
ناسر باباخانی
گەرووی هورمز وەک یەکێک لە زیندووترین و گرنگترین ڕێڕەوەکانی وزە لە جیهاندا، هێشتا وەک چەق و چەقی گرژییە ژێئپپۆلەتیکییەکانە. کۆماری ئیسلامیی ئێران، وەک دەوڵەتێکی یاخی کە چەندین جار ڕێسا نێودەوڵەتییەکانی پێشێل کردووە، ئەم گەرووەی کردووەتە ئامرازی سەرەکیی خۆی بۆ فشارخستنە سەر ئەمریکا و ڕۆژاوا. وەک دەردەکەوێت، ستراتیژیی ئەم ڕێژیمە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمریکادا، بریتییە لە "قەیرانسازیی ئامانجدار" لە ئەمنییەتی وزە و ئابووریی نێودەوڵەتیدا، ئەوەش لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردن یان هەڕەشەکردن لە گەرووی هورمز. ئەم تێڕوانینە نەک هەر تاکتیکێکی نیزامی، بەڵکوو بەشێکە لە دۆکتۆرینی ناهاوسەنگ کە دەخوازێت لە ڕێگەی سەپاندنی تێچوو بەسەر ئابووریی جیهانییەوە، هاوسەنگیی هێز بە قازانجی خۆی بگۆڕێت. بەڵام هەڕەشەکانی ئەم دواییەی سوپای پاسداران دەرخەری ئەوەن کە ئەم ستراتیژییە، زیاتر لەوەی شمشێری دامۆکلیس بێت بەسەر سەری جیهانەوە، بووەتە پاژنەی ئەشیل و خاڵی لاوازی خودی ڕێژیم.
بۆ پاراستنی کارایی "کارتی هورمز"، هەڕەشەکانی سوپای پاسداران چڕتر بوونەتەوە. بەرپرسانی سەربازیی ڕێژیم هۆشدارییان داوە کە ئەگەر هەر ڕێڕوێکی ئاویی دیکە بۆ تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە باشووری گەرووی هورمز، واتا لە کەناراوەکانی عومان بکرێتەوە، دەیکەنە ئامانج. هەروەها جەختیان کردووەتەوە لە ئەگەری گواستنەوەی نەوتی سعوودیە لە ڕێگەی هێڵە بۆرییەکانی ڕۆژهەڵات بۆ ڕۆژاوا، مووشەکەکانی ئێران توانای پێكانی ئەو دامەزراوانەشیان هەیە. موجتەبا خامنەیی لە یەکەم نامەی خۆیدا جەختی لەسەر ئەو خاڵە کردبۆوە کە بابولمەندەبیش -وەک یەکێکی دیکە لە ڕێڕەوە ئاوییە سەرەکییەکانی گواستنەوەی وزە- دەکاتە ئامانج. تەنانەت هێڵی BTC (باکۆ-تفلیس-جەیحان) بۆ گواستنەوەی نەوتی ئازەربایجان بۆ ئیسرائیلیش لەم هەڕەشانە بەدەر نەکراوە. ئەم هەڕەشە بەربڵاوانە، وێنای دەوڵەتێکی یاخی دەکێشن کە پێبەندی هیچ ڕێسایەکی یاریی نێودەوڵەتی لە دەریاکان و ڕێڕەوەکانی وزە نییە و ئامادەیە سەرجەم نەزم و سیستمی وزەی جیهانی بە بارمتە بگرێت.
