
د. هاشم ئەحمەدزادە
ئەم کورتە نووسینە بەراوردی ناوەڕۆکییانەی ڕەشەشەوی(١) حەسەنی شیوەسەڵییە لەگەڵ فاوستی ئاڵمانی. ڕەنگە لە یەکەم ڕوانیندا ئەم دوو مژارە بۆ بەرواردکردن دەست نەدەن. ئاخر فاوست ناوی کەسایەتییەکی ئوستورەیی/ئەفسانەییە و دواتر سەرەڕای ڕیشە ئاڵمانییەکەی، سنوورە نەتەوەییەکانی دەرباز کردووە و بە قەڵەمی کەڵە نووسەر و شاعیرانی جیهانی، بووەتە بابەتێکی گشتگیری مرۆیی و جیهانی. ڕەشەشەویش بیرەوەریی تازەبڵاوبووەوەی خەباتکارێکی کوردە کە هێشتا سنوورەکانی زمانی کوردیی دەرباز نەکردووە. ڕەشەشەو کتێبێکە و فاوست کەسایەتییەک. بۆ هاوتەرازکردنی ئەم بەراوردە دەکرێت نووسەری ڕەشەشەو و فاوست لەهەمبەر یەکتر دابنێین و بەراوردیان بکەین. بۆ ئەم کارە لە جیاتی ڕەشەشەو دەکرێت ڕێک پاشناوی نووسەری ڕەشەشەو، شیوەسەڵی، و فاوست وەک دوو سووژە بخەینە بەر باس. بۆ ئەم کارە ئاوڕێکی خێرا لە فاوستی ئەفسانەیی و مێژوویی و ئەدەبی دەدەمەوە و دواتر بەخێراییش ئاماژەیەک بە شیوەسەڵیی کورد دەکەم. بنەمای بەراوردەکە ڕێک ئەم خاڵەیە: فاوست لەم دنیایە هەموو خواست و حەزێکی وەدی دەهینرێت، بەڵام شیوەسەڵی لەم دنیایە تەنانەت بینایی و دەستەکانیشی لێ دەستێندرێن و پلانیان ئەوەیە لە هەموو خۆشییەکانی ژیان بێبەشی بکەن.
فاوست ئەو کەسایەتییە مێژوویی و ئەفسانەیی و ئوستورەییەیە کە سەرەتا لە کۆتاییەکانی سەدەی شازدەهەمەوە بە قەڵەمی شاعیری گەورەی ئینگلیسی، کریستۆفەر ماڕلۆ (١٥٩٣-١٥٦٤) لە جیهانی زارەکییەوە گواسترایەوە سەر کاغەز و بە ناوی دکتۆر فاستوس ناوبانگی دەرکرد(٢) دواتر وۆلفگانگ گۆتە (١٨٣٢- ١٧٤٩) بە قەڵەمە سیحراوییەکەی خۆی ڕۆحێکی تازەی وەبەر هێنا و کردییە هەوێنی گێڕانەوەیەکی سنووربەزێنی هەموو مرۆڤایەتی. توماس مان (١٩٥٥-١٨٧٥) و کلاس مان (١٩٤٩- ١٩٠٦) هەمدیسان فاوستیان بەڕۆژ کردووەتەوە و بە شێوازی جیاواز ژیاندوویانەتەوە و ئاراستەی خوێنەرانی سەردەمی خۆیانیان کردووە.(٣) هەڵبەت هەر لە سەدەی حەڤدەهەمەوە، پێداگریی لەسەر لایەنە جیاوازەکانی کەسایەتیی فاوست کراوە و، هەر کام لە بەرهەمە هونەری و ئەدەبییەکان بە شێوازێکی تایبەت فاوستیان خەمڵاندووە. ئەگەر بەرهەمەکانی توماس مانی باوک و کلاس مانی کوڕ بە شێوازی گێرانەوەی ڕۆمان بەم ئەرکە هەستاون و بەرهەمەکەی کریستۆفەر ماڕلۆیش وەک تراژێدیا پێناسە کراوە، ئەوە ئافرێندراوە دووبەرگییەکەی گۆتە سنووری ژانرەکانی بەزاندووە و حەماسە و ئوستورە و تراژێدیا و دراما و شیعر، بەتێکڕایی تێکهەڵکێشی ئەم شاکارە بوونە. فاوستی گۆتە هەموو ژانرە ئەدەبییەکانی لە خۆیدا کۆ کردووەتەوە و گێڕانەوەیەکی ئاڵمانی/ئەورووپیی کۆنی ژیاندووەتەوە و کردوویە بە دیاردەیەکی مرۆیی و جیهانی بۆ هەموو وەرزەکان و هەموو سەردەمەکان و ڕەنگە بکرێ بگوترێت هەموو زەمەن و زمانەکان.
