کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

" کۆیلەی کۆیلەدار"

13:36 - 15 پووشپەڕ 2726

دیاکۆ ڕۆژهەڵاتی

بە درێژایی مێژوو مرۆڤ بۆخۆی و بە دەستی خۆی سەدان کۆت و بەندی بۆخۆی ساز کردووە. هەر بە یارمەتیی هێز و هزری خۆی هەزاران تەڵە و تەپکە و داوی بۆخۆی ناوەتەوە و زۆر سەختە کە بتوانێت هەروا بە سانایی لێیان دەرباز بێت. مرۆڤ ڕوژانە سەدان کەڕەت لە نێچیرڤانەوە دەبێتە نێچیر و لە نێچیرەوە دەبێتەوە نێچیروان. هەر ئەوەش وای کردووە مرۆڤ لە کەسایەتیی خۆی دوورکەوێتەوە و زۆرجار هەر لەلایەن ئەو تەپکەداوانەوە کە بەدەستی خۆی ئافراندوونی وەک کەرەستەیەک کەلکی لێ وەربگیردرێت. گەلێک جاران هەر ئەوکەسانەی ماوەیەکی زۆر کەڵکی کەرەستەیی لەکەسانی دیکە وەردەگرن لەناکاو بۆخۆیان دەبنە کەرەستەی دەستی کەسانی دیکە و کەسایەتییان لە مرۆڤێکی هەژموونیدارەوە دەگۆڕێت بۆ کەسێکی تەپەسەر و ژێردەست.

ئەوەی زیاتر ئەم قوڕە بۆ مرۆڤ دەگرێتەوە و لە زەلکاوی خۆسازی دەچەقێنێت چوونە بازنەی بیرۆکە چەقبەستووەکانە. ئەو بیرۆکانەی خۆیان وەک دەسەڵاتی ڕەها بە لایەنگرانیان دەناسێنن و وادەی پارووی نەرم و چەور بە شوێنکەوتوانی خۆیان دەدەن و بەو ناوەوە خۆیان بەسەردا دەسەپێنن و بەکردەوە دەیانکەنە کۆیلە و کەرەستەی بەردەستی خۆیان.

بانگەشەکەرانی ئەو بیرۆکەیانە، چ ئەوانەی بە ناوی ڕێبازی ئاسمانی و چ ئەوانەی بە ناوی ڕێبازی زەوینییەوە قاو دەدەن ڕێبازەکەیان وەک ڕێگایەکی بێ کەموکووڕی و تەواو بە خەڵک دەناسێنن و بەرە بەرە شوێنکەوتووەکانیان دەکەنە کۆیلەی باوەڕەکە و ئیتر وەک مێویان لێ دەکەن و دەیانکەنە مرۆڤگەلی گوێڕایەڵ و هەرچییەک پێیان خۆش بێت پێیان دەکەن. ئەو کەسانە لە خۆشیی ئەو وادانەی پێیان دەدرێت وشەی "نا"یان لەبیر دەچێتەوە و خوو بە بەڵێ و بەسەرچاوەوە دەگرن. ئەوان ئەوەندە بەگوێی شوێنکەوتووەکانیاندا دەخوێنن و بیرەکەیان لە بەرچاو شیرین دەکەن و وادەی پڕ لە زریقەوبریقەیان پێ دەدەن کەسەکە لە کەسیی دەخەن و دەیکەنە ئامراز و کەرەستەیەکی بێ‌گیان و توانای دژکردەوە و سەربزێویی لێ دەستێننەوە.

ئەو مرۆڤانەی بە دەستی خۆیان دەچنە نێو ئەو داو و بۆسەگەلە و بە ئاسانی ملی خۆیان بە پەتەکەوە دەکەن و شانازی بەو کۆیلەتییەوە دەکەن و لەنێو خەڵکیشدا فەخری پێوە دەفرۆشن. دیارە کەسی زیت و داودۆزیش لەنێو ئەو کۆیلانەدا هەڵدەکەوێ، هەربۆیە هەندێک کەس لەم کۆیلانە بە هۆی ئازایی، یان دەهۆبازییەوە بەرە بەرە دەچنە سەرێ و پلەی بەرز وەردەگرن و دەبنە دەسەڵاتدار. ئێتر ئەوانە لە سەرێوە چاو لە هاوڕێبازەکانیان دەکەن و خۆیان بە دەسەڵاتی ڕەها دەزانن و هەر بەهۆی پڕووپاگەندە و گەمژاندنی هاوبیرە سادەکانیان بەرگی پیرۆز بەبەر بەخۆیاندا دەکەن. بەرگێک کە ئیتر کەس ناتوانێت لەبەریان داماڵێت. تەنانەت دەست بردن بۆ ئەو بەرگانەش دەبێتە تابۆو کەس ناوێرێت توخوونیان کەوێت. ئەگەر کەسانێکی وشیاریش بە ساختەکاری و دەهۆکانیان بزانن، ناچارن بەردێکی لەسەردانێن و خۆی لێ ببوێرن. چونکە لە لایەن ئەو دەسەڵاتدارانەوە بە لادەر و دۆڕاو دەناسێندرێن و بە سەختی هەر لەلایەن کۆیلەکانی بەردەستی ئەو ڕێبازەوە بە زۆر و بێ بەزییانە سزا دەدرێن.

زۆرجار یەکێک لەو دەسەڵاتدارانە لە لایەن لایەنگرەکانیانەوە دەسەڵاتی بان‌سروشتییان پێ دەدرێت و کار دەگاتە جێگایەک ئاوی دەست و شوێن پێ و ئەو کەرەستانەی ئەو دەستیان لێ دەدات وەک شتێکی پیرۆز لێیان دەڕواندرێت و شوێنکەوتووەکانیان وەک پیرۆزی دەیقەبڵێنن و بە تەبەڕوک دەستاودەستیان پێ دەکەن.

هەشن ئەو کەسانەی وەردە وردە لە بیروباوەڕەکە گەورەتر دەبنەوە و ئیتر ئەوە ئەوانن بە مەیلی خۆیان ڕێ بۆ باوەڕداران دەکێشن و شوێنیان بۆ دیاری دەکەن و پلەیان پێ دەبەخشن. بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ئەوانە هەرچەندە مەزن دەکرێنەوە و خۆیان لێ دەگۆڕدێت، لە کۆتاییدا خۆشیان دەبن بە تەڵەی ئایدۆلۆژییەکەوە و دەبنە کەرەستەی دەستی فێڵبازانێکی تری ئەو ڕێبازە. لەو جۆرە بیرۆکانەدا کەس هەتاسەر، سەر نامێنێتەوە و دوامەنزڵی هەموویان هەر وەک لە کەرەستەیەکەوە دەست پێدەکات، دەبنەوە بە کەرەستە و تەواو.

ئەوەی جێی سەرنجە زۆر جار ئەو شوێنانەی ئەو بیرۆکانەیان تێدا باڵادەستە تەمتومانی بیرکردنەوە دایاندەگرێت و ڕێبوارانی ئەو ڕێبازانە قەتیس دەمێننەوە. تەنانەت لە لایەن ڕێبەرانیانەوە بیرکردنەوەشیان لێ قەدەغە دەکرێت. ئەوانە ئیتر دەگەنە شوێنێک کە کانگای بیرکردنەوەیان ویشک هەڵدێ و تەڕایی تێدا نامێنێت.

نموونەی ئەو ئایدۆلۆژی و سەرکردانە لە هەموو بوارەکاندا زۆر و بەرچاون. کەسانێک هەن خۆیان لە کۆیلەوە گەیشتوونەتە پلەی کۆیلەدار و هەمدیس هاتوونەتەوە پلەی کۆیلە و وەک کەرەستەی بەردەستی کەسانی دیکە و کەلکیان لێ وەرگیراوە.

دنیای کۆمونیستی و ئیسلامی سیاسی بەرچاوترینی ئەوانەن کە بە ناوی ئازادی و ڕەهاییەوە خەریکی کۆیلەدارێتین. ڕێبازەکەی ئەوان پڕە لە وادەی شیرین و بریقەدار، کە هەموویان تۆو و توانایی مرۆڤ خەڵەتاندنیان تێدایە. هەر ئەوانیش زۆر کەسایەتیان تێدایە کە سەرەڕای ئەوەی گەیشتوونەتە پلەی بەرزی کۆیلەدارێتی و لە کۆتاییدا خۆشیان بوونەتە کەرەستە و دوای مردنیان و لە کاتی ناشتنیاندا بۆ ئەو ڕێبازە کەلکی پڕووپاگەندەییان لێوەرگیراوە. بەناوبانگترینی ئەوانە بریتین لە:

لینین (١٨٧٠ –١٩٢۴ز)، ئیستالین (١٨٧٨ –١٩۵٣ز)، مائۆ (١٨٩٣ –١٩٧٦ز)، خومەینی (١٢٨١ –١٣٦٨ی هەتاوی)، قاسم سولەیمانی (١٣٣٥-١٣٩٨)، کیم جوونگ ئیل (فێوریه ١٩٤٢ –٢٠١١ ز)...و  لە کۆتاییشدا خامنەیی. ئەو کەسانە بەڵگەی ڕوونن کە چۆن لە کۆیلە و کەرەستەوە بوونەتە دەسەڵاتدار. لە کۆتاییشدا چۆن لە دەسەڵاتدارەوە بوونەتەوە کەرەستەی پڕووپاگەندا. زۆربەی ئەوانە لە سەرتاوە ئەندامێکی ساکارێکی ڕێکخراوەیەک، یان ڕێبازێک بوون. دوایە هەڵکشاون و هەتا لووتکەی دەسەڵات چوون و پاشان بوونەتەوە کەرەستەی پڕووپاگەندا. ئەوانە ئەوەندەی لە دەسەڵاتدا ژیان هەموو شوێنکەتووانی بیروباوەڕەکەیان وەک کۆیلە و کەرەستە چاولێ کرد. کوشتیانن و بەکوشتیان دان. بە میلوێنان کەسیشیان بەتاوانی ئەوەی لەگەڵ بیروباوەڕەکەیان دژ بوون کوشت و لە زیندانەکاندا لەسێدارە دا و گوللەباران کرد. تەنانەت کەسانێک لە هاوبیرەکانی خۆیان کە لە بەئامانجگەیشتنی ڕێبازەکەشیاندا شوێندانەر بوون کوشت و سڕییانەوە. ئەوانەی کە لە شوێنکەتوویەک و کۆیلەیەکەوە بە دەسەڵات گەیشتن، هەرچەندە بەڕواڵەت بانگەشەیان بۆ ژیانی پڕ لە چێژ و ئاسوودەیی دەکرد  ژیانێکی خۆشیان بۆ شوێنکەتووانی خۆیان و بیروباوەڕەکەیان تەیار نەکرد، بەڵکوو لە زەلکاوی نەهامەتیشیاندا نوقمیان کردن.

هەموو ئەوکەسانەی لە سەرەوە باسیانکرا سەرەڕای دەینساڵ دەسەڵاتداری و کوشت و کوشتار و زوڵمکردن لە گەل و نەتەوە و هاوبیرەکانیان لە کۆتاییدا بوونەوە کەرەستەی بیروباوەڕەکەیان و لەکاتی ناشتیاندا خەڵکێکی زۆریان لێ کۆ کراوە و لە لایەن پاشماوەکانی ئەو ڕێبازانەوە وەک کەرەستە کەلکیان لێ وەرگیرایەوە. نموونەی هەرە نیزیکی ئەو دیکتاتۆڕانە عەلی خامنەییە. ئەو خوێنخۆرە کە دوای دەیان ساڵ دەسەڵاتداریی و بەکوشتدانی دەیان هەزار کەس لە وڵاتەکانی، ئێران، عێراق، سووریە، لوبنان، یەمەن و فەلستین بۆ بەئامانج گەیشتنی ڕێبازەکەی لە کۆتاییدا لە ڕۆژی نۆی ڕەشەمەی ١٤٠٤ی هەتاوی بە دەستی دوژمنەکانی -ئیسڕائیل و ئەمریکا- لە ماڵەکەی خۆی لە تاران کوژرا و لە کۆتاییشدا دیتمان کە وەک کەرەستەی بیر و باوەڕەکەی کەلکی لێ وەگیردرا. شوێنکەوتووانی پێشووی و دەسەڵاتدارانی ئێستا بۆ ورووژاندنی هەستی لایەنگرانی خۆیان و بۆ نێشاندانی هێژموونییەکەیان، بە میلیۆن کەسیان لە دوو وڵاتی ئێران و ئێراق هێنایە سەر شەقامەکان و بە خەرجکردنی میلوێنان دۆڵار لە گیرفانی خەڵکی برسی و بێکاری ئێران، شانۆیەکیان ڕێکخست و ئێسک و پروسکەکەیان -ئەگەر بووشبێ- دوای نزیکەی چوار مانگ ناشت. ئەم دیکتاتۆڕە کە بۆخۆی بۆ بیروباوەڕەکەی گیان و ماڵ و ژیانی کەسی بەلاوە گرینگ نەبوو، هەموو شتێک و هەموو کەسێکی وەک کەرەستەی بەردەستی خۆی چاولێ دەکرد و دەیکردە قوربانیی ئایدۆلۆژیاکەی، لەکۆتاییدا خۆشی وەک لێنین و ئیستالین و خومەینی و مائۆ و کیم جوونگ ئیل و قاسم سولەیمانی بووە کەرەستەی بەردەستی پاشماوەکانی ئەو ڕێبازە و لە شانۆیەکی ڕێکخراودا خرایە ژێر گڵەوە.