
حەسەن قارەمانی
لە سیاسەتدا زمان هەرگیز بێلایەن نییە. هەموو هەڵبژاردنێکی وشە، ڕەنگدانەوەی دنیابینییەکە و خاڵی دەستپێکی ئایدیۆلۆژی و ئامانجێکی ستراتیژییە. هەر بۆیە بە ڕێکەوت نییە کە بزووتنەوە سیاسییەکان گرنگییەکی زۆر بە چۆنیەتیی وەسفکردنی دەوڵەت، حکوومەت و نەتەوەکان دەدەن. ڕەنگە زاراوەگەلێکی وەک «ئێران»، «کۆماری ئیسلامیی ئێران»، «دەوڵەتی ئێران»، «ڕێژیمی تاران» یان «گەلی ئێران» لە یەکەم نیگادا وەک هاوواتا دەربکەون، بەڵام لە ڕاستیدا نوێنەرایەتیی دیدگای سیاسی و فەلسەفیی جیاواز دەکەن.
بۆ گەلی کورد ئەم پرسە بەتایبەتی گرنگە؛ کوردستان هێشتا لەنێوان چەند دەوڵەتێکدا دابەش بووە و کورد لەمێژە لەگەڵ دەرئەنجامەکانی ناسیۆنالیزم، سیاسەتی ناوەندگەرایی و بەکوردنەمان (ئاسمیلەکردن)ـی دەوڵەتەکان ژیاوە. هەر بۆیە پێویستە ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان و ڕۆشنبیرانی کورد، بەتایبەتی ئاگاداری کارکردی سیاسیی زمان بن. وشەکان تەنیا چیرۆک لەبارەی مێژووەوە دروست ناکەن، بەڵکوو کاریگەرییان لەسەر ئەگەرە سیاسییەکانی داهاتووش هەیە.
جیاوازیی دەوڵەت و حکوومەت
لە زانستی سیاسەتدا، جیاوازییەکی ڕوون لەنێوان «دەوڵەت» و «حکوومەت»ـدا دەکرێت کە لە ئێستادا دەسەڵاتی سیاسی بەڕێوە دەبات. دەوڵەت دامەزراوەیەکی هەمیشەیی و خاوەن خاک، دانیشتووان، یاسادانان و پێگەی یاساییی نێودەوڵەتییە. لەبەرامبەردا، حکوومەتەکان کاتین؛ بە شۆڕش، هەڵبژاردن، کودەتا یان هەر گۆڕانکارییەکی تری دەسەڵات، دێن و دەڕۆن.
ئەمە بەو مانایەیە کە گۆڕینی حکوومەت، شوناسی دەوڵەت ناگۆڕێت. فەڕانسە بە فەڕانسە دەمێنێتەوە، بێ گوێدانە ئەوەی کە وڵاتەکە لەلایەن ڕاستڕەوەکانەوە بەڕێوە دەبرێت یان چەپڕەوەکان. ئەمریکا لە کاتی گۆڕینی سەرۆکیشدا، هەر وەک ئەمریکا دەمێنێتەوە. بەهەمان شێوە، ئێران وەک دەوڵەت دەمێنێتەوە، بێ گوێدانە ئەوەی کە ئایا ئەو وڵاتە لەلایەن دەسەڵاتی پاشایەتی، کۆماری ئیسلامی یان هەر حکوومەتێکی داهاتووی دێموکراتیکەوە بەڕێوە دەبرێت.
گوتاری سیاسی دەوروبەری ئێران
لەم ساڵانەی دواییدا، هەندێک ئەکتەری سیاسی؛ چ لە نێو گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران و چ لەنێو پارتە سیاسییەکانی کوردستان کە چوارچێوەی بەشێک لە مشتومڕی سیاسیی کورد پێک دەهێنن، زیاتر لەبری «ئێران»، دەربڕینگەلی وەک «کۆماری ئیسلامی» یان «ڕژێم لە تاران»-یان بەکار هێناوە. زۆرجار ئامانج لێی جیابوونەوەیەکی ڕوونە لە دەزگای ئێستای دەسەڵات.
