بەپێی دانپێدانانی بەڕێوەبەری چاوەدێریی بەرهەمهێنانی نەوت و گازی شیرکەتی میللیی نەوتی ئێران، ڕۆژانە ٤٠ تا ٥٠ میلیۆن میتری سێجا گاز لە وڵاتدا دەسووتێنرێت و بەم پێیە ٦٠ لەسەدی گازی بەرهەمهاتووی نەوت بەهۆی نەبوونی تێکنۆلۆژییەوە بەفیڕۆ دەچێت.
هاوکات ئامارەکانی بانکی جیهانی دەری دەخەن کە لە یەکەم ساڵی دەوڵەتی مەسعوود پزیشکیاندا، پرۆسەی سووتاندنی گازی تێکەڵاو لەگەڵ نەوت و گازە زیادییەکان بە ڕێژەی ١٢ لەسەد زیادی کردووە و گەیشتووەتە پتر لە ٦٢ میلیۆن میتری سێجا لە ڕۆژێکدا.
ئەم قەبارە زەبەلاحە کە یەکسانە بە یەک لەسێی گشت بەکاربردنی نێوماڵی ئێران، لە کاتێکدایە کە ئەو وڵاتە لە زستاناندا تووشی کورتهێنانی توندی گاز دەبێتەوە، بەڵام کاربەدەستانی ڕێژیم هەمیشە خەڵک بە تاوانبار دەزانن.
تاران ساڵانە ٩ میلیارد دۆلار گاز دەسووتێنێت؛ واتە لە هەر کاتژمێرێکدا زیاتر لە یەک میلیۆن دۆلار سەرمایەی نیشتمانی لەنێو دەچێت و ئێران لە دوای ڕووسیە خراپترین دۆخی لە جیهاندا هەیە.
وێڕای ئەمەش، بەهۆی پەککەوتەبوونی تۆڕی دابەشکردن، ساڵانە ٨ میلیارد میتری سێجای دیکەش دزە دەکات.
لە کۆی گشتیدا، ساڵانە ٣١ میلیارد میتری سێجا گاز پێش گەیشتن بە دەستی بەکاربەر بەفیڕۆ دەچێت کە ساڵانە ٤٣ میلیۆن تۆن گازی گوڵخانەیی بەرهەم دەهێنێت و ژینگەی ناوچەکەی شێواندووە.