کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی دەچێتە خێوەتی سەفوان؟

22:22 - 28 پووشپەڕ 2726

عەلی بداغی

ڕۆژی یەکشەممە، ١٢ی ڕەشەمەی ١٣٦٩ی هەتاوی، هاوپەیمانیی دژی حکوومەتی عێراق بۆ وەدەرنانی سوپای ئەو وڵاتە لە کووەیت، پاش ئەوەی زەبری گورچووبڕیان لە عێراق دابوو؛ سەرکردایەتیی حکوومەتی عێراقی بە لارەملی پەلکێشی دانوستانێک کرد بۆ ئاگربەس و ئاشتی. ڕێککەوتنەکە لەژێر خێوەتێک لە ناوچەی "سەفوان" لەنێوان سنووری عێراق و کووەیتدا ئیمزا کرا. بەڵام ئەم دانوستان و ئاگربەسەی نێوان هێزەکانی هاوپەیمان بە سەرکردایەتیی ئەمریکا لەگەڵ عێراق نەک لەسەر بنەمای ڕێککەوتن و ئاشتییەکی دوولایەنە، بەڵکوو سەپاندنی خۆبەدەستەوەدانی بێ‌ئەملاوئەولا بەسەر عێراقدا بوو. عێراقێک کە لە بەرەکانی شەڕدا بەتوندی تێکشکابوو، سوپاکەی تەفروتونا ببوو، ئابوورییەکەی بەتەواوی ئیفلیج ببوو و هیچ چارەیەکی جگە لە مل‌ڕاکێشان بە بڕیارنامەکانی شوڕای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و مەرجەکانی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمان نەبوو.
پرسیار ئەوەیە ئاخۆ کۆماری ئیسلامییش ناچار دەبێت لە ژێر سێبەری "خێوەتی سەفوان"ێکی دیکەدا و بە قبووڵکردنی تێکشکانیان لە شەڕ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلدا مل بۆ مەرجەکانی ئەمریکا ڕابکێشن؟
شک لەوەدا نییە شەڕی ١٢ ڕۆژە، پاشان شەڕی ٣٩ ڕۆژە و بەردەوامیی شەڕ و پێکدادانە قورسەکان لە ماوەی دوای ئیمزاکردنی لێک‌تێگەیشتنەکەی ئیسلام‌ئاباد، کۆماری ئیسلامیی زۆر لاواز کردووە. لەو ماوەیەدا چەند توێژ لە ڕێبەرانی سیاسی، بەرپرسانی ئەمنییەتی، فەرماندەرانی نیزامی و کاربەدەستانی ئیداریی ئێران کوژراون. توانای نیزامی و تێکنۆلۆژیی شەڕی ئێران بۆ شەڕێکی کلاسیک لە ئاستی توانا و زەرفییەتە زەبەلاحەکانی ئەمریکادا نییە. ئەگەرچی ئێران هەوڵی داوە لە ڕێگەی دەستبەسەرداگرتنی تەنگەی هورموز، دەستکردنەوەی میلیشیا و هێزە نیابەتییەکانی و هەروەها بەکارهێنانی کەرەستەی شەڕی هەرزانبایی بەڵام کاریگەری وەک دڕۆن و بە سەپاندنی تێچووەکانی شەڕی ناهاوسەنگ ئەمریکا ناچار بە پاشەکشە بکات، بەڵام بڕیار و هەڵوێستەکانی ئەمدواییانەی تڕامپ وادیارە پێچەوانەی خوێندنەوە و لێکدانەوەکانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامین.
دوو فاکتەری دیکەش گرینگ و یەکلاکەرەوەن. یەکیان کۆدەنگی و کۆڕاییەکی نێودەوڵەتی دژی ئێران کە خەریکە ئاماژەکان باس لە گۆڕان و دروستبوونەکەی بەتایبەت لەنێو وڵاتانی ناوچە و هەروەها هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ئورووپادا دەکەن. ئەویتریان قووڵبوونەوەی هەرچی زیاتری قەیرانە ئابووری و پەرەسەندنی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتری ناڕەزایەتییە نێوخۆییەکان لە ئێرانە. واتە ناهاوسەنگیی هێزی نیزامی، خەساری زۆری گیانی بەتایبەت لەنێو فەرماندەرانی نیزامی و بەرپرسانی سیاسیی ڕێژیم، قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری و شکستی دیپلۆماسی ئەوکی ڕێژیمیان بەتوندی و بەتەواوی گوشیوە. 
