کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دووڕوویی سیاسی!

11:36 - 6 پووشپەڕ 2726

ئاسۆ مینبەری

گوتاری فەرمیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگەی میدیا و ناوەندە ئیدیۆلۆژییەکانییەوە، بەردەوام هەوڵ دەدات چەمکە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان بەپێی بەرژەوەندییە سیاسییەکانی خۆی و لە چوارچێوەی ئیدئۆلۆژییەکەی خۆیدا دابڕێژێتەوە. نموونەیەکی ئاشکرای ئەم چەواشەکارییە لێدوانەکانی ئەم دواییەی کاربەدەستان و بەناو پسپۆڕان و ئاکادێمیسییەنەکانی ڕێژیمە، کە تێیدا ژن وەک "فەرماندەی بەئاوەزی بەرەی ئابووریی بنەماڵە" پێناسە دەکرێت. ئەم تێڕوانینە، کە گوایە دەیەوێت پێگەی ژن بەرز بنرخێنێ، لە ڕاستیدا هەوڵێکی ڕوون بۆ شاردنەوەی قەیرانە پێکهاتەییەکان، گۆڕینی شوێنی تاوانبار و قوربانی و جێگیرکردنی سیاسەتی پەراوێزخستنی سیستماتیکی ژنان لە کایەی گشتی و بەتایبەت لە بازاڕی کاردایە.

ئەو گوتارەی کە "ئێقتسادی موقاومەتی" بە "قەناعەت" و "بەڕێوەبردنی نێوخۆیی"ی ژنان لەناو ماڵدا دەبەستێتەوە، لە بنەڕەتدا دەیەوێت شکست و کێشە ئابوورییەکانی دەسەڵات بخاتە ئەستۆی شێوازی بەکارهێنانی بنەماڵەکان.

لە ڕاستیدا لە کاتێکدا کە باس لە "فەرماندەیی ئابووریی ژنان" لە ماڵەوە دەکرێت، ئامارە فەرمییەکانی خودی ئێران نیشانی دەدەن کە ڕێژەی بەشداریی ئابووریی ژنان لە نزمترین ئاستی جیهانی واتە کەمتر لە ١٥ لەسەددایە.

کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی یاساکانەوە کە جیاکاریی ڕەگەزییان تێدا کراوە و بە سەپاندنی بەربەستی ڕەگەزی لە دامەزراندندا و پەرەدان بە گوتاری "دایکایەتی و هاوسەرێتی" وەک تاقە ئەرکی پیرۆزی ژن، بە شێوەیەکی سیستماتیک نیوەی هێزی کاری کۆمەڵگەی لە هێڵی بەرهەمهێنان و سەربەخۆیی دارایی دوور خستووەتەوە. ژنێک کە لە ڕووی یاسایی و پێکهاتەییەوە مافی چوونە ناو بازاڕ و بەڕێوەبردنی ئابووری لێ زەوت کرابێت، چۆن دەکرێت وەک "فەرماندەی ئابووری" ناوی لێ ببردرێت؟ لە ڕاستیدا ئەم شێوە پێناسەکردنە لەم حاڵەتەدا، تەنیا دابەزاندنی چەمکی بەڕێوەبردن بۆ ئاستی ڕێکخستنی تێچووەکانی ناوماڵ و ڕاهاتن لەگەڵ هەژاریدایە.

هاوکات لەگەڵ نەبوونی دەرفەتی یەکسان لە بازاڕی کاری نەریتی و فەرمیدا، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەشێکی زۆر لە ژنانی ئێران و کوردستان ڕوویان لە بەستەرە دیجیتاڵییەکان و بازرگانیی ئۆنلاین، بەتایبەت لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک ئینستاگرامەوە کرد تاکوو بتوانن بەم شێوەیە بژێوی ژیانیان دابین بکەن و تا ڕادەیەک هەوڵی دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی دارایی بۆ خۆیان بدەن . ئەم شیوازە لە کار کە زۆربەی کات بەبێ پاڵپشتیی دەوڵەت و بە تێکۆشانی تاکەکەسیی ژنان خۆی گرتبووەوە، بووە هیوایەک بۆ بازرگانییە بچووک و ناوخۆییەکان.

بەڵام سیاسەتی پچڕانی بەردەوامی ئینتێرنێت، فیلتەرینگی بەربڵاو و توندکردنەوەی گەمارۆ دیجیتاڵییەکان لەلایەن ڕێژیمەوە، گورزێکی کوشندەی لەم کەرەتە وەشاند. بەم بڕیارانە، کۆماری ئیسلامی تەنیا ئینتێرنێتی سنووردار نەکرد، بەڵکوو دەستی بۆ سەرچاوەی بژێوی هەزاران ژنی سەرپەرستی بنەماڵە و کچانی لاو برد کە دەکرا لە ڕیزی قوربانییانی سیستمی ئیداریی ڕەگەزپەرستانە جیا بکرێنەوە. لەم سۆنگەیەوە، بەکارهێنانی دەستەواژەی مۆدێڕن و گرینگ بۆ پێگەی ئابووریی ژن لە کاتێکدا کە دەسەڵات خۆی گەورەترین بەربەستی سەر ڕێگای گەشەی ئابووریی ئەوانە، ئەوپەڕی دووڕوویی سیاسی نیشان دەدات.

کاتێک گوتاری فەرمی دەڵێت: سەربەرزی دەبێ لە قەناعەتدا بێت نەک لە ڕکابەری ماددیدا، ئامانج ئاساییکردنەوەی هەژاری و خۆدزینەوەیە لە بەرپرسیایەتییە. دەسەڵاتێک کە بەهۆی گەندەڵی پێکهاتەیی، سیاسەتی چەوتی نێودەوڵەتی و بەفیڕۆدانی سەروەت و سامانی گشتی، ناتوانێت سەرەتاییترین پێداویستییەکانی هاوڵاتییان دابین بکات، پەنا دەباتە بەر ئیدیۆلۆژیی "سادەژیان" و بەرپرسیایەتییەکە دەخاتە ئەستۆی ژنان.

ئەم گوتارەی کە ڕێژیم کاری لەسەر دەکات دەیەوێت دوو ئامانج بپێکێت:

یەکەم؛ چەواشەکردنی ڕای گشتی لە هۆکارە ڕاستەقینەکانی هەڵاوسان و داڕمانی ئابووری کە گەندەڵی و بەڕێوەبردنی نادروستی دەسەڵاتە.

دووەم؛ زیندانیکردنەوەی ژن لە چوارچێوەی ماڵدا و لەژێر ناوی پیرۆزی و فەرماندەیی بۆ ئەوەی ڕێگری لە هاتنەدەری ئەوان وەک هێزێکی ڕەخنەگر و گۆڕانخواز لە کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بکرێت.

سیاسەتی ئابووریی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە ژنان، سیاسەتێکی دووفاقییە کە لەسەر بنەمای بێبەشکردنی ڕاستەقینە لە دەرەوە و ستایشی درۆیینە لە ناوەوە داڕێژراوە. پێناسەکردنی ژن وەک فەرماندەی ئابووریی بنەماڵە، تەنیا کڵاولەسەرنانێک بۆ شەرعیەتدان بە گۆشەگیرکردنی ئەوانە. ڕاستیی کۆمەڵگەی ئێران ئەوەیە کە ژنان نەک فەرماندەی ئابووری نین، بەڵکوو یەکەم قوربانیی سیاسەتە سەرکوتکارە ئابووری و دیجیتاڵییەکانی دەسەڵاتن. ڕزگاریی ئابووریی ژن لەم سیستمەدا بە هۆشیاری و قەناعەت بە هەژاری نایەتە دی، بەڵکوو پێویستی بە تێکشکاندنی ئەو پێکهاتە یاسایی و سیاسییە هەیە کە کار و ئامادەیی ژن وەک هەڕەشە بۆ سەر مانەوەی خۆی دەبینێت.