کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵک؛ ونبووانی بازنەی جەنگ و ئاشتی

12:36 - 13 پووشپەڕ 2726

ئەلبورز ڕوویین‌تەن

"نە جەنگ ڕوودەدات، نە ئاشتی دێت و نە گفتوگۆ دەکرێت."

ئەم ڕستە ناسراوەی ڕێبەری کوژراوی کۆماری ئیسلامی، سروشتی ستراتیژیی کۆماری ئیسلامیی لە هەڵسوکەوت لەگەڵ سیاسەتەکانی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی جیاواز و ناوازەی ئەمریکا، دەردەخست. کۆماری ئیسلامی هەمیشە هەوڵی داوە لە نائارامی و ئاڵۆزیی ناوچەکە وەک ئامرازێک بۆ بەدەستهێنانی ئیمتیاز لە دانوستاندنەکاندا سوود وەربگرێت. دوای ئەوەی ئیسرائیل بە زنجیرەیەک لە هێرش و هەنگاوە جیاوازەکان ڕێگری لە گەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە چەکی ئەتۆمی کرد، پڕۆگرامی ئەتۆمی زیاتر لە هەر کاتێک بووە ئامرازێک بۆ درێژەدان و مشتومڕ لە گفتوگۆکاندا؛ تا ئەو ڕادەیەی ڕێژەی دەوڵەمەندکردنی ئۆرانیۆم بوو بە یەکێک لە گرنگترین بابەتەکانی ناکۆکی و گفتوگۆ لە نێوان ئێران و ڕۆژاوادا.

دوای واژۆکردنی بەرجام، زۆر کەس وایان دەزانی ئێران دەبێتە وڵاتێکی مەنتیقی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا. لە ئاکامی ڕێککەوتننامەی بەرجامدا، ملیارد ملیارد دۆلار لە سامانی بلۆکەکراوی ئێران ئازاد کرا و بە فڕۆکەی تایبەت نێردرا بۆ ڕێژێمی کۆماری ئیسلامی. بەڵام ڕێژێم نەک هەر لە سیاسەتەکانی پێشووی دوور نەکەوتەوە، بەڵکوو بە بەکارهێنانی ئەو سەرچاوە داراییانە لەسەر هەمان ڕێگەی پێشووی بەردەوام بوو. تەنانەت بە شانازییەوە ڕایدەگەیاند کە شەش سوپای لە ناوچەکەدا دروست کردووە.

ئەم سیاسەتە، ستراتیژییە یان یارییە سیاسییە ــ هەر ناوێکی لێ بنرێت ــ بەردەوام بوو هەتا کاتێک کۆماری ئیسلامی لەگەڵ دۆناڵد ترامپ، سیاسییەک بە پاشخانی بازرگانی، ڕووبەڕوو بوو؛ کەسێک کە دوای هێرشی حەوتی ئۆکتۆبەر، بڕیاری دابوو تۆڵەی ئەو هێرشانە لە بڕیاردەرانی سەرەکیی ئەو هێرشانە، واتە کۆماری ئیسلامی، بستێنێتەوە. ئەنجامی ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە جەنگێکی دوازدە ڕۆژە و پاشان جەنگێکی چل ڕۆژە بوو.

لەگەڵ هەموو ئەو خەسارانەی بەر کۆماری ئیسلامی، ئێران و خەڵک گەیشت، و تەنانەت دوای کوژرانی خاوەنی هەمان وتەی «نە شەڕ، نە ئاشتی و نە گفتوگۆ»، شاندێکی کۆماری ئیسلامی لە کۆتاییدا بۆ گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ جێگری سەرۆک کۆماری ئەمریکا بە ڕێوڕەسمی تایبەتەوە بۆ پاکستان چوو. ئەمە پرسیارێک بوو کە لە مێشکی زۆرێک لە خەڵکدا دروست بوو: ئەگەر لە کۆتاییدا ئامادەیی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ «شەیتانی گەورە» هەبوو، بۆچی شەڕ ڕووی دا؟ ئەگەر لە سەرەتاوە دەرگای گفتوگۆ کراوە بوو، بۆچی ئەم هەموو تێچوو و زیانە بە وڵات و خەڵک سەپێنرا؟ هەروەها ئەگەر ئەمریکا ئەم ڕێژێمەی بەرپرسیار بە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان و تاوانەکانی دیکە دەزانی، چۆن دووبارە گەڕایەوە سەر مێزی گفتوگۆ؟ ئەمانە ئەو پرسیارە ڕوون و ڕەوایانەن کە هیچ کاتێک وەڵام نادرێنەوە.

ئەمڕۆ سەردێڕی زۆرێک لە هەواڵەکان باس لە لێکتێگەیشتن، بەرەو ڕێککەوتن، وردەکارییەکانی ڕێککەوتن... و ئەگەری واژۆکردنی ڕێککەوتن و چۆنیەتیی واژۆکردنی دەکات. بەڵام پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە خەڵک لە کوێی ئەم ڕێککەوتنەدان؟ لە هاوکێشەی شەڕ و ئاشتیدا، شوێنی خەڵک کوێیە؟ ئەمەش یەکێکی دیکەیە لەو پرسیارانەی هێشتا بێ وەڵام ماونەتەوە.

لە هەموو ئەم ڕووداوانەدا، قوربانیی سەرەکی خەڵک بوون؛ بەڵام کاتێک هاوکێشە سیاسییەکان دادەڕێژرێن، ئەوان لە هاوکێشەکەدا نامێنن. لە کاتی جەنگدا، ژیان و ئاسایشی خەڵک لە مەترسیدایە و لە کاتی ئاشتیداش دەستی حکوومەت بۆ سەرکوتکردن، دەستبەسەرکردن و لەسێدارەدانی زیاتر فراوانتر دەبێت. ئەزموونی ڕابردوو نیشانی داوە کە پارە و سامانی بەدەستهاتوو لە ڕێککەوتنەکاندا، زیاتر لەوەی بۆ خۆشگوزەرانیی خەڵک تەرخان بکرێت، دەبێتە ئامرازێک بۆ سەرکوتی نێوخۆیی، پەرەپێدانی توانای سەربازی و فراوانکردنی ڕەنت و گەندەڵی لە دەسەڵاتدا.

تا ئەو کاتەی کۆماری ئیسلامی لەسەر دەسەڵات بێت، چ جەنگ هەبێت و چ ئاشتی، چ گفتوگۆ بکرێت و چ نەکرێت، چ ئاگربەست هەبێت و چ نەبێت، ئەوانەی زیاترین زیانیان پێ دەگات خەڵکن. ئەمە ڕاستییەکە کە نابێت پشتگوێ بخرێت. لەبەر ئەوە پێویستە لە ڕۆژەڤی ڕاگەیاندن و جەنگی میدیایی ڕۆژانە دەرباز ببین و سەرنجمان بۆ ئەوە بگوازینەوە، کە تەنیا ڕێگەی ڕزگاریی خەڵک، ئەویش ڕووخاندنی ڕێژێمە. خەڵکێک کە بە چاوەڕوانیی ئەنجامی شەڕ و ئاشتی و ڕێککەوتن دانیشتوون، لە چاوەڕوانییەکی بێهیوادان؛ چونکە لەم ڕوانگەیەوە، تا ئەو کاتەی ئەم سیستەمە لەسەر پێ بێت، چ جەنگ هەبێت و چ ئاشتی، ونبووانی هەمیشەیی و زیانمەندانی سەرەکیی ئەم هاوکێشەیە هەر خەڵک دەبن.