ڕەخنەگرتن لە ڕژێمێکی پاوانخواز، هەم ڕەوا و هەم پێویستە. کێشەکە کاتێک سەرهەڵدەدات کە ئەم ستراتیژییە زمانەوانییە بە شێوەیەکی ناگونجاو بەکار بهێنرێت یان دەرەنجامی سیاسیی نەخوازراوی لێ بکەوێتەوە.
ئەگەر مرۆڤ بە بەردەوامی خۆی لە وشەی «ئێران» بەدوور بگرێت، مەترسیی دروستکردنی ئەو وێنەیە دێتە ئاراوە کە گوایە دەوڵەت خۆی بێلایەن یان بێتاوانە؛ لەکاتێکدا تەنیا حکوومەتی ئێستا بەرپرسیارێتیی ململانێ مێژوویی و هاوچەرخەکان لە ئەستۆ ناگرێت. وەها ڕێبازێک، واقیع سادە دەکاتەوە و شیکردنەوەی ئەو پێکهاتانەی کە لەژێر ڕژێمە جیاوازەکاندا هەبوون، ئاڵۆزتر دەکات.
ئەزموونە مێژووییەکان
ئەزموونەکانی کورد ئەوە دەردەخەن کە زۆرێک لە بەرفراوانترین ڕێوشوێنە سەرکوتگەرییەکان لە کۆماری ئیسلامییەوە دەستیان پێنەکردووە.
لە سەردەمی دەسەڵاتی پەهلەویدا، پڕۆژەی ناوەندگەرایی بەرفراوان، قەدەغەکردنی زمانی کوردی لە بوارە جیاجیاکانی کۆمەڵگادا و پەلاماری سەربازی بۆ سەر بزووتنەوە کوردییەکان جێبەجێ دەکرا. کۆماری ئیسلامییش پاش شۆڕشی ١٩٧٩، بە ڕێکار و شێوازی جیاواز، بەڵام زۆرجار بە هەمان ئامانجەوە بەردەوامی بەو سیاسەتە دا: پاراستنی یەکپارچەیی خاک و بەرتەسککردنەوەی داخوازییەکانی نەتەوەکانی دیکە بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان.
ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەو دوو سیستەمە وەک یەکن؛ لە ڕووی ئایدیۆلۆژی، دامەزراوەیی و سیاسییەوە لێک جیاوازن. بەڵام لە ڕوانگەی کوردییەوە، بەردەوامییەکی بەرچاو لە تێڕوانینی دەوڵەتدا بەرامبەر بە فرەچەشنیی نەتەوەیی بەدی دەکرێت. هەر بۆیە، لە ڕووی مێژووییەوە گونجاو نییە هەموو ململانێکان تەنیا بە دەرەنجامی ئەم دەسەڵاتەی ئێستا لە قەڵەم بدەین.
بەراوردکارییە نێودەوڵەتییەکان
سیاسەتی نێودەوڵەتی، چەند نموونەیەکی ڕوونی چۆنیەتیی کارکردنی زمان دەخاتە ڕوو.
کاتێک ئەمریکا بەشداریی شەڕێک دەکات، میدیاکانی جیهان بەزۆری باس لە «ئەمریکا» دەکەن، نەک ئەو ئیدارە تایبەتەی کە بەڕێکەوت لە دەسەڵاتدایە. کەس بە شێوەیەکی ڕۆتینی ناڵێت: «ئیدارەی بۆش، ئۆباما یان ترەمپ عێراقی داگیر کردووە»، ئەگەر مەبەست لە وەسفکردنی دەوڵەت بێت وەک ئەکتەرێکی نێودەوڵەتی.
