کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەمیشە قاسملوو، قاسملوو لە هەموو مەتەرێزێکدا

09:35 - 19 پووشپەڕ 2726

عەلی بداغی

٣٧ ساڵ لە تێرۆری د. عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری پێشووتری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران تێ‌دەپەڕێ و ئەگەرچی هێشتا خەباتی سیاسی و نەتەوەیی قوتابییان و هاوسەنگەرانی د. قاسملوو بە دوا مەنزڵی خۆی نەگەیشتووە، بەڵام بە دڵقایمییەوە دەتوانین بڵێین کەم ڕێبەری نەتەوەیی هیندەی قاسملوو لە یاد و بیرەوەریی گەلەکەیاندا بە زیندوویی ماوە. ناوی د. قاسملوو نەک هەر ئەوەی لای نەتەوەکەی بە نەمری ماوەتەوە، بەڵکوو ئەو ناوە و کارنامەی کار و تێکۆشانی ئەو ڕێبەرە ناسێنەری سەرەکیی مێژووی خەبات و خوێنی کورد لەلای بیانییەکانیشە.

د. قاسملوو سەرەڕای ئەوەیکە رێبەرێکی هەڵکەوتەی خەباتی هاوچەرخی کورد لە چوارچێوەی بزووتنەوەی رزگاریخوازانە و میللی-دێموکراتیکی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا بوو، لەهەمان کاتدا تیۆریسییەنێکی شارەزای گۆڕەپانی سیاسییش بوو کە تەئسیر و کاریگەریی ئەندێشەکانی زۆر زوو سنووری رۆژهەڵاتی کوردستانی تێپەڕاند و نەتەنیا هەر لە پارچەکانی دیکەی کوردستاندا بەڵکوو لە ئاستێکی بەرینی نێونەتەوەییدا درەوشایەوە. بەجۆرێک کە تا ئێستا وەک "مۆدێرنیتەی ڕێبەرانی کورد" و وەک "پێغەمبەری ئاشتی" پێناسە کراوە.

خولیای سیاسی و خەباتی د. قاسملوو تەنیا رزگاریی نیشتمان نەبوو، بەڵکوو لە مەودایەکی هەراوتردا خەونی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دێموکراتیک و پێشکەوتنخوازانەی بۆ مرۆڤی کورد و نیشتمانی کوردستان دەدی و بەم پێیەش دیسکۆرسی خەباتی سیاسی و بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی حیزبی دێموکرات و رۆژهەڵاتی کوردستانی لەسەر بنەمایەکی میللی دێموکراتیکانە داڕشت. هەروەک باسیش کرا بەشێکی زۆری نزیکایەتی و دۆستایەتیی ئەو کەسایەتییە سیاسی و مرۆڤدۆستانەی کە ئێستا بەپیری پرسی کوردەوە دێن و لە کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکاندا بەرگری لە مافی کوردان دەکەن، دەگەرێتەوە بۆ هەوڵ و تێکۆشانی بێ وچانی دیپلۆماسیی د. قاسملوو و ئەو کاریگەرییە بەرفراوانە سیاسییەی کە لە مەیدانی سیاسەتی جیهانیدا داینا و وەک میراتێکی بایەخدار لەدوای خۆی بۆ حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی نەتەوەی کورد بەگشتی بەجێی هێشت.

گرینگیی ڕێباز و ئەندێشەکانی د. قاسملوو تەنیا لە چوارچێوەی سەردەمی خۆیدا بەرتەسک نابێتەوە و هەرچی زیاتر بەسەر کاتی شەهیدبوونیدا تێدەپەڕێ، حەقانییەت و گرینگییەکەی زیاتر دەردەکەوێ و خۆ دەنوێنێ.

کاریگەریی دوکتور قاسملوو لەسەر بردنەپێشێی دۆزی کورد نەک هەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بگرە لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش _بەتایبەت باشوور_ ڕوخسارێکی تایبەتیی بە ناوی قاسملوو و مانایەکی تایبەتتری بە کاراکتەری سیاسیی ئەو داوە. قاسملوو کوردستانی لەتوپەتکراو و سنوورە کێشراوەکانی نێو نیشتمانەکەی خۆی دەدی، دوژمنانی نەتەوەکەشی باش ناسیبوو؛ دەیدی کە ڕێژیمەکانی زاڵ بەسەر کوردستان لە هەر کام لە بەشەکانی نیشتمانەکەی چاری کوردەکانی خۆیان ناوێ و چاویان لە کوردی بەشەکانی دیکەیە بۆ گەیشتن بە مەرامەکانیان؛ بۆیەش فێری کردین کە دەکرێ ناکۆکیی دوژمنانی نەتەوەکەت لە بەرژەوەندیی دۆز و سەروەریی پرسی سیاسیتدا بقۆزیتەوە، بەڵام ناکرێ و نابێ لەسەر حسێبی پرس و بەرژەوەندیی کورد لە بەشێکی کوردستان چاوت لە دەسکەوتێک بێ بۆ خۆت!

