کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەو نەتەوەیەی هەرگیز کۆماری ئیسلامیی قبووڵ نەکرد

12:05 - 30 جۆزەردان 2726

حەسەن قارەمانی

خەباتی کورد تەنیا ڕەهەندێکی سەربازی نییە، بەڵکوو لە بنەڕەتدا خەباتە بۆ مانەوە و سەلماندنی بوون؛ هەوڵێکە بۆ بەدەستهێنانی دانپێدانان و مسۆگەرکردنی نوێنەرایەتی لە سیستەمێکی نێونەتەوەییدا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە لە ساڵی ١٩٤٥دا دامەزراوە، یەکێکە لە کۆنترین ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست. مێژووی ئەم حیزبە، نموونەیەکی زیندووی تێگەیشتنە لە جووڵانەوەی سیاسیی کورد. ئێستا پرسیاری سەرەکی بۆ داهاتوو ئەوەیە: کورد چۆن دەتوانێت لە جیهانێکی بێدەوڵەتدا، ئیرادەی سیاسیی خۆی بسەلمێنێت و ئەو پێکهاتە ستەمکارانەیە تێک بشکێنێت کە دەیان ساڵە مافی بوونیان لێ زەوت کردووە؟

هێرشە بەردەوامەکانی کۆماری ئیسلامی دەیسەلمێنن کە ململانێ لەگەڵ کورد هەرگیز کپ نەبووەتەوە. مێژووی هەشتا ساڵەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئەو تێڕوانینە هەڵەیە ڕەت دەکاتەوە کە دەڵێت نەتەوە بێدەوڵەتەکان مەحکوومن بە شکست؛ بەپێچەوانەوە نیشانی دەدات کە ئیرادەی سیاسی و ناسنامەی نەتەوەیی دەتوانن لەژێر توندترین فشاردا گەشە بکەن. بۆ نەتەوەیەکی بێدەوڵەت، خەبات تەنیا لەپێناو بەدەستهێنانی سەرچاوەکاندا نییە، بەڵکوو بۆ پاراستنی «بوون»ـە. لێرەوە، مانەوەی حیزبێکی وەک حیزبی دێموکرات بۆ ماوەی هەشتا ساڵ و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی، خۆی لە خۆیدا جۆرێکە لە سەرکەوتن.

کاتێک ئیسرائیل هێرشی سەربازیی بەرفراوانی کردە سەر ئێران و بەهۆیەوە چەندین فەرماندەی پلەبەرزی سەربازیی کۆماری ئیسلامی کوژران، کاردانەوەی توندی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا لێکەوتەوە. بۆ زۆرێک لە چاودێران، ڕووماڵی هەواڵەکان تەنیا لە چوارچێوەی جوگرافیای سیاسی (جیۆپۆلەتیک)، ئاسایشی ناوچەکە و هاوسەنگیی هێز لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا کورت دەبووەوە، بەڵام بۆ زۆرێک لە کوردان، ئەم ڕووداوانە هەستی قووڵتریان ورووژاند؛ یادەوەریی مێژووییِ نزیکەی نیوسەدە ستەم، سەرکوتی سەربازی و توندوتیژیی بێبەزەییانەی کۆماری ئیسلامی.

هەر لە یەکەم ڕۆژدا خامنەیی و فەرماندە پلەبەرزەکانی کۆماری ئیسلامی لەنێوچوون. ناوی ئەو فەرماندە پلەبەرزانەی کوژراون، بۆ ئێمەی کورد نامۆ نین. زۆرینەیان وەک فەرماندەی پلەبەرزی سەربازیی کۆماری ئیسلامی لە کوردستاندا دەستیان بە خوێنڕێژی کردووە. ئەوان کوردستانانیان کردە مەیدانی کۆمەڵکوژی. هەرکامەیان لە کارنامەی پڕ لە تاوان و دڕندەیییاندا، چەندین ئەشکەنجە و کوشکاریی نەگێڕدراویان بەرامبەر بە کورد هەیە. زۆرێکیان لە ڕێگەی خوێنڕێژییەوە دژی شار و گوندە کوردنشینەکان گەورە بوون. بۆ نەوەکانی کورد، ئەم فەرماندانەی کوژراون، یادگاریی لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ، سزادانی بەکۆمەڵ، ئاوابوونی زۆرەملێ و میلیتاریزەکردنن.