لە ڕوانگەیەکی تیۆرییەوە، دەکرێت ئەم ڕەفتارە لە چوارچێوەی "بەرگرتنی ناهاوسەنگ"دا (Asymmetric Deterrence) شیکاریی بۆ بکرێت. ڕێژیمی یاخی کە لە باڵادەستیی سەربازیی باوی ئەمریکا دڵنیایە، پەنای بردووەتە بەر ئامرازی هەرزان و ناهاوسەنگ (مووشەک، درۆن، مین و بریکارەکان/پڕۆکسی) تاوەکوو تێچووە ئابووری و سیاسییەکان بۆ لایەنی بەرامبەر بەرز بکاتەوە. ئامانجەکە، خولقاندنی "هاوسەنگیی ترس و تۆقاندنی ئابووری"یە؛ چونکە گرژی و قەیران لە گەرووی هورمزدا نەک هەر نرخی نەوت بەرز دەکاتەوە، بەڵکوو زنجیرەی دابینکردنی جیهانییش پەک دەخات و حکوومەتەکان دەخاتە ژێر گوشاری نێوخۆییەوە. بەڵام ئەم ستراتیژییە لە بنەڕەتدا ناجێگیر و ناسەقامگیرە. هەڕەشەکردن لە جیهان لە ڕێگەی تێکدانی نەزمی وزەوە، لێکەوتەی ئابووریی نالەبار (هەڵاوسان، ڕکوودی ئابووری، قەیرانی دراو و ...) و لێکەوتەی سیاسیی (کۆدەنگیی دژە ئێرانی) لێ دەکەوێتەوە. بۆیە لە درێژخایەندا، ئەم بژاردە سیاسییە ناتوانێت وەک شمشێری دامۆکلیس لە دەستی ئێراندا بمێنێتەوە، بەڵکوو دەبێتە هۆی پێکهاتنی کۆدەنگییەکی جیهانی-هەرێمی دژی کۆماری ئیسلامی. لەم سیناریۆیەدا، ئەمریکا چیتر بەتەنیا نابێت و جیهان لە دژی دەوڵەتێکی یاخی یەک دەگرێت.
هەڕەشە مووشەکی و درۆنییەکانی کۆماری ئیسلامی، دۆکتۆرینی سەربازی، ئەمنییەتی و سیاسیی ناوچەکەی بە تەواوی گۆڕیوە. وڵاتانی ناوچە خەریکی داڕشتنەوەی پێگەی بەرگریی نوێی خۆیانن. هاوپەیمانیی "کۆارتێت" (سعوودیە، پاکستان، میسر، تورکیا + قەتەر) و "هێگزاگۆن" (ئیسرائیل، قوبرس، یۆنان، هیندستان، ئیتیۆپی و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی) نموونەیەک لەم داڕشتنەوەیەن. ئامادەیی مەیدانی و سەربازیی وڵاتانی وەک پاکستان و میسر لە وڵاتانی کەنداودا خاوەن ڕەهەندی مانادارە؛ چونکە هەر هێرشێکی ئێران بۆ سەر ئەم وڵاتانە، ڕاستەوخۆ دەیخاتە بەردەم ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پاکستان و میسردا. فرۆشتنی سیستمەکانی بەرگریی موشەکیی ئیسرائیل بە قەتەر و سعوودیەش، توێژ و ڕەهەندێکی دیکەی بۆ ئەم هاوپەیمانێتییە زیاد کردووە. ئەم هاوپەیمانێتییانە نیشاندەری گواستنەوەن لە "ئەمنییەتی پاسیڤ/ناچالاک"ەوە بەرەو "بەرگریی بەکۆمەڵی پێشوەختە" و ئێران دەخەنە دۆخی گەمارۆدانی ستراتیژییەوە.
خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە کە بەرپرسانی ئەمریکی جەخت لەسەر لاوازبوونی پلە بە پلە و قۆناغ بە قۆناغی کارتەکانی گوشاری سەر ئێران دەکەنەوە. مایکل واڵتز، باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە واشنتۆن لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەبیی دەوروبەری کەنداو، چەندین ڕێوشوێنی جۆراوجۆریان گرتووەتە بەر تاوەکوو توانای مانۆڕ و هێزی گوشاری تاران بە تێپەڕبوونی کات کەم بکەنەوە. ئەو دەڵێت پێویستە ئێران لەوە تێ بگات کە کارتەکانی گوشاری ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لاوازتر دەبن؛ چونکە دەوڵەتانی عەرەبیی کەنداو سەرقاڵی پەرەپێدانی ڕێڕەوی جێگرەوەن بۆ تێپەڕاندن و دۆزینەوەی بەدیل بۆ گەرووی هورمز. واڵتز ئەوەشی زیاد کردووە کە ئەمریکاش بۆ پاراستنی بنکە سەربازییەکانی خۆی لە ناوچەکەدا پلانی داڕشتووە و ڕێوشوێنی نوێ دەگرێتەبەر؛ بە شێوەیەک کە هەندێک لە بنکەکان بەهێزتر دەکرێن، ژمارەیەکیان دەگوازرێنەوە بۆ ژێر زەوی و هندێکیشیان جێگۆرکێیان پێ دەکرێت.