با ئاوڕێک لە نێوەڕۆکی فاوست بدەینەوە و بزانین چۆن دەکرێت شیوەسەڵیی کورد بنێردرێتە گۆڕەپانی بەراوردکاریی لەگەڵ ئەو مرۆڤە ئەفسانەییە زەمەنبەزێنە. فاوست زانایەکی سەردەمی خۆیەتی و شەو و ڕۆژی لەسەر یەک داناوە تا لە ڕەمز و ڕازی بوون و ژیان بکۆڵێتەوە. لەو چوار نووسەرەی کە لە سەرەوە ئاماژەم پێداون و هەریەکەو بە شێوەیەک شوێنپێی فاوستی حەماسی هەڵدەگرن، چارەنووسی فاوست یاخود دکتۆر فاستوس بە چەند شیوە دەگێڕدرێتەوە. ئەگەر لە بەرهەمی ماڕلۆ و گۆتەدا خودی فاوست لە چەقی گێرانەوەکەدایە، ئەوە لە ڕۆمانەکانی توماس مانی باوک و کلاس مانی کوڕدا کارتێکەریی ئەفسانەیی فاوستە کە دەبێتە ئیلهامبەخشی کاراکتەرە سەرەکییەکانی ئەو دوو ڕۆمانە. بە واتایەکی دیکە شوێنپێی زەمەن و گوتاری باوی سەردەم لە کاری هەر چوار نووسەرە ئافرێنەرەکەدا ڕەنگ دەداتەوە.
لە داهێنانەکەی ماڕلۆدا دکتۆر فاستۆس لەبری وەدیهاتنی هەموو ئاوات و حەزەکانی بۆ ماوەی ٢٤ ساڵ، پەیمانێک لەگەڵ مێفێستفۆفێلس (شەیتان) دەبەستێت و ڕۆحی خۆی پێ دەفرۆشێت. کاتێک مۆڵەتە بیست و چوار ساڵییەکە تەواو دەبێت و دەمی ڕۆحکێشان دەگاتێ، دمەقاڵەی دکتۆر فاستۆسی پەژیوان و شەیتانی سەرکەوتوو لەوپەڕی جوانیی ئەدەبیدا دەردەکەوێت. لە فاوستەکەی گۆتەدا هەمدیسان پەیمانێک لەنێوان فاوست و مێفیستۆفێلسدا بەستراوە. بەڵام ئەمجارەیان نێوەڕۆکی پەیمانەکە مۆرکی مرۆڤی سەردەمی مۆدێڕنی پێوەیە. فاوستی زانا خەونی زاڵبوونی بەسەر زانستەکاندا هەیە و دەڵێت کە ئەو چرکەیەکیش لە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە لووتکەکانی زانست ناوەستێت. بە واتایەکی دیکە ئەگەر فاوست لە هەوڵدان و تێکۆشان بوەستێت ئەوە گرێوەکە دەدۆڕێنێت. هەر چۆنێک بێت، ئاکامی پەیمانەکە دواجار دەبێتە سەرکەوتنی فاوست. ئاخر، ئەو لە تێکۆشان ناوەستێت و لە دەرفەتەکان کەڵک وەردەگرێت بۆ بەخۆداچوونەوە و ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی خۆی. بە گوێرەی پەیمانەکە مێفیستۆفێلس بەڵێن بە فاوست دەدات کە هەتا لە ژیاندایە لەم دنیایە لە خزمەتی دابێت و حەز و ئاواتەکانی بەتەواوی وەدی بێنێت و یارمەتیدەری بێت لە ئەزموونکردنی هەموو ئەو شتە ناوازانەی دەکرێت مرۆڤ بیریان لێ بکاتەوە. ئەو یارمەتیی فاوست دەدات بەسەر کۆسپەکانی سەر ڕێگەی ژیانیدا سەرکەوێت و لە سەروەت و خۆشگوزەرانیدا هیچ لەمپەرێکی لەسەر ڕێگەی نەهێڵێت. بەڵام لە ڕەوتی پێوەندییەکەیاندا فاوست ئەو کەسە نییە تەنێ بە خۆشییە ڕواڵەتییەکان دابمرکێت. ئەو دەبێتە ئەڤینداری مارگریت و بە دڵ عاشقی دەبێت و سەرەڕای دەسیسەکانی مێفیستۆفێلسس بۆ هاندانی دژ بە خۆشەویستیی مارگریت، فاوست هەرگیز مارگریت لەبیر ناکات و تەنانەت شەوی پێش کوژرانی مارگریت دەچێتە لای و هەوڵ دەدات ئەڤینی خۆی پێ بسەلمێنێت و گەر بۆی بلوێت ڕزگاریشی بکات. ئەو کارەساتانەی بەسەر مارگریت هاتوون، وەک کوژرانی ڤالێنتینی برای، کوشتنی مناڵەکەی نێو زگی خۆی و دواجار حوکمدرانی خودی مارگریت بە هەڵواسین بە گوناهی کوشتنی مناڵەکەی نێو زگی خۆی، لایەنە تراژێدییەکانی گێڕانەوەکە بەهێزتر دەکەن و ڕەوتی گەشەی کەسایەتیی فاوست زیاتر دەخەمڵێنن. مارگریتیش هەرگیز فاوست لەبیر ناکات و لە دژوارترین چرکەکانی ژیانیدا ئاواتی بینینەوەی فاوستی لە دڵدایە. تەنانەت لە چرکەساتی مردنیشیدا، فاوست هان دەدات فریوی دەسیسەکانی مێفیستۆفێلس نەخوات و هەموو پێوەندییەکانی لەگەڵ ئەو مەوجودە بێزراوە بپچڕێنێت.
بەڵێنیی فاوستیش بە شەیتان ئەوەیە کە ئەگەر بێتوو ئەو بەتەواوی ڕازی بێت و لە هەوڵدان بکەوێت و بەشوین شتی بەرزترەوە نەبێت و پێی وابێت بەوپەڕی ویستەکانی خۆی لەسەر عەرد گەیشتووە، ئەوە لە ڕاستیدا گەمەکەی بە شەیتان دۆڕاندووە و ئیتر تەسلیم دەبێت و ڕۆحەکەی دەبێت بە هی شەیتان. ئەمە لە کاتێکدایە لە دکتۆر فاستوسی کریستۆفەر ماڕلۆدا بە تەواوبوونی ٢٤ ساڵەکە فاستوس بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ڕۆحەکەی دەبێتە هی شەیتان. لێرەدا جیاوازیی گوتاری باوی سەردەم لە بەرهەمەکانی ماڕلۆ و گۆتەدا خۆی نیشان دەدات. لە کۆتاییەکانی بەشی دووهەمی فاوستی گۆتەدا داخوازی و خەونەکانی فاوست لە ئاستی تاکەکەسیەوە دەگوێزرێنەوە بۆ ئاستی گشتی و جەماوەری. ئیتر فاوست خەون بە گەلی ئازاد و بەرهمهێنانی بەربڵاو و دەستەبەرکردنی شوێنی نیشتەجێبوون لە زەریاکانەوە دەبینێت. ئەم ئاواتانەش شتێک نین جگە لە نیشانەگەلی نەوەستانی ئەو لە هەوڵدان بۆ ویستی بەرزتر و پێگەی سەرووتر. لە ڕاستیدا فاوست هەرگیز لە تێکۆشان و گەڕان و بەرزەفڕی ناکەوێت و هەرگیز بەوەی هەیەتی ڕازی نابێت و هەر ئەوەش وا دەکات لە ساتەوەختی مەرگیدا فریشتەکان بێن و ڕۆحەکەی بەرەو ئاسمان ببەن و شکست بە شەیتان بهێنن.
شیوەسەڵیی کورد لەگەڵ تێکۆشان و نەسرەوتنی فاوستی گۆتەدا خزمایەتی هەیە. بەڵام شێوەسەڵیی کورد هەرگیز لەگەڵ شەیتان پەیمانی نەبەستووە کە لەبری وەدیهاتنی ئاواتەکانیدا ڕۆحی خۆی ڕادەستی ئەو بکات. ئەو هەرگیز بیری لەوە نەکردووەتەوە لەبری هەوڵ و تێکۆشانەکەی بە پاداشتی ماددی باربوو بکرێت. بەپێچەوانەوە، ئەو هەر لە هەڕەتیی لاوییەوە ڕووبەڕووی شەیتانی دەسەڵات و دەسەلاتی شەیتان وەستاوەتەوە و خەونی ڕزگاری و سەروەریی گەلەکەی بینیوە. ئەو نەک لەگەڵ شەیتان، بەڵکو لەگەڵ گەلەکەی پەیمانی بەستووە. ئەو نەک بۆ وەدیهێنانی حەز و ویستە تاکەکەسییەکانی خۆی، بەڵکوو بۆ ئازادیی و بژیوی مرۆڤانەی گەلەکەی، پەیمانی بەستووە. ئەو بەڵێنیی داوە لەو ڕێگە سەخت و دژوارەدا سەر بنێتەوە و گەلەکەی ڕزگار بکات. بەڵام کە شەیتانی دەسەڵات ئاگاداری خەون و بڕیاری بەباوەڕی شیوەسەڵی دەبێت، قۆڵی لێ هەڵ دەماڵێت کە نەهێڵێت بە ئاواتەکانی بگات. بۆ ئەم مەبەستەش داوی مەرگی بۆ دەنێتەوە و نەخشەی لەنێوبردنی بۆ دەکێشێتەوە.
ئێستا کاتی گەیشتنی ڕۆژە ڕەشەکەی وەدیهاتنی پیلانی شەیتانە کە شیوەسەڵیی کوردان بخاتە نێو داوی مەرگی خۆیەوە. ئەگەر خەڵکانێکی دیکەن کە بەسەرهاتی فاوست دەگێڕنەوە، ئەوە شیوەسەڵییەکەی کورد بۆ خۆی، لەو پەڕی جوانیدا دیمەنی مەرگەساتی خۆی دەگێڕێتەوە. میوانە ئاشناکانی ئەو ڕۆژەی، چ دێوەزمەگەلێکن. ئەوان لە متمانە و باوەڕی شیوەسەڵی کەڵکی خراپیان وەرگرتووە و بوونەتە چاوساغی شەیتان بۆ هێنانی دانچەرموو. شیوەسەڵی ویستوویە دانچەرموو بخوێنێتەوە و هاریی و ناڕەسەنایەتیی مرۆڤگەلێک ئەزموون بکات کە دانچەرموو لە دڕندایەتیدا هەرگیز تۆزیان ناشکێنێت. دانچەرموو لەبەر پەنجەرەکەیە. کابرایەک لەولاتر دانیشتووە و چاوەڕوانە شیوەسەڵی کارێکی بۆ ڕاست بێنێت و گرفتێکی بۆ چارەسەر بکات. باشە ئەو دانچەرموویە بۆ هێندە قورسە؟ بۆ هێندە قەبەیە؟ بۆ دەبێ شیوەسەڵیی بۆخۆی پاکەتەکە بکاتەوە؟ خۆ جارەکانی دیکە ئەزموون پێی گوتبوو هەر پاکەتێکی بۆ دێت، دەبێ هێنەرەکەی هەڵی بپچڕێت. بەڵام شیوەسەڵی ئەمجارەیان کەمتەرخەمی دەکات. سیلەیەکی چاوی لە کابرای گۆشەی هۆدەکەیە کە دەستی لە گیرفانی دایە و چاوی بڕیوەتە شیوەسەڵییەوە. ئەو دەستانەی دواجار بەرەو پاکەتەکە دەچن و هەست بە قورساییەکەی دەکەن و ئەو چاوانەی دواجار سەیری پیاوەکەی گۆشەی هۆدەکە دەکەن و ئەو تەقینەوە ترسناکەی دەبێتە قیامەت و مەحشەری شیوەسەڵی و ئەم بیگبانگەی ئیتر دنیا دەکاتە دوو سەردەم: سەردەمی پێش تەقینەوەکە و سەردەمی دوای تەقینەوەکە. سەردەمی ڕووناکی و سەردەمی تاریکی.
ئێستا کە دانچەرموو لە دەستەکانی شیوەسەڵیدا تەقیوەتەوە و تاریکی باڵی بەسەر بووندا کێشاوە و ڕەنگە کەس لە دەوروبەریدا نەمابێت و دوژمن گەمارۆی دابێت، شیوەسەڵی دەیەوێت بە دەمانچەکەی سەر کەلەکەی چەپی، دوافیشەک لە مێشکی خۆی بدات و بە زیندوویی نەکەوێتە دەستی دوژمنەوە. بەڵام هەیهات، کوانێ دەمانچەکە؟! با بە دەستەکەی دیکەی ئەم ئەرکە ڕاپەڕێنێت، بەڵام هەیهات کوا دەمانچەکە؟! کە بینایی نەمابێت، لەو تاریکەسەلاتەدا هەستەکان ڕێنوێنتن. ئەو دەستانەی هەمیشە درێژ دەکران و جیهانیان پێ لەمس دەکران، ئێستا ئیتر نەماون. ئەو چاوانەی لەگەڵ ڕۆژ ڕەکابەرییان دەکرد، ئێستا ئیتر نەماون. ئەو گەرووەی زەمانێک پەیڤی دەپڕژاند ئێستا گیراوە و پێش بە هەناسەشی دەگرێت. ئەو کەسە نزیکانەی بە سەرسامییەوە لێیان دەڕوانی و شەیدای قەدوباڵای بوون و چاویان لە دەمی ئەو بوو گوڵ ببارێنێت و ئەوان بۆنی پێوە بکەن، ئێستا کوان، لە کوێن؟ ئەو ناتوانێت هاوار بکات، یان ڕەنگە کەس نەمابێت گوێی لە دەنگی بێت؟ وای لەو ڕەشەڕۆژە و لەو چارەنووسە کە دەستت هاوڕێییت نەکات دوافیشەکی دەمانچەکەت ئاراستەی مێشکت بکەیت! شیوەسەڵی، بەڵێنیی بەخۆی دابوو هەرگیز بەزیندوویی نەکەوێتە بەردەستی دوژمنەکەی. بەڵام ئێستا چۆن ئەو بەڵێنییە وەدی بێنێت؟ کاتێ ئەندامانی لەش چیتر لەژێر فەرمانی مێشکدا نین، چۆن ئەم ئەرکە ڕادەپەڕێندرێت؟ ئەی هاوار، کەسێک لە هانای بێت و نیشانی بدات چارە چییە. دەبێ ڕابێیت! تاوێکی دیکە هاوڕێیانت، گەر مابن، دێن و لەسەر دارمەیتێک دەتگوێزنەوە بۆ هەناوی ئەو خاکەی لێیەوە هاتووی و ئێستا گیانت لەپێناویدا بەخت کردووە. ئەودەم بۆ هەمیشە ئارام دەگری و کۆتایی بەو ئێشە ئەبەدییەت دێت کە ئازاری داوی و لەو کۆتا چرکەکانی ژیانتدا ئۆقرەی لێبڕیوی.
