کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەلۆ؛ شێعری دڵداری یان زمانحاڵی بەرگری و خۆڕاگری نەتەوەیەک!

10:34 - 25 پووشپەڕ 2726

هێمن مەردانی

بەندی بەناوبانگی کوردی "گەلۆ"، یەکێک لە ناسراوترین دەقەکانی ئەدەبی زارەکیی کوردییە کە لە پێشدا، هەروەک زۆربەی هۆنراوە کلاسیکییەکان، وەک دەقێکی دڵداری و عاشقانە دێتە بەرچاو. بەڵام پاش تێڕامانێکی زۆرتر و وردبینانەتر، ئەو بەرهەمە بانتر و بەرەوژوورتر لە دەربڕینێکی هەستەکیی سادە و ساکار، دەبێتە دەقێکی فرەڕەهەند کە تێیدا خۆشەویستی، ژان، یادەوەری و شوناس ئاوێتەی یەکترین بوون و بە شێوازێکی جوان و زەریف، جۆرە گوتارێکی بەرگریی فەرهەنگی پێکدەهێنن و شەقڵی دەدەن.

ئەو هۆنراوەیە بێژەرەکەی نەناسراوە. هەروەک لە نەریتی ئەدەبی زارەکیدا باوە، لە ئێستادا هەندێک دەقی جۆراوجۆرمان لەو هۆنراوەیە لەبەر دەستدا هەیە. لە گێڕانەوەی دەقی بەردەستی ئێمەدا، بێژەرە نەناسراوەکە، چەقی هۆنراوەکە لەسەر ئەوە بنیات دەنێت کە دانەر یان هۆنەری گەلۆ، ئەوە داد و بێدادی گەلی خۆیەتی دەیکات و پەرتەوازەبوون و نەبوونی یەکیەتیی لە نێو کورداندا بە زمانی خوازە و وێکچواندن دەردەبڕێت. لەو ڕوانگەیەوە دەکرێ بڵێی کە "گەلۆ"کان بە تەنیا شت یان بەرهەمێکی سروشتی نین، بگرە وەک نوێنەر و هێمای کۆمەڵگەیەکی لێک‌بڵاو و بێسوباتن کە وێڵ و عەوداڵن بە شوێن مانا و یەکگرتنەوەدا.

لە هەندێک لە نوسخە و دەقەکانی دواتردا، ئەو هێمایانە بە ڕوانینی ئایینیی ئیسلامیی سەرلەنوێ داڕشتراونەتەوە، بە جۆرێک کە سەرتۆپی گەلۆکان بە پێغەمبەری ئیسلام و خاڵی گۆنای شیرین لەیلا، بە سیمای محەممەد وێک‌چوێندراون. بەڵام ئەو جۆرە خوێندنەوانە دەکرێ وەک جۆرە خوێندنەوەیەکی پلە دووهەم و ئایدیۆلۆژی چاو لێ بکرێن کە لە بەستێنی مێژوویی بەئیسلامکردنی بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگەی کوردی شەقڵیان وەرگرتووە. لە بەرامبەریشدا، بەڵگە زمانی، وێنەیی و حەماسییەکانی دەقی مەبەستمان، ئەوە نیشان دەدەن کە "گەلۆ" بە ئەگەری زۆر دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمەکانی بەر لە پەرەسەندنی ئیسلام لە کوردستان؛ بۆ وێنە سەردەمی ساسانی، ئەشکانی یان تەنانەت مادی و ماناییش، کە دواتر لە بەستێنەکانی فەرهەنگی نوێدا، سەرلەنوێ داڕشتن و تەفسیری نوێیان بۆ کردوون و بەشێک لە ئەسڵی دەقەکەیان گۆڕانکاری تێدا کردووە.

بۆیە هەر لەو ڕوانگەیەوە، دەتوانین و دەکارین کە بەندی "گەلۆ" بە بەرکوڵێک لەو دەقە جۆراوجۆرانە دابنێین کە بە درێژایی زەمەن، کۆمەڵێک چین و ڕەهەندی مانایی تری پێوە زیاد بووە، بێ ئەوەی کاکڵی سەرەکیی ئەو، یانی دەربڕینی ژان، خۆشەویستی و گەڕان بە دوای مانادا، لەناو بچێت.

ژانی تاکەکان، زمانحاڵی کۆمەڵانی خەڵک

یەکێک لە خەسڵەتە تایبەتەکانی ئەو هۆنراوەیە، شێوازی دەستپێکردنیەتی بە بانگ‌هەڵهێنانی چەندپاتە کراوە:

"ئەمن بانگێکم وەبەر خودای... بانگی دووهەمم وەبەر حەزرەتی ڕەسوڵەڵایە... بانگی سێهەمم وەبەر ئەو غەوسەی ئەگەر لەنگەری ڕادەگرتەوە لە بەغدایە..."

