر ماف و ژیانی هیچ نەتەوە و لایەنێکی دیکە. بە هەموو دەنگی خۆی هاواری کردووە کە هەموو گەلانی نیشتەجێی ئێران مافی وەک یەکیان لە هەڵبژاردنی چۆنیەتیی ژیانی خۆیاندا هەیە. هیچکەس لە کەسی دیکە نە زیاترە و نە کەمتر. ئەوەندەی خەڵکی کوردستان بۆ ئازادی و مافی ژیانێکی ئاسوودەی باقیی بەشەکانی ئێران خەباتی کردووە و خوێنی داوە، هیچکات ئەو هاودەنگییەی وەرنەگرتووەتەوە.
دیارە سەرەکیترین دوژمنی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان و گشت ئێران، دەسەڵاتی سەرکوتکەرانەی کۆماری ئیسلامییە کە بەردەوام خەڵکی کوردستانیشی پەلامار داوە، ماڵی وێران کردووە و کوشتاری لێ وەڕێ خستووە. لەژێر دەسەڵاتی ئەو ڕێژیمە دژی ئینسانییەدا، گەلەکەمان ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر چەوساوەتەوە و زوڵمی لێ کراوە. لە ماوەی نزیک نیو سەدە دەسەڵاتی ڕەشی ئەم ڕێژیمەدا خەڵکی کورد زیاترین زیانی وێ کەوتووە. زۆرترین کوشتاری لێ کراوە. لە بێبەشیی زیاتردا ڕاگیراوە. زیاترین هێزی سەرکوتکەری بۆ ڕەوانە کراوە. کەمترین پلانی ئاوەدانی و خۆشگوزەرانیی تێدا بەڕێوە چووە. بەشی زۆری ئێعدام و زیندانیی لێ بینراوە و کەمترین مەجالی ژیانێکی ئاسوودەی بۆ دابین کراوە.
ئەگەر خەڵکی کوردستان ئێستاش خەباتی نەپساوەی خۆی بە دژی ئەو ڕێژیمە هەروا درێژە دەدا، کەس ناتوانێ ناحەقی بگرێ. چونکە کورد بە ڕەگ و پێستەوە تامی تاڵی بێبەشی و ناعەداڵەتیی چێشتووە و بڕیاری داوە هەتا گەیشتن بە ئازادی و ڕزگاری وچان نەدا. لەو ڕێگایەدا قوربانیی زۆری داوە و دیارە ئامادەشە واز لە خەبات نەهێنێ.
بزووتنەوەی مافخوازانەی کورد لە کوردستانی ئێران کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕۆڵی پێشەنگی تێدا دەگێڕێ، هەتا ئێستاش هەمیشە دەستی دۆستایەتی و هاوخەباتیی بۆ باقیی خەڵکی ئێران درێژ کردووە. حیزبی دێموکراتی کوردستان پێی وایە هیچ سیستەمێکی سیاسی و سەقامگیر لە ئێرانی داهاتوودا بەبێ بەشداریی هەموو گەلان و چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگەی ئێران نە پێک دێ و نە ئەگەر پێکیش بێ، بەردەوام دەبێ. هەر بۆیە بۆ گەیشتن بە دۆخێکی ئارام و ئاشتیخوازانە لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە ماف و ئازادییەکانی یەکتر، تەنیا ڕێگا یەکتر قبووڵ کردن و دەستی هاوکاری بۆ یەک درێژ کردنە. دیارە لەو بوارەدا بزووتنەوەی کورد هیچکات ئەو گرنگییەی وەپشت گوێ نەخستووە و دایمە وەبیر هەموو لایەکی هێناوەتەوە.
بەخۆشییەوە بەشێکی بەرچاو لە هێز و لایەنە سیاسییە نەتەوەیی، دێموکرات و چەپی واقیعبینی ئێرانی لەو ڕاستییە گەیشتوون و بۆیان دەرکەوتووە کە، ئێران وڵاتێکی فرەڕەنگ و فرەچەشنە و بە بێ بەشداریی هەمووان، هیچ دەسەڵاتێک پایەدار نابێ. هەر بۆیە لە مێژساڵە دانیشتن و باسی جۆراوجۆر بۆ گەیشتن بە لێک تێگەیشتنی باشتر، لەنێو لایەنە کوردی و ئێرانییەکاندا بەردەوام درێژەی هەبووە. لەو پێوەندییەدا زۆر نزیکبوونەوەی باشیش کراوە و تەنانەت هاوکاریی جۆراوجۆر لە شکڵ و ناوی جیاوازدا پەیدا بوون. هەر ئێستاش بزووتنەوەی کورد هەم لەگەڵ بزووتنەوەی گەلانی ژێر ستەمی ئێراندا لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا و بۆ مەبەستێکی مافویستانە خەبات دەکا و هەم لەگەڵ ژمارەیەک لە ئازادیخوازانی دیکەی ئێرانی خەریکی لێک نزیکبوونەوە بە هاوکاریی زیاترە.
