
ئیبراهیم لاجانی
هاوینی ئەمساڵ، سی و حەوت ساڵ بەسەر تیرۆرکرانی دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، تێکۆشەری ڕێگای دێموکراسی و ماف و ئازادییەکانی گەلی کورد لە کوردستانی ئێراندا، لەلایەن دیپلۆمات-تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، تێدەپەڕێ. بەو حاڵەش میراتی سیاسی و خەباتگێڕانەی دوکتور قاسملوو، لە ئیلهامبەخشین بە تێکۆشەرانی کورد و داکۆکیکارانی دێموکراسی لە سەرانسەری ئێراندا، هەروا کاریگەر ماوەتەوە.
ڕۆڵی گرنگی دوکتور قاسملوو لە خەباتی گەلی کورددا، بەهیچ جۆر حاشای لێ ناکرێ. ناوبراو وەک ڕێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، نەخشێکی سەرەکی لە داکۆکیکردن لە مافەکانی گەلی کورد لە چوارچێوەی ئێراندا بینی. بەڵام تێکۆشانی ئەو تەنیا هەر لە پێناو ئۆتۆنۆمی بۆ خەڵکی کوردستاندا نەبوو؛ ئامانجی سەرەکی ناوبراو بریتی بوو لە دامەزراندنی سیستەمێکی دێموکراتیک لە ئێراندا، سیستەمێک کە لەوێدا نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی دیکەی پێکهێنەری حەشیمەتی ئەو وڵاتە، مافەکانیان دەستەبەرکرابن و دەرفەتی ئەوەشیان پێ بدرێت لە دامەزراوە دەوڵەتی و نیشتمانییە سەرتاسەرییەکاندا، نوێنەرایەتییەکی عادڵانەیان هەبێت.
لە فەلسەفەی سیاسیی دوکتور قاسملوودا، باوەڕبوون بە ئۆتۆنۆمی و دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری، ئامرازێکە بۆ بەهێزکردنی کۆمەڵگە جۆراوجۆر و فرەگەلییەکان و دڵنیابوون لە دابینبوونی مافە نەتەوەییەکانی نەتەوە بندەستەکان. قاسملوو لەوە تێگەیشتبوو کە دێموکراسی ڕاستەقینە تەنیا کاتێک دەتوانێت گەشە بکات، کە دەسەڵات بەسەر ناوچە جیاوازەکاندا دابەش بکرێ و ڕێگە بە حوکمڕانی ناوچەیی و هەرێمی بدرێت؛ بەجۆرێک کە پێداویستی و خواستەکانی دانیشتووانی ناوچە جۆراوجۆرەکانی وڵات وەبەرچاو بگیرێن.
دوکتور قاسملوو داکۆکیکارێکی سەرسەختی مافی گەلانی چەوساوە بوو، نەک تەنیا هەر کورد، بەڵکوو داکۆکی لە مافەکانی هەموو نەتەوە و گەلە پەراوێزخراوەکانی نێو چوارچێوەی وڵاتی ئێران دەکرد. ئەو خەونی بە دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکەوە دەبینی، کە لەوێدا هەموو نەتەوە و ئایین و کولتوورە جیاوازەکان، بتوانن بە هاوئاهەنگی و دوور لە جیاکاری و هەڵاواردن، لە پێکەوەژیانێکی پڕ لە ئاشتی و تۆلەرانسدا، بەسەر بەرن.
دوکتور قاسملوو جگە لە هەوڵەکانی لە پێناو مافەکانی گەلی کورد لە نێوخۆی ئێراندا، ڕۆڵێکی سەرەکیشی لە پێشخستنی دۆزی کورد لەسەر شانۆی نێودەوڵەتیدا هەبوو. ئەو بەردەوام بۆ هۆشیارکردنەوەی بیروڕای گشتیی دونیا، سەبارەت بە دۆخی نالەباری کورد لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، کار و خەباتی دەکرد. لە هەموو دەرفەتێک بۆ ڕاکێشانی پشتیوانیی سیاسی بۆ خەباتی گەلی کورد و مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسین بۆ نەتەوەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا، کەڵکی وەردەگرت.
دووربینی سیاسی و پێداگریی دوکتور قاسملوو لەسەر دێموکراسی، کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر سیاسەتی ئێرانیش هەبوو. وەک سیاسەتمەدارێکی سێکۆلار و دێموکرات، بە توندی دژایەتیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئایەتوڵڵاکانی دەکرد. ئەو ڕێژیمی ئاخوندی بە مەترسیی بۆ سەر ئازادی, پلۆرالیزمی سیاسی و فەرهەنگی و مافەکانی مرۆڤ دادەنا. بۆیە ناوبراو بەردەوام بۆ یەکخستنی هێزە نیشتمانی و دێموکراتییەکانی ئێران، بە هەموو پێشینە و ڕوانگە سیاسییە جیاوازەکانیانەوە، بۆ ڕاوەستان لە دژی نیزامی سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامی تێدەکۆشا و جەختی لەسەر ئامانجی هاوبەش، واتە دامەزراندنی حکومەتێکی دێموکراتیک و سێکۆلار دەکردەوە.