ئەو داڕشتەیە، ئەزموونێکی تاکەکەسی، ژان، چاوەڕوانی و دڵەڕاوکێ بەرز دەکاتەوە بۆ ئاستی هەراوی کۆمەڵانی خەڵک و هەروەها ئاستی ڕێگەپێدراو. لە ڕاستیدا، بێژەر بە جێکردنەوەی خۆی لە نێو تۆڕێک لە ئیرجاعاتی قودسی، دەنگی خۆی هەڵدەبڕێ و بەرز دەکاتەوە. لە ڕوانگەی تیۆرییەوە، دەکرێ ئەو شتە، بە جۆرە وەڵامێک بۆ ئەو پرسیارەی سپیڤاک دابنێین کە دەیهێنێتە گۆڕێ: سووژەکانی هەڵکەوتوو کە لە قەراغ و پەڕاوێزدا، چلۆن دەتوانن دەنگ هەڵبڕن و ببیسترێن؟ لە بەندی "گەلۆ"دا، سووژە نەک هەر قسە دەکات، بگرە بە دەکارکردنی فۆرمگەلی ئایینی و دووپاتە، دەنگی خۆی تۆمار و جێگیر دەکات.

دووپاتە بە واتای خۆڕاگری

واتای سەربەندی "من سەرگەردانی ئەوان شەدە شلانم..." کە بە جاران لە نێو دەقەکەدا دووپات دەبێتەوە، دەور و نەخشی سەرەکی لە داڕشتی هۆنراوەکەدا هەیە. ئەو دووپاتەیییە، لە ئاستێکی سادە و ساکاردا، یەکگرتوویی و نەزمی دەقەکە دەپارێزێت؛ بەڵام لە ئاستێکی قووڵتریشدا، جۆرە ڕێگریکردنێکە لە فەرامۆشکردن و لەبیرچوونەوە.

لە فەرهەنگ و کولتوورە زارەکییەکاندا، دووپاتکردنەوە یان دووپاتبوونەوە ئامرازی پاراستنی یادەوەرییە، بەڵام لێرەدا، دووپاتەیی دەبێتە کردەیەکی خۆڕاگری: سووژە بە باسکردنی چەندپاتەیی دۆخی خۆی، ڕێگە نادات کە ژان و زامەکانی لەبیر بکرێن و لەناو بچن. ئەمە ڕێک هەمان ئەو شتەیە کە دەکرێ پێی بڵێین "جوانیناسیی مانەوە"، یانی خۆڕاگری و خۆبەدەستەوەنەدان لە ڕێی زمانەوە.

جەستە بە واتای جیهان

لە بەشە جۆربەجۆرەکانی "گەلۆ"دا، جەستەی کیژۆڵەی حەیران، بە زنجیرەیەک لە وێنەکان نیشان دەدرێت: سينگی وەکوو بەفر، ددانی وەک مرواری، لێوی ئاورێشم و ئەبرۆی کەوانی. بەڵام ئەو وەسف و شەرحانە بە تەنیا شاعیرانە و عاشقانە نین. جەستە لێرەدا دەبێتە نەخشەیەکی فەرهەنگی. ڕەگەز و توخمگەلی سروشتی، بازرگانی و جوگرافی لەنێو جەستەی یارکۆڵە و کیژۆڵەی حەیراندا کۆ دەبنەوە و بەم چەشنە، جەستە دەکرێتە شوێنی پێگەیشتنەوەی جیهان.

لە گۆشەنیگای پۆست-کۆلۆنیالیزمەوە، ئەم شتە گرینگایەتیی خۆی هەیە، چونکە لە زۆرێک لە داڕشتنەکانی دەسەڵاتدا، جەستەی "ئەویتر" بە شێوەی بابەتێکی لەژێر کۆنترۆڵ، چاوەدێری و نەزمهەڵگر نیشان دەدرێتەوە؛ ئەو جۆرەی کە فۆکۆ دەری دەخات جەستەکان لە چوارچێوەی گوتارەکانی دەسەڵاتدا دەبنە گۆڕەپانی نەزم، چاوەدێری و مانادانان.

لە بەرامبەردا، "گەلۆ" ئەو جەستەیە وێنا دەکات کە ئاڵۆزکاو، فرەڕەهەند و دارماڵ لە مانایە؛ جەستەیەک کە لە لۆژیکی دەسەڵات ڕادەکات و بە واتای هەڵگری فەرهەنگ، یادەوەری و خەیاڵی بەکۆمەڵ، هەمدیسان مانا و پێناسە دەکرێتەوە.

سروشت، تەمسیل و ڕەخنەی ناجێگیری

یەکێک لە بەشە سەرنجڕاکێشەکانی دەقەکە، وتووێژی گوڵەکان و بای شەماڵە. گوڵەکان باس و وەسفی جوانیی خۆیان دەکەن، بەڵام بای شەماڵ، وەبیریان دێنێتەوە کە ئەو جوانی و چەلەنگییە کورتخایەنە و هەرمان نییە، و بێ بارانبارین هەموویان سیس دەبن و دەژاکێن.

