
عەلی لەیلاخ
یەکێک لە وێنە هەرە جوانەکانی دوکتور قاسملوو، ئەو وێنەیەیە کە بە کڵاوپێچی جامانەوە، کەڵەگەت سەیری لاتەنیشتی دەکات. هەرچەند لە زۆربەی وێنەکانی کاک دوکتوردا خەندە و پێکەنین بەشێکی دانەبڕاوەیە، بەڵام لەو وێنەیەدا هەست دەکەی ڕاماوی چارەنووسێکی نادیارە. ئەم وێنەیە سەردەم و لۆکەیشنێک وێنا دەکات کە "جامانە" بەرەبەرە دەبێتە هێما و نیشانەی ئەو دەستە لە خەباتکارانی کورد، کە بە گوتەی جەلال مەلەکشا "کوێستانیان کردبووە هێلانە و بە شمشاڵی لوولەی تفەنگ، دڵدارەکانیان بۆ جێژوانی چیا دەچڕی".
ئەو کڵاوپێچە ڕاستە ڕەگاژۆی نێو کولتووری کوردییە، بەڵام لەو وێنەیە و لە دەرکەوتنەکانی دیکەی ڕێبەری شەهیدماندا، جۆرە ناونیشانێکی دیار بوو بۆ سەرێکی بەرز و نیشتمانێکی خۆیی و خۆماڵی. ئەو بەو کڵاوپێچەوە دەیەویست بڵێ: ئەمنم سەرکردەتان بۆ لشکری خەم، ئەگەر چووم و گلاشم بەپێی ڕێنوێنیی "باشترین پاداشت بۆ شەهیدان درێژەدانی ڕێگایانە" با نەشکێ سوپاتان. دواتریش لەسەر کێلی گڵکۆی لە پێرلاشێزی فەڕانسە هەمان دەق بە جۆرێکی دیکە نووسرا کە: "ئەمن بمرم کورد نامرێ." هەر بۆیە بێهۆ نییە لە ئێستای ڕۆژهەڵاتدا و لە بۆنەکاندا، بەتایبەتی لە نەورۆزدا، جلی کوردی و خاکیپۆشی چووەتە نێو هزری گشتی و جامانە لەملکردن، باسکردنە لە ملنەدانێکی سیاسی لە هەمبەر تواندنەوە، و تۆخکردنەوەی سنوورەکانی سەربەرزی و نەبەزینە لەگەڵ دەستەمۆیی و ژێرچەپۆکەییدا.
ئەو دیپلۆماتە وردبینە، هەموو هەڵسوکەوتێکی دوورەدیمەنێکی پێوە دیار بوو، لە گەڕانەوەکانی بۆ کوردستاندا هەرجارە و هەگبەیەکی نوێی پێ بووە بۆ حیزبەکەی و دەتوانین بڵێین بۆ گەلی کورد بە گشتی. نموونەی هەرە بەرچاوی ئەم پەیوەندییانە، دۆزینەوەی دۆست بوو بۆ دۆزی ڕەوای گەلەکەی و ئاشناکردنی بزاڤی کورد لە ئێران بە ئێلیت و دەستەبژێرانی ڕۆژاوا، بەتایبەتی وڵاتی فەڕانسە؛ لە سەرووی هەمووشیانەوە سیاسییەکان و ئاکادیمییەکان و یەک لەوان کۆمەڵەی پزیشکانی بێسنوور کە ئێستاش ئەوانەیان وا لە ژیاندا ماون، قاسملوو بە پردی ئەم پەیوەندییە دەناسن و کورددۆستن.
