کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندێشەی پێشڕەو و شۆڕشی بڕوا (ڕۆڵ و کاریگەریی سیاسیی حیزبی دێموکرات لە گەشەی خودئاگایی نەتەوەیی و ڕێبەرایەتیی فکری لە جوغرافیای ئێراندا)

16:31 - 19 گەلاوێژ 2726

شەماڵ تەرغیبی

پێشەکی: کوردستان وەک داینەمۆی گۆڕانکاریی سیاسی

لە مێژووی هاوچەرخی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەتایبەتی لە هاوکێشەی ئاڵۆزی ئیمپراتۆرییەت و دەوڵەت-نەتەوە لە ئێراندا، ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەردەم پێگەیەکی بێوێنە و جیاوازی هەبووە. کوردستان هەرگیز تەنیا «جوغرافیایەکی زوڵملێکراو»، «کێشەیەکی ئەمنیەتی» یان «پەراوێزێکی داواکار» نەبووە؛ بەڵکوو هەمیشە وەک سەرچاوەی بیرکردنەوەی سیاسی، مۆدێلسازیی ڕێکخراوەیی، و جەمسەری هاندانی ئازادیخوازی دەرکەوتووە و سەری هەڵداوە.

لە ناوەند و جەرگەی ئەم جووڵانەوە حاشاهەڵنەگرەدا، حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک کۆڵەکەی سەرەکی و بڕبڕەی پشتی وەرچەرخانە سیاسییەکان کار دەکات. لە کاتی دامەزرانییەوە لە ساڵی ١٩٤٥ی زاینییدا، ئەم حیزبە نەک هەر ڕێڕەوی خەباتی ڕزگاریخوازیی کوردی لە قۆناغی ناوچەیی و عەشیرەییەوە بڕی بۆ ئاستی مەدەنی و حیزبی، بەڵکوو مۆدێلێکی سیاسی و فکریی پێک هێنا کە بووە "سەرباشقە" و "ئۆلگوو" بۆ تەواوی نەتەوە ستەملێکراوەکانی تر (بەلووچ، عەرەب، ئازەری، تورکمان) و تەنانەت بزووتنەوە سەرانسەرییە ئازادیخوازەکان لە ئێراندا. لە دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مەهابادەوە تا هەڵگیرسانی ڕاپەڕینی "ژینا"، ئەم ڕۆڵە سیاسییە گەشەی کردووە.

گەشەی خودئاگایی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە "بەدەستەوەبوونی دەسەڵاتناسییەوە" بۆ "خاوەن ئیرادەی سیاسی"

بەر لە دامەزراندنی حیزبی دێموکرات، بزووتنەوە کوردییەکان لە سەرانسەری کوردستان بە گشتی و لە ڕۆژهەڵات بە تایبەتی، زیاتر کاردانەوەی دەستبەجێ بوون لە بەرامبەر زۆرداریی ڕێژیمی ناوەندیدا. سەرکردایەتییان لە دەستی دەرەبەگ، ئاغا یان ڕێبەرانی ئایینیدا بوو. ئەم جۆرە بزووتنەوانە، سەرەڕای فیداکاریی زۆر، هەڵگری ژێرخانی ڕێژەیی و سەردەمیانە نەبوون بۆ دروستکردنی شوناسێکی نەتەوەیی گشتگیر.

حیزبی دێموکرات بە داڕشتنی خەباتی حیزبی و ڕێکخراوانە، وەرچەرخانێکی فکریی قووڵی بەسەر تێگەیشتنی کۆمەڵگەدا هێنا. حیزب بە جەماوەرەکەی گەیاند کە خەبات تەنیا بەرگری لە زەوی یان خێڵ نییە، بەڵکوو سەلماندنی بوونی نەتەوەیەکی سەربەخۆیە بە مێژوو، زمان، کولتوور و جوغرافیای تایبەت بە خۆیەوە. ئەم خودئاگاییە نەتەوەییە بووە هۆی ئەوەی تاک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەست بکات بەشێکە لە گشتێکی بەهێز کە شایستەی مافی دیارییکردنی چارەنووسە.

دامەزراوەییبوونی شوناسی نەتەوەیی

تەنیا بڕوا بە نەتەوەبوون بەس نییە، تا ئەو کاتەی نەبێتە خاوەنی «دامەزراوە». حیزبی دێموکرات ئەم بڕوایەی کردە واقیعی بەرچاو:

- زمان و پەروەردە: بۆ یەکەم جار زمانی کوردی بووە زمانی فەرمیی پەروەردە، کارگێڕی و دادپەروەری لە دامەزراوە حکوومەتییەکاندا.

- سیمبۆلە نەتەوەییەکان: دروستکردن و فەرمیکردنی ئاڵای کوردستان، سرودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب"، و دامەزراندنی سوپای میللی (پێشمەرگە).

- میدیای میللی: دامەزراندنی گۆڤار و ڕۆژنامەکانی وەک "کوردستان" و "گۆڤاری هاوار" کە بیری نەتەوەیی و ئاگایی سیاسییان لەنێو چێنەکانی کۆمەڵگەدا بڵاو دەکردەوە.

ئەم هەنگاوانە بوونە هۆی ئەوەیکە شوناسی کوردی لە ئاستی داب‌ونەریتی ناوچەییەوە بپەڕێتەوە بۆ ئاستی خودئاگایی بەکۆمەڵی سیاسی، بە شێوەیەک کە تەنانەت دوای نەمانی کۆمار و داگیرکردنی پێتەختەکەی لە ناخی ژیانی کۆمەڵایەتیی خەڵکدا ڕەگی داکوتی و نەفەوتا.

- مۆدێلسازی و بوون بە سەرباشقە بۆ گەلانی تر لە جوغرافیای ئێراندا

ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیە، بەڵام لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە، بە تایبەتی لە سەردەمی ڕەزا شا لەسەر تیۆریی "یەک نەتەوە، یەک زمان، یەک ڕێبەر"، هەوڵی سڕینەوەی نەتەوە نافارسەکان درا. لەم کەشوهەوا خنکێنەرەدا، خەباتی حیزبی دێموکرات بووە ڕووناکییەک بۆ باقی نەتەوەکانیش کە لێرەدا و لە دوو بەستێندا شی دەکەینەوە:

ئا) کۆماری کوردستان (١٩٤٦) و سەرەتای مۆدێلسازی

کۆماری کوردستان لە مەهاباد تەنیا بۆ کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان یان کورد لە پارچەکانی تری  نیشتمان هیوابەخش نەبوو؛ بەڵکوو بە کردەوە ئۆلگوویەکی مۆدێرنی لە حوکمڕانی نیشان دا. لە کاتێکدا تاران لە ژێر دەسەڵاتی سەرکوتکەر و گەندەڵی پاشایەتیدا بوو، کۆماری کوردستان: سیستەمی دادپەروەریی خستە گەڕ، ڕێگەی بە بەشداریی سیاسیی ژنان و لاوان دا، بەستێنی خۆش کرد بۆفێربوون و خوێندن و خوێندنەوە و تەنانەت بەشێک لە لاوانی ڕەوانەی باکۆ کرد بۆ خوێندنی ئەکادێمیک، دەزگای میدیایی خۆی دانا تا کار لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی تێگەیشتنی کۆمەڵانی خەڵک بکا و پەیوەندیی ئاشتییانەی لەگەڵ نەتەوە دراوسێکان (بە تایبەت ئازەربایجان) لەسەر بنەمای ڕێزلێگرتنی دوولایەنە داڕشت.

ئەم ئەزموونە سەلماندی کە نەتەوە «پەراوێزخراوەکان» توانای ئیدارەدانی خۆیان بە بەرزترین ئاستی دێموکراتیک هەیە. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی جووڵانەوەکانی دواتر لە ئەهواز، بەلووچستان و ئازەربایجان، ئەزموونی کوردستان وەک چوارچێوەیەکی سەرکەوتوو ببینن.

ب) تیۆریزەکردنی فێدراڵیزم و دێموکراسی

لە قۆناغی دوای شۆڕشی ٥٧دا، بە ڕێبەرایەتیی نوێخوازانە و بیرمەندانەی شەهید د. عەبدولڕەحمان قاسملوو، حیزبی دێموکرات دروشمی زێڕینی "دێموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان" (کە دواتر گەشەی کرد بۆ فێدراڵیزم) بڵاو کردەوە.

ئەم دروشمە گۆڕانکارییەکی گەورەی لە بیرکردنەوەی سیاسی لە سەرانسەری ئێراندا دروست کرد کە دەکرێ لە سێ بەستێندا خوێندنەوەی بۆ بکرێ: یەکەم حیزبی دێموکرات سەلماندی کە ئێران جوغڕافیایەک نییە کە تەنیا سەر بە یەک زمان و یەک شوناس (فارس) بێت، بەڵکوو موزاییکێکە لە نەتەوە ڕەسەنەکان. دووهەم، حیزب نیشانی دا بۆ بەدیهاتنی ئازادی لە ئێراندا دەبێت دەسەڵاتی ڕەهای تاران بڕوخێت و دەسەڵات بەسەر ناوچەکان و نەتەوەکاندا دابەش بێت و لە غەیری ئەوەدا وڵاتێک و جوغڕافیایەک بە ناوی ئێران نامێنیت. سێهەم، بە هەوڵی حیزبی دێموکرات، بزووتنەوەی نەتەوە پەراوێزخراوەکان لە یەکتر نیزیک بوونەوە و ڕێکخراوێک بەناوی «کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدڕاڵ» دامەزرا، کە تێیدا کورد، بەلووچ، عەرەب، تورک و تورکمان بە یەک دەنگ داوای مافی خۆبەڕێوەبەرییان دەکەن.

کوردستان وەک «پێتەختی ئازادی» دوای شۆڕشی ٥٧

دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران (١٣٥٧ی هەتاوی)، کاتێک خومەینی و دارودەستەکەی تەواوی ئازادییە مەدەنی و سیاسییەکانیان لە وڵات زەوت کرد و سیستمی بەڕێوەبەریی کۆماری ئیسلامییان بەسەر خەڵکانی نیشتەجی لە جوغڕافیای ئێراندا سەپاند، ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە تاقە پەناگە و سەنگەری ئازادی لە تەواوی جوغرافیای ئێراندا. حیزبە چەپەکان، ڕۆشنبیران، نووسەران و چالاکوانانی سیاسیی فارس، بەلووچ و عەرەب کە لە تاران ڕاوەدوونران، ڕوویان لە کوردستان دەکرد. هەر لەجێدا بایکۆتکردنی ڕێفراندۆمی دیاریکردنی جۆری حکوومەت (کۆماری ئیسلامی) لە لایەن خەڵکی کوردستان بە ڕێنمایی حیزبی دێموکرات باڵاترین ئاستی ئاگایی سیاسی بوو لەو کاتە هەستیارەدا. کوردستان تەنیا هەرێمێک بوو کە بە دەنگی بەرز گوتی «نا» بۆ ستەمکاریی ئایینی.

کاتێکێش خومەینی لە  ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ٥٨،  فەرمانی جیهادی دژی کوردستان و خەڵکەکەی دەرکرد، خەڵکی کوردستان بە ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکرات بەرگرییەکی مێژوویی و حەماسيیان تۆمار کرد. ئەم بەرگرییە تەنیا شەڕی چەکداری نەبوو؛ بەڵکوو داکۆکی بوو لە ئازادی، مافی چارەی خۆنووسین، باوەڕمەندبوون بە چەمکە جیهانگیرە ئەوڕۆییەکان و مافەکانی مرۆڤ لە بەرامبەر دوگماتیزمی ئایینیدا.

دواجار سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی "ژینا" لە پاییزی ١٤٠١، خاڵی وەرچەرخانی مێژووی هاوچەرخ بوو لە هاوکێشە سیاسییەکانی ئێراندا. لەم ڕووداوە مێژووییەدا، دەور و کاریگەریی حیزبی دێموکرات و گەشەی ئاگایی نەتەوەیی لە کوردستاندا گەیشتە باڵاترین ئاستی خۆی. دروشم و فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" کە ڕەگی لە نیو ئەدەبیاتی خەباتی ڕزگاریخوازیی کورد و پەروەردەی سیاسیی کوردستاندا هەبوو، نیشانی دا کوردستان نەک هەر ناڕازییە، بەڵکوو خاوەنی بەدیلی فکری، فەلسەفی و کۆمەڵایەتییە بۆ داهاتووی تەواوی وڵات.

پوختەی مەبەست:

بە پێداچوونەوە بەم مێژووە پڕ سەروەری و فیداکارییەدا، دەکرێت بڵێین کاریگەرییە سیاسییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر گەشەی خودئاگایی نەتەوەیی و ئۆلگووسازی لە ئێراندا، لە چەند خاڵی بنەڕەتیدا کورت دەبێتەوە:

- حیزب توانی شوناسی کوردی لە ئاستی دابونەریت و خێڵەوە بباتە ئاستی "نەتەوەی سیاسیی خاوەن ئیرادە".

- بە داڕشتنی تیۆریی فێدراڵیزم و دێموکراتیزاسیۆنی کوردستان، بێوێنەترین مۆدێلی بۆ مانەوەی ئاشتییانەی گەلان لەنێو چوارچێوەیەکی دێموکراتیکدا پێشکەش کرد.

- حیزبی دێموکرات نیشانی داوە کە شکستە کاتییەکان مانای کۆتایی ڕێگە نین، بەڵکوو بەرخۆدان پرۆسەیەکی بەردەوامە.

- لە ڕاپەڕینی ژینادا سەلمێنرا کە ئەندێشەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەوتووترین، مرۆڤدوستانەترین و ئازادیخوازانەترین ئایدۆلۆژیایە کە دەتوانێت تەواوی کۆمەڵگە بەرەو ڕزگاریی یەکجارەکی ببات.

ئەمڕۆ، لە ٨١ ساڵەی خەباتیدا، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران نەک هەر وەک یەکێک لە دێرینترین و بەئەزموونترین حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەمێنێتەوە، بەڵکوو وەک شادەماری سەرەکیی گۆڕانکاریی حەتمی و نەخشەداڕێژەری داهاتووی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەرانسەری ناوچەکە لە خەبات و تێکۆشانی بەردەوامە.