کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستبەسەرداگرتنی دارایی و موڵک و ماڵی نەیارانی سیاسی؛ بۆچی و بە چ ئامانجێک؟

10:31 - 16 پووشپەڕ 2726

کاوە ئاهەنگەری

دەستبەسەرداگرتنی دارایی و موڵک و ماڵی زیندانیانی سیاسی و چالاکانی نەیاری دەسەڵات، لە کاتی دامەزرانی ڕێژێمی سیاسیی کۆماری ئیسلامییەوە لە لایەن خومەینییەوە پەیڕەو کراوە. خومەینی بە دەرکردنی حوکمی تایبەت بۆ دادوەرانی دادگا نادادپەروەرەکانی ڕێژێمەکەی، دەستی ئەوانی لە گرتن، لەسێدارەدان و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی نەیارانی حکوومەتەکەی واڵا کردبوو؛ بەتایبەت ئەوانەی لە دەرەوەی ئێران نیشتەجێن.

هەر لە سەرەتای دامەزرانی ڕێژێمی کۆماری ئیسلامییەوە دەسەڵات بە پشتبەستن بە تۆمەتگەلێکی وەک «هەوڵدان دژی ئەمنییەتی وڵات»، «هاوکاری لەگەڵ وڵاتە نەیارەکان»، «سیخوڕی» یان «پاوانکردنی ماڵی ناشەرعی» داگیرکارییەکانی پاساو داوەتەوە؛ بەڵام ڕەخنەگران و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆکاری دیکەش دەخەنە ڕوو. لەوەش گرنگتر، ئەم جۆرە تۆمەتانە لە هەمبەر دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی چالاکانی سیاسی و خەڵکی جیابیر و دژبەری سیاسیدا ڕاست نین؛ بەڵگەش نەک هەڵکشان بەڵکوو تەقینەوەی دزی, گەندەڵی و بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی خەڵکی ئێرانە لە لایەن مۆرە و باندە مافیاییەکانی نێوخۆی کۆماری ئیسلامییەوە، لەپاڵ هاتوچۆی ئازادانە و بەرزبوونەوەی پلە و پێگەی نیزامی و سیاسی و ئیداریی هەموو گەندەڵکارەکان لە سیستمی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا.

ئێستا با بزانین گرنگترین هۆکارەکانی پشت ئەم ڕەفتارە قێزەونەی دەسەڵات لەمەڕ ''دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی'' نەیارانی سیاسی چین:

١) یەکەمین هۆکاری دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی چالاکان و جیابیرانی سیاسی و نەیارانی ڕێژێم، دەکرێ "سەپاندنی تێچووی قورستری چالاکیی سیاسی و بەرهەڵستکاری لەسەر نەیارانی سیاسی" بێت. حکوومەتەکان تەنیا بە زیندانیکردن یان سزادانی کەسەکە واز ناهێنن؛ بەڵکوو لە ڕێگەی دەستبەسەرداگرتنی سامانەکەیەوە، هەوڵ دەدەن تێچووی چالاکیی سیاسی بۆ کەسەکە و دەوروبەرییەکانی زۆر قورس بکەن. لە دۆخێکی لەو چەشنەدا ڕەنگە کەسانی دیکەش لە ترسی لەدەستدانی داراییەکانیان لە چالاکیی سیاسی دوور بکەونەوە. بەتایبەت لە ئێستادا و لە کاتێکدا بژێوی و دۆخی ئابووریی خەڵک لەوپەڕی خراپیدایە و زۆربەی خەڵک بۆ بەڕێکردنی ژیان و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ڕۆژانەیان داماون، زیادکردنی باری دارایی لەسەر شانی خەڵک یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی نەیارانی سیاسییە.

٢) دووەم هۆکار «خولقاندنی هۆکاری ڕێگریکەر و کەشێکی پڕ لە ترس»، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەیە بەرپرسیارێتیی دابینکردنی بژێویی خێزانەکەیان لەسەر شانە. بەرپرسانی دەزگای دادی ڕێژێم لە هەندێک حاڵەتدا بە ڕاشکاوی ڕایانگەیاندووە دەستبەسەرداگرتنی داراییەکان لایەنێکی «ڕێگریکەر»ی هەیە؛ واتە ئامانجەکە ئەوەیە ئەوانی دی بزانن دژایەتیکردنی حکوومەت، جیا لە سزای سێدارە و بەندیخانە، دەرهاویشتەی دارایییشی لێ دەکەوێتەوە. ئێستا باوکێک یان دایکێک بهێننە پێش چاوی خۆتان کە ئەرکی دابینکردنی بژێویی خێزانێکی لەسەر شانە، ئاخۆ ترسی دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵەکەی، ناتوانێ ببێتە کۆسپێک لە بەردەم ڕێڕەوی چالاکی و خەباتی ئەو دایک و باوکە لە دژی ڕێژێمدا؟

٣) سێیەمین هۆکار «خستنەژێر گوشاری بنەماڵە و ڕایەڵەی کۆمەڵایەتیی نەیاران»ە. زۆر جار دەستبەسەرداگرتنی دارایی تەنیا کاریگەری لەسەر کەسی زیندانی خۆی دانانێت، بەڵکوو بنەماڵە، هاوژین، منداڵان یان هاوبەشە ئابوورییەکانیشی لێی زەرەرمەند دەبن. بە دەربڕینێکی دیکە، ئەم جۆرە سزادانە نەک هەر سزادانی ڕاستەوخۆی کەسی زیندانی و بنەماڵەکەی، بەڵکوو جۆرێک لە «سزای بەکۆمەڵ»ە و ڕێژێم لەم ڕێگەیەوە سەرجەم ئەو کەسانە سزا دەدات کە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە ڕووی بژێوی، دارایی یان سۆزدارییەوە گرێدراوی کەسە زیندانییەکەن.

٤) چوارەم هۆکار «لاوازکردنی توانای دارایی ئۆپۆزسیۆن یان نەیارانی حکوومەت»ە. هەر ڕەوتێکی سیاسی بۆ چالاکیی میدیایی، یاسایی یان ڕێکخراوەیی پێویستی بە سەرچاوەی دارایی هەیە. بۆیە دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵ ئامرازێکە بۆ سنووردارکردنی توانای ئابووریی نەیاران و کەمکردنەوەی توانای ڕێکخستنیان. ئەگەر کەسە زیندانییەکە خاوەنی کۆمپانیا، کارخانە یان کارگەیەک بێت کە سەرچاوەی دابینکردنی سەرمایە بۆ چالاکییە سیاسییەکانی بێت، بێگومان دەستبەسەرداگرتنی ئەو داراییانە دەکرێ تۆڕی بەهێزکردن و تواناسازیی کەسی نەیاری ڕێژێم لاواز بکات یان بە یەکجاری پەکی بخات.

٥) پێنجەم هۆکار بۆ لایەنی سیاسی-دەروونیی ئەم کارە، واتە "نیشاندانی هێز و کۆنترۆڵکردن بە کردەوە لەبەردەم چاوی گشتی"دا دەگەڕێتەوە. لەو قۆناغانەی حکوومەت ڕووبەڕووی قەیرانی ئەمنی, شەڕ یان ناڕەزایەتیی نێوخۆیی دەبێتەوە، ڕێکاری توندوتیژانەی پتر دەگرێتە بەر، بۆ ئەوەی پەیامێکی ڕوون لەسەر توانا و دەسەڵاتی خۆی لە کۆنترۆڵکردنی دۆخەکەدا بە دژبەرانی بدات.

لە ڕوانگەی مافی مرۆڤەوە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان پێیان وایە دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵ دەبێ بە بڕیاری یاسا و تەنیا دوای دادگاییکردنێکی ئاشکرا، دادپەروەرانە، و ڕەخساندنی دەرفەتی تەواوی بەرگریکردن بۆ تۆمەتبارەکە جێبەجێ بکرێت؛ بە پێچەوانە وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتی سیاسی دەبیندرێت. بەڵام حکوومەتی ئێران ئەم ڕێکارانە بە بەشێک لە بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە ئەمنییەتییەکان لەقەڵەم دەدات. لە لایەکی دیکەشەوە، بەشێکی بەرچاو لە دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی نەیارانی ڕێژێم لە کاتێکدا کراوە کە خاوەنەکەی یان دژبەرە سیاسییەکەی لە ئێراندا نەژیاوە یان ناژیت.

بە پوختی حکوومەت بەگشتی پاساوی ئەمنییەتیی بۆ ئەو داگیرکارییانەی هەیە، بەڵام ڕەخنەگران لەو بڕوایەدان ئامانجگەلێکی وەک ڕێگریکردن، خولقاندنی ترس، خستنەژێر گوشاری نەیاران و سنووردارکردنی توانای دارایی ئۆپۆزسیۆن لە پشت ئەم سیاسەتەن.