گەڕانەوەی قاسملوو لە ناخی ئەورووپاوە بۆ شاخ، تەنیا سەردانێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکوو دەتوانین بە "هەبوون" یان "هبوط"ێکی ئەفسانەیی (دابەزین) بشوبهێنین؛ کە مامۆستایەکی زانکۆ، پراگ و پاریسی ڕازاوە و بەباقوبریق جێ دەهێڵێت و لەنێو بەردی سەنگەر و هەڵاتهەڵاتدا خۆی دەبینێتەوە. ڕەچەڵەکی ئەم دابەزینە کە ئاماژەیە بە چیرۆکی "ئادەم و حەوا"، مەبەستە سەرەکییەکەی ئەوەیە کە لە بەهەشتی خۆشبژیوییەوە بە تاوانی "میوەی قەدەغە" دادەبەزێندرێنە سەر زەویی سەرانسەر ڕەنج و ئازار. "میوەی قەدەغە"کەی قاسملووش ڕزگاریخوازی و ئازادیخوازی بوو بۆ گەلێكی چەوساوە کە نەیدەویست بە چەوساوەیی بمێنێتەوە. هەر بۆیە لە چەندین قۆناغدا، ئەو بەپێی زەروورەتی مێژوویی و دەروەستبوونی بە نیشتمان و کەرامەتی ئینسانیی هاونیشتمانیانی دەگەڕێتەوە و لە سەنگەرەکەی پێشەواوە هەوڵ دەدات شەرەفکەندییەکان بکاتە پارێزەری مەتەرێزی شەرەف. لە هەموو گەڕانەوەیەکیشدا گیانی تازەی دەبەخشی بە حیزبێک کە "ئەزموونی دەوڵەتداریی کوردی هەیە" و دەبێت ئەم ئەزموونە بە باشترین و بەربڵاوترین شێوە دووبارە بکاتەوە.
کاتێک گوێ لە قسەکانی دەگری، چ لە شاخ و لە بنبەردی سەنگەردا، یان کاتێک بۆ میدیاکان قسە دەکات؛ دەبینی قاسملوو بۆ خەڵک دەدوێت و خەڵک تێدەگەیەنێت، نەک ئەوەی بە ڕازاندنەوەی قسەکانی خەڵک بخەڵەتێنێت. جاناتان ڕیندل لە بەشێک لە کتێبی "بەم شەرمەزارییەوە چ لێبوردنێک؟"دا دەڵێ: "قاسملوو، دیپلۆمات و کراواتلەگەردەنی کۆڕ و کۆبوونەوە سیاسی و زانستییەکان لە ئەورووپا، کە دەگەڕایەوە نێو کۆڕی یاران لە شاخ، جۆرێک دەژیا کە ناسینی ئاسان نەبوو". ڕاڤەی ئەم وتەیە ئەمەیە کە قاسملووی جیهاندیدە و ڕووناکبیر، بە تانەوتەشەرەوە هەستی بەشمەینەتی و هەژاریی گەلەکەی زامدار نەدەکرد، بەڵکوو بە لێهاتوویی و دەروەستبوونی، مانای بە "ڕێبەر"بوونی بەخشی و بەجوانی سنوورەکانی لەگەڵ ملهوڕی و دیکتاتۆریدا جیا کردەوە.
کەواتە قاسملوویەک کە لە وتەکەی "بیسمارک" بە جوانی تێگەیشتبوو، سیاسەتی بە هونەری مومکینات دەزانی و لە هەردوو دیوەوە، واتە چ کاتێک جامانەی دەکرد بە کڵاوپێچی "خۆشویستنی" کوردستان و چ بە کراواتی "کراوەیی"، هەموو هەوڵەکانی لەپێناو پەیوەندی، دۆستایەتی، ناساندن و دەربازکردنی چارەنووسی گەلەکەی بوو لە نامۆیی.
قاسملوو پێش ئەوەی ببێتە جڵەوکێشی سیاسیی گەلەکەی، جوگرافیا و دێموگرافیای وڵاتەکەی دەناسی و دەیزانی دەبێت لەگەڵ کولتووری باوی خەڵکدا هەڵسوکەوتی پێکەوەهەڵکردنی هەبێت، نەک دژایەتییەکی ناسەرکەوتوو کە هەندێ لایەن بە دژی ئەو و حیزبەکەی کردیان و سەری نەگرت، و نەبووە هۆی قڵیش و بۆشایی نێوان کۆمەڵگەش.
هەوڵی ئەو بەپێی ڕێچکەی کۆماری کوردستان، سەروەریی نیشتمانی و پێگەی کۆمەڵایەتی بوو، نەک تەنیا هەبوونی جێگە و پێگەی سەربازی. عیزەتوڵڵا سەحابی، یەکێک لە ئەندامانی هەیئەتی بەناو نیازپاکی (حوسنی نییەت) لە سەرەتاکانی سەپاندنی شەڕ بەسەر کوردستاندا دەڵێ: پاش سەردانی کوردستان و گەڕانەوەم بۆ تاران، بە خومەینیم گوت کە کوردەکان هێزێکیان دامەزراندووە بە ناوی "پێشمەرگە" و داوای جیایی دین لە سیاسەت دەکەن، باشتر وایە ئێمەش هەمبەرێکیان بۆ ساز بکەین لەژێر چەتری ئایینەوە. خومەینی پێشنیارەکەی قبووڵ دەکات و دواتر شاهیدی دامەزرانی هێزێکی بەکرێگیراوی ڕێژیم بووین بە ناوی "پێشمەرگەی موسڵمان" کە گوایە شەڕی کافران دەکەن. پووچەڵکردنی ئەم پیلانە شووم و ناجوامێرانەیە بەرانبەر بە حیزبێک کە دەیان کەسایەتیی ئایینی و تێکۆشەرانی مەندیللەسەر لەو سەنگەرەدا لە بەرەی خەڵک و خەباتدا بوون و هەن، پێویستیی بە ژیرییەکی سیاسی و تێگەیشتنێکی قووڵی کۆمەڵایەتی هەبوو؛ کە قاسملووی دانەبڕاو لە کۆمەڵگە هەستی پێکرد و بە بڕیاری ئەو، هەر جۆرە بێڕێزییەک بە باوەڕمەندانی ئایینە جیاجیاکانی نێو بەدەنە و ڕێبەریی حیزبەکەی قەدەغە کرا. تەنانەت لە ڕادیۆی دەنگی کوردستاندا، بڵاوبوونەوەی چەند ئایەتێک لە "قورئان" ئەو خوێندنەوە نوێیە بوو کە قاسملووی کراواتبەستووی سیاسەت لە قۆناخناسی و پێشگرتن لە پیلانە هەستیارەکاندا هەیبوو؛ کە مەبادا جامانەپۆشانی ئەم سەنگەرە، لەجیاتی خزمەت بە گەلی خۆیان، بەرانبەر بە خەڵکی خۆیان سەنگەری ئایدیۆلۆژی بگرن و لەبیریان بچێتەوە دوژمن هەتا خاک و ناخیان هاتووە و بەرەبەرە ببنە داردەست و سووتەمەنیی نەیاران.
سڵاوە مێژووییەکەی قاسملوو
لە ١١ی ڕەشەمەی ١٣٥٧دا -ڕۆژی ڕاگەیاندنی خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری مەهاباد- دوکتور قاسملوو لە ١١ خولەکدا بە زمانێکی ساکار و بە تێگەیشتنێکی سیاسییانە، لە واقیعدا مانیفێستی حیزبی دێموکرات باس دەکات.
ئەو ڕێبەرە کڵاوپێچ لەسەرە، سەودای کوردستانێکی ئازادی لەسەر بوو کە بیکاتە دەرفەتێک بۆ ڕاوەستان بەدژی هەر چەشنە پاوانخوازییەک. لەو وتارە کورتەدا، قاسملوو بۆ جارێکیش ناڵێ "من" و بە ناوی هاوڕێیانیەوە قسە دەکات. ئەو پاش ڕێزنان لە شەهیدان و زیندانیانی سیاسی، سڵاو دەنێرێت بۆ گەلانی دیکەی وەک فارس، ئازەری، ئاسووری و... لە ئێراندا. ئەگەر خوێندنەوەیەکی ورد و دوور لە دۆگماتیزم هەبایە، پەیامەکانی نێو ئەو ١١ خولەکە دەبوونە نەخشەڕێگای سیاسیی سەرلەنوێی ئێرانی فرەچەشن.
لەوێدا جامانەلەملەکانی کوردستان هێرشبەر و فاشیست دەرناکەون، چونکە کراواتپۆشێکی خوێندەوار و مرۆڤدۆست پێشەنگایەتییان دەکات و بە مەشخەڵی "سڵاو"ەوە هاتووە بۆ تێکشاندنی تاریکایی دیکتاتۆری و لابردنی شەوەزەنگی ستەم.
لە یۆنانی کۆندا ئەفسانەیەک هەیە بە ناوی "پرۆمیسۆس" (پرۆمتە) کە مانا کۆنە یۆنانییەکەی بریتییە لە "خاوەنی ژیریی پێشوەختە". پرۆمتە ئاگری لە زێوس ڕفاند و بەخشیی بە "مرۆڤ" و بوو بە هۆی گەشەکردنیان، دواتریش کەوتە بەر غەزەبی "زێوس". پرۆمتە جامانەپۆشەکەی ئێمەش لە زمهەریری ئایەتوڵڵاکانی "اقتلوا"دا، بە "سڵاو" و سەفای پێکەنینەوە گوتی: پێکەوەژیان! هەر بۆیە پیاوکوژانی کۆشکی فیرۆزە هاتن و سینگیان هەڵدڕی.
کراوات و جامانە وەک دوو ئێتیکێتی پێویستی "دیپلۆماسی و خەباتی پێشمەرگانە" لە قاسملوودا ڕەنگیان دەدایەوە. ئەو بە جێخستنی کۆمەڵێک پڕەنسیپی جیهانی، هەر زوو "پێشمەرگە"ی لە میلیشیایەکی سەرەڕۆ جیا کردەوە. ئێستا ئەگەر باریکەڕێیەک لە پارکێکی فەڕەنسادا بە ناوی "پێشمەرگە"وە کراوە، هەق وایە بە دیتن و باسکردنی یادی ئەو ڕێبەرە بلیمەتەش بکرێتەوە کە چەندە هەوڵی دا جیاوازییەکی جەوهەریی نێوان "پێشمەرگە" و "چەکدار" بە جیهان بناسێنێت.
ئەگەر لە ئەمڕۆی ئێراندا جیا لە کورد، گەلانی دیکەش لە ناوەندگەرایی و پاوانخوازیی تارانی "عەبا و منبەر" یان "تاج و تەخت" تۆقیون، کاتی خۆی قاسملوو بە زمانێکی پاراو و خاوێن، هەر چەشنە سەڵتەنەتخوازی و پاشاگەراییەکی بە مەترسیی سەر دێموکراسی و مافی شارومەندی و ئازادی دەزانی و لە ئێستاشدا دەبینین کە بۆچوونەکانی چەندە لە ڕاستی شێوە نزیکن. ئەو چ بە کراواتی ڕامیاری و چ بە جامانەی خەباتکارانە، خەون و ئاواتی ئازادی و کەرامەتی ئینسانی بوو کە بەداخەوە تاریکپەرستانی ئینسانکوژ، زوو ئەو بەخت و هیوا ڕوونەیان لە خەڵک ستاند؛ بەڵام ئێستاش بەپێی هزر، قەڵەم و ناخی بڵاو و هەرماوی، دەکرێ نەخشەڕێگای سیاسی و سەربەرزیی گەلی پێ دابڕێژین.
کۆتا قسە؛ قاسملوو بە لێزانی و لێهاتوویی خۆی و پشتبەستن بە ئیرادەی گەل، چاولەدەست و لارەملی هیچ لایەن و ئایدیایەک نەبوو. دەڵێن کاتی خۆی لەگەڵ شاندێکی فەڕەنسییدا دیداریان دەبێت، ئەوان دەڵێن: "یارمەتیی ماڵیتان دەوێت یان چی؟" قاسملوو زیرەکانە دەڵێ: "نەخێر، تەنیا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ناومان بهێنن و دۆستانە پشتیوانمان بن." دواتر هاوڕێیانی لێی دەپرسن: "باشە بۆ یارمەتیی ماڵییەکەمان وەرنەگرت؟" لە وەڵامدا دەڵێ: "ئەوەی یارمەتیی مەعنەویت بدات، دواتر یارمەتیی ماڵیشت دەدات." ئەمە واتە قاسملوو سەرکردەیەکی دەستپانکەرەوە نەبوو، بەڵکوو ڕێبەرێکی داهێنەر و بیرمەند بوو. بە قەولی قالەمەڕە: "قاسملوو دۆستی دونیا و قیامەتمانە"، و ئێوە دونیا و قیامەت لەو وتەیەدا بە "ئێستا و دواڕۆژ" بخوێننەوە.