بە هەمان شێوە، کاتێک ئیسرائیل لە ڕووی سەربازییەوە هەڵسوکەوت دەکات، ناوی دەوڵەتەکە بەکاردەهێنرێت، هەرچەندە بێگومان دەکرێت ڕەخنە لە حکوومەتی ئێستای بگیرێت. خەڵک لە کاتی شیکردنەوەی بەرپرسیارێتیی سەرکردایەتیی سیاسیدا، هەر باسی «ئیسرائیل» دەکەن. ئەمە بەو مانایە نییە کە حکوومەتەکان بێبایەخن؛ بە پێچەوانەوە، لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا دەوڵەت ئەکتەری سەرەکییە.
یەکدەنگی لە شیکاریی سیاسیدا
ئەگەر بگوترێت نابێت هەرگیز باس لە "ئێران" بکرێت بەبێ ئەوەی "کۆماری ئیسلامی" وەک جێگرەوەی ناوی بێت، ئەوا پرسیارێکی ژیرانە دێتە ئاراوە: ئەگەر ڕۆژێک کۆماری ئیسلامی ڕووخا، هەمان ئەو خەڵکە چۆن مەبەستی خۆیان دەردەبڕن؟
بۆ نموونە، ئەگەر لە داهاتوودا سیستەمێکی پاشایەتی یان هەر حکوومەتێکی دیکە دامەزرا و ئێران لە ململانێیەکی سیاسی یان سەربازیدا لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ وەک عێراق، تورکیە یان ئازەربایجاندا کەوتەوە، ئایا دیسان هەمان خەڵک دەڵێن "حکوومەتی نوێی تاران" لە شەڕدایە؟ یان جارێکی تر وشەی «ئێران» بەکاردەهێننەوە؟
ئەم پرسیارە سەبارەت بە ماناسازی نییە، بەڵکوو پەیوەستە بە یەکدەنگیی شیکارییەوە. تیۆریی سیاسی دەبێت هەمیشە کارپێکراو بێت، بێ گوێدانە ئەوەی کام حکوومەت لە دەسەڵاتدایە.
بەرپرسیارێتیی بزووتنەوەی کوردی
بزووتنەوەی نەتەوەییی کورد، زیاتر لە سەدەیەکە خەبات بۆ دێموکراسی، مافی مرۆڤ و داننان بە مافە بەکۆمەڵەکانی گەلی کورد دەکات. هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە، پێویستە بە دیسیپلینێکی فیکریی بەرز تایبەتمەند بێت.
بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی کە خۆی داوای ڕێزگرتن لە ناسنامەکەی دەکات، پێویستە زمانێکیش پەرە پێ بدات کە لەسەر بنەمای وردبینی، زانینی مێژوویی و یەکگرتوویی شیکاری دامەزرابێت. سادەکردنەوەی ڕیتۆریک (هونەری قسەکردن و وتاردان)، هەندێک جار دەکرێت دەستکەوتی سیاسیی کورتخایەن بەدی بهێنێت، بەڵام مەترسیی لاوازبوونی متمانەی درێژخایەنیشی لێ دەکەوێتەوە.
ئەرکی ئایدیۆلۆژیی زمان
زمان هەرگیز تەنیا ئامرازێک نییە بۆ گەیاندنی پەیام، بەڵکوو وەک ئامرازێکی سیاسییش کار دەکات. شەرعییەت لە ڕێگەی وشەوە دادەمەزرێت. ناسنامەکان لە ڕێگەی وشەکانەوە لە قاڵب دەدرێن. وشەکان پێناسەی ئەوە دەکەن کە کێ بە قوربانی، کێ بە تاوانبار و کێ بە نوێنەری گەل دادەنرێت.
بۆیە دەبێ هەر نووسەرێکی سیاسی یان وتەبێژی حیزبەکان لەخۆی بپرسێت: بەکارهێنانی دیاریکراوی زمان، چی دەرئەنجامێکی لێ دەکەوێتەوە؟ کاتێک دەوڵەت و حکوومەت تێکەڵ بە یەک دەبن، مەترسیی ئەوە هەیە کە شیکارییەکە سادە بکرێتەوە. بەڵام کاتێک دەوڵەت و حکوومەت لە یەکتر جیا دەکرێنەوە، دەکرێت لە یەک کاتدا ڕەخنە لە دەسەڵات بگیرێت و شیکاریی ئەو پێکهاتە مێژووییە قووڵانەش بکرێت کە کاریگەرییان لەسەر پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و نەتەوە جیاوازەکانە.
