
سارۆ خوسرەوی
ڕۆڵی کوردیی گۆرانی لە ئایینی یاریدا
خاڵێکی دیکە لە پەیوەندی لەگەڵ گرینگیی یارسان بە دونیای کوردبوونەوە ئەوەیە کە پێڕەوانی ئایینی یاری بۆ پەیڤی دەقە ئاینییەکانی خۆیان لە زمانی کوردیی گۆرانی کەلکیان وەرگرتووە. لە هەر سەردەمێکی مێژوویدا، کۆی کەلامەکان بە زمانی کوردی نووسراون و کراون بە دەفتەر. کەلامەکانی دەورەی پردیوەر و پێش پردیوەر بە کەلامی سەرنجام یان دیوانەگەورە بەناوبانگن. ئەم کەلامانە گرینگرین کەلامەکانی ئایینی یاریین. پایە و ڕێساکانی ئایینی یاری لە دەفتەری سەرنجامدا بە گۆرانی کۆن تۆمار کراون.
لەبارەی گۆرانی کە زمانی فەرمیی ئایینی یارییە، لە کەلامێکی دەورەی سەید فەرزیدا هاتووە کە دەڵێ:
لەوز عەرەبیمان گێڵانە دەوران
کەردمان کەلام وە لەوز گۆران
کوردیی گۆرانی کە بە دەستپێشخەری ئایینی یاری و یارسانییەکان برەوی پەیدا کردووە، دواجار بووتە زمانێکی خۆشەویست لای بەشێک لە شاعیرانی دیاری کوردستان، بەجۆرێک کە شاعری گەورە، خانای قوبادی شانازی بەم زمانەوە دەکات و دەڵێت:
ڕاستە مەواچان فارسی شەکەرەن
کوردی، جە فارسی بەڵ شیرینتەرەن
بە لەفز کوردی، کوردستان تەمام
پێش بوان مەحزور باقی والسلام
دژبەرانی بیروباوەڕی یارسانییەکان لە کوردستان
زۆر گرینگە بزانین یارسان بەدرێژایی مێژوو، کێشەی لەگەڵ چ جۆرە کوردێک هەبووە و لێی بەری بوووە.
سەرهەڵدانی ئایینی یاری لە پردیوەر بە دژایەتی توندی مەلا و پیاوە ئاینییەکانی ناوچەکە بەرەوڕوو بووەتەوە. ئەوان ئایینی یارییان بە هەڕەشەیەک بۆ سەر ئایینی خۆیان زانیوە. بەتایبەتی لە سەردەمی پردیوەر، یارسانییەکان بەردەوام لەژێر فشاردا بوون بۆ ئەوەی ناچار بکرێن ئایینی خۆیان بگۆڕن و ئایینی ئیسلام قەبووڵ بکەن. یارسانییەکان بەهۆی فراوانبوونی هەژموونی ئیسلامییەکان، بۆ پاراستنی خۆیان و مانەوەی ئایینەکەیان کۆچیان کردووە بۆ ناوچە سەخت و شاخاوییەکانی هەورامان.
لەپاش سەرهەڵدانی سەفەوییەکان و گۆڕینی ئایین بۆ کەرەستەی سیاسی و دەسەڵاتخوازی، بواری دژایەتیی بیروباوەڕی ئیسلامی کە لەگەڵ بنەما فیکرییەکانی ئایینی یاری ناتەبا بووە، لە پردیوەری هەورامان پتر پەرەی سەندووە. هەر لەو سەردەمەدا بەشێکی بەرچاو لە کوردانی جاف، لەک، کەڵهوڕ و هەورامی کە پێشتر یارسانی بوون، لەژێر فشار، ئایینی خۆیان لە یارییەوە گۆڕیوە بۆ ئیسلام و دابەش بوون بەسەر دوو ئایینی سوننە و شیعەدا. لەو قۆناغە ئەستەم و چارەنووسسازەدا، یارسانییەکان لە نێو دڵی چیا سەرکەشەکانی هەورامان بە پێڕەوی لە سیاسەتی کڕمات (سر مگو)، توانیان خۆیان و ئایینەکەیان لە فەوتان ڕزگار بکەن.
