
شەماڵ تەرغیبی
لاپەڕەی یەکەمی ڕۆژنامەی "هەمشەهری" بڵاوکراوە لە ڕێکەوتی ٩ی پووشپەڕ، لەخۆگری وێنەیەکی دۆناڵد ترەمپ, سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە کە تێیدا جێگەی نیشانەی چەکێکی نیشانەشکێن بە تەوێڵی ناوبراوەوەیە و بە مانشێتی سووری گەورە نووسراوە "انتقام قطعی است" (تۆڵەسەندنەوە حەتمییە)؛ ئەمە نموونەیەکی کلاسیکی لە "دیپلۆماسیی متمانەبەخۆبوون و ڕیکلامی ئایدیۆلۆژی"یە.
لە کاتێکدا کە لێدوانە فەرمییەکانی نێو وێنەکە، وەک گوتەی بەرپرسانی کومیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی یان پەرلەمان، باس لە دۆسیەی یاسایی و تۆڵەی خوێنی فەرماندەکان دەکەن، هاوكات لە پشت پەردەی سیاسەتی ڕاستەقینەوە، کاناڵە دیپلۆماسییەکان لە قەتەر و عێراق خەریکی لێک نزیککردنەوەی تێڕوانینەکانی تاران و واشینگتۆنن. ئەم هاودژییانە چین و ئاسۆی ڕێککەوتنی کۆتایی نێوان هەردوولا چی دەبێت؟
ئەم جۆرە مانشێتانە پێش ئەوەی پەیامێکی دەرەکی بن بۆ واشینگتۆن، لە ڕاستیدا بەکارهێنانی نێوخۆییان هەیە. بەدیوێکی تریدا دەسەڵات لە تاران پێویستی بە ڕاگرتنی هاوسەنگیی دەروونی و بەرزکردنەوەی ورەی لایەنگرانی خۆی هەیە، بەتایبەت لە کاتێکدا کە گوشارە ئابوورییە مەکرۆییەکان لێواری داڕووخانی پێکهاتەییان گرتووەتە بەر. نیشاندانی ترەمپ لە هێڵی سووری نیشانەشکێندا، هەوڵێکە بۆ سەپاندنی "هاوسەنگیی ترس"؛ بەڵام لە زانستی سیاسیدا، زمانی ڕادیکاڵی میدیایی زۆرجار وەک قەڵغانێک بەکاردێت بۆ شاردنەوەی ئەو نەرمییە تاکتیکییەی کە لە پشت دەرگا داخراوەکاندا پێشکەش دەکرێت.
کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم جۆرە هەڕەشانە هاوکات لەگەڵ دەنگۆی دانوستانەکانی دۆحە لە نێوان تیمی ئەمریکی (ویتکۆف و کوشنەر) و نوێنەرانی ئێران، پارادۆکسێکی سەرنجڕاکێش دروست دەکات. لە مێژووی دیپلۆماسیدا باوە کە لایەنەکان پێش چوونە سەر مێزی دانوستان، کارتەکانی گوشاری خۆیان توندتر دەکەن. ئێران دەیەوێت بە واشینگتۆن بڵێت کە نەبوونی ڕێککەوتنێکی گشتگیر و بەردەوامیی سزاکان، دەبێتە هۆی چالاکبوونەوەی سیناریۆ ڕادیکاڵەکان.
لێرەوە، بازبازێنی نرخی دراو و ئاڵۆزیی بازاڕی تاران کە ڕاستەوخۆ لەژێر کاریگەری پێشبینییە نەرێنییەکاندایە، تاران ناچار دەکات کە ئەم هێڵە شەڕکەرە تەنیا لە چوارچێوەی "شەڕی دەروونی"دا بهێڵێتەوە و ڕێگە نەدات بێتە نێو قۆناغی جێبەجێبوونی عەینی، چونکە تێچووی هەر شەڕێکی ڕاستەوخۆ بۆ ژێرخانی پەککەوتووی ئێران کوشندە دەبێت.
کەواتە ئایا لایەنەکان دەگەنە ئاگربەس؟ وەڵامەکە بەڵێیە، بەڵام ئاگربەسێکی "تاکتیکی، ناوچەیی و کاتی". ئیدارەی ئەمریکا بۆ پاراستنی هێڵەکانی گواستنەوەی دەریایی و کەمکردنەوەی تێچووی سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، پێویستی بە جۆرێک لە گەرەنتی هەیە لەلایەن ئێرانەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی گرووپە وەکالەتییەکانی لە یەمەن و عێراق و سووریەدا.
لە بەرامبەریشدا، مۆدێلی "ئازادکردنی داراییە بلۆککراوەکان لە ڕێگەی بانکەکانی دۆحەوە" وەک ئۆکسیژێنێکی کاتی بۆ سیستمی بانکیی ئێران کار دەکات؛ بۆیە، ئەگەری سەرکەوتنی ئاگربەس لە مەودای کورتخایاندا هەیە، چونکە هەردوولا لەم قۆناغەدا پێویستیان بە "کڕینی کات" هەیە؛ ئەمریکا بۆ ڕێکخستنەوەی ستراتیژی جیهانی خۆی، و ئێران بۆ ڕێگریکردن لە تەقینەوەی نێوخۆیی بەهۆی داڕووخانی ئابوورییەوە.
بەڵام دواجار؛ ئایا ئەمریکا و ئێران ڕێک دەکەون یان نا؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە چارەنووسسازە، دەبێت جیاوازی دابنێین لە نێوان "ڕێککەوتنی تاکتیکی" و "ڕێککەوتنی ستراتیژی یان کۆتایی":
لەسەر ئاستی تاکتیکی وەڵام بەڵێیە؛ هەردوولا لەسەر مۆدێلێکی نوێ لە "کۆنتڕۆڵکردنی قەیران" ڕێک دەکەون. ئەم ڕێککەوتنە نە لادانی تەواوی سزاکان دەگرێتەوە و نە دەستبەرداربوونی تەواوی ئێران لە پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی، بەڵکوو جۆرێکە لە "نە شەڕ و نە ئاشتی" کە تێیدا تاران هەناردەی نەوتی خۆی بە سستی دەپارێزێت و واشینگتۆنیش چاو لە هەندێک پێشێلکاری دەپۆشێت لە بەرامبەر پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکادا.
بەڵام لەسەر ئاستی ستراتیژی و کۆتایی وەڵامەکە "نا"یە؛ ڕێککەوتنی ڕیشەیی و کۆتایی لە نێوان کۆماری ئیسلامی و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا دەتوانین بڵێین مەحاڵە. ئەگەرچی لە دنیای سیاسەتدا بە ڕەهایی بیرکردنەوە و شڕۆڤەکردن و بڕیاردان دروست نییە، بەڵام بۆیە وەها بە دڵنیاییەوە دەڵێین نا، چونکە دژایەتیی نێوان ئەم دوو لایەنە لە ڕاستیدا "دژایەتییەکی پێکهاتەیی"یە.
شەرعییەتی بوون و مانەوەی کۆماری ئیسلامی لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆژیای دژایەتیی ئەمریکا و ئیسرائیل دامەزراوە؛ گۆڕینی ئەم ڕەفتارە و ئاشتبوونەوەی کۆتایی لەگەڵ واشینگتۆندا، بە واتای خۆکوشتنی هێما و ناسنامەی ڕژێمەکە دێت. لە لایەکی تریشەوە، ئەمریکا ناتوانێت چەمکی "هێژمۆنی هەرێمایەتیی ئێران" قبووڵ بکات بەبێ ئەوەی هاوپەیمانە نەریتییەکانی (ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو) بە تەواوی لەدەست بدات.
دەرئەنجام
بەرگی ڕۆژنامەی هەمشەهری و مێزی دانوستانی دۆحە، دوو ڕووی یەک دراون لە ململانێی هاوچەرخی ناوچەکەدا. زمانی زبر و وێنەی نیشانەشکێن ئامرازی بەهێزکردنی پێگەن لەسەر مێزی دیپلۆماسی. لە کۆتاییدا، پاشەڕۆژی ئەم پەیوەندییە نە دەگاتە شەڕێکی گشتگیری ماڵوێرانکەر و نە دەبێتە هۆی ئاشتییەکی گەرم و ڕێککەوتنی کۆتایی؛ بەڵکوو ئابووری و سیاسەتی ناوچەکە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لە ناو بازنەی "بەڕێوەبردنی گرژییەکان" و ڕێککەوتنە کاتییەکاندا بە هەڵپەسێردراوی دەمێنێتەوە.