بەو حاڵەش، بەداخەوە نابێ لە بیرمان بچێ مەسەلەی کورد و خەباتە ڕەواکەی هەتا ئێستاش بۆ بەشێک لە ناوەندگەرایان کە عادەتیان بە سەپاندنی هێزی خۆیان بەسەر خەڵکی دیکەدا گرتووە، بە باشی هەزم ناکرێ. ئەوانە نایانەوێ ئەو ڕاستییە قبووڵ بکەن و جارێک بۆ هەمیشە واز لە خۆبەزلزانی بهێنن کە تامی شیرینی پێکەوەژیانی بەرابەر، زۆر بەقازانجترە لە دەسەڵاتی خۆسەپێنی بە ڕواڵەت ئێراندۆست. دیارە بەشێک لەو ناوەندگەرایانە بە جۆرێک لە جۆرەکان ئامادەی دانیشتن لەگەڵ نوێنەرانی کوردن و خوازیاری لێک حاڵیبوونی زیاترن. ئەوانە هەرچەند وا دەنوێنن دژی مافی کورد نین، بەڵام بە بیانووی جۆراوجۆر خۆ لە قبووڵی ویستەکانی دەبوێرن. بەگشتی تەمی تەعەسوبێکی ئێرانیگەری کە بۆ ماوەی زیاتر لە سەدەیەکە بەرچاوی قەومی فەرمانڕەوای گرتووە، وادیارە بە ئاسانی ناڕەوێ. لەو پێناوەدا هەم کورد دەبێ کاری زیاتری بۆ بکا و هەوڵ بدا دۆستانی زیاتر بۆ مەسەلەی لێک تێگەیشتن کۆ کاتەوە، هەم کۆمەڵی ڕووناکبیر و واقیعبینی ئێرانی لەسەریەتی بۆ قازانجی گشتیی ئێرانی داهاتوو، خۆ لەو کۆت و زنجیرە ڕزگار بکا. چونکە تەنیا لەو حاڵەتە دایە دەکرێ دڵ بە ئێرانێکی سەقامگیر و دێموکرات خۆش بکرێ.
هەڵبەت جگە لە دەسەڵاتی سەرکوتکەری کۆماری ئیسلامی، بەداخەوە لایەنی دیکەش کە خۆیان لە دەسەڵات وەلانراون و تەرکەوەتەن کراون، لە دوژمنایەتیی مافەکانی کورددا، لەگەڵ ڕێژیم هاوبەشن. لە هەرە دیارترینی ئەو لایەنانەی بە ئاشکرا دژی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان شەو و ڕۆژ خەریکی تۆمەت بەخشینەوەن، دوو جەمسەری دژ بە یەک، بەڵام هاوتەریبی ڕاستی ڕاست و چەپی چەپن. با بزانین ئەوانە کێن:
هەر وەک دەزانین سروشتی گۆی زەوی بە جۆرێکە دوو جەمسەری قوتبی باکوور و قوتبی باشوور، ساردترین خاڵی سەر زەوین. ئەو دوو بەشەی زەوی ئەگەر لە شتێکدا وەک یەک بچن، سەهۆڵبەندانی دایمیی ئەوانە. واتە ئەو دوو جەمسەرەی گۆی زەوی وەک یەک، ساڵ دوازدەی مانگ و بۆ هەمیشە پڕ بەفر و سەهۆڵبەندانن. جگە لەوە، هیچ وێکچوونی دیکەیان لەگەڵ یەک نییە.
دوو جەریانی ئەوپەڕی ڕاست و چەپی ئێرانی کە شاپەرستەکان و کۆمۆنیستی کرێکارین، خسڵەتێکی تەواو هاوشێوەیان هەیە. ئەو دوو جەمسەرە بە حیساب سیاسییەی ئێران کە بە قسەی خۆیان شیر و تیر لێک دەسوون و وەک دوو ڕووی دراوێکن، ئەزقەزا لە دوژمنایەتیی کورد و مافەکانیدا تەواو هاوتەریب و هاودەنگ دەجووڵێنەوە.
تەیفی سەڵتەنەتخواز لەبەر ئەوەی تامی تاڵی شکستی ساڵی پەنجا و حەوتی چێشتووە و بە تەواوی ڕێگای گەڕانەوەی لێ گیراوە، لە جیاتی ئەوەی دژی دەسەڵاتی ناوەندیی ئێران بجووڵێتەوە، ڕاست بەپێچەوانە، هاوشێوەی دەسەڵات، دژی مافەکانی خەڵکی کوردستان هەڵوێست دەگرێ و بە هەموو شێوەیەک دەیەوێ نیشانی بدا لەو بارەوە زۆر لە ڕێژیم لێبڕاوترە. جەمسەری سەڵتەنەتخواز کە خۆی لە تەیفی ئەوپەڕی ڕاستی هەڵسووڕاوانی سیاسیدا دەبینێتەوە کە زیاتر بە فاشیست، ڕاسیست، شۆڤێنیست، مەزنیخواز و ناوەندگەرا دەناسرێتەوە، هیچ باوەڕێکی بە ماف و ئازادییە نەتەوایەتییەکانی گەلانی ئێران نییە و بۆ سەرکوتی خەباتی ئەو گەلانە چاوی لە هەمان شکڵی دەسەڵاتداریی سیستەمی بەر لە ساڵی پەنجا و حەوتە.