هەروەک لە بەیاننامەی حیزب بەبۆنەی ساڵیادی تێرۆری د. قاسملوودا هاتووە؛ یەکێک لە تایبەتمەندییە بەرزەکانی د. قاسملوو، بایەخدانی بە شێوە جۆراوجۆرەکانی خەبات بوو. ئەو لەگەڵ ئەوەی ئاشتیخواز بوو و لە هێچ هەوڵێک بۆ چارەسەری پرسی کوردستان بە ڕێگای هێمنانە خۆی نەبوارد، بەڵام بەرگریی چەکدارانە لە نەتەوەکەی لە بەرامبەر شەڕفرۆشی و هێرشی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بۆ هێزی پێشمەرگەی بە ڕەوا دەزانی. لەکاتێکدا بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەی خاوەن هەزاران پێشمەرگەی رێبەرایەتیی دەکرد، لە گرنگیی شێوەکانی دیکەی خەبات لەنێوخۆی ئێران غافڵ نەبوو. هەر بەو ڕادەیەی بایەخی بە خەباتی شێلگیرانەی دژ بە ڕێژیمی ئێران لە نێوخۆی کوردستان دەدا، تێکۆشانی دیپڵۆماسی بە مەبەستی ڕاکێشانی پشتیوانی بۆ ئەو خەباتەی لە دەرەوەی وڵات بەرەوپێش دەبرد. قاسملوو خەباتی تەنیا لە پێشمەرگایەتی و چەکهەڵگرتن بەدژی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا نەدەدیت. گرنگیی مانگرتن و ناڕەزایەتیدەربڕینی کرێکاران لە ڕێوشوێنی چەوسێنەرانەی دامودەزگا حکوومەتییەکان و خاوەنکارەکان، دژایەتیی لاوان لەگەڵ ئەو فۆڕمە لە ژیان کە ڕێژیم دەیهەوێ بەسەریاندا بسەپێنێ؛ خۆڕاگریی هونەرمەندان و نووسەران لە بەرامبەر کولتووری کۆنەپەرستانە و ڕێوشوێنە داسەپاوەکانی حکوومەتی و هەوڵدانیان بۆ پەرەپێدانی هونەر و ئەدەبیاتی پێشکەوتنخوازانە، هیچیان لە بەرچاوی وردبینی ئەو ڕێبەرە ون نەبوون.

قاسملووی مەزن دەیزانی کورد خۆی پەرەم‌پەرەم و پەرتەوازەن، ڕێگای خەبات و چارەسەری پرسەکەشی پڕ «کەند و لەند و گەوە»، بۆیە لەم ڕێگە ئەستەم و دژوارەدا بەدووی دۆست و پارتنەرەوە بوو لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش. بۆ ئەوەش هەگبەکەی پڕ بوو لە مەعنەوییاتی مرۆیی.

کاڕۆل پورنهوبەر، ڕۆژنامەنووس و توێژەر کە هەر ئەمدواییانە نوسخەی نوێی کتێبەکەی لەسەر د. قاسملوو چاپ بۆوە، لە کتێبەکەیدا تیشک دەخاتەسەر ڕێبازی پراگماتیکی د. قاسملوو لە دیپلۆماسیەتی خۆیدا و ئاماژە بە تواناکەی دەکات بۆ کارلێکی کاریگەر لەگەڵ زلهێزەکانی ڕۆژئاوا و ناوچەییدا. ئەو جەخت لەسەر پابەندبوونی د.قاسملوو بە دانوستانی ئاشتیانە دەکات کە سەرەڕای ئەو کەشوهەوای دوژمنکارانەی ڕژێمی ئێران دروستی کردبوو، رەچاوی کرد. کارۆڵ ئاماژە بەوە دەکات کە پەروەردەی ڕۆژئاوایی و ئایدیاڵە دیموکراسییەکانی د.قاسملوو وایلێکرد کە سەرکردەیەکی ناوازە و کاریگەر بێت کە بتوانێت خواستەکانی کورد لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا دەرببڕێت.

شەهید د. قاسملوو هێز و توانای دیپلۆماسی بۆ داکۆکیکردن لە مافی گەلانی چەوساوە بەکار دەهێنا. ژێرارد شالیان، نووسەر و شارەزا لە بواری ژیۆپۆلێتیک بەتایبەتی لە بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکاندا سەبارەت بەم بابەتە دەڵێت: "قاسملوو ڕۆشنبیرێکی درەوشاوەو سیاسەتمەدارێکی لێهاتوو بوو، توانای ئەو لە داڕشتنی دیپلۆماسی و چالاکبوون وایلێکرد لە خەباتی کورد بۆ ئۆتۆنۆمی کەسایەتییەکی ناوازە بێت". پێشینەی ئەکادیمی و پەیوەندی ستراتیژی لەگەڵ ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکان و پابەندبوونی بێوچان بە دانوستانی ئاشتیانە، ئاماژە بە ڕۆڵی گرنگی دیپلۆماسییەتی کاک دوکتور دەکەن.