لە ڕوانگەی تیۆریی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە، دەکرێت ڕەفتاری کۆماری ئیسلامی بە "تێڕوانینێکی ڕیڤیژنیستی" (Revisionist Approach / پێداچوونەوەخوازانەی هێزێکی مامناوەندی ناسەقامگیر لێک بدرێتەوە. ئەم ڕێژیمە لە ڕێگەی پێشێلکردنی نەزم و نۆڕمەکانی دەریاوانی و وزەوە هەوڵی گۆڕینی دۆخی هەنووکەیی (Status Quo) دەدات، بەڵام هیچ شەرعییەتێک و هێزی بەردەوامی بۆ سەپاندنی ئیرادەی خۆی نییە. هەڕەشەکردن لە وزەی جیهانی و وڵاتانی دراوسێ، ئێرانی گۆڕیوە بۆ "دەوڵەتێکی تەواو تێکدەر و قەیرانخوڵقێنەر" (Disruptive State) کە ئەمنییەتی هەرێمی دەخاتە مەترسییەوە.
لە گۆشەنیگای تیۆریی ئەمنییەتی ئاڵۆزەوە (Complex Security Theory)، هەڕەشەکانی ئێران نەک هەر ڕەهەندی سەربازی، بەڵکوو ڕەهەندی ئابووری، سیاسی و ژینگەییشیان هەیە. بەردەوامبوونی ئەم سیاسەتانە، "ئەمنییەتی نەرێنی" (Negative Security) بەرهەم دەهێنێت؛ بە جۆرێک کە تەواوی لایەنەکان هەست بە نائارامی و تیکچوونی دۆخی ئارایی دەکەن، بەڵام لەو نێوەدا کارەکتەری دەستپێشخەر و سەرەکی واتە ئێران، خۆی گەورەترین زیانمەند دەبێت. پاژنەی ئەشیل و خاڵی لاوازی ڕێژێمیش ڕێک لێرەدایە؛ بەستراوەیی توندی ئابوورییەکەی بە هەناردەکردنی وزە لە هەمان ئەو ڕێڕەوانەی خۆی هەڕەشەی تێکدانیان دەکات. هەر جۆرە کارکردێکی کردەیی دژی گەرووی هورمز یان ڕێڕەوە جێگرەوەکان، پەرچەکردارێکی زنجیرەیی جیهانی چالاک دەکات کە بەدەر لە تواناکانی ڕێژیم بۆ بەڕێوەبردن و کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکە.
دەرەنجام ئەوەیە گەرووی هورمز بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران، نەک هەر شمشێرێکی بۆ بڕین نییە، بەڵکوو چەکێکی دوودەمە. ستراتیژیی تێکدانی ئەمنییەتی وزە، لە کورتخایەندا ڕەنگە جۆرێک لە گوشار دروست بکات، بەڵام لە درێژخایاندا کۆدەنگیی دژە ئێرانی بەهێزتر، هاوپەیمانێتییە نوێیەکانی ناوچەکە جێگیرتر و درز و کەرتبوونە نێوخۆییەکانی ڕێژیمیش قووڵتر دەکاتەوە. ئەو دەوڵەتە یاخییەی بڕوای بە نۆڕم و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان نییە، لە کۆتاییدا خۆی لە گۆشەگیرییەکی ڕەهادا دەبینێتەوە. پێویستە جیهان لە ڕێگەی بەهێزکردنی ڕێڕەوە جێگرەوەکانی وزە، هاوپەیمانێتییە بەرگرییەکان و فشارە هۆشمەندەکانەوە، ئەوە نیشان بدات کە سەرکێشییە گرژیخوڵقێنەکان تێچوویەکی تاقەتپڕووکێن و ناتەبایان هەیە. تا ئەو کاتە، گەرووی هورمز وەک هەڕەشەیەک بەسەر سەری هەمووانەوە هەڵواسراو دەمێنێتەوە، بەڵام شمشێری ڕاستەقینە بەسەر سەری خودی ڕێژیمە یاخییەکەوەیە.