کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات و بەرزەفڕیی سیاسی! (لە یادی هەشتا و یەکەمین ساڵی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا!)

16:35 - 20 گەلاوێژ 2726

ئیبراهیم لاجانی

٢٥ی گەلاوێژی ئەمساڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێ دەنێتە هەشتا و یەکەمین ساڵی تەمەنی خۆی. ئەگەر بە شێوەیەکی واقعبینانە شوێنەواری ئەو حیزبە لە سەر ژیان و خەباتی خەڵکی کوردستاندا لێک بدەینەوە، بۆمان دەردەکەوێت کە حیزبی دێموکرات لە هەموو ئەو ماوەی دوورودرێژەدا ویژدانی زیندووی کۆمەڵگەی کوردەواری بووە.

لە کۆمەڵگە ئازادەکاندا ڕۆژنامەکان نەخشی ویژدان دەگێڕن و لە هەر کوێ گیروگرفت و کەموکوڕییەک هەبێت، وەک پاسەوانی ماف و ئازادییەکانی گەل و نیشتمان دێنە دەنگ. لە کوردستاندا، لە کاتێکدا کە گەلی کورد و خاکی کوردستان، لە ژێر داگیرکاری و ستەمی نەتەوایەتی، سەرەڕۆیی و زەبروزەنگ و سەرکوتی هەمەلایەنەدان و خەڵک لە هەموو ماف و ئازادییە نەتەوایەتی و دێموکراتیکەکانی خۆیان بێبەشن، حیزبی دێموکرات، نەک هەر وەک حیزبێکی سیاسیی ئاسایی، بەڵکوو وەک پێشڕەوی بزووتنەوەی میللی – دێموکراتیک کوردستان، لە هەموو بوارەکانی تێکۆشانی خەڵکی کوردستاندا، ئەرکی بەڕێوە بردووە.

دامەزرانی حیزبی دێموکرات درێژەی ئەو خەبات و تێکۆشانە دوورودرێژە بوو کە ڕۆڵەکانی گەلی کورد لە سەردەمەکانی پێشووتردا بۆ ڕزگاری لە ژێر چەپۆکی و ستەمی میللی و لە پێناو پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدا، ئەنجامیان دابوو. بە دەستپێکردنی شەڕی دووهەمی جیهانی و پێکهاتنی هەلومەرجێکی لەبارتری نێوخۆیی و نێونەتەوەیی، ڕۆڵە پێشڕەوەکانی گەلی کورد، حیزبی دێموکراتیان بۆ ڕێبەری و ڕێکخستنی ئەو خەباتە لە سەردەمێکی تازەتردا دامەزراند.

یەکەمین بەرنامەی سیاسیی حیزب کە لە کۆنگرەی یەکەمدا پەسند کرا، ئاوێنەی باڵانوێنی ئامانجە نەتەوەیی و دێموکراتیک و پێشکەوتنخوازەکانی ئەو حیزبەیە. خەبات بۆ سڕینەوەی ستەمی نەتەوایەتی و دیاریکردنی مافی چارەی خۆنووسین، خەبات لە پێناوی ئازادی و دێموکراسیدا، خەبات بۆ پێکهێنانی ئاڵوگۆڕی قوڵی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی، خەبات بۆ پەرەپێدانی زمان و ئەدەبیاتی کوردی، خەبات بۆ کەمکردنەوە و لەنێوبردنی نابەرامبەری بەرانبەر ژنان، خەبات بۆ هەڵوەشاندنەوەی بێعەداڵەتی لە خاوەنداریەتیی زەویدا، خەبات بۆ ڕێکخستنی ژنان و لاوان و چین و توێژە زەحمەتکێشەکانی دیکە بۆ وەدەستهێنانی ماف و داخوازە سینفی و پیشەیی و مەدەنییەکانیان، هەروەها خەبات بۆ هاوئاهەنگ کردنی بزووتنەوەی کوردستان لەگەڵ جووڵانەوەی ئازادیخوازی و دێموکراسیخوازیی گەلانی ناوچە و دونیا، کە لەو بەرنامەیەدا جێیان بۆ کراوەتەوە، بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە بۆ ڕاستی و درووستیی ئەو قسەیە.

پێبەپێ چوونەپێشی کۆمەڵگەی کوردستان و مرۆڤایەتی، لە کۆنگرەکانی دواتردا، بەرنامەی حیزبی دێموکراتیش پتر گەشە دەکات و هەموو ئەو کێشانە دەگرێتە خۆ، کە میللەتی کورد لەگەڵیان دەستەویەخەیە. دیسانتڕالیزەکردنی دەوڵەتی مەرکەزی، دێموکراتیزەکردنی وڵات، خەبات بۆ سێکۆلاریزەکردنی حکومەت و دەسەڵاتی سیاسی، پاراستن و خاوێنڕاگرتنی ژینگەی کوردستان، دابین و دەستەبەرکردنی هەموو ئەو ماف و ئازادییانەی کە لە بەیاننامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ و کۆنڤانسیۆنە نێونەتەوەییەکاندا پەسند کراون، بە مافی پەرەسەندنیشەوە، و سەرەنجام دیاریکردنی سۆسیالیزمی دێموکراتیک وەک ئامانجی دواڕۆژی حیزب، نیشاندەری ئەو ڕاستییەن.

دەتوانین بڵێین کە لە هەشتا و یەکەمین ساڵی ڕابردوودا، سەرەڕای ئەو هەموو زەبروزەنگ و سەرکوت و پەلامارەی کە لە لایەن دوژمنانی نەتەوەکەمان و هێزە کۆنەپەرست و حکومەتە سەرەڕۆکانەوە، بە دژی حیزبی دێموکرات بەڕێوەچووە، حیزبی ئێمە دینامیزمی سەرەکیی زۆربەی ئەو ئاڵوگۆڕە سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییانە بووە کە لە کۆمەڵگەی کوردستاندا پێک هاتوون.

بە سەدان و هەزاران کەس لە ڕۆڵە ئازادیخوازەکانی گەلەکەمان لە قۆناخە جۆراوجۆرەکانی خەبات و تێکۆشانی حیزبدا، لە ڕیزەکانی ئەو حیزبەدا بۆ بردنەپێشی ئامانجەکانی خەڵکی کوردستان تێکۆشاون و مایەیان لە ماڵ و ژیان و گیانی خۆیان داناوە. گیراون، حوکم دراون، ئەشکەنجە کراون، دوورخراونەتەوە، لەدار دراون، ئاوارە بوون، لە سەنگەرەکانی بەربەرکانیدا شەهید بوون، تیرۆرکراون، بەڵام هەرگیز ئاڵای خەباتی حیزبی دێموکرات نەکەوتۆتە سەر زەوی. ئەگەر ئەو حیزبە ڕیشەی لە ژیان و خەباتی گەلی کورددا نەبوایە، قەت نەیدەتوانی لەو هەموو ماوەی دوورودرێژەدا، لە ژێر باری ئەو هەموو سەرکوت و زەبروزەنگ و تۆقاندن و تیرۆرەدا پشتی ڕاست کاتەوە و هەروا قورس و قایم لە مەیدانی خەباتدا ڕاوەستێت و ببێتە جێگای هیوا و هومێدی گەلی کورد.

بڵاوکردنەوەی بیری نەتەوایەتی و ڕزگاریخوازانە، بیروباوڕی ئازادیخوازی و پێشکەوتنخوازانە، ئیدە و مەرامی یەکسانیخوازی و دادپەروەرانە، لەقاودانی ستەم و سەرکوت و هەڵاواردن و چەوسانەوە لە هەموو شکڵ و شێوەیەکدا، لایەنێکی دیکەی کار و چالاکیی حیزبی دێموکرات بووە. چاپی ڕۆژنامە و گۆڤاری سیاسی و ئەدەبی و فکری لە سەردەمی کۆماری کوردستان و ساڵانی دواتردا، دامەزراندنی ڕادیۆ و ئیمکاناتی دیکەی بڵاوکردنەوە لە هەلومەرجێکی سەخت و دژوار و خەباتی ژێرزەوینی و بەرگریی چەکدارانەدا، بۆ بڵاوکردنەوەی پەیام و سیاسەت و هەڵوێستەکانی حیزب و بزووتنەوە، سەنگەرێکی دیکەی ئەو خەباتە بووە.

باشترین نووسەران، ڕۆژنامەنووسان، وەرگێڕان و شاعیران و ئەدیبانی کورد لە ڕیزەکان و لە هالەی پەیام و تەشکیلاتی ئەم حیزبەدا پێگەییون و بوونەتە ئەستێرەی پڕشنگداری ئاسمانی ئەدەب و ڕۆژنامەنووسیی کوردی. پێشەوا، هێمن، هەژار، سەیفی قازی، ڕەحیمی قازی، حەقیقی، سوارە، ئەحمەدی قازی، مەلا ئاوارە، کەریمی حیسامی، هێدی، شەرەفکەندی، قاسملوو، غەنی بلوریان، عەزیزی یوسفی، سادق وەزیری، حەسەنیانی، ماملێ و هتد، تەنیا گۆشەیەکی ئەو حەقیقەتەن.

بەو جۆرە نەوە یەک لە دوای یەکەکانی کوردستان، لە ڕێگای ئەدەبیاتی حیزب و ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی حیزبەوە، لەگەڵ بیری نەتەوایەتی و ئازادیخوازانە، ناسنامەی نەتەوەیی و لەگەڵ دیسکۆڕسی کوردستانی و ئازادیخوازانە ئاشنا بوون. هەر ئەوەش حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کردۆتە ویژدانی زیندووی کۆمەڵگەی کوردستان.

لە نێو حیزب و ڕێکخراوە کوردستانی، ئێرانی، ناوچەیی و نێونەتەوەییەکاندا حیزبی دێموکرات پرێستیژی بەرزی خۆی هەیە. حیزبێکە لە قوڵایی واقعییەتە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستانی ئێران و ئەو هەلومەرجەوە سەری هەڵداوە کە کوردستان و کوردی تێدایە. جگە لە میللەتی کورد هێز و توانا و ئیلهام لە هیچ شوێنێکی دیکە وەرناگرێت. ئەوە بۆ نزیکەی سەدەیەک دەچێت لە مەیدانی خەباتدا، ئاڵای داخوازە نەتەوەییەکانی میللەتی کورد و دێموکراسیخوازیی لە ئێراندا بەرز و شەکاوە ڕاگرتووە. سەرەڕای ئەو هەموو هێرش و پەلامارەی لە لایەن کۆنەپەرستیی فەرمانڕەوا و دوژمنانی نەتەوەکەمان کراونەتە سەری، هەروا بەهێز و قایم لە مەیداندا ماوەتەوە و دەڕواتە پێش.

حیزبێکە توانای مانەوە و چوونه‌پێشی هەیە. لە قەیرانەکاندا بەهێزتر دێتە دەر. لە کورەی خەبات و بەربەرکانیدا قاڵ بۆتەوە. توانای خۆنوێکردنەوە و بەخۆداچوونەوەی هەیە. تا دێت، پتر گەشە دەکات.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران حیزبێکە هەم لە باری سیاسی و فیکرییەوە و هەم لە باری تەشکیلاتی و پێگەی کۆمەڵایەتییەوە گەورەیە. بە ئاسانیش خۆی لەگەڵ هەلومەرجە تازەکان ڕێک دەخات. خەبات و تێکۆشانەکەی لە خەبات و تێکۆشانی میللەتی کورد لە کوردستانی ئێران بۆ ئازادی و مافی نەتەوەیی و لە خەباتی میللەتانی ئێران بۆ ئازادی و دێموکراسی جیا ناکرێتەوە. خاوەنی ڕابردوو و مێژووی خەباتگێڕانەیە. هەر لەو کاتەدا کە مێژوو بۆ خۆی داناتاشێت، قەت حاشاش لە ڕابردووی خۆی ناکات. ئەگەر بە مێژووی خەباتگێڕانەی خۆی شانازی دەکات، لەو شوێنەش کە پێویستە لە مێژووی خۆی دەرس وەر دەگرێت.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هیچ پێویستی بە پاکانە بۆ خۆکردن و سینگ ڕەپێشخستن نییە. حیزبێکی کراوە، گەلی و دێموکراتیک و جەماوەرییە و هیچ سیاسەت و بەرنامە و تاکتیکێکی شاراوەی لە میللەت و بیروڕای گشتی نییە. ڕابردوویەکی پڕ لە ئەزموونی هەیە، بەڵام ئەم ڕابردوو نەبۆتە کۆڵەبارێکی گەورە بە سەر شانییەوە کە نەهێڵێت هەنگاو بۆ پێشەوە باوێت. ڕابردوو بۆ حیزبی دێموکرات تەنیا بریتییە لە سەرچاوەی دەرس لێوەرگرتن و ئیلهام، نەک مانەوە و چەق بەستن لە نێویدا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، حیزبێکە کە خەباتی خۆی بە هەڵسەنگاندن و ڕەخنەگرتن لە وەزعی سیاسیی ئێران و مەوقعییەتی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی میللەتی کورد دەست پێکردووە. حیزبێکی بڵندپەوازە و بۆ ڕزگاریی میللەتی کورد لە کوردستانی ئێران، بۆ دێموکراتیزەکردنی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی لە ئێران و لە کوردستانی ئێران، بۆ سەقامگیرکردنی ئازادی و پلۆڕالیزمی سیاسی و فەرهەنگی و بۆ دابینکردنی مافەکانی مرۆڤ و لەنێوبردنی بێعەداڵەتی، بۆ پێشکەوتن و پەرەسەندنی هەمەلایەنە و دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی و دێموکراتیک و سەقامگیرکردنی بایەخەکانی سۆسیال دێموکراسی خەبات دەکات. دەیەوێت لە باری سیاسییەوە کۆمەڵگەی ئێران و کوردستان سەرلەنوێ سازمان بداتەوە و فەرهەنگ و کولتووری دێموکراتیک لە پێوەندییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا جێگرتوو بکات.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران حیزبێکی جیدییە و بۆ وەدەستهێنانی دەسەڵاتی سیاسی، چ بە تەنیا و چ بە هاوبەشی لەگەڵ هێزە دێموکراتەکانی دیکەی کوردستان و ئێران هەوڵ دەدات. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە چاوگێڕان بە وەزعی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی کوردستان و مەوقعییەتی سیاسیی میللەتی کورد لە کوردستانی ئێراندا، بۆی دەرکەوتووە کە هیچیدی ئەم وەزعە نابێت قبووڵ بکرێت و دەبێت بگۆڕدرێت. ئەوەش قەتاری حیزبی خستۆتە سەر ڕێگایەکی ئاسنی ئه‌وتۆ کە نایەڵێت بترازێت و بە لاڕێدا بڕوات. ڕێگای سڕینەوەی ستەمی نەتەوەیی و ڕزگاری و دابینکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ میللەتی کورد و ئازادی و دێموکراسی لە ئێران.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە خەبات بۆ ئازادی و دێموکراسی و مافە نەتەوەییەکانی کورد دەکات خۆی و میللەتی خۆی، کەموکوڕییەکانی خۆی، لایەنە لاوازەکانی خۆی و فەرهەنگی سیاسیی کوردستان و ئێران دەناسێت و قامکیان لە سەر دادەنێت. چارەمان نییە جیا لەوەی کە بۆ خۆمان هەڵە و کەموکوڕییەکانمان دەستنیشان بکەین و لە دووباره‌کردنەوەیان خۆ ببوێرین. ئێمە دەمانهەوێت دەسەڵاتی سیاسی بە دەستەوە بگرین، بەڵام لە هیچ کاتێکدا ئەوە لە بیر ناکەین کە ئامانجی هەرە بەرزی ئێمە لە کاری سیاسی بریتییە لە خێری گشتی.

حیزبی ئێمە دەسەڵاتی سیاسی بۆ ئەوە دەوێت تا بەرنامەی سیاسیی خۆی پێ پیادە بکات. بەرنامەیەک کە بریتییە لە پڕۆژەی سڕینەوە و لەنێوبردنی ستەمی نەتەوەیی، دابینکردنی دێموکراسی و سەقامگیرکردنی ڕفاه و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی. لە بارودۆخێکی ئاوادا چەندە پێویستیمان بە ڕۆحییەی خەباتگێڕانە لە مەیدانی خەباتدا هەیە، ئەوەندەش پێویستیمان بە ئازایەتیی ئەخلاقی بۆ دیفاعکردن لە بەرنامەی سیاسی و هەڵوێستەکانی خۆمان هەیە. هەر بۆیە تێدەکۆشین ڕەفتار و کردارمان لەگەڵ سیاسەت و قسە و دروشمەکانمان بێنەوە. هەر بۆیە لە سەر ئوسوڵ و پرنسیپەکانمان پێدا دەگرین و هەوڵ دەدەین سەرمایەی ئەخلاقیی خۆمان لە خەباتدا ڕۆژبەڕۆژ دەوڵەمەندتر بکەین.

حیزب لە دەربڕین و ڕاگەیاندنی سیاسەتەکانی خۆیدا هەمیشە خاوەنی ئازایەتی بووە. فەرهەنگی سیاسیی ئێمە ئەوە بووە و ئەوەیە کە جیا لە قازانجەکانی میللەتی کورد و بزووتنەوەی سەرانسەریی میللەتانی ئێران و بایەخە ئینسانی و پەسندکراوە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ، هیچ شتێکی دیکە لە خەبات و سیاسەتدا، خەت و نیشانی بۆ حیزبی ئێمە دیاری نەکردوون. ئەوەش بۆتە دەستمایەی گەورەی سیاسی و ئیعتیبارێکی گەورەی لە نێو میللەتی کوردا بۆ حیزبی دێموکرات دەستەبەر کردووە. لە ستراتیژییماندا شێلگیر و لە ئاشتی نه‌هاتووین و لە تاکتیکەکانماندا، توانا و لێوەشاوەیی زۆر بۆ خۆگونجاندن لە خۆ نیشان دەدەین.

هۆشیاری و دووربینیی سیاسی تایبەتمەندییەکی سەرەکیی سیاسەت و هەڵوێستەکانی حیزبی ئێمەن. بەشێکی بەرچاوی کاری فەرهەنگی و خەباتی فەرهەنگیمان لە نێو خۆماندا دەبەینە پێش. هەمیشە نیگەرانیی سڵامەتیی خۆمان و ڕیزەکانی تەشکیلاتی خۆمان بووین و هەین. حیزبی دێموکرات لەگەڵ خۆی و تێکۆشەرانی خۆی سەختگیرە. ئاخر ئەگەر حیزبی ئێمە قسە و کردەوەی لەگەڵ یەک نەیەنەوە، قەت شایانی ئەو هەموو ڕێز و پرێستیژە نییە کە لە نێو خەڵکی کوردستاندا هەیەتی. لەوەش زیاتر شایانی ئەوە نییە دەسەڵاتی سیاسی بە دەستەوە بگرێت.

ئەخلاق شوێنێکی گرینگی لە حیزبی ئێمەدا هەیە. ئێمە لەوەی کە ئەخلاق لە سیاسەتەکانماندا بە هێند دەگرین قەت زیانمان نەکردووە. بایەخدان بە بەها ئەخلاقییەکان، حیزب و تەشکیلاتی حیزبییان بەهێز کردوون. بایەخی ئینسانیی مرۆڤەکان بۆ حیزبی ئێمە لە سەرووی هەر شتێکی دیکەوەیە. هەرگیز تووشی دوگماتیزمی حیزبی نەبووینە و بە چاوی دوژمن تەماشای موخالیفانی خۆمانمان نەکردووە. ئەوە بۆتە ئەسڵێکی گرنگی هەڵوێستە سیاسییەکانمان کە دەڵێین: هەرکەس دوژمنایەتیمان نەکات دۆستمانە، نەک هەرکەس دۆستایەتیمان نەکات دوژمنمانە.

لە نێو ڕیزەکانی تەشکیلاتماندا فەزایەکی کراوە و دێموکراتیک بۆ باس و دیالۆگ و موناقەشەی سیاسی و فکری و نەزەری هەیە. گومانی تێدا نییە کە لە نێوماندا ململانێی سیاسی و تەنانەت خسوسیش هەیە بەڵام ئەو ململانێیە نەبۆتە هۆی ئەوەی کە دێموکراسیی نێوخۆیی حیزبیمان بخاتە مەترسییەوە. تا هاتووە پتر ڕێوشوێنە دێموکراتیکەکانمان، لە نێو خۆمان جێگیر کردوون. لە داهاتووشدا پێبەپێی گەشەی سیاسیی خەڵکی کوردستان، پێوەندییەکان و سترەکتۆری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دێموکراتیزەتر دەبێت. ئەوە لە ماهییەتی حیزبی دێموکرات وەک حیزبێکی جەماوەری و میللییەوە سەرچاوە دەگرێت.

لەو جێیەی کە ناکۆکیی سیاسیمان لە نێو تەشکیلاتدا لە سەر مەسەلە تەشکیلاتی و حیزبییەکان بۆ هاتۆتە گۆڕ، لەوە نەترساوین بە بیانووی پاراستنی یەکیەتیی سیاسی و تەشکیلاتی، باسیان لێ نەکەین. هەمیشە ترسی ئێمە لەوە بووە کە لە ئوسوڵە سیاسییەکانمان و ڕێباز و سوننەتە دێموکراتیک و حیزبییەکانمان لادەین. بۆ ئێمە سووربوون لە سