کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەسەن شەرەفی: ترسی دژبەرانی مافە نەتەوەییەکان نەک لە پارچەبوونی خاک، بەڵکوو لە دابەشبوونی هێز و دەسەڵاتە

12:32 - 15 پووشپەڕ 2726

دیمانە: فاتیمە عوسمانی

ئاماژە: سەرچاوەی بنەمای وەهمی پارچەپارچەکردن و نکۆڵیکردن لە فرەیی نەتەوەیی لە ئێران چییە؟ چ کەسان و ڕەوت‌گەلێک بواریان بۆ هەڵاواردن، ناسەقامگیری و بەدینەهاتنی مافە بنەڕەتییەکانی نەتەوەکانی نێو ئێرانیان خولقاندووە؟ ئاخۆ بەبێ دەستەبەرکردنی مافی نەتەوەکانی ئێران و داننان بە مێژووی خەباتی ئەوان، دێموکراسییەکی ڕاستەقینە دەستەبەر دەبێت؟ بەرنامەی "کانون"ی کوردکاناڵ لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کاک حەسەن شەرەفی، ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران هۆکاری تۆمەتبارکردنی نەتەوە مافخواز و خەباتکارەکانی نێو ئێرانی بە جیاوازیخوازیی تاوتوێ کردووە و "کوردستان"یش دەقی ئەم گفتوگۆیەی سەرلەنوێ بڵاو کردووەتەوە.

 

بەڕێز کاک حەسەن، ئەو بابەتەی دەمهەوێت لەم گفتوگۆیەدا لەگەڵتانی بخەمە بەر باس، "وەهمی جیاوازیخوازی و نکۆڵیکردن لە فرەیی نەتەوەیی لە ئێراندا"یە. بەڕاستی ئەم قەبارەیە لە ترس و دڵەڕاوکێی دەستکرد لە هەمبەر قبووڵکردنی واقعی سیاسیی ئێران و فرەنەتەوەییبوونی ئێران لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت؟

مەسەلەی جیاکردنەوە و دابەشبوونی خاکی ئێران لە بارودۆخی ئێستادا، لە وەهمێک بەولاوەتر نییە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر پێداچوونەوە و خوێندنەوە بۆ ڕەوتی مێژوویی گۆڕانکارییە سنوورییەکانی ئێران بکەین، دەبینین کە لە سەردەمە دوورەکان و تەنانەت لە مێژووی هاوچەرخیشدا، هەمیشە بەشگەلێک لە خاکی ئەم وڵاتە جیا بووەتەوە. لێرەدا خاڵی گرنگ و پڕبایەخ ئەوەیە هیچ کام لەم جیابوونەوانە، هەرگیز خواست یان هەوڵی بەکردەوەی بەشێک لە خەڵکی ئەو جوغرافیا سیاسییە نەبووە؛ بەڵکوو ئەو بەشە بەربڵاو و بەرچاوانەی لە جەستەی ئێران جیا بوونەتەوە، هەر هەموویان بەرهەمی نەزانی و بێ‌کیفایەتی یان هەوڵی دەسەڵاتبەدەستانی وڵات بۆ پاراستنی پێگە و دەسەڵاتی خۆیان خۆیان بووە. ڕەنگدانەوەی ئەم ڕاستییە مێژووییە دەکرێ لە سێ جوگرافیای سەرەکیدا بناسرێتەوە:

لە بەشی ڕۆژاوادا، بەشێک لە خاکی ئێران یان لە کاتی شەڕ لەگەڵ عوسمانییەکاندا لە دەست چوو، یان لەلایەن فەرمانڕەوایانی ئەو سەردەمەوە پێیان بەخشرا. لە بەشی باکووریشدا، بەهۆی شکستە سەربازییەکان، لێکدانەوەی هەڵە، سیاسەتی چەوت و تێنەگەیشتنی دروست لە هاوسەنگیی هێز، زەوی و زارێکی بەربڵاو بە ڕووسیای قەیسەری (یەکیەتیی سۆڤیەتی دواتر) بەخشرا. هەر لە باکووری وڵاتدا، دۆخی دەریای قەزوین (خەزەر) نموونەیەکی زەق و بەرچاوی ئەم تێڕوانینەیە؛ پانتاییەکی ئاوی کە لە ڕابردوودا بەپێی پەیماننامەکان بە شێوەیەکی هاوبەش و یەکسان لە نێوان ئێران و سۆڤیەتدا دابەش ببوو، بەڵام دوای ڕووخانی یەکیەتیی سۆڤییەت و دەرکەوتنی کۆمارە سەربەخۆ نوێیەکان، لە ئەنجامی بێدەربەستی و لاوازیی دیپلۆماسیی ڕێژێمی کۆماری ئیسلامیدا پشکی ئێران بۆ کەمتر لە ١٥٪ دابەزی و بەشە هەرە زۆرەکەی لە نێوان وڵاتانی دیکەدا دابەش کرا. ئەم بابەتە و دەستبەرداربوونە لە هەمبەر سنوورەکاندا، لە باشووری وڵاتیشدا بە ڕوونی ڕاستە. وەک چۆن لە سەردەمی محەمەدڕەزا شادا، بەحرەین کە وەک پارێزگای چواردەیەمی ئێران ناوی لێ دەبرا، لە ژێر گوشارە نێودەوڵەتییەکاندا و بەهۆی بێتوانایی و بێمایەیی و بێ‌لیاقەتیی حکوومەتی پەهلەوی زۆر بە سادەیی لە خاکی وڵات جیا بۆوە؛ و دەسەڵاتی ئەو کاتەش نەک هەر لە دژی ئەم جیاکردنەوەیە ڕانەوەستا، بەڵکوو لە تاران بۆ لەدەستچوونی ئەم بەشەی وڵات، ئاهەنگ و شادی گێڕدرا و نوقڵ و شیرینی دابەش کرا.

جێگای سەرنج و تێڕامانە ئەوانەی خۆیان کارنامەیەکی پڕ لە جیاکردنەوە و پارچەپارچەکردنیان هەیە، ئەمڕۆ کەسانی دیکە بە جیاوازیخوازی تۆمەتبار دەکەن. بە ڕوانینێکی واقیعبینانە بۆ بارودۆخی ئێستا، بەرنامەی حیزبەکان و نێوەرۆکی ڕاپەڕینە جەماوەرییە بەردەوامەکان، بە ڕوونی دەبینین کە هیچ دەنگ و خواستێکی ڕاستەوخۆ کە بنەمای لەسەر جیاکردنەوەی وڵات بێت نابیسترێت. بۆیە، هێنانەگۆڕێی مەترسیی پارچەپارچەبوونی ئێران لە قۆناغی ئێستادا، تەنیا وەهمێکە و هیچی تر؛ وەهمێکی دەستکرد کە هەندێک کەس کردوویانەتە ئامرازێک بۆ پێشخستنی ئامانجە سیاسییەکانی تریان.

 

لە بەستێنی مێژووی ئێراندا، بەڵگە و نموونەی بەرجەستە هەن بتوانن ئەم عەقڵییەت و وەهمە پاساو بدەن کە نەتەوەکان خوازیاری جیابوونەوەن لە ئێراندا؟

من ڕێک لە سەرەتای قسەکانمدا ئاماژەم بەم خاڵە کرد؛ چ لە سەردەمە دوورەکان و چ لە ساڵانی نزیکتردا؛ تەنانەت بە تایبەتی لە سەردەمی محەمەدڕەزا شادا؛ هیچ کات هەوڵ و هەنگاوێکی بەکردەوە لەلایەن خەڵکەوە نەنراوە کە بتوانێت ئەم وەهمە پاساو بدات. من ئاماژەم بە هەموو ئەم حاڵەتانە کردووە. بۆیە، هیچ بەڵگە، دۆکیۆمێنت یان نیشانەیەکی بەرجەستە لە ئارادا نییە ئەم وەهمە بە ڕەوا پیشان بدات و وەک واقیعێک یان مەترسییەکی ڕاستەقینەی وێنا بکات.

 

بەڵام ئاخۆ نەتەوە جیاوازەکان لە ئێران بەهۆی نەگونجانی بارودۆخ و بوارە عەینییەکانەوە نەیانتوانیوە ڕێگای جیابوونەوە بگرنە بەر، یان ئەوەتا لەسەر بنەمای خواستێکی گشتی و بە شێوەیەکی خۆبەخشانە پێیان باش بووە لەنێو پێکهاتەی ئێراندا بمێننەوە؟

ئەمڕۆ نەتەوە جیاوازەکانی ئێران لەوانە کورد، تورک، عەرەب، بەلووچ، تورکمان؛ هەموویان خاوەنی بەرنامەیەکی سیاسیی دیاریکراون و لەپێناو گەیشتن بە ئامانجەکانیاندا هەوڵ دەدەن. داواکارییەکانی ئەم نەتەوانە، ئامانجگەلێکی دێموکراتیک، ئازادیخوازانە و لەپێناو دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەییەکانیاندایە؛ خواستگەلێکی وەک پێداگری لەسەر پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی، زمانەوانی و کولتووری، و هەروەها مافی خوێندن بە زمانی دایک و سەرجەم ئەو مافانەی نەتەوەیەک دەتوانێ لە چوارچێوەی وڵاتێکدا لێیان بەهرەمەند بێت. لە ئێستادا، ئەم داواکارییانە لە نێو سنوورەکانی ئێراندا و بە شێوازێک دەخرێنە ڕوو کە هیچ شوێنێک بۆ وەهم، هەڕەشە یان ترس لە پارچەبوونی وڵات ناهێڵنەوە. بەڵام ئەگەر بارودۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، واتە ناسنامەی ئەم نەتەوانە نکۆڵیی لێ بکرێت، پاشبنەما و مێژوویان پشتگوێ بخرێت، بە فەرمی ددان بە بوونیان دانەنرێت و بخرێتە مەترسییەوە، و هیچ میکانیزمێکی دێموکراتیکیش بۆ گەیشتن بە خواستە یاساییەکانیان لە ئارادا نەبێت؛ ئەو کاتە ئیتر بابەتەکە لە نیگەرانییەکی سادە تێدەپەڕێت. لە دۆخێکی وەهادا، بەرپرسیارێتیی دەرئەنجامەکانی داهاتوو و مەترسییە ئەگەرییەکانی بەردەم، ڕاستەوخۆ دەکەوێتە ئەستۆی ئەو کەسانەی بواریان بۆ ئەم هەڵاواردن، نائەمنی و بەدینەهاتنی ئەو مافە بنەڕەتییانەی نەتەوەکان خوڵقاندووە و ئەوانن کە دەبێ وەڵامدەرەوە بن.

 

جەنابت ئاماژەت بە خەباتی نەتەوەکان لە چوارچێوەی ئێراندا کرد. ئەمڕۆ هەموویان لە چوارچێوەی حیزبەکانیاندا کە خاوەن بەرنامەی ڕوونن و بەبێ هیچ گومانێکی جیاوازیخوازی بەدواداچوون بۆ ماف و داواکانیان دەکەن. لەگەڵ ئەم وەسفەدا، بە فەرمی ناسینی مافی ئەم نەتەوانە، چ دژایەتییەکی لەگەڵ دێموکراسی و پێشکەوتنی ئێراندا هەیە؟

بڕوانە، ئەم دوو چەمکە نەک هەر هیچ دژایەتییەکیان لەگەڵ یەکتردا نییە، بەڵکوو ڕێک بەشێکی دانەبڕاون لە پێکهاتەی دێموکراسی. هیچ دێموکراسییەک بەبێ دابینکردنی مافی نەتەوەکان، نابێتە دێموکراسییەکی ڕاستەقینە و ڕەسەن؛ لە لایەکی تریشەوە، هاتنەدی و جێگیربوونی ئەم مافانەش لە سیستمە ملهوڕ و سەرەڕۆکاندا، ئەگەر نەڵێین مەحاڵە، بێگومان ناسەقامگیر و لەرزۆکە. بۆیە ئەو خاڵەی ئاماژەت پێدا تەواو ڕاستە. ئەمڕۆ بەرنامەی سیاسیی زۆربەی حیزبە کاریگەر و ڕەوتسازەکان لە فەزای خەباتی ئێراندا، لە چوارچێوەی ئەم وڵاتەدا پێناسە کراوە. بە بڕوای من، سەرڕای ئەو دژایەتییانەی لەم بوارەدا هەن، فیدراڵیزم تەنیا مۆدێلێکە کە دەتوانێ هاوکات پاراستنی چوارچێوەی ئێران و دابینکردنی مافی نەتەوەکانیش دەستەبەر بکات. لە ئەنجامدا، پاشبنەما و بەرنامەی سیاسیی ئەم حیزبانە، شتێک جگە لە دێموکراسی و ناوکی سەرەکیی ئەو، واتە دابینکردنی مافە نەتەوەییەکان نەبووە و نییە.

 

تەواوی ئۆپۆزسیۆن باس لە دێموکراسی لە ئایندەی ئێراندا دەکەن؛ بەڵام ئایا بەبێ دەستەبەرکردنی مافی نەتەوەکانی ئێران و ڕەچاوکردنی مێژووی خەباتی ئەوان، هاتنەدیی دێموکراسییەکی ڕاستەقینە شیاوە؟

دێموکراسی بەبێ دەستەبەرکردنی مافی نەتەوەکان، یان لە بنەڕەتدا هەر نییە یان ناتەواوە. لەگەڵ ئەوەشدا، هەر کاتێک ئەم داواکارییە ڕەوا و دێموکراتیکانە دەردەبڕدرێن و ئەم نەتەوانە تەنانەت باس لە پرەنسیپی دێموکراسی دەکەن، لەلایەن ئەو دەستە لە خەڵکی ئێرانەوە کە باوەڕیان بە ئێرانێکی یەک‌ناسنامەیی و یەک‌زمانی هەیە، بە جیاوازیخوازی تۆمەتبار دەکرێن. هۆکاری ئەم جۆرە ڕوانین و نواندنە تەواو ڕوونە؛ ئەوان دەزانن لە پێکهاتەیەکی دیموکراتیکی ڕاستەقینەدا، پشتگوێخستنی مافی نەتەوەکان مەحاڵە و ناتوانرێت لە وەڵامدانەوەی ئەم داواکارییانە خۆ بدزنەوە. لەبەر ئەوە، خستنەڕووی ئەم خواستنە نەک هەر لە دژایەتی لەگەڵ دێموکراسیدا نییە، بەڵکوو بە پێکهێنەری سەرەکی و بنەمای هەر سیستمێکی دێموکراتیک دادەنرێت.

 

واتە کاتێک باس لە ئێرانی دیموکراتیکی داهاتوو دەکرێت، ئەم دڵەڕاوکێ و ترسە لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت کە دەبێ نەتەوەکانی ئێران ماف و داواکارییە یاساییەکانی خۆیانیان هەبێت؟

دەبێ جارێکی تر جەخت بکەمەوە کە ترسی ئەو حیزب و ڕەوت و لایەنانەی خۆیان بە خاوەنماڵ دەزانن و وا بیر دەکەنەوە کە ئێران تەنیا سەر بەوانە؛ نەک هەموو نەتەوەکانی ئێران؛ ترسیان لە پارچەبوونی خاک نییە؛ چونکە لە درێژایی مێژوودا، چەندین جار بەشگەڵێک لە خاکی ئێران جیا بووەتەوە و ئەوان هیچ کاردانەوەیەکیان لە خۆیان نیشان نەداوە.

 

ئەو جیابوونەوانەی نەتەوەکان هیچ ڕۆڵێکیان تێدا نەگێڕاوە!

واقیعەکە ئەوەیە هیچ بەڵگە و دێکیۆمێنتێکی مێژوویی لە ئارادا نییە کە نیشاندەری بوونی ترسێکی ڕاستەقینە بێت لە پارچەبوونی خاک لە لای ئەوانەوە؛ و تەنانەت ئەگەر دڵگرانییەکی وەهاش بخرێتە ڕوو، نیگەرانیی سەرەکیی ئەوان لە خاک و جوگرافیا نییە. شایەتحاڵە مێژووییەکانیش ئەمە پشتڕاست دەکەنەوە؛ وەک چۆن لە سەردەمی پەهلەویدا و لە کاتی جیابوونەوەی بەحرەین لە ئێران، هیچ کام لە حیزبە سیاسییەکان یان کەسایەتییە دیارەکانی ئەو سەردەمە ناڕەزایەتییان لە هەمبەر ئەم مەسەلەیە دەرنەبڕی و تەنانەت بەیاننامەیەکیان دەرنەکرد. بەپێچەوانەوە، دەزگای پاشایەتی خۆی خەریکی شادمانی و پاساودانی ئەم جیابوونەوەیە بوو. بۆیە، دەبێ لە جێیەکی دیکە بۆ ڕیشەی ئەم ترس و دڵەڕاوکێیە بگەڕێین: ترسی ئەوان نەک لە پارچەبوونی خاک، بەڵکوو لە "پارچەبوونی دەسەڵات" و "دابەشکردنی هێزی" دایە. ئەوان حاکمییەت بە موڵکی تایبەت و مافی قۆرغکراوی خۆیان دەزانن، لە کاتێکدا نەتەوە جیاوازەکانی ئێران داوای بەشداریی سیاسی، شەریکبوون لە پێکهاتەی دەسەڵات و دابەشکردنی دادپەروەرانەی هێز دەکەن. لەم پێناسەکردنەوەیەدا، باس لە هەڵوەشاندن و لێکترازانی جوگرافیایی نییە، بەڵکوو باس لە سڕینەوەی قۆرغکاری لە دەسەڵاتی پاوانکراودایە؛ واتە هەمان داواکاریی ڕەوا و گشتیی نەتەوەکان بۆ ئامادەیی چالاکانە لە بەڕێوەبردنی کاروباری وڵاتدا. نەتەوەکان داوا دەکەن بەڕێوەبردنی ناوچەی نەتەوەیی خۆیان لە ڕوانگەی مێژوویی، جوگرافیایی، کولتووری و زمانەوانییەوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە دەستدا بێت، بەڵام لە هەمان کاتدا، بەڕێوەبردنێکی ناوەندیش لە گشت وڵاتدا بەرقەرار بێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، قبووڵکردنی ئەم جۆرە داواکارییانە بۆ ڕەوتە قۆرغخواز و خۆسەنتەرەکان، تەنانەت لەم سنوورەشدا بە خەیاڵ دانایەت. ئەم ڕەوتانە لە بنەڕەتدا لە تێگەیشتنی واقیعی فرەلایەنە و مۆزاییکیی کۆمەڵگەی ئێران بێتوانان و واقیعەکە تەنیا لە چوارچێوەی تێڕوانینە قۆرغکارییەکانی خۆیاندا لێک دەدەنەوە. لە کۆتاییدا، تا ئەوکاتەی تێگەیشتن لەسەر ئەم واقیعە عەینییانە نەیەنە ئاراوە و تێڕوانینێکی ئەرێنی بۆ دابینکردن و هاتنەدیی مافە یاساییەکانی نەتەوەکان دروست نەبێت، ناتوانرێت ئاسۆیەکی بەردەوام لە ئارامی، سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بۆ ئایندەی ئێران وێنا بکرێت.

 

ئایا لە غیابی بەشداریی بەکۆمەڵ لە پێکهاتەی وڵاتداری و بەڕێوەبردنی کاروباری وڵاتدا، دیسانەوە دەکرێ دێموکراسی ئەو هیوا و مانا ڕاستەقینەیە بەدەستەوە بدات؟

بێگومان دێموکراسی سیستمێکە هاوکات مافە گشتییەکانی کۆمەڵگە و مافە تاکەکەسییەکانی کەسەکان دەستەبەر دەکات. لە چوارچێوەیەکی وەهادا، ئەگەر بەشێکی گەورەی کۆمەڵگە، واتە نەتەوە جیاوازەکانی ئێران لە ناسنامەی خۆیان بێبەش بکرێن و داواکارییە ڕەواکانیان پشتگوێ بخرێت یان سووکایەتیی پێ بکرێت، هەرگیز گەشەپێدان و پێشکەوتن نایەتە دی. ئەم تێڕوانینە هەمیشە دەبێتە هۆی سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی ململانێی نێوان دەسەڵات و خەڵکی مافخواز؛ ململانێیەک کە ئەگەر وەڵامێکی لێبوردوانە و گونجاو وەرنەگرێت، سروشتییە کە دەبێتە هۆی کاردانەوەگەلێک کە سەقامگیری، ئارامی و خۆشگوزەرانیی وڵات تێک‌دەدەن.

 

وەک پرسیاری کۆتایی و کۆبەندی باسەکەمان، پێتان وایە قبووڵکردنی فرەیی نەتەوەیی و ددانپێدانان بە مافی نەتەوەکان لە ئێراندا، یارمەتیی بنیادنانی ئایندەی ئەم کۆمەڵگایە دەدات یان پشتگوێخستنی؟

بە لێکۆڵینەوە لە دۆخی وڵاتە جیاوازەکانی جیهان، چ کۆمەڵگە فرەنەتەوەکان و چ ئەو وڵاتانەی خاوەنی فرەیی نەتەوەیین لە نێو سنوورە جوگرافیاییە هاوبەشەکاندا، بۆمان دەردەکەوێت کە دەستەبەرکردن و دابینکردنی مافی نەتەوەکان، پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ هاتنەدیی دێموکراسیدا هەیە. ئەو سیستمانەی دێموکراسییان لە سەرجەم ڕەهەندەکانیدا بە فەرمی ناسیوە و لە کردەوەدا بە پرەنسیپەکانی وەفادار ماونەتەوە، لە بێستەری هەر جۆرە شەڕ، نائارامی و تۆمەتبەخشینێک تێپەڕیون. دەستکەوتی ئەم بەردەوامییە، پابەندبوون بە ئاشتی، گەشەپێدان و پێشکەوتنی بەردەوام، و ڕاکێشانی چەتری ئارامی بووە بەسەر سەرانسەری وڵاتدا.