ئەو جەریانی کە هیچ پێگەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی لەنێو خەڵکی ئێران و بەتایبەت لەنێو نەتەوەکانی ئێراندا نییە، زیاتر چاوی لە هێزی دەرەوەیە یارمەتیدەری بن و بیگەیەننە دەسەڵات. هەر بۆیە بە دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەم دواییانەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامی، کوڕی شای پێشووی ئێران خەریک بوو بارگە و بنەی خۆی هەڵگرێ و لە ماوەیەکی نزیکدا لە کۆشکی دەسەڵاتی تاران تاجی شایەتی لەسەر بنێ. بۆ ئەوەش هەر لە ئێستاوە ڕووی دزێوی خۆی نیشان بدا، یەکەم هەڕەشەی لە کورد کرد و ویستی پێمان بڵێ ئەوەی کۆماری ئیسلامی لەو ماوەیەدا بۆی نەکراوە، ئەو تەواوی دەکا.
بەڵام جەمسەرێکی دیکەی تەیفی سیاسیی ئێرانی کۆمۆنیستی کرێکارییە. ئەو جەمسەرە ئەوپەڕی چەپەش، کە ئەزقەزا ئەویش لە جۆری خۆیدا و بەتایبەت لە دروشمەکانیدا زۆرجار فاشیستانە دەجووڵێتەوە، لەگەڵ ئەوەی خۆشی دەزانی هیچ شانسێکی بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات لە ئێراندا نییە، بەو حاڵەش بە هەمان سەبکی ڕاستی فاشیست، لە دژایەتی و تۆمەت بەخشینەوە بە کورد و خەباتە ڕەواکەی ڕانەوەستێ. بەڕاستی ئەو تەیفە دوور لە واقیع و خەولێکەوتوویەی چەپی ئێرانی بۆچی ئاوا لە کورد داخدارە و چ زیانێکی لە خەباتی کورد پێ گەیشتووە؟ مەگەر هەر ئەوانە نەبوون بۆ ساڵانێک لە لایەن خەڵکی کوردستانەوە پەنا دران و باوەشیان بۆ کرایەوە هەتا لە دەست پەلاماری ڕێژیمی ئیسلامی بپارێزرێن؟ مەگەر هەر ئەوانەش نەبوون لە کاتێکدا خەڵکی کوردستان پەنای دابوون و دەیحەواندنەوە، لە بنەوە خەریکی دووبەرەکی نانەوە لەنێو بزووتنەوەی کوردستاندا بوون و تەنانەت بە پلانی سەرکردەکانیان شەڕێکی ماڵوێرانکەریشیان وەڕێ خست؟ ئەوانە ئەگەر تۆزقاڵێک باوەڕیان بە ئازادی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی هەبێ، کە وادیارە نییانە، نەدەبوو هاوتەریب لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و تەیفی سەڵتەنەتخوازی دەستەڕاستی، بەسەر خەڵکی کوردستاندا بڕشێنەوە.
خەباتی گەلی کورد، خەباتێکی ڕەوا، عەداڵەتخوازانە، مافویستانە و یەکجار پێشکەوتووانەیە. ئەم خەباتە ڕەوایە لە ڕەوتی خۆیدا گەلێک هەوراز و نشێوی بڕیوە و بە سەر زۆر کەند و کۆسپدا پەڕیوەتەوە. هەم دەسەڵاتی جۆراوجۆری داسەپاوی زاڵ لە هەر دووک جۆری شایەتی و ویلایەتیدا بەربینگیان بەم خەڵکە مافویستە گرتووە. هەمیش بە داخەوە کەسان و لایەنی بە ناو سیاسیی موخالیفی دەسەڵات بە بیانووی بێبنەما، بۆختانیان بۆ ساز کردووە. بێگومان هەر تەیف و لایەنێک دژی ئەم خەڵکە و خەباتە ڕەواکەی سەنگەر بگرێ، جگە لە ڕوڕەشی و پەشیمانی هیچی پێ نابڕێ. خەڵکی کوردستان دۆست و دوژمنی خۆی باش لێک دەکاتەوە. ئەم خەڵکە تێکۆشەرە ڕێز لە دۆستەکانی دەگرێ و بەرەو ڕووی دوژمنەکانیشی دەبێتەوە.