کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشیی خالە سەید حەسەن هاشمی

22:39 - 13 جۆزەردان 2726

میوانانی بەرێز ! 

نوێنەرانیحیزب و لایەنە سیاسییەکان!

 ئازیزان  وخزم و کەسوکاری بەڕێزی ،نەمر خاڵە سەید حەسەن هاشمی!

 

سڵاوتان لێ بێت !

ئیزن دەخوازم کە لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بە گەرمی بەخێرهاتنی ئێوە بەرێزان بکەم کە لە رێگای دوورو نیزیکەوە بۆ هاوخەمی و  رێز گرتن لە تەمەنێکی پڕ لە شانازی لە خەبات و تێکۆشانی ،تێکۆشەرێکی دڵسۆز و کوردپەروەرێکی بە ئەمەگی گەلەکەمان خالە سەید حەسەنی هاشمی لێرە کۆبوونەوە.

هاوکات رێگام بدەن کە لە لایەن حیزبی دێموکراتەوە سەرخۆشی  لە  ئێوە بەرێزان و لە بنەمالەکانی  گەورە و تێکۆشەری هاشمی، سەیدی ، سەیدنژادیان، رستگار ، مەدنی، پێشنەماز ،عەبباسی و بە تایبەتی لە  كچ و کورانی خالەی ئەزیز بکەم،  شەریکی خەمتانین و هیوامان سێبوریتانە.

بەرێزان،

  ئەمڕۆ لێرەکۆبووینەتەوە تا ڕێز بگرین لە ژیان و تێکۆشانی کەسایەتیەک کە ناوی لە مێژووی خەباتی نەتەوەکەماندا وەکوو گەورە پیاوێک تۆمار بووە؛  خاڵە سەید حەسەن هاشمی، ئەو کادرە دێرینەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە تا دوا هەناسەی ژیانی، بە رەوشت بەرزی، دڵسۆزی، وەفاداری و بە باوەڕەوە لە خزمەتی گەل و حیزب و دۆزی ڕەوای کوردستاندا سوور و پێداگر مایەوە.

خاڵە سەید حەسەن لەو وچە پاک و تێکۆشەرانە بوو کە خەبات و قوربانیدانیان هەڵبژارد پێش ئەوەی دەفکری سود و بەرژەوەندیدا بن. ئەو لە سەردەمی کۆماری کوردستان و لە تەمەنی منداڵیدا چاوی بە پێشەوا قازی محەممەد کەوت، و هەر ئەو دیدارە بوو بە چرای ڕێگای ژیان و خەباتی و هەر لەو کاتەوە تا دواساتی ژیانی، خۆی بە قەرزدار و  پابەند بە ڕێبازی پێشەوا و ئامانجە بەرزەکانی حیزبی دێموکرات دەزانی.

 ژیانی خاڵە سەید حەسەن، ژیانێکی ئاسایی و ئاسان نەبوو. زیندان، تەنگانە، ئاوارەیی و هەڕەشەی سەر ژیانی، بەشی دانەبڕاوی ژیانە پڕ لە سەروەرییەکەی بوون؛ بەڵام هیچکات سەریان پێدانەنواند. لە ساڵانی تاریکیی ڕێژیمی پەهلەویدا، کاتێک زۆر کەس لە ژێر زەخت دا بێدەنگ بوون، ئەو بە ئاشکرا لە ڕیزی حیزبی دێموکراتدا وەستا و بەهۆی ئەو باوەڕ و خەباتەوە دەستبەسەر و زیندانی کرا. بەڵام زیندان نەیتوانی ئیرادەی تێکۆشان لە ناخیدا بکوژێنێتەوە.

 دوای ئازادبوونیش، لە باشووری کوردستان لەگەڵ گەورە پیاوانی مەیدانی خەبات و شەهیدانی سەربەرزی حیزب هاودڵ و هاوخەبات مایەوە. لەگەڵ شەهیدان برایانی موعینی و ئیسماعیل شەریفزادە و هاورێیانیان لە پەیوەندێکی چڕو پر دابوو  و بە هەمان ڕوحی بەرپرسیارێتی و متمانە، درێژەی بە خەباتی سیاسی و نەتەوەیی دا.

 خاڵە سەید حەسەن تەنها ئەندامێکی حیزب نەبوو؛ ئەو خۆی بە بناغەیەکی متمانەپێکراوی حیزب سەلماندبوو. ماڵەکەی لە مەهاباد تەنها ماڵێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو ناوەندێک بۆ پلاندانانی خەبات و شوێنی کۆبوونەوە و بڕیاردانی تێکۆشەرانی حیزب بوو. لەو ماڵەدا باسی داهاتووی کوردستان دەکرا، پلانی خەبات دادەنرا، و پەیمانی وەفاداری نێوان هاوسەنگەران دووپات دەکراوە.

ئەو بەهۆی دەستپاکی و ویژدانی زیندووی خۆیەوە، لە گرنگترین بەرپرسیارێتییەکانی حیزبدا خزمەتی کرد.  لە بەرپرسایەتییە بەرچاوەکانی وەک  بەرپرسی بەشی مالی، بەرپرسی نەخۆشخانە  و راوێژکاری کۆمیتەی ناوەندی دا، کەسێک بوو کە هاوسەنگەرانی بە پاکی و راستگۆیی دەیانناسی و  هەمیشە نموونەیەکی بەرزی ئەمانەتداری و پابەندی بوو.

بەلام گەورەیی خاڵە سەید حەسەن تەنها لە مەیدانی خەبات و بەرپرسیاریەتی سیاسییدا نەبوو؛ ئەو خاوەنی هەستی جوانی مرۆڤایەتی و نموونەی بەرزی ڕەفتار و هەڵسوکەوتی پیاوێکی نایاب بوو. هاوسەنگەران و هەموو ئەو کەسانەی کە لە نزیکەوە دەیناسی، هەمیشە یادی مێهرەبانی، ئارامی، نەرم و نیانی و ڕووخۆشی ئەو مرۆڤە دەگمەنە دەکەنەوە. کەسێک کە لە سەختترین دۆخەکانیشدا دەیتوانی هیوا و متمانە و دڵگەرمی ببەخشێت. دەنگی نزم، قسەی شیرین و دڵی گەورەی، شوێنی تایبەتی لە دڵی هاوڕێ و هاوسەنگەرانیدا کردبۆوە.

ئەم پیاوە تێکۆشەرە لە پاش خۆی بنەماڵەیەکی بەڕێز و ناسنامەیەکی شەرەفمەندی بەجێهێشت. بنەماڵەی خاڵە سەید حەسەن لە هەموو قۆناغەکان دا بەردەوام هاوشان و پشتیوانی ئەو بوون و بە دڵفراوانیەوە بەرگەی زەحمەت و دووری و فشارەکانیان گرت. بێگومان، ئەگەر تێکۆشەرانی وەک ئەو لە خەباتدا سەرکەوتوون، بەشێکی گرنگی ئەو سەرکەوتنە گەڕاوەتەوە بۆ ئارامی و پشتگیریی بنەماڵەکانیان. لێرەدا جێ خۆیەتی یادێک لە هاوسەری کۆچکردووی خالە سەید حەسەن ، عیسمەت  خانمی سەیدی بکەینەوە و زەحمەتەکانی ئەم خاتوونە بەرێزە ،لە یاد نەکەین.  

ئەگەرچی لە ساڵانی دوایی ژیانیدا ، خالە گیان ، دوور لە نیشتیمانی زێد و لە سوئید نیشتەجێ بوو، بەڵام دڵ و بیر و هەستی لەلای کوردستان مایەوە. تا دوا هەناسە، ناوی وڵات و دۆزی ڕەوای گەلەکەی لەسەر زمان بوو.

بۆ ئێمە قوتابیانی جیلی خالەی خۆشەویستمان، تەواوی ژیان و خەباتی ئەم نەمرە جێگای رێزو پێزانین و هاوکات دەرس لێوەرگرتنە. زیندوو بوونی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران  دوای ٨٠ سال موبارزە و تێکۆشان، بەرهەمی  پەروەردە بوون لە بەر دەستی ئەم ماموستایانەیە  کە ئەمرۆ هەموو بە شانازییەوە باسیان دەکەین و سەربڵیندین کە چ کەسانێک لە ریزەکانی حیزب و لە خەباتی رزگاریخوازی گەلەکەمان دا پێشەنگمان بوونە.  

لە کۆتایی دا بە نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ، جارێکی دیکەش سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و خزم و کەسوکار و هەموو دۆستان و هاوسەنگەرانی خاڵەی هەردەم زیندوومان دەکەین، و دڵنیاین کە ناوی ئەو تێکۆشەرە دێرینە هەمیشە بە ڕێزەوە لە بیر و مێژووی خەباتی گەلەکەماندا دەمێنێتەوە.

ڕووحی شاد، یادی پیرۆز، و ڕێگای پڕ شانازی و پڕ سەروەری کوردبوون و کوردپەروەری بەردەوام بێت.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی بەرێوەبەریی – دەرەوەی وڵات