بۆ بزووتنەوەی کوردی، کە دەمێکە ناچار بووە بەرگری لە مێژووی خۆی بکات لە بەرامبەر پڕوپاگەندە و نکوڵیکردن، ئەمە بەتایبەتی گرنگە. متمانەپێکراوی ئێمە نەک تەنیا بە هێزی داواکارییەکانمان، بەڵکوو بە کوالێتیی شیکارییەکانمان دیاری دەکرێت.
زمانێک بۆ بەهێزکردنی خەباتی دێموکراسی
کورد زۆرجار داوای لە جیهانی دەرەوە کردووە کە گوێ بۆ ڕاستییەکان شل بکەن، نەک پڕوپاگەندە. پێویستە ئێمەش هەر هەمان بنەما بۆ خۆمان جێبەجێ بکەین.
پێویستە لە زمانێک کەڵک وەربگرین کە پشت بە بەڵگەی سەلمێنراو ببەستێت، یەکگرتوو بێت و لە ڕووی فیکرییەوە خاوەن بەرنامەیەکی ڕوون بێت. ڕەخنەگرتن لە کۆماری ئیسلامی، کاتێک باس لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، سەرکوتی سیاسی و نکۆڵیکردن لە مافە نەتەوەییەکان دەکرێت، کارێکی پێویستە. لە هەمان کاتدا، دەبێت ئەو شیکارییە بە ڕوونی جیاوازی لە نێوان «دەوڵەت»، «حکوومەت» و «کۆمەڵگە» بکات. ئەم جیاکارییە ڕەخنەکە لاواز ناکات، بەڵکوو بەهێزتری دەکات.
کۆتایی
خەباتی سیاسی تەنیا بەستراوە بە خاک، دامەزراوە و دەسەڵاتەوە نییە، بەڵکوو پەیوەندییەکی قووڵیشی بە وشەکانەوە هەیە. زمان تێگەیشتنی خەڵک بۆ مێژوو ڕێک دەخات و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر تێڕوانینیان بۆ داهاتوو دەبێت.
بۆ کورد، کە زۆرجار مێژووەکەی شێوێنراوە یان پەراوێز خراوە، بەکارهێنانی زمانی ورد، تەنیا ئارەزوویەکی ئەکادیمی نییە، بەڵکوو پێویستییەکی سیاسییە. لەبەر ئەوە، پێویستە هەموو بابەت، وتار و شیکارییەکی گشتی، بە وردبینی، هۆشیاریی مێژوویی و یەکگرتوویی فیکرییەوە ئامادە بکرێت.
کاتێک دەنووسین، نابێت ڕێگە بدەین هەستی سیاسیی ساتەوەختەکان، شێوازی هەڵبژاردنی وشەکانمان دیاری بکات؛ بەڵکوو دەبێ هەوڵ بدەین زمانێک بەکار بهێنین کە وردبینیی زانستی لەگەڵ ڕوونیی سیاسی تێکەڵ بکات. تەنیا لەو کاتەدا ئارگیومێنتەکانمان متمانەی درێژخایەن بەدەست دەهێنن و دەبنە بەشێک لە تێگەیشتنێکی قووڵتر بۆ ئەو پرسانەی کە بە ئایندەی کوردستانەوە بەستراونەتەوە.
بزووتنەوەی نەتەوەییی پێگەیشتوو، نەک هەر بە ئازایەتی لە خەباتدا، بەڵکوو بە ئازایەتی لە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، شیکاریی ورد و دەربڕینی ڕوونی ئەو ڕاستییانەوە دەناسرێتەوە کە مێژووی داهاتوو داوای دەکات.