جێگای باسە، سەردەمی پردیوەر لە مێژووی یارساندا، ئەستەمترین و پڕمەترسیترین سەردەمە، لەبەر ئەوەی لەو قۆناغەدا حەقیقەتی ئایینی یاری و جەوهەری مرۆڤخودایی لە سوڵتان سەهاک ئاشکرا بووە. ئەو سەردەمە هاوکات بووە لەگەڵ دەسەڵاتی توندی ئایینی و سیاسیی فەرمانڕەوا و مەلا ئیسلامییەکان لە ناوچەکە. ئیسلامییەکان، باوەڕی یارسانیان بە کوفر لەقەڵەم داوە. بەتایبەت دژی باوەڕی مرۆڤخودایی یان دەرکەوتی جەوهەری خودا لە مرۆڤدا بوون. کەواتە لەسەردەمی پردیوەر، یارسانییەکان لەنێوان بەرداشی موسڵمانی سوننە و شیعەدا بەرخۆدانیان کردووە بۆ مانەوە و زیندووڕاگرتنی ئایینی کوردان.
جێگای ئاماژەیە، لە دەورانی پردیوەر، زۆر لەو کوردانەی کە دواجار ڕێبازی یارسانیان هەڵبژاردووە، لەلایەن مەلای توندڕەوی کوردوە هەڕەشەی کوشتنیان لێ کراوە.
ڕۆڵی گۆرانەکان لە دیرۆکی کوردان
لە ڕاستیدا گۆران وەک چەمکێکی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی لە مێژووی یارساندا پێناسە کراوە و لە ڕووی زمان و پێکهاتەی کۆمەڵایەتییەوە بەشێکە لە نەتەوەی کورد. کاتی خۆی بەشێک لە کوردانی موسەڵمان لە پردیوەری هەورامان دژایەتی گۆرانەکانیان دەکرد کە میراتگری ئایینی کوردان بوون.
گۆرانەکان بەشێکی گەورە و خاوەن ڕۆڵ بوون لە نەتەوەی کورد. ئەم پێکهاتەیە لەدوای لەناوچوونی دەسەڵاتی ساسانییەکان توانیویان زوانی گۆرانی بپارێزن و وەک زمانی فەرمی ئایینەکەیان کەلکی لێ وەرگرن. ڕۆژگارێک زۆربەی کوردەکان خۆیان بە پەیڕەوکاری گۆران زانیوە و فەرمانی گۆرانەکانیان جێبەجێ کردووە. بۆ نموونە: ئێڵ بەگی جاف دەڵێ:
من بە قەوڵ گۆران دەکەم
هەمووی بۆ سۆران دەکەم
هەروەها بۆ ئەوەی بزانین کورد و گۆران لەیەک جودا نین، سەرنجتان بۆ کەلامێکی عابدین جاف رادەکێشم، کاتێک تێکەڵ بە ئەڵقەی جەمی سوڵتان سەهاک و یارانی دەبێت، بەم جۆرە خۆی دەناسێنێت و دەڵێ:
به من ئهيژن تۆ گۆرانی
کوردی و بۆ ئهم ڕهمه شوانی
چونکه هاتيه سهری ڕێمان
ئهوانتر وه کاروان جێ مان
ڕێگهی گۆران ههر بگر له بهر
تا سهرکهوێ ههتاکو سهر
چونکه گۆران ڕێی ڕووژنه
ئهم ڕێ بۆ گشت پيا و ژنه
عابدین جاف، لەم کەلامەکەدا جەخت لەسەر گۆرانبوون و کوردبوونی خۆی لەیەک کاتدا دەکاتەوە و لەیەکیان جیا ناکاتەوە. پاشان دەڵێت، ڕێگای گۆران بگرە بەر، دیارە لێرە گۆران وەکوو ڕێبازێک پیشان دەدات، ئەو ڕێبازەش شتێک نییە جگە لە یارسان و ئایینی یاری. ئەمە ئەو ڕاستییەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە لە دەورانی پردیوەر پێڕوانی ئایینی یاری بە گۆران ناوبانگیان ڕویشتووە و زمانەکەشیان شێوازی گۆرانی بووە کە ئەو کاتە ڕۆڵی زمانی فەرمی لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستاندا گێڕاوە.
