
برایم چووکەڵی
"من بە یادی ئەو هەڵۆیەی کەم ژیاوە بوومە باڵ
ڕوو لە بەرزی هەر دەژیم تاکوو هەناوی ئاسمان..."
کەم نین ئەو لاوانەی کورد بە تەمەنی کەمەوە دێنە ڕیزی خەباتەوە و مخابن گوڵی تەمەنیان زوو دەژاکێ و دەچنە ڕیزی کاروانی نەمرانەوە. لە نێو ئەستێرە گەشاوەکانی ڕێی خەبات و لە هەگبەی شاخ و شۆڕشی ئەم ژمارەیەدا و لە کاروانی شەهیدان لە مەڵبەندی شاری شنۆدا، یادی فەرماندەی بەتوانا و خۆشەویست، لاوی ئازا و فیداکار شەهید سەید لەتیفی حوسێنی دەکەینەوە.
شەهید لەتیف حوسێنی ساڵی ١٣٤٠ لە گوندی مەلاعیسا لە ناوچەی دەشتەبێڵی شنۆ، لە بنەماڵەیەکی مامناوەندیی نیشتمانپەروەر لەدایک بوو. هەر بەهۆی کوێرەوەری و مەینەتبەشیی ئەوکان، توانی تا پۆلی ٥ی سەرەتایی دەرس بخوێنێ. بەرەبەرە کە گەورە بوو، زیاتر لە نێو خەڵک خۆشەویستتر دەبوو، بەو تەمەنە کەمەوە یارمەتیی خەڵکی دەدا، چونکە هەوڵی دەدا ئەوەی لەدەستی بێت بۆ بەهاناوەچوونی خەڵک دریغی لێ نەکات.
ساڵی ١٣٥٧ گەلانی ئێران لە چنگ زوڵم و زۆریی نیزامی پاشایەتیی پەهلەوی ڕزگاریان بوو. ئەو وای بیر دەکردەوە ئەو زوڵم و زۆرە کۆتایی دێت و نەتەوەکەی بە سەربەستی دەژی؛ بەڵام ڕێژیمێکی دیکە و زۆردارتر لە ڕێژیمی پێشوو دەسەڵاتی ئێرانی بەدەستەوە گرت. بە دەستپێکردنی تێکۆشانی ئاشکرای حیزب لە شاری شنۆ، سەید لەتیف ئەستێرەیەکی گەشاوەی هەست پێ کرد، بۆیە ئاواتەکانی خۆی و نەتەوەکەی لە بەرنامەی حیزبی دێموکراتدا دیتەوە. بێ سێودوو کردن، لە سەرەتای ساڵی ١٣٥٨ هاتە ڕیزی تێکۆشەرانی دێموکراتەوە و لە هێزی سمکۆی ئەوکاندا سازمان درا؛ بەم جۆرە قۆناغێکی تازە لە ژیانی سەید لەتیف دەستی پێ کرد.
سەید لەتیف لاوێکی ژیر و ڕوحسووک بوو. سەرتاسەری وجودی ئیحساساتی شۆڕشگێڕانە بوو، ئازا، بەجەرگ و نەترس بوو. ئیمانێکی قووڵی بە سیاسەتەکانی حیزب و ڕێبازی بزووتنەوەی گەلەکەی بوو. لە ماوەیەکی زۆر کورتدا جێگای خۆی لەنێو دڵی هاوسەنگەرانی پێشمەرگەدا کردەوە و وەک پێشمەرگەیەکی بەئیمان و دڵسۆز لە نێو هاوسەنگەرانیدا ناسرا. ئەو بۆ هەموو مەئموورییەتەکانی حیزبی ئامادە بوو. لە ماوەی پێشمەرگایەتیدا ڕێکوپێک، بەنەزم و لەخۆبوردوو بوو. لەگەڵ هاوسەنگەرانی ڕووخۆش و بەئەخلاق بوو؛ خەڵک ڕێزیان دەگرت و خۆشیان دەویست. لە شەڕە حەماسییەکانی مەڵبەندی شنۆ ئازایەتیی دەنواند و هەموو ئەو تایبەتمەندییانە بوو بەهۆی ئەوەی وەک سەرپەل دیاری بکرێت. هەروەک چاوەڕوان دەکرا، لەم پۆستەشدا بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی، ئەرکەکانی بەڕێوە دەبرد.