ئەمڕۆ لە کاتێکدا کە یاد لە دوکتور قاسملووی نەمر دەکەینەوە، زۆر گرنگە لەسەر بەرەوپێشبردنی بیرۆکە و ئامانج و سوننەتی خەباتگێڕانەی ناوبراو پێداگری بکەینەوە. ئاخر لە ئێراندا، کە خەبات بۆ دێموکراسی هەروا بەردەوامە، پڕۆژەی سیاسیی قاسملوو بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی فرەکولتوور، لەسەر بنەمای دێموکراسی، سێکۆلاریزم، لێبوردەیی و مافی مرۆڤ، هەر وەک جاران پرسی ڕۆژە. ئەو گیروگرفتانەی ئێستا ئێران لەگەڵیان دەستەویەخەیە، تەنیا و تەنیا لە ڕێگای دابینبوونی دێموکراسی و دێسانترالیزاسیۆن چارەسەر دەبن.
بۆیە ئەرکی سەرشانمانە، چ کوردەکان و چ هاووڵاتیانی دیکەی ئێران، وەک یەک چالاکانە بۆ بەرزڕاگرتنی ئایدیاڵ و ئامانج و پرەنسیپە سیاسییەکانی دوکتور قاسملوو کار بکەین. ئەمەش دەتوانرێت لە ڕێگای بردنەپێشی خەبات، پەروەردە و بەشداریکردنی چالاکانە لە تێکۆشانی سیاسیدا جێبەجێ بکرێ. پێویستە بۆ دروستکردنی هاوپەیمانی لەگەڵ کەسایەتی و ڕێکخراوە میللی و دێموکراتیکەکان، لە پێناو پێشخستنی دۆزی دێموکراسی و مافی نەتەوە و گەلە بندەستەکان لە ئێراندا، تێبکۆشین.
جگە لەوەش دەبێت بەردەوام بین لەسەر بردنەپێشی ڕوانگە و بۆچوونەکانی دوکتور قاسملوو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا. بە هۆشیارکردنەوەی بیروڕای گشتیی دونیا سەبارەت بە بەرحەقبوونی خەباتی گەلی کورد و سەبارەت بە پێویستیی دامەزراندنی سیستەمێکی دێموکراتیک لە ئێراندا، دەتوانین ئەمڕۆش پشتیوانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئەو پڕۆژەیە ڕاکێشین کە دوکتور قاسملوو کاری لەسەر دەکرد؛ پڕۆژەیەک کە ڕێگاچارەی هەموو ئەو گیروگرفتانەیە کە ئەمڕۆ وڵاتەکەمان بەدەستیانەوە گیرۆدەیە.
لە کوردستان پێویستە میراتی سیاسیی دوکتور قاسملوو بپارێزین، دەوڵەمەندتری بکەین و تێکۆشین لەگەڵ فاکتەر و ئاڵوگۆڕە تازەکان هاوئاهەنگی بکەین. ڕۆڵی قاسملوو وەک سەرکردەیەکی خەباتگێڕ و شێلگیربوونی ناوبراو لەسەر بردنەپێشی دۆزی کورد، وەک سەرچاوەی ئیلهام بۆ نەوەکانی داهاتوو چاوی لێ دەکرێت. لە ڕێگەی یادکردنەوەی بەردەوام، لەڕێگەی دەستپێشخەریی پەروەردەیی و بڵاوکردنەوەی کولتوور و فەرهەنگی سیاسیی قاسملوو، دەتوانین دڵنیا بین لەوەی کە یادی ناوبراو هەمیشە لە دڵماندا زیندووە و ئایدیاڵەکانی لە ڕێنماییکردنی خەباتی ئێمە بەرەو دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی عادڵانەتر، ڕێنیشاندەرمانن.
لە ٣٧مین ساڵی شەهیدبوونی دوکتور قاسملوودا، جارێکی دیکەش جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە تەنیا بە درێژەدان بە خەبات بۆ ئەو پرەنسیپانەی کە ئەو ژیان و گیانی خۆی بۆ بردنەپێشیان تەرخان کرد – دێموکراسی، سێکۆلاریزم، لێبوردەیی و مافی نەتەوە و گەلانی چەوساوەی ئێران، دەتوانین وەفاداری و ئەمەگناسیی خۆمان بەرانبەر خەبات و تێکۆشانی ئەو و هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادی و دێموکراسی نیشان بدەین. تەنیا ئەو کاتە دەتوانین بەڕاستی ئاوات و ئارەزووەکانی قاسملووی نەمر بەدی بهێنین کە سیستەمێکی دێموکراتیک لە ئێراندا دامەزرابێ، بەجۆرێک کە هەموو هاووڵاتییان بە کەرامەت و ڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت و گەلانی ژێر ستەمی ئێران بە مافە ڕەواکانی خۆیان گەیشتبن.
بەرز و بەڕێز بێت یاد و ناوی شەهیدان دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، عەبدوڵڵا قادری ئازەر و دوکتور فازڵ ڕەسووڵ!