عابدین جاف لە کەلامێکی دیکەیدا، ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە وشەی گۆران زۆرتر بۆ ئەو بەشە لە کوردان بەکار چووە کە پیڕەوی ئایینی یاری بوون، بۆیە ڕوو لە سوڵتان دەکات و دەڵێ:
من ئەو کوردم، تۆ ئەو گۆران
مەیکە وە دەعوای ساتووران
عابدین کاتێ دەچێت بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ سوڵتان، چاوی بە کەسێک بەناوی شەریفە دەکەوێت کە لەوێ پاسەوانە و پێی دەڵێت، من کوردم، دەرگام بەڕوودا بکەوە، هاتووم سوڵتان سەهاک ببینم. شەریفە دەچێت و بە سوڵتان دەڵێت، کوردێک لە خوێنی خۆت هاتووە و دەیەوێ بتبینێت.
کاتێک عابدین چاوی بە سوڵتان دەکەوێت، پێی دەڵێت:
کوردی کۆتاهی....
ئازیز ئەز نیم لەم کوردی کۆتاهی
ئەز لەو کوردەی تۆم مێرد دەستگاهی
ئا منم ئەو کوردە ئا تۆ ئەو شاهی
واتە ئازیز، من لەو کوردە بچووک و ئاست نزمانە نیم، بەڵکوو لەو کورانەم کە سەر بە نیزام و دەزگای یارییم. من ئەو کوردەم کە تۆ واتە (سوڵتان) بە گەورە و شای خۆم دەزانم. سوڵتان سەهاک بەگەرمی و خۆشەویستییەوە دەچێتە پێشوازی عابدین جاف و دهفهرموێت:
شەریفە ئەو کوردە بە من میوانە و مەڕوینە
من ئەو کوردەم خۆش دەوێ ناوی عابدینە
ئەزیەت مەدە بەو، خۆشەویستی سوڵتانە
قاپی بۆ بکەوە بۆ بەر جەمی بێنە
ئەو کوردانەی کامانەن کە لەم سەردەمەدا دژایەتی یارسان دەکەن؟
ئەو کوردانە کە ئوممەتی ئیسلام لەسەرەوەی شوناسی کوردبوونەوە دەبینن و فەرهەنگ، زمانی کوردی و بۆنە فەرهەنگی و نەتەوەییەکانیان بۆ گرینگ نییە، لەگەڵ بیری کوردبوونی یارسان لەدژایەتی دان.
ئەم جۆرە لە کوردی ئیسلامی لە دەورانی پەردیوەر گەلێک جار ئازاری سوڵتان سەهاک و یارانی داون و ئێستاش نموونەیان لە کوردستان هەیە.
کەواتە یارسان چ وەک باوەڕی ئایینی و چ وەک کۆمەڵگەیەکی خاوەن مێژوو لە کوردستان، دژایەتی لەگەڵ کوردایەتی و نەتەوەی خۆی نەکردووە، بەڵام مافی ئەوەی هەیە لەگەڵ ئەو کوردە ئیسلامییانەی کە بوونی یارسان و ئێزیدی ڕەد دەکەنەوە و وەک مەلا توندئاژووەکانی دەورانی سوڵتان سەهاک، هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکەن، خۆیان یەکلایی بکەنەوە.
پاشخانی ئایینی لە کوردستان
پێش هاتنی ئیسلام بۆ کوردستان، کوردەکان خاوەنی چەندین ئایین و بیروباوەڕی جیاواز بوون کە زۆربەیان ڕەگیان لە فەرهەنگ و مێژووی دێرینی ناوچەکەدا هەبووە. ئایینە سەرەکییەکان ئەمانەی خوارەوە بوون:
زەردەشتی
ئەم ئایینە یەکێک بوو لە باوترین ئایینەکان لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی ساسانیدا. زۆربەی مێژوونووسان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەشێکی زۆری کوردەکان پەیڕەوی ئەم ئایینەیان دەکرد. هەتا ئێستاش چەندین پەرستگای ئاگری دێرین لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان وەک شوێنەوار ماونەتەوە.
یارسان و ئێزیدی
ئەم ئایینانە کە هەندێکجار بە "یەزدانیزم" یان ئایینی ڕەسەنی کوردی ناودەبرێن، پێش ئیسلام هەبوون. هەرچەندە لە سەدەکانی دواتردا هەندێک گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، بەڵام بنەماکانیان دەگەڕێتەوە بۆ بیروباوەڕە دێرینەکانی میترا و سروشتپەرستی کە پێش ئایینی زەردەشتیش باو بوون.