شەهید لەتیف دوای وەرگرتنی ئەو بەرپرسایەتییەش سەلماندی کە توانایی بەڕێوەبردنی ئەرکی گەورەتریشی هەیە، بۆیە زۆر عەمەلیاتی قارەمانانە لە ناوچەی شنۆ بە فەرماندەیی ئەو بەڕێوە چوو. ئیمان بە ڕێبازەکەی وای لێ کردبوو چاوی لە گوللە نەترسێت و هەمیشە لە سەنگەری پێشەوەی خۆڕاگریدا بێت.
دەرکەوتنی سەید لەتیف حوسێنی لە مەیدانی کردەوەدا بوو بەهۆی ئەوەی زۆر زوو پلەکانی پێشمەرگایەتی ببڕێت، لەبەر ئەوەی سەداقەت و ئیمان، قارەمانەتی، هەڵسووڕان و دەستوبردی بۆ هەموو پێشمەرگەکان ناسراو بوو، بە فەرماندەری لک دیاری کرا. ناوبراو ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر، بەتایبەتی لەباری نیزامییەوە، زانیاریی خۆی پەره پێ دەدا. شەڕە بەناوبانگەکانی ناو شاری ورمێ، ڕێگای نەغەدە - شنۆ، نێوشاری شنۆ و زۆر شەڕی دیکە، بەتێکڕا شەڕگەی شەهید سەید لەتیف و ئازایەتیی نواندنەکانی بوون و سینگی لە هەموو شەڕاندا قەڵخانی بەرگریی شوناسی نەتەوەیی و ئاخی خاک و نیشتمان و گەلەکەی بوو.
ئەو وەک فەرماندەیەکی ئازا، وریا و نەترس، ئامادەی هەر چەشنە مەئموورییەتێک بوو. کوڕێکی خاکی، ڕوحسووک و گوێڕایەڵی بڕیاراتی حیزب بوو. لە ماوەی پێشمەرگایەتیدا لە دەیان نەبەرد و خۆڕاگری و شەڕی پارتیزانیدا بوێرانە بەشداریی کرد. لە شەڕەکاندا یەکپارچە ئاگر بوو، بۆیەش هەمیشە ئاگری بەسەر دوژمندا دەباراند. سەید لەتیفی قارەمان لە شەڕەکاندا ٤ جار بریندار بوو، بەڵام زامەکان چۆکی پێ دانەدا و پاش ساڕێژبوونهوەی برینەکانی، گەڕایەوە سەنگەری ئازادی و دیفاع لە نەتەوەکەی. هەر بۆیە لاوی شۆڕشگێڕ و خەباتکار بڕیاری دابوو لە هەر جێگایەک قەڵای زۆرداری بەرز بێت، لوولەی تفەنگەکەی تێ دەکرد و قەڵای زۆرداریی وەلەرزی دەخست و ڕێگای نەدەدا لە ئاستی زوڵم لێکراوانی کورد بە بەرزی خۆی نیشان بدات و تێکی دەقرماند.
ڕۆژی ١٩ی خەرمانان لە گوندی کانیباغ لە جادەی پەسوێ - مەهاباد، کەمنیان بۆ هێزەکانی کۆنەپەرستی داناوە و زەبرێکی گورچکبڕیان لە هێزی کۆنەپەرستی دا. لەو شەڕەدا کە ئاخرین فیداکاری و فەرماندەیی سەید لەتیفی حوسێنی بوو، بەداخەوە کەوتە بەر گوللەی داگیرکەران و گیانی خۆی کردە قوربانی بۆ ڕزگاریی نەتەوەکەی و بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە حیزب و گەلەکەی کرد.