فۆربز – مایکڵ ڵینچ
و لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەنپوور
پاش ئیدیعای پەیتا پەیتای ئەمریکا کە ڕێککەوتنێکی ئاشتی یان لانی کەم ئاگربڕێکی گشتگیرتر بە زوویی جێبەجێ دەبێت و ڕەتکرانەوەی لەلایەن ئێرانەوە، ڕەنگبێ سەرۆک کۆمار ترامپ بە ڕاستی گەیشتبێتە ڕێککەوتنێک کە ببێتە هۆی کرانەوەی گەرووی هۆرمۆز. نرخەکان پێشتر بە شێوەی بەرچاو (دیسان) لە چاوەڕوانیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکرانی ئازاددا دابەزیوە و زۆر کەس هیوادارن ئەمجارە بەردەوام بێت و ببێتە هۆی دابەزینی نرخی بەنزین و سڕکرانی نرخی پێداویستییەکان و یارمەتیدەری هێورکردنەوەی ڕەوتی هەڵاوسان بێت.
لە کاتی نووسینی ئەم وتارەدا (کاتژمێر ٨ی پێشنیوەڕۆی هەینی)، وردەکارییەکان هێشتا ناڕوونن و پشتڕاستکرانەوەی لەلایەن ئێرانەوە بە تەواوی ڕوون نییە. گیروگرفتەکە لەوەدایە کە هەردوو لا باسی هێڵی سوور، یان دەستەواژەی ئەوتۆیان کردووە کە لە ڕوانگەی هەر کامیانەوە بۆ هەر جۆرە ڕێککەوتنێک و بێ سازشکردن لەسەریان گرنگن و دیار نییە ئاخۆ ئەو شتانە باس کراون یان نا، بەڵام ڕەنگبێ ئەوان ئێستا ئامادە بن لەسەریان سازش بکەن.
کرانەوەی گەرووی هۆرمۆز ڕێگا بە پاپۆڕە نەوتهەڵگر و بارهەڵگرەکان دەدات ئازادانە هاتووچۆ بکەن، ئەگەرچی پرسی خێرایی ئاساییبوونەوەی بەرهەمهێنان و گەڕانەوەی داوای کڕین بۆ دۆخی پێشوو جێگای پرسیارە. من پێشتریش گوتوومە کە نیگەرانییەکان لەمەڕ خایاندنی چەند مانگ بۆ گەڕانەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی مەیدانە نەوتییەکان بۆ ئاستی پێش جەنگەکە، بە لەبەرچاوگرتنی شێوەی کاری پێشوو، وێدەچێ زێدەڕۆیانە بێ، بەڵام گومان لەوەدا نییە کە کات دەبات. لە لایەکی دیکەوە، عەمبارە پڕەکانی عەرەبستانی سعوودی و شوێنی دیکە یەکلاکەرەوە دەبن، لانی کەم بۆ ماوەی چەند حەفتەیەک.
خاڵی سەرەکی بۆ بازاڕەکان ئەمەیە کە چاوەڕوانیی كڕیارەکان دەبێتە هۆی دابەزینی نرخ (چونکە چەند جاری پێشوو لە وەڵامی ئیدیعای نزیکبوونی ڕێککەوتن ئەمە ڕوویداوە)، تەنانەت ئەگەر نرخەکان نەشگەڕێنەوە ئاستی پێش شەڕەکە. بیرۆکەی نەمانی کاریگەریی نیگەرانییە تەناهییەکان بۆ سەر نرخی نەوت لە ئەگەری ڕێککەوتنێک لەمەڕ کرانەوەی گەرووی هۆرمۆز، ڕەنگبێ گەمژەیی بێ، بەڵام تا ئەوکاتەی هێرشی مەزن لە ئارادا نەبێ، ئەم کاریگەرییە لە کەمترین ئاستدا دەمێنێتەوە.
بەڵام ئەمە هۆشدارییەکی جدییە. لەپێش هەموو شتێکدا، هێشتا ڕوون نییە ئاخۆ ئیسرائیل ڕێککەوتنەکەی پەسەند کردووە و هەروەها ناڕوونە لە ئەگەری درێژەکێشانی جەنگی ئیسرائیل لە لوبنان، ئێران چ کاردانەوەیەکی دەبێت. بێجگە لەوە، بێتوو ئێران بە تۆڵەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان دیسان هێرش بکاتەوە، ئەوکات ئاخۆ وڵاتە یەکگرتووەکان جەنگی کەنداو دەست پێ دەکاتەوە؟ هەروەها، ئاکاری ئیسرائیل تا ڕادەیەک بەستراوەتەوە بە کردەوەکانی حیزبوڵڵا و ڕەنگبێ ئێران نەیهەوێت پێشیان پێ بگرێت؛ تەنانەت بیهەوێ ئەمکارەش بکات، ڕەنگبێ نەتوانێت.
بە هەمان شێوە، میلیشیاکانی سەر بە ئێران دەتوانن درێژە بە هێرشەکانیان بۆ سەر وڵاتانی کەنداو بدەن، لە ناویاندا بۆ سەر بەندەرەکانی هەناردەکردنی نەوت، کە ئەگەری پاشگەزبوونەوەی خاوەن پاپۆڕەکان لە ناردنیان بۆ ناوچەکە هەیە، بە تایبەت لە باکووری کەنداو. بەڵام، ئێران ڕەنگبێ لە چاو حیزبوڵڵا یان حوسییەکان (کە لەم دواییانەدا گەلێک ناچالاک بوون)، دەسەڵاتی فرە زیاتری بەسەر ئەواندا هەبێت، کەوابوو ڕەنگبێ ئەگەری نوێبوونەوەی کێشەکە فرە بەرچاو نەبێت.
پاش هێرشە سەرەتاییەکان بۆ سەر ئێران کە بووە هۆی لەناوچوونی ژمارەیەکی زۆر لە ڕێبەرانی ئێران، فەرماندە هەرێمییەکان دەسەڵاتی زۆرتریان بۆ دەستپێکردنی هێرش بۆ سەر کەشتیوانیی و داراییە سەربازییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان لە ناوچەکەدا پێدراوە. لە تیۆریدا، ئاگربڕ وێدەچێ دڵنیایی زۆرتر بدات بە دەوڵەتی ناوەندی تا کۆنتڕۆڵی خۆی بەسەر هاووڵاتییانیدا بسەپێنیت، ئەگەرچی نیگەرانییەکان لەمەڕ کوشتنەکان لە لایەن ئیسرائیلەوە ڕەنگبێ ئەوان لە دروستکردنەوەی سیستەمە ئەلەکترۆنیکییەکانی ناوەندی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵ دڵسارد بکاتەوە و ئەمە ببێتە هۆی دژوارتربوونی کۆنتڕۆڵی هاووڵاتییان. فەرماندەیەکی سەرەڕۆی سپای پاسداران لەوانەیە چەند فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەڕێ بکات کە ببێتە هۆی وەڵامی وڵاتە یەکگرتووەکان، بەڵام هێرشی بچووکتر وێدەچێ پاشگوێ بخرێن.
گریمانە دەکرێت کە پێکدادانەکان جاروبار و لە ئاستێکی نزمدا ڕوو بدەن، بۆیە وێدەچێ وڵاتە یەکگرتووەکان ڕێز لە ئاگربڕەکە بگرێت، ڕەنگبێ بە ڕێکەوت هێرش بکاتە سەر موشەکهاوێژێک، بەڵام بێتوو داواکاریی سەرەکی لە ئێران کۆتاییهێنان بە هێرش بۆ سەر کەشتیوانیی بێت، وڵاتە یەکگرتووەکان هۆیەکی ئەوتۆی نامێنێت کە گەمارۆ دەریاییەکەی بسەپێنیتەوە یان دەست بە جەنگ بکاتەوە، مەگەر گەرووی هۆرمۆز بە شێوەی جیددی ببەسترێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، چونکە گەلێک لایەن لەم کێشەیەدا بەشدارن، ئیسرائیل، حیزبوڵڵا و ئەوانی دیکە، ئەمە بەو مانایەیە کە ئەگەری زۆرە کە ڕێککەوتنەکە فرە لەرزۆک و پچڕپچڕ بێت و ڕەنگبێ تەنانەت لێک هەڵوەشێتەوە. و بێتوو هیچ پێشوەچوونێک لە ڕێککەوتنی یەکجاریدا نەکرێت، پرسی ئۆرانیۆمی زۆر پیتێندراوی ئێران و پرسی پشتگیریی لە میلیشیاکان، ڕەنگبێ وڵاتە یەکگرتووەکان لە ئازادکردنی داراییە سڕکراوەکانی ئێران پاشگەز بێتەوە. ئەم ڕاستییە کە ئەم پرسانە تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان بۆ ماوەیەکی هێندە دوورودرێژ بوون بە بێ چارەسەرکردنیان، بەو مانایەیە کە ٦٠ ڕۆژی دیکە بەشی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک ناکات.
دوای کۆتایی کاتی ئاگربڕەکە چی ڕوو دەدات؟ ترامپ لە ڕابردوودا کاتی ئاگربڕە ڕاگەیەندراوەکانی، دوای هەڕەشەی باراندنی مەرگ و وێرانی بەسەر ئێراندا، کۆتایی هاتووە، درێژی کردوونەوە و، ئەمە دەتوانێت دیسان ڕوو بدات. ئەگەری ئەوەش هەیە کە ئێرانییەکان وەکوو ڕابردوو هەوڵ بدەن لە گفتوگۆکاندا خاوەخاو بکەن و کات بکوژن. لەم دۆخەدا، ڕەنگبێ ترامپ تووڕە بێت و دەورێکی نوێ لە هێرشەکان ڕاگەیەنێت، کە دەتوانێ ببێتە هۆی تۆڵەئەستاندنەوەی ئێران و بە ئامانجگرتنی وڵاتانی کەنداو. بەڵام هەر دوو لا ئەوکات دەتوانن بڵێن تۆڵەمان کردووەتەوە و کۆتایی بە هێرشەکانیان بێنن و ئیزن بدەن گەرووی هۆرمۆز بە ئاواڵایی بمێنێتەوە.
کەوابوو، لە دۆخی ئێستادا، لە کاتێکدا هێشتا نادڵنیاییەکی مەزن لەبارەی چۆنیەتی و کاتی جێبەجێکردنی ئاگربڕە هەیە، وێدەچێ گەرووی هۆرمۆز لە ماوەیەکی کورتدا بکرێتەوە و نرخی نەوت، دوای دابەزینی سەرەتایی، وردە وردە بەرەو ئاستی پێش جەنگ بگەڕێتەوە و دوای ئاساییبوونەوەی ئاستی عەمبارە جیهانییەکان، سەقامگیر بێت. ئەمە بە مانای هەواڵی خۆش بۆ خەڵکی ئاساییە، بەڵام وەک لێکۆڵەرانی بازاڕی نەوت دەڵێن، ئەگەری هەڵبەزدابەزی زۆریش هەیە، یان ڕەنگبێ گوتە دروستترەکە ئەمە بێت کە جارێ بەر لە پاڵاوتنیان، خۆتان لە بژاردنی بەرمیلە نەوتەکان ببوێرن.