خۆ ئەگەر کۆماری ئیسلامی بیشیهەوێ درێژە بە دۆخی نە شەڕ و نە ئاشتی لەگەڵ ئەمریکادا بدات و بەتەما بێ بە کڕینی کات خۆی ببووژێنێتەوە و دوایە چەشنی کۆریای باکوور خۆی وەک ئەمری واقع بسەپێنێ؛ نە ئەمریکا و ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو لێی قبووڵ دەکەن و نە لە نێوخۆی وڵاتیش بۆی دەست دەدا ئەم مۆدێلە لە حوکمڕانی بەسەر کۆمەڵگەی ئێراندا فەڕز بکات. شک لەوەدا نییە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەست لەسەر دەست دانانین هەتا کۆماری ئیسلامی دوای هەر قۆناغێک لە شەڕ و گرژی دەرفەتی بووژانەوە و خۆڕێکخستنەوەی سیاسی و نیزامیی هەبێت. هێرشە چڕ و بەردەوامەکانی ئەمدواییانە کە هاوکات گەمارۆی دەریایی شادەماری ئابووریی ئێرانیشی هاتۆتەسەر؛ ڕێک بە مەبەستی بەچۆکداهێنانی ڕێژیم و پەلکێشکردنی بۆ خێوەتی سەفوانە.
ئەزموونی نیزیک ٥ دەیە دەرفەتدان و گرتنەوە، وتووێژی ڕەخنەگرانە، تەریک‌خستنەوە، سزای ئابووری و ددان بەخۆداگرتن دەبێ ڕۆژئاوای هێنابێتە سەر ئەو قەناعەتەی بەردەوامیی ئەو ستراتیژییە لەهەمبەر کۆماری ئیسلامیدا دەرەنجامەکەی هەر شکست و خولانەوە لە بازنەی ناکامییە. هێرشی بەردەوامی ئەمدواییانەش بۆ سەر ژێرخانی لۆجستیکی ڕێژیم وەک بنکە و کۆگاکانی بەرهەمێنان و ڕاگرتنی مووشەک و دڕۆن لە بەندەر و شارەکانی باشووری ئێران بۆ لاوازکردنی تەواوی توانای هێرشبەرانی ڕێژیمە. گەمارۆی دەریایی و هەڵتەکاندنی قووڵایی ستراتیژیکی ئێران (بەرەی موقاوەمەت)یش بۆ ئەوەیە کەمترین دەرفەت و توانای بووژانەوە نەدرێتە ڕێژیم. هەروەها لێدانی زەبری گورچکبڕ لە هێزە نیابەتییەکانی ڕێژیم، پەرەسەندنی گوشارەکان بۆ سەر حکوومەتی عێراق بۆ چەککردنی هێزە نیابەتییەکانی کۆماری ئیسلامی کە لە سەردانەکەی ئەمدواییانەی زەیدی، سەرۆک‌وەزیرانی عێراق بۆ کۆشکی سپی و هەروەها دەست‌بەسەرداگرتنی بارێکی گەورەی دڕۆن کە بڕیار بوو لە خاکی عێراقەوە و بە ڕێگەی سووریادا بۆ حیزبوڵڵا بنێردرێ؛ پێمان دەڵێ ئەمریکا و ئیسرائیل دەیانەوێ بەتەواوی کۆماری ئیسلامی لە پەلوپۆ بخەن و هەناسەی لێ ببڕن.
لە بەرامبەردا کۆماری ئیسلامییش تەنیا دوو ڕێگەی بۆ دەمێنێتەوە. یەکەم ڕێژیم دەزانێ دەرفەتی بووژانەوەی نادرێتێ، بۆیە هەوڵ دەدا بە هێرشی قوورس بۆ سەر ژێرخانی ئابووریی هاوبەشە سیاسییەکانی ئەمریکا -کووەیت و بەحرەین بەتایبەتی- و زیادکردنی تێچووی گیانی و ئابووری ئەو پەیامە بە ڕۆژئاوا بدا کە دەتوانێ هەر هەموو ناوچەکە و ئەمنییەتی دابینکردن و گواستنەوەی وزە لە دنیادا بخاتە مەترسییەوە. دووهەم خۆڕاگریی زیاتر و پەلەکردن لە دەستخستنی بۆمبی ئەتۆمی و کردنی بە ئامرازی مانەوە! ئەوەش بەزاندنی هێڵی سووری دوکترینی ئەمنییەتی ئەمریکا و ئیسرائیلە کە لە هیچ هەلومەرجێکدا ڕێگە نادەن ئێران خاوەنی چەکی ئەتۆمی بێت.
بەپێی دوکترینی ئەمنییەتی نیشتمانیی ئیسرائیل تەل‌ئەبیب ئیزن نادا هیچ وڵاتێکی دوژمن لە ناوچەدا کە دژی ئیسرائیل بێت تێکنۆلۆژیی ئەتۆمیی هەبێ. هێرش بۆ سەر ڕیئاکتۆری ئەتۆمیی "اوزیراک" لە عێراق (١٣٦٠) و هەڵتەکاندنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی "الکبر" لە سووریە (١٣٨٦) لەلایەن ئیسرائیلەوە دوو نموونە لە بڕیارەکانی ئیسرائیل لە چەند دەیەی ڕابردوون. سرووشتییە ئەمریکا لەپێناو ڕاگرتنی قوورسایی و هێشتنەوەی حەیسییەتی سیاسیی خۆی لە کۆمەڵگەی جیهانییشدا بێ ڕێگە نادا ئێران بەرەو ئەو ئاقارە بڕوا، ئەوە جگە لەوەی هەوڵی سەرکەوتووی ئێران لەو بوارەدا هاوسەنگیی هێز لە ناوچە بەتایبەت لەلای وڵاتانی وەک عەرەبستان و تورکیە و میسر تێک دەدا و بەوەش کێبڕکێیەکی کۆنتڕۆڵنەکراوی چەکوچۆڵ دەست پێ دەکات.
ئێران کەوتووەتە تەڵەی ستراتیژیکەوە و لەسەر مێزی قومارێکی گەورەیە، قومارێک کە بێگومان ئێران تێیدا دەدۆڕێت.