قاسملووی گەورە هەر دوور نەیدەڕوانی، بەڵکوو ڕوون دەیڕوانی و سیلەی دەگرت. خەباتە ڕەواکەی ئەو کاتە بە سەرکەوتوو دەزانی کە گەیشتبێتە کەنارەکانی ئاشتی و ئارامی. ئەو باوەڕی قووڵی هەم بە مافەکانی نەتەوەکەی و هەم بە پێکەوەژیانی خەڵک و ژیارەکان دی لە تەنیشت یەکتر هەبوو؛ باجی ئەم باوەڕەش هەم بۆ خۆی و هەم بۆ حیزب و نەتەوەکەی گەلێ قورس بوو، و گیانی لەسەر دانا.

دوگماتیزم و چەقبەستن لە بیرکردنەوە و باوەڕەکانی قاسملوودا جێیان نەبوو، ئەو سیاسەتی نەک لەسەر بنەمای تیوریی نەگۆڕ، بەڵکوو لەسەر بنەمای زانست و داتا و لێکدانەوە دەکرد کە هەموویان بگۆڕن. ئەو لە توێی تیۆرییەکاندا بەدوای چارەسەری پرسی نەتەوەکەی نەدەچوو، بەڵكوو قۆڵی لێ هەڵدەکرد و لە مەیدانی کردەوەدا بنیاتی دەنا؛ بۆیەش حیزبەکەی لە سەردەمی بەڕێوەبەریی ئەودا ببووە گەورەترین هێزی کوردی و، هەروەها خاوەن و داهێنەری بنچینەییترین پڕەنسیپ و دەسکەوتە نەتەوەییەکان. لەم سۆنگەیەوە ڕەخنەی ئەو لە ڕابردووی دۆزی نەتەوەکەشی هەر لەپێناو بنیاتنانی داهاتوویەکی گەش بوو.

میراتی د. قاسملوو هەر ئەم بەها و بایەخانە نین کە هێنایە نێو حیزبەکەی و ئێستاش جێی شانازی و فەخرپێکردنن، میراتی قاسملوو وانەکانیەتی بۆ بەردەوامیی خەبات و لە سەنگەردا مانەوە هەتا دواتروپکی سەرکەوتن. ئەو بوو فێری کردین کە دێموکراسی چەند بۆ دابینبوونی مافەکانمان گرینگە، سەربەخۆیی سیاسی و بڕیاردانمان بۆ مانەوەمان بە سەربەرزی چەندە زەروورە و، واقعبینیمان لە سیاسەتدا چەندە پێویست. دەرسی ئەوەی داداین شێلگیر و بوێر بین و لە بڕینی هەڵەمووتەکانی بەرەو ئامانجدا دەستی هیوا بەرنەدەین و ئیمانمان بە سەرکەوتن پتەو بێ. دەرفەت بخوڵقێنین و هەلە ڕەخساوەکان لەکیس خۆمان نەدەین. دەستی خۆمان نەبەستین و چاولەدەستی خەڵکیش نەبین.

زامی لەدەستدانی قاسملووی ڕێبەرمان بەژانە و لەکیسچوونی، ئەویش بە دەستی غەدر و تاوان برینێکی ئاوەڵایە، قەتماغە نابەستێ و لە پووشپەڕی هەموو ساڵێکدا جاڕی ئەم ناعەداڵەتی و بێدادییە دەدا کە دەرحەق بە تێرۆرەکەی ڤییەن کراوە. بۆیە ئەم پەروەندەیە لە ویژدانی مرۆڤایەتی و لە ڕوانگەی ئێمەوە لە دەسەڵاتی دادی ئوتریشیشیدا هەروا کراوە و ئاوەڵایە.

بێگومان قاسملوو مێژوویەکە دەیخوێنینەوە، وانەیەکە فێری دەبینەوە، سەرمەشقێکە هەموو کاتێ لەبەر چاومانە و، ڕێباز و ئامانجێکە کە لە ئاسۆی ڕوانین و لە قووڵایی فەلسەفەی ڕامانەکانیدا پێی دەگەین. لە ئێستاشدا کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژانی شۆڕشێکی نوێ گرتوویەتی، ئەوا دیسان ناو و یاد و وانەکانی قاسملوون باڵیان بەسەر ڕەوتی ڕووداوەکان کێشاوە و ئەوە قاسملوویە وەک ڕێبەر و وەک ڕزگاریدەر -بەهۆی بەها و بایەخە شۆڕشگیڕی و میراتە فکری و مەعریفەییەکەوە- خویا بووە.