تۆ ئەو فاوستەی کە هیچ مێفیستۆفێلسێک بەڵێنیی پاداشتی سەر عەردی پێ نەدابووی. تۆ بە زامەوە ژیای، زیندانیت کێشا، مەلەت کرد، تەقەت کرد، سێرەت لە دوژمنانی گەل گرت و سزات دان. تۆ بە شەوان و ڕۆژان خاکی وەلاتەکەت گەڕای و چاوت بڕییە دیمەنەکانی. تۆ بە تەنیا لەهەمبەر هێزێکی پۆشتەی دوژمندا وەستایت و حەماسەت خوڵقاند. تۆ قۆز و ڕاوەستاو و سەربەرزانە هەنگاوت نایەوە و ئاخافتی. تۆ خەونت بینی گەلەکەت بە بەختیاری ببینی. ئێستا دوژمن زەفەری پێ بردووی و لە ڕێی ناسیاوەکانتەوە بینایی و قۆڵەکانتی لێ ئەستاندووی. بەڵام خۆ ئەمە لای تۆ زۆر نامۆ نەبوو. تۆ ئەمەت پێشبینی کردبوو. ئەمە لە پەیمانی نەنووسراوی تۆ و گەلەکەتدا هاتبوو. تۆ گیانت بۆ ئەم گەمەیە دانابوو. ئیتر بەزوویی کۆتایی بە هەموو شتێک دێت و تۆ دەچییە خەوی ئەبەدییەوە. هیچ نەبێت لەو ئازارە کوشەندەیە ڕزگاریت دەبێت. یانی تەواو؟ هەموو شتێک کۆتایی هات؟ لەو بێکۆتا ڕەشەڕۆژەدا هەزاران فکر و خەیاڵ بە داڵانە تەسک و بێکۆتاییەکانی زەینی شیوەسەڵیدا دێن و دەڕۆن، دەخوشن و ئاوا دەبن، دەتروسکێن و دەکوژێنەوە. ئای لەو زەینە ئاڵۆز و سەوداسەر و پڕ لە جەنجاڵە! یانی هەموو شت کۆتایی هات؟ یانی پەیمانی شیوەسەڵی و گەڵ کۆتایی هات؟ شیوەسەڵی، بینایی دانا، دەستەکانی دانا، ئەدی لایەنی دیکەی پەیمانەکە هیچ ناکات؟
ئەو کاتەی دکتۆر فاستوسی ماڕلۆ خەریکی نووزانەوە و پاڕانەوەیە لە دەرباری شەیتاندا و باوەڕ ناکات هەموو خۆشییەکان ئاوا زوو کۆتاییان هاتبێت، شیوەسەڵیی کورد بەردەوامە لەسەر بەربەرەکانیی شەیتانی کورد و ئازارەکان پێش بە خەونەکانی ناگرن. ئەو کاتەی فاوستی گۆتە لە دوا چرکەساتی ژیانیدا لەگەڵ مێفیستۆفێلس مشتومڕێتی و ئەو ئانوساتە گەیشتووە کە ڕۆحی ببێتە ملکەچی شەیتان، فریشتەکان دێن و هەڵی دەکێشن بۆ ئاسمانی بەربەرینی ئەبەدییەت. ئەدی شیوەسەڵیی کورد چی بەسەر دێت؟ ئەدی فریشتە فریادڕەسەکانی شیوەسەڵیی کورد چی دەکەن و چۆن دەهانایەوە دێن؟ ئەدی گەڵ چۆن پاداشتی ئەو دەداتەوە؟ ڕەوتەکە چەند پێچەوانەیە! فاوست هەموو ئاوات و خواستەکانی لەم دنیایە وەدی هاتوون و ئێستا دەبێ شەیتان تۆڵەی لێ بکاتەوە. شیوەسەڵی لەم دنیایە بە ناجوامێرانەترین شێواز سزا دراوە و ئێستا کە لە بینایی و دەستەکانی بێبەش کراوە، چ ڕوو دەدات؟ ئێستا کێ برینەکانی ساڕێژ دەکات و کێ بەڵێنیی بەردەوامیی یارانی بۆ وەدیهاتنی ئامانجەکانی پێ ڕادەگەیەنێت؟ هاوڕێیانی دەیگەنێ. گەل فرمێسکی بۆ هەڵ دەوەرێنێت. هەواڵی تەقینەوەی دانچەرموو بە هەموو گۆشە و کەناری وەڵاتدا بڵاو دەبێتەوە. قاقای سەرمەستانەی شەیتان تا بەرزایی ئاسمانان هەڵ دەکشێت. ڕووباری سریشکی گریانی گەڵ خوشەی دێت. شیوەسەڵی دواجار لە وڵاتی هوگۆ و باڵزاک و زۆلا و بوتۆری وەگێڕدا دەرمان دەکرێت. ئەو بەسەر شەیتانی دەسەڵاتدا سەر دەکەوێت. کوا نابینایی و بێباڵیی فیزیکی، دەتوانن پێش بە فڕینی مەزنەمرۆڤەکەی کورد بگرن؟
فریشتەکانیش وەخۆ دەکەون. نوێنەرێکی خۆیان دەنێرن تا بۆ هەمیشە یارمەتیدەری بێت بۆ زاڵبوونی بەسەر دژوارییەکانی لە تاقەتبەدەری ژیاندا. فریشتە کلسووم دەبێتە دەست و چاوی شیوەسەڵیی کورد و باغی ژیانی بە چوار شیوەسەڵیی دیکە ئاوەدانتر دەکاتەوە. گەل شیوەسەڵیی دەکاتە میوانی دڵ و هزری خۆی. گوێ لە گێڕانەوەکەی دەگرێت. 'من'ی بەرزەفڕ و سەرکێشی شیوەسەڵی مل نادات. ئەوان خەیاڵیان خاوە پێیان وابێت توانیویانە شیوەسەڵیی کورد بەچۆک دابێنن. ئەو ڕێگەی تاراوگە دەگرێتە بەر. لە باکووریترین وڵاتی ئەم جیهانەدا دەگیرسێتەوە و لە کۆنترین زانکۆی ئەم جەمسەری باکوورەدا مل لەبەر خوێندن دەنێت. ئینگلیسی دەخوێنێت. دیسانەوە پەیمان لەگەڵ گەلەکەی نوێ دەکاتەوە. ئەو خەیاڵی تەسلیمبوونی نییە. ژیان و بەرخۆدان درێژەیان هەیە. ئەمیان ئەوە و ئەویان ئەمە. ئەو دەبێتە مارکێزی کوردان و دەژیت کە بگێڕێتەوە. با دەستیشی نەبێت و نابینایش بێت. دڵە گەورەکەی و گەرووە ژێدارەکەی دەبنە ئامێری بڵاوکردنەوەی هیوا و گواستنەوەی حەماسەی بەڵێنی و ژیانەکەی.
بەڵام لایەنێکی پەیمانەکە هێشتا قەرزداری شیوەسەڵییە. ئەگەر هۆگرانی فاوست سەدان ساڵە هەر پاداشتی دەدەنەوە و بە سەمفۆنیا و فیلم و شانۆ و دراما و تراژێدیا و ڕۆمان و شیعر دەیژێننەوە، گەلی شیوەسەڵییش دەبێ بیر لەوە بکاتەوە لە گۆڕەپانی باژێڕەکانی کوردستاندا پەیکەری بۆ ساز بکات کە بڕوانێتە بەرزاییەکانی ئاویەری سنە و ئاربابای بانە و داشامەجیدی مەهاباد و دمدمی ورمێ و شاهۆی کرماشان و تەرەغەی بۆکان و کوێستانی قەندیلی سەردەشت و کێلێی شنۆ و قەرەداغی سندووس. دەبێ ژیانی شیوەسەڵی ببێتە بابەتی سەدان گێڕانەوەی نوێ، دەبێ سەدان فیلم تەڕخانی گێڕانەوە و نیشاندانی بەسەرهاتی شیوەسەڵی بکرێن. ئیتر شیوەسەڵی، بەمجۆرە دەبێتە سیمای جوانی و هەرمانیی دەنگ و هێمای بەرخۆدانی خۆنەویستانە و سیمبۆلی ژیانی ژانداری کوردانە.
***
١. شیوەسەڵی، حەسەن، ڕەشەشەو و سەربازانی ون، ستۆکهۆڵم: ئەرزان، ٢٠٢٥.
٢. دکتۆر فاستوسی کریستۆفەر ماڕلۆ لە کۆتا دەیەی سەدەی شازدەهەمدا نووسراوە و ساڵی ١٦٠٤، یازدە ساڵ دوای مردنی ماڕلۆ بۆ یەکەم جار چاپ و بڵاو دەکرێتەوە.
٣. بۆ زانیارییەکانی لە بارەی فاوستەوە، کەڵکەم لەو سەرچاوانەی خوارەوە وەرگرتووە:
- Marlowe, Christopher, The Tragical History of Doctor Faustus: A Critical Edition of the 1604 Version, Edited by Michael Keefer, Peterborough: Broadview Press, 2007.
- Sharpe Lesley (ed.) The Cambridge Companion to Goethe, Cambridge: Cambridge University Press, 2006.
- Butler, Elizabeth M. The Fortunes of Faust. London: Sidgwick & Jackson, 1952.
- Goethe, Johann Wolfgang von. Faust: A Dramatic Poem, Translated into English verse by Sir Theodore Martin, 8th ed. Edinburgh and London: William Blackwood and Sons, 1886.