کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێکۆشانی پێشمەرگانە، لووتکەی هەرە بەرزی کار و خەباتی سیاسییە لە کوردستاندا

11:34 - 17 پووشپەڕ 2726

برایم لاجانی

یاد و بیرەوەریی شەهیدان لە کولتووری سیاسیی کوردستان و حیزبی دێموکراتدا، تەنیا بۆنەیەکی خەمناک و ڕێوڕەسمی سەرخۆشی نییە، بەڵکوو دەرفەتێکە بۆ نیشاندانی وشیاریی سیاسی، هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی و پەیماننوێکردنەوە لەگەڵ ئەو ئامانجانەی کە تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی، ژیانی خۆیان بۆ تەرخان کردووە.

شەهیدبوونی شەش پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕێکەوتی ١٠ی پووشپەڕدا، لە ئاوایی قیسقەپانی نزیک پیرانشار (کارۆ هورمزیار، فەردین چەنگیزی، محەمەد خاکی، عەبدوڵڵا محەمەدپوور، توانا عوسمانی و محەمەد ئەمین بایەزیدی)، جارێکی دیکە ئەو ڕاستییەی سەلماندەوە کە تێکۆشانی پێشمەرگانە لە پێناوی مافە ڕەواکانی نەتەوەدا تا چەندە سەخت و پڕ قوربانییە.

ئەو شەهیدانە و سەرجەم ئەو تێکۆشەرانەی دیکەش کە لەم دواییانەدا لە کرماشان، مەهاباد، زیندانەکان و کەمپەکانی باشووری کوردستان گیانیان بەخت کردووە، بێگانە نەبوون و لە دەرەوە نەهاتبوون. ئەوان بەشێک نەبوون لە هیچ پڕۆژەیەکی دەرەکی و ژئۆپۆلیتیکی، بەڵکوو ڕۆڵەی ڕەسەنی ئەو خەڵکە بوون کە دەیان ساڵە لەژێر سێبەری بێعەدالەتی، هەڵاواردن، سەرکوت و سیاسەتی ئەمنییەتیدا دەژین.

سەرجەم ئەم ڕووداوە تاڵانە دەردەخەن کە کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەبری پەنابردن بۆ گفتوگۆ و چارەسەری بنەڕەتیی کێشەکان، هێشتا سیاسەتی سەرکوت و زەبروزەنگ و ئینکار وەک تاقە بەرنامەی خۆی بەرانبەر بە پرسی کورد بەکاردهێنێت. دەزگا ئەمنییەتییەکان هەوڵ دەدەن بە ڕیوایەتی هەڵبەستراو ڕاستییەکان چەواشە بکەن، بەڵام جەوهەری ڕاستییەکە شتێکی دیکەیە.

مەئموورییەتی ئەو پێشمەرگانە بریتی نەبووە لە دەستوەشاندن و پەلاماری سەربازی بۆ سەر هێزەکانی کۆماری ئیسلامی. وەک چۆن ڕێبەریی حیزبی دێموکرات (بەڕێزان مستەفا هیجری و حەسەن شەرەفی) بە ڕوونی ئاماژەیان پێداوە، ئەرکی ئەم پۆلە پێشمەرگەیە کاری سیاسی، تەشکیلاتی، تەبلیغی و نوێکردنەوەی پێوەندیی مێژوویی نێوان حیزب و خەڵک بووە لە شار و گوندەکاندا.

ئەوان لە ناو خەڵک بوون بۆ ئەوەی حزووری سیاسیی حیزب نیشان بدەن و بەرگری لە مافی ڕەوای نەتەوەکەیان بکەن. ئەو پێشمەرگانە ڕۆڵەی هەمان ئەو ناوچانی بوون (شیناوێ، کەڵەکین، دەڵاوان، کۆنەلاجان، قەمتەرێ، قیسقەپان، قەڵاتەڕەش، بەلەبان, لاجان، بەربنە و نەڵێن و بەری مێرگان). خەڵکیش نەک وەک هێزێکی بێگانە، بەڵکوو وەک ڕۆڵەی خۆیان پێشوازییان لێکردوون و دڵسۆزانە دەردەدڵ و پێشنیارەکانیان لەگەڵدا باسکردوون.

لێرەدا وتەیەکی دروستی دوکتۆر قاسملوو دێتەوە یاد کە دەڵێت: «لە جێگەیەک کە ئازادییە دێموکراتییەکان قەدەغەن، تێکۆشانی سیاسی تەنیا لە شکڵی خەباتگێڕانەی پێشمەرگانەدا مومکینە و لە وەزعی ئێستای کوردستاندا، لووتکەی هەرە بەرزی خەباتی سیاسی، تێکۆشانی پێشمەرگانەیە». پێشمەرگە لە فەرهەنگی حیزبی دێموکراتدا تەنیا چەکدارێک نییە، بەڵکوو ڕەمزی دیسپلین، بەرپرسیارێتی، فیداکاری و ئاڵاهەڵگری خەباتی نەتەوەیە.

حزووری پێشمەرگە لە ناو خەڵکدا سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیەکە کە بزووتنەوەی کوردستان فاکتەرێکی سەربەخۆ و ڕیشەدارە؛ ئاکامی شەڕی وڵاتان یان کێشە ژئۆپۆلیتیکییەکان نییە. ئەم بزووتنەوەیە لە دڵی زیاتر لە سەد ساڵ ئینکار و هەڵاواردنەوە سەری هەڵداوە و داوای دێموکراتیزەکردنی ئێران و دابینکردنی مافە نەتەوەیی و کولتوورییەکانی کوردستان دەکات لە چوارچێوەی ئێرانێکی ئازاددا.