دەکرێ ئەو بەشە وەکوو تەمسیلێک دابنێین کە تێیدا سروشت بە زمانی پەروەردەیی دێتە گۆ. پەیامی سەرەکی، ناجێگیربوون و بەستراوەییە. بەڵام لە ئاستێکی تردا، ئەو تەمسیلە دەتوانێ ئاماژەیەکیش بێت بۆ دۆخی مرۆڤایەتی: کۆمەڵگەیەک کە بێ هەبوونی پێوەندی و پشتیوانی لە مەترسیی داڕمان و لەناوچووندایە. ئەو خوێندنەوەیە لەتەک گێڕانەوەی حەمەدی ئاغای هاوڕێدا دەگونجێت کە پێی وایە گوڵەکان هێما و نوێنەرانی کۆمەڵگەی کوردەوارین لێرەدا.

خۆشەویستی بە واتای بەرگری و خۆڕاگری

لە سەرلەبەری دەقی "گەلۆ"دا، ژان و خۆشەویستی تێک ئاڵاون. بێژەر باس لە ژانەسەر، دڵی بێ‌ئۆقرە و چاوەڕوانی دەکات، بەڵام قەت بێدەنگ نابێت و دەنگی خۆی هەڵدەبڕێت. ئەو بەردەوامییە جۆرێک لە خۆڕاگریی سۆزداری و عاتیفیشە هاوکات. کەواتە، لێرەدا، بابەتی خۆشەویستی بە تەنیا هەست نییە؛ بەڵکوو هێزێکە کە سووژە لە هەمبەر داڕمان و تێداچوون دەپارێزێت. هەروەک فانون ئاماژەی پێدەکات، خۆڕاگری هەموو کات لە چوارچێوەی کردەی سیاسیدا دەرناکەوێت و خۆی نانوێنێت، بگرە دەتوانێ لە ئاستی فەرهەنگ و هەست و سۆزیشدا لە خۆی کردەوە نیشان بدات.

مێژووی شاراوەی هۆنراوەکە

یەکێک لە خاڵە گرنگەکان لەمەڕ "گەلۆ"، دەگەڕێتەوە بۆ ناڕوونیی بەرچاو و تاریکیی زەمەنی هۆنینەوەی ئەو بەندە. هەروەک سەرچاوە جۆراوجۆرەکان ئاماژەی پێدەکەن مێژووی وردی ئەو هۆنراوەیە دیاری نییە و بە ئەگەری زۆرەوە سەر بە سەردەمە زۆر زووەکانە. لە گێڕانەوەیەکی تردا دەوترێ کە ئەو هۆنراوەیە وەک وەڵام و کاردانەوەیەک بۆ بەدیلگیران و یەخسیرکردنی کیژە کوردێک لە لایەن حاکمێکی زۆردارەوە، هۆنراوەتەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم گێڕانەوانە جۆربەجۆرن بەڵام لە یەک خاڵدا هاوبەشن: گشتیان پێداگری دەکەن لەسەر جۆرە ژان و دەردێکی بەکۆمەڵ و مێژوویی لە نێوان دێڕ و تاکە بەیتەکانی ئەم هۆنراوەیە. هەر بەم هۆیەوە، دەکرێ "گەلۆ" وەک دەقێک دابنێین کە تێیدا مێژوو بە شێوازێکی ڕاستەڕێ و ڕاستەوخۆ ناگێڕدرێتەوە بەڵکوو لە چوارچێوەی خوازە، وێنە و هەست و سۆزەوە بوونی هەیە.

پاشبار: دەنگ و سەدای کپ‌نەکراو و نەکوژاوە

لە کۆتاییدا ناکرێ و ناتوانین ئێمە ئەم دەقە بەس وەکوو هۆنراوە و بەندێکی ئاشقانە و دڵداری پێناسە بکەین و لێی بڕوانین. ئەم هۆنراوەیە دەقێکە کە تێیدا ئەوین و خۆشەویستی دەبێتە هەوێنی زمانی خۆڕاگری و بەرگری. ڕەگەز و خەسڵەتی دووپاتەیی جێ بە یادەوەریی بەکۆمەڵ و گشتی لێژ دەکات و شوێنپێی ئەو دەگرێتەوە، وە جەستە و سروشت دەبنە هێما و نوێنەرانی شوناس و پێناسی فەرهەنگی.

لە دنیایەکدا کە زۆربەی دەنگەکان دەخرێنە پەراوێزەوە، "گەلۆ" وێنەیەکی بەرچاو و دیارە لەوەی کە چۆن دەقێکی ئەدەبیی زارەکی دەتوانێ بێ دروشمدان، و بێ دەرکردنی بەیاننامە و بگرە تەنیا لە ڕێگەی جوانیناسانەی خۆیەوە بە شێوەیەکی قووڵ و کاریگەر دەست بداتە خۆڕاگری و بەرگریکردنەوە.