لە ماوەی چل و حەوت ساڵی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا، تەنیا یەک مۆدێلی بەردەوام و بێ‌پچڕان، لە یەکەم ڕۆژی سەرهەڵدانەوە تا ئێستا، دژی شەرعییەتی ڕێژیم وەستاوەتەوە، ئەویش کوردە. دژایەتیی مێژوویی کورد لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، بناغە سیاسی و ئایدۆلۆژییەکانی ئەم دژایەتییە و گرنگییەکەی بۆ تێگەیشتن لە مێژووی مۆدێرنی ئێران ڕوون دەکاتەوە. پێناسەی سەرکەوتن لای هەر لایەنێک جیاوازە؛ لای زلهێزەکان باڵادەستیی ستراتیژییە و لای ئێران مانەوەی ڕێژیمەکەیەتی، بەڵام بۆ کورد، سەرکەوتن فرەڕەهەندە.

شۆڕشی ١٩٧٩ و یەکەمین ڕووبەڕووبوونەوە:

کاتێک دەسەڵاتی پاشایەتیی محەمەد ڕەزا پەهلەوی لە ساڵی ١٩٧٩ ڕووخا، ساتێکی کورتی هیوا لە نێو زۆرێک لە نەتەوە و گرووپە سیاسییەکانی ئێراندا سەری هەڵدا. بۆ کورد، شۆڕش نوێنەرایەتیی دەرفەتێک بوو بۆ گەیشتن بە مافە دێموکراتیکەکان، خودموختاریی کولتووری و دیاریکردنی چارەنووسی سیاسی.

کوردان چالاکانە بەشدارییان لە خەبات دژی دیکتاتۆریەتی شادا کرد، بەڵام دیدگای ئەوان بۆ داهاتوو لە بنەڕەتدا جیاواز بوو لە پڕۆژەکەی خومەینی. لە کاتێکدا بزووتنەوەی کورد بەدوای فرەیی، لامەرکەزی و مافی نەتەوەییاندا دەگەڕا، دەسەڵاتی نوێ شەرعییەتی خۆی لەسەر مەرکەزییەت، دەسەڵاتی ئایینی و یەکسانیی ئایدۆلۆژی بنیات نا. هەر بۆیە ململانێکان هەر زوو دەستیان پێ کرد.

هەر لە مانگەکانی یەکەمی شۆڕشدا، گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان کۆماری ئیسلامیی تازەپێکهاتوو و ڕێکخراوە سیاسییە کوردییەکاندا سەری هەڵدا. ڕێژیم لەبری دیالۆگ، ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی هەڵبژارد. خومەینی فەتوای بەدناوی خۆی لە دژی کورد دەرکرد؛ فەتوای خومەینی بزووتنەوەی کوردی بە هەڕەشە بۆ سەر شۆڕش وەسف کرد و مۆڵەتی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەرفراوانی لە کوردستاندا دا. ئەمە سەرەتای شەڕێک بوو کە پەیوەندیی نێوان کوردستان و کۆماری ئیسلامیی بۆ دەیان ساڵی داهاتوو دیاری کرد.

کوردستان وەک یەکەمین سەنگەر:

بۆ ڕێژیمی تازەدامەزراو، کوردستان بوو بە یەکەم سەنگەری گەورەی نێوخۆیی. پێش ئەوەی کۆماری ئیسلامی دەسەڵاتی خۆی لە تەواوی وڵاتدا بچەسپێنێت، سپای پاسداران و هێزی سەربازیی ئاسایی ڕەوانەی کوردستان کران. شارەکانی وەک مەهاباد، سنە، پاوە و سەقز کەوتنە بەر گەمارۆ، تۆپباران و ئۆپەراسیۆنی ئەمنیی بەرفراوان.

لە ڕوانگەی زانستی سیاسییەوە ئەمە گرنگە؛ یەکەم ئەولەویەتی ئەمنیی ڕێژیم ئاسایشی دەرەکی نەبوو، بەڵکوو کۆنترۆڵکردنی نێوخۆیی بەسەر کوردستاندا بوو. داواکارییەکانی کورد بۆ دیاریکردنی چارەنووس، وەک هەڕەشەیەکی بوونی (وجوودی) هەستیان پێ دەکرا، چونکە ئاڵنگاریی ئەو بناغە ئایدۆلۆژییەی دەکرد کە کۆماری ئیسلامی لەسەری وەستابوو: چەمکی دەوڵەتی مەزهەبیی مەرکەزی، کە تێیدا شوناسە نەتەوەییە جێگرەوەکان دەبێت بخرێنە ژێر ئایدۆلۆژیای شۆڕشگێڕیی فەرمییەوە.

لە ئەنجامدا، کوردستان بوو بە تاقیگەیەک بۆ ئەو شێوازە سەرکوتگەرانەی کە دواتر لە دژی لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی دیکەش بەکار هاتن. دەستگیرکردنی بەکۆمەڵ، لەسێدارەدانی خێرا، سزای بەکۆمەڵ و میلیتاریزەکردن بوونە توخمە سەرەکییەکانی ستراتیژیی دەوڵەت.

یەکێک لە لایەنە هەرە جێی سەرنجەکانی مێژووی مۆدێرنی ئێران، دژایەتیی بەردەوامی کورد بەرامبەر بەو ڕێژیمەیە. زۆرێک لە پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە لە سەردەمە جۆراوجۆرەکاندا هەوڵیان داوە لە نێوەوە چاکسازی لە سیستەمەکەدا بکەن؛ بۆ نموونە، چاکسازییەکانی سەردەمی محەمەد خاتەمی و حەسەن ڕۆحانی، جارجارە هیوایەکی لە نێو بەشێک لە دانیشتوواندا دروست دەکرد.

کوردستان و کۆماری ئیسلامی؛ لە بەرخۆدانی مێژووییەوە بۆ ئاسۆی داهاتوو:

لە کوردستاندا دۆخەکە جیاواز بوو؛ ئەزموونی بەکۆمەڵی توندوتیژی لە ساڵانی یەکەمی شۆڕشدا، بێمتمانەییەکی قووڵی بەرامبەر بە دامودەزگاکانی کۆماری ئیسلامی دروست کرد. بۆ زۆرێک لە کوردان، کێشەکە تەنیا ڕەهەندی تاکەکەسی سیاسەتمەدارێک یان حکوومەتێکی دیاریکراو نەبوو، بەڵکوو خودی سروشتی سیستەمەکە وەک سەرچاوەی کێشەکە دەبینرا.

لە ئەنجامدا، کوردستان چەندین جار بووەتە مەیدانی ناڕەزایەتی، مانگرتن و بزووتنەوەکانی بەرگری. لە ململانێ چەکدارییەکانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە تا ناڕەزایەتییە مەدەنییەکانی ئەمڕۆ، دەکرێت بەردەوامییەکی ڕوون دەستنیشان بکرێت؛ بەرگری شێوازی گۆڕیوە، بەڵام هەرگیز نەوەستاوە. ئەمەش کورد دەکاتە تاکە نەتەوە لە نێو ئێراندا کە لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامییەوە، بە بەردەوامی و بێپچڕان، شەرعییەتی ئەم دەسەڵاتەی خستبێتە ژێر پرسیارەوە.

چەوساندنەوەی پێکهاتەیی و پەراوێزخستنی نەتەوەیی:

بۆ تێگەیشتن لەم ململانێیە لەمێژینەیە، پێویستە ڕەهەندە پێکهاتەییەکانی دۆخی کورد شی بکرێتەوە. کۆماری ئیسلامی تەنیا ئازادییە سیاسییەکانی کوردستانی بەرتەسک نەکردووەتەوە، بەڵکوو سیاسەتێکی پەیڕەو کردووە کە زۆرێک لە توێژەران بە «پەراوێزخستنی کولتووری و ئابووری» ناوی دەبەن.

مافی زمانی کوردی بە توندی بەرتەسک کراوەتەوە و سیستەمی پەروەردە بە فارسی وەک تاکە زمانی فەرمیی فێرکاری، زاڵ کراوە. لە ئاستی ئابووریشدا، وەبەرهێنان لە ژێرخان و پیشەسازیدا لە کوردستاندا بەراورد بە ناوچەکانی ناوەڕاستی ئێران زۆر کەمتر بووە؛ بۆیە بێکاری لەم ناوچانەدا هەمیشە لە تێکڕای سەرانسەری زیاتر بووە. لە بەرامبەر ئەم پەراوێزخستنە ئابوورییەدا، بوونی ئەمنیی دەوڵەت بە شێوەیەکی ناڕێژەیی بەرفراوان بووە. ئەم ئاوێتەبوونەی هەژاری و سەرکوتی سیاسی، ئەو تێڕوانینە بەکۆمەڵەی بەهێزتر کردووە کە دەسەڵات لەگەڵ کوردستاندا وەک «پرسێکی ئەمنی» مامەڵە دەکات، نەک وەک بەشێکی یەکسان لە وڵات.

کاتێک ئەو سەرکردە سەربازییانەی لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی کوردستاندا دەستیان هەبووە لەنێو دەچن، هەست و سۆزێکی دژبەیەک دەورووژێت. لە کاتێکدا جیهانی دەرەوە ئەوان وەک فەرماندە یان ئەکتەری ستراتیژی دەبینێت، بۆ کوردستان و بنەماڵە کوردەکان، ئەوان سیمبولی یادەوەرییە تاڵەکانن؛ نوێنەری گۆڕە بەکۆمەڵەکان، لەسێدارەدانەکان و دەیان ساڵ ترس و تۆقین.

ژینا ئەمینی و ڕەهەندی کوردی:

ڕەنگە ڕوونترین وێناکردنی ڕۆڵی کورد لە ئێرانی ئەمڕۆدا لە ناڕەزایەتییەکانی دوای گیانلەدەستدانی «ژینا ئەمینی»دا دەربکەوێت. مردنی ئەو ئەو پریشکە بوو کە گەورەترین تەنگەژەی بۆ ڕێژیم لە ساڵی ١٩٧٩ەوە دروست کرد. دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» کە ڕەگ و ڕیشەی لە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کورددا هەیە، بووە سەرمەشقی ناڕەزایەتییەکانی سەرانسەری ئێران. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە کوردستان نەک هەر شوێنی بەرخۆدان، بەڵکوو سەرچاوەی دیدگای سیاسیی جیاوازیشە کە لەسەر بنەمای دێموکراسی، یەکسانی و مافی مرۆڤ دامەزراون.

لە ڕوانگەی زانستی سیاسەتەوە، خۆڕاگریی کورد جێگای سەرنجە. زۆرێک لە بزووتنەوەکان بە تێپەڕبوونی کات و بەهۆی سەرکوت، توانەوەی کولتووری (ئاسمیلەبوون) یاخود دابەشبوونی نێوخۆییەوە لاواز دەبن، بەڵام بەرخۆدانی کورد بە درێژایی نەوەکان نوێ دەبێتەوە. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە یادەوەرییە بەکۆمەڵەکانی توندوتیژی لە نێوان نەوەکاندا گواستراوەتەوە؛ شوناسی کورد بە سەرکوتکردن لاواز نەبووە، بەڵکوو بەهێزتر بووە.

ئایا ئێران دەتوانێت ببێتە نەزمێکی سیاسی کە دان بە فرەچەشنیی نەتەوەیی، کولتووری و زمانەوانییەکەی خۆیدا بنێت؟ مێژوو نیشانی داوە کە سەقامگیری تەنیا لەسەر زۆرەملێ بنیات نانرێت؛ شەرعیەتی درێژخایەن تەنیا لە ڕێگەی گشتگیری، دادپەروەری و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤەوە مسۆگەر دەبێت.

کۆتایی:

پەیوەندیی کورد لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا، یەکێکە لە بوارە هەرە بەرچاو و لە هەمان کاتدا زۆر پشتگوێخراوەکانی مێژووی نوێی ئێران.

لە ساڵی ١٩٧٩ەوە، کوردستان هەم وەک سەنگەری پێشەوەی سەرکوتی ڕێژیم و هەم وەک یەکگرتووترین گۆڕەپانی بەرخۆدان لە بەرامبەر دەسەڵاتەکەیدا کاری کردووە. لە کاتێکدا زۆرێک لە گرووپەکانی دیکەی ئێران جارجارە لە چوارچێوەی سیستەمەکەدا هەوڵی چاکسازییان داوە، کورد بەردەوام شەرعییەتی بنەڕەتیی سیستەمەکەیان خستووەتە ژێر پرسیارەوە.

ئەم بەرخۆدانە تەنیا سەربازی و سیاسی نەبووە، بەڵکوو کولتووری, کۆمەڵایەتی و بوونگەراییش بووە. خەباتەکە لەپێناوی پاراستنی زمان، شوناس، کەرامەت و مافی بڕیاردان لەسەر داهاتووی خۆیاندا بووە.

کاتێک ڕووداوەکانی ئەمڕۆی ئێران، یادەوەرییەکان بۆ کورد زیندوو دەکەنەوە، تەنیا پەیوەندی بە جوگرافیای سیاسی یان ململانێی سەربازییەوە نییە؛ بەڵکوو باس لە یادەوەرییەکی مێژوویی و بەکۆمەڵ دەکات کە بە ئەزموونی ستەم و بەرخۆدانی نەوەکان داڕێژراوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بزووتنەوە پێشکەوتوو و سەربەرزەکەی، سەرەڕای سازان و نەسازانی ئەمریکا و ئێران، هەر لە جێگەی خۆیانن. «ژن، ژیان، ئازادی» ئاوێتەی ڕۆح و ڕەوانی ئەو خەڵکەیە کە تینووی ئازادی و سەربەستین و بوون بە ئاوەڵدوانەی یەکتر. هەلومەرجی نوێ، شێوازی خەباتی نوێ دەخوازێت. زۆر جار گۆڕانکارییە گەورەکانی جیهان لە ئیرادەی خەڵکدا نین، بەڵام دەرفەت دەخوڵقێنن بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو ڕووداوانەی کە بەسەر کۆمەڵگەدا دەسەپێن.

ئەگەر مێژوونووسانی ئایندە بیانەوێت لە مێژووی کۆماری ئیسلامی تێبگەن، بەبێ تێگەیشتن لە کوردستان ناتوانن ئەو کارە بکەن. چل و حەوت ساڵە کورد یەکگرتووترین و بەردەوامترین دژایەتیی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییە؛ نەتەوەیەک کە هەرگیز ئەو نەزمە سیاسییەی لە ١٩٧٩دا دامەزرا، قبووڵی نەکردووە و بەردەوامە لە خەبات بۆ ئازادی، دانپێدانان و مافی چارەی خۆنووسین.