پوختەیی و باڵغبوونی سیاسیی بزووتنەوەی کورد لەم دواییانەدا بە ڕوونی دەرکەوت؛ کاتێک لە کاتی "شەڕی دوازدە ڕۆژە و چل ڕۆژە"ی ناوچەکەدا، بەپێچەوانەی هەندێک هێزی ناوەندگەرا کە ئاڵای وڵاتانی بێگانەیان (وەک ئیسرائیل و ئەمریکا) بەرز دەکردەوە، کورد هیچ کارێکی لەو شێوەیەی نەکرد. حیزبی دێموکرات هەمیشە بڕواى وابووە کە پرسی کورد پرسێکی ناوخۆیی و سیاسییە و دەبێت لە ناوخۆی ئێراندا چارەسەر بکرێت.

ئەمە سوننەتێکی مێژووییە؛ تەنانەت لە کۆتاییەکانی شەڕی ئێران و عێراقیشدا، کاتێک سوپای عێراق هێرشی کردە سەر ناوچە سنوورییەکانی وڵات، بۆ نموونە پیرانشار و سوپای ئێران پاشەکشەی کرد، ڕێبەریی حیزبی دێموکرات فەرمانی دا کە پێشمەرگە بە هیچ شێوەیەک بەشداری لەو پەلامارانەدا ناکات. ئەم هەڵوێستە نیشتمانییە وای لە فەرماندەی ئەوکاتی لەشکری ٦٤ی ورمێ کرد کە لە دیدار لەگەڵ بەرپرسی شۆڕای شاری پیرانشاردا، ددان بە ڕەسەنایەتی و نیشتمانیبوونی حیزبی دێموکرات و هێزی پێشمەرگەدا بنێت.

نەتەوەی کورد لە کاتی قەیرانەکانیشدا ئەخلاقی بەرزی ئینسانیی خۆی سەلماندووە. بینیمان چۆن لە کاتی بۆردومانەکاندا، لە شەڕی چل ڕۆژەی ئەم دواییانەدا، کاتێک سەربازانی کۆماری ئیسلامی پایەگاکانیان بەجێدەهێشت و پەنایان بۆ گوندەکان دەبرد، ژنان و پیر و لاوی کورد – سەرەڕای برینی ساڕێژنەبووی سەرکوتەکان – نانیان پێدان و پارەیان بۆ کۆکردنەوە تا بگەڕێنەوە لای خێزانەکانیان. ئەمە نیشان دەدات کە خەباتی کورد لە ڕق و تۆڵەوە سەرچاوەی نەگرتووە.

کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئامادەن لەگەڵ دوژمنە ئایدیۆلۆژییەکانی خۆیان لە دەرەوە (بە قەولی خۆیان "شەیتانی گەورە") دانوستان بکەن، بەڵام لە گفتوگۆ لەگەڵ خەڵکی ئێران و کوردستان دەترسن و بە کەمین و چەکی قورس وەڵامی ڕۆڵەکانی نەتەوە دەدەنەوە.

ئەگەرچی بەرپرسانی وەک پزیشکیان لە سەردانەکانیاندا بۆ کوردستان بەڵێنی نەهێشتنی هەڵاواردن و لابردنی تێڕوانینی ئەمنییەتی دەدەن، بەڵام واقیعەکە شتێکی دیکەیە. خەڵکی کوردستان دەپرسن: ئەگەر بڕیارە کوردستان لەژێر زەڕەبینی ئەمنییەتیدا بێتە دەرەوە، بۆچی هێشتا سوپای پاسداران ڕێگاکان کۆنتڕۆڵ دەکات و ڕۆڵەکانی نەتەوە بەردەوام ڕووبەڕووی گرتن، سێدارە و تۆقاندن دەبنەوە؟

هیچ سەقامگیرییەک بەبێ ڕەزامەندیی خەڵک دروست نابێت. قەیرانی ڕاستەقینەی ڕێژیم تەنیا سزای ئابووری یان مەلەفی ئەتۆمی نییە، بەڵکوو قەیرانی نەبوونی مەشرووعییەت و بێمتمانەیی خەڵکە. ڕێگای چارەسەر ڕوونە: کۆتایی هێنان بە میلیتاریزم، بەڕەسمی ناسینی مافە دێموکراتییەکان و دەستپێکردنی دیالۆگ لەگەڵ نوێنەرانی نەتەوەکانی ئێران. پێدانی ئەم مافانە "ئیمتیاز" نییە، بەڵکوو مافێکی سروشتییە.

شەهیدانی قیسقەپان و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادی، تەنیا قوربانیی دەستی سەرکوت نین؛ ئەوان هەڵگری پەیامی ئازادیخوازی، ئاشتیخوازی و دیفاع لە کەرامەتی ئینسانین. لە سەردەمێکدا کە ڕێژیم دەیەوێت سیاسەت بێنەوەرۆک بکات، ئەوان سەلماندیان کە سیاسەت ئەگەر لە خزمەتی خەڵکدا بێت، شەریفترین فۆرمی بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتییە.

خەمی لەدەستدانی ئەم ڕۆڵانە، خەمی هەموو نەتەوەیەکە. ئەوان ئێستا لە حافیزەی مێژوویی نەتەوەی کورددا جێگەی خۆیان کردووەتەوە. ئەرک و بەرپرسیارێتیی قورسی سەرشانی ئازادیخوازان ئەوەیە کە ئەم خەمە گەورەیە بکەنە ئاگاییەکی سیاسیی قووڵ، هاوپێوەندیی نەتەوەیی و کاری بەردەوامی خەباتگێڕانە بۆ جێگیرکردنی دێموکراسی لە ئێران و مسۆگەرکردنی ئازادی بۆ کوردستان.