زۆربەی کوردان، لە سەدەی حەوتەمی زایینیدا ڕوویان لە ئایینی ئیسلام کرد. لەو سەردەمەوە تا ئێستا دوو جۆر موسڵمان لە کوردستان هەن. یەکەمیان ئەوانەن کە ئیماندارن، باوەڕیان بە ئایینی ئیسلام هێناوە و وەک تێکڕای کۆمەڵە ناعەرەبەکان، بە (مەوالی) ناسراون. دووهەمیان جۆرە گرووپێکی توندئاژووی ئیسلامین کە ئێستا لە کوردستان بە سەلەفی و ئیسلامی سیاسی بەناوبانگن. زۆربەی کوردانی نیشتمانپەروەر و بەتایبەت دوو کۆمەڵگەی یارسان و ئێزیدی هەتا ئێستا کێشەیان لەگەڵ ئەو گرووپە ئیسلامییانەدا هەیە.
کاتی خۆی تەکیە و خانەقاکانی کوردستان کە ناوەندی تەسەوف و شوێنی کەسانی ئایینیی نیشتمانپەروەر بوون، ڕۆڵێ گرینگ و گەورەیان هەبووە لە پەروەردی ڕۆحی و پاراستنی زمان و فەرهەنگی کوردی، بەڵام لەدوای سەرهەڵدانی سەلەفییەت لە کوردستان، گرووپە ئیسلامییەکان هەوڵ بۆ بە نەریتکردنی جۆرێک لە ئیسلامی سیاسی دەدەن کە دژ بە فەرهەنگ و شوناسی نەتەویی کوردانە.
بزووتنەوەی ئیسلامی لە هەر دەورانێک خاوەن دەسەڵاتی سیاسی و خەلافەتی ئیسلامی بووە، دژایەتی هەموو جۆرە بیری ئایینی و فەرهەنگی جیاوازی کردووە. خەلافەتی ئیسلامی لە دەستپێکی بڵاوبوونەوەی لە کوردستان، هەوڵی سڕینەوەی ئەو ئایینانەی داوە کە ڕیشەیان لە ئایینەکانی زاگرۆسدا هەبوو. ئێستاش هەندێک لە ڕەوتە ئیسلامییەکان لە کوردستان بە هەمان عەقڵیەتی کۆن، دژایەتی یارسان، ئێزیدی و فەرهەنگ و داوبەریتی هەزاران ساڵەی کوردان دەکەن.
کەمتەرخەمی توێژەران و مێژوونووسانی کورد لە مەڕ ناساندنی یارسان وەک بەشێکی گرینگ لە سیستەمی هزریی کوردان
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان و لێکۆڵینەوەکان، مێژووی پەیدابوونی گەلی کورد وەک نەتەوە، مێژوویەکی کۆن و ڕیشەدارە و دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ پێش زایین. کوردەکان نەتەوەیەکی ڕەسەنی ناوچەی کوردستان و چیاکانی زاگرۆس و تۆرۆسن. کوردەکان نەوەی گەلانی کۆنی نیشتەجێی زاگرۆس و میزۆپۆتامیان، وەک (گوتییەکان، لۆلۆبیەکان، میتانیەکان، کاردۆخەکان و مادەکان).
بەپێی سەرچاوە مێژوویی و ئەنترۆپۆلۆژییەکان، یارسانییەکان هەڵگری فەرهەنگی ڕەسەنی کوردین و بەشێکی دانەبڕاون لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی نەتەوەی کورد، بەڵام زۆربەی مێژوونووسانی کورد کاتێک لە ڕووی کۆمەڵایەتی، سیاسی و فکرییەوە، باسیان لە چەمکی کوردبوون کردووە، کەمتر ئاوڕیان لە بزووتنەوە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانی زاگرۆس، (ئێزیدی، یارسان/ گۆڕان) داوەتەوە کە پارێزەری ڕاستەقینە فەرهەنگ و شارستانییەتی کوردان بوون.
فەرهەنگی بیرکردنەوەی توێژەرانی سیاسی و مێژوویی کورد، زۆرتر گرێدراوی دۆخێکی دیاریکراو بووە لە مێژووی ئیمارەتە کوردییەکان و بزووتنەوە سیاسییەکان سەد ساڵی ڕابردوو. بەشێکی بەرچاو لە گێڕانەوەکان لە چوارچێوەی ئوممەتی ئیسلامی و بە ڕوانگەی ئایینی، شوناسی کوردبوونیان پێناسە کردووە.
لە زۆربەی پەرتۆکە مێژووییەکانی کوردستاندا، ناوی یاری و یارسان بەرچاو ناکەوێت، هەربۆیە کەسێکی یارسانی لەم سەردەمەدا ناتوانێت خۆی لە نێو سەرچاوە مێژووییەکانی کوردستاندا بدۆزێتەوە. یان ئەگەر لە شوێنێک باسێک لە یارسان کراوە، زۆرتر بە (عەلیوڵڵاهی و ئەهلی حەق) و بە شاخەیەک لە ئیسلام و شیعەی ڕێبازی دوازدە ئیمامی پێناسەیان کردووە.
یارسان ڕاستییەکە لە سیستەمی، کۆمەڵایەتی، باوەڕ و بیرکردنەوەی مرۆڤی کورد و لە ڕووی بیرکردنەوە و بۆچوونەوە، لە دەرەوەی ئوممەتی ئیسلامی و میرنشینی کوردی، خۆی لەسەر بنەمای فەرهەنگ و شارستانییەتی زاگرۆس و کوردستانی کەوناردا پێناسە کردووە و کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەبووە لە بووژانەوە و پاراستنی بەها فەرهەنگی و مەعنەوییەکانی نەتەوەی کورد.
نووسەران و توێژەرانی کورد، بەدڵنیاییەوە ناتوانن باس لە سیستەمی هزری کورد لە مێژوودا بکەن، ئەگەر نەتوان یارسان وەک بەشێکی گرینگ لە میراتی فکری و فەرهەنگی و دیرۆکیی کوردان تاوتوێ بکەن و لەو سۆنگەیەوە کوردبوونی خۆیان پێناسە بکەن.
لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا، یاری و یارسان دەربازی قۆناغێکی گرینگ لە خۆناسین و خۆناساندن بووە و بەشێکی زۆر لە کوردپەروەران لە کوردستان، یارسان بە بەشێک لە میراتی فەرهەنگی، ماددی و مەعنەوی خۆیان دەزانن. ئەگەر وا بێت، گۆڕانکارییەکی باش لە تێڕوانینی مرۆڤی کورد بۆ یارسان دروست بووە و ئەم گۆڕانکارییە دەتوانێت ببێتە هۆی وەرچەرخانێکی گرینگ لە مەسەلەی خۆناسینی کوردان.
ئەنجام:
یارسان بەهۆی فەلسەفەی (دووناودوون)، کە بەواتای یەکگرتوویی ڕۆحەکانە، لە دوون و قۆناغە جیاوازەکاندا، خۆی لە چوارچێوەی هیچ نەتەوە و نژادێکی تایبەتدا پێناسە ناکات. واتە لە مەسەلەی دوونادووندا ڕەگەز و نەتەوەی تایبەت جێی مشتومڕ نین، بەڵکوو کۆی بوونەوەرەکان لەبەرچاو دەگیرێن، بەڵام له دونیای ڕاستی و له ڕەوتی مێژووی مرۆڤایەتی و بارودۆخی کۆمەڵایەتیدا، یارسان هزری کوردبوونە.
کەلامەکانی ئایینی یاری، گەواهی بۆ بنەچە و ڕەچەڵەکی یارسان دەدەن، وەک یەکێک لە کۆمەڵگە گرینگەکانی زاگرۆسی دوێنی و کوردستانی ئەوڕۆ. هەر تێڕوانینێک کە نکۆڵی لە کوردبوونی کۆمەڵگەی یارسان بکات، ئەوە لەژێر پەردەی ئایدۆلۆژیای سیاسیدا، هەوڵی سەپاندنی دابڕانێکی هۆشیارانە دەدات و دەیەوێ یارسان لە شوناسی ڕاستەقینەی خۆی دوور بخاتەوە. پێناسەکردنی یارسان لە دەرەوەی نەتەوەی کورد، وەک ئەوە وایە ناونیشانی کۆمەڵگەیەک بدەی، بەڵام لە نەخشەی دونیادا نەبێت.
***
سەرچاوە:
سرانجام، طيب طاهري، سليمانيه، انستيتوي فرهنگي كورد ٢٠٠٧
دفتر نوروز سورانی، بەکوشش سید فریدن و دانشور، نشر پانیذ، چاپ اول ١٣٨٢، تهران
تاریخ و فلسفەی سرنجام، طیب طاهری، خانەی موکریان، چاپ سوم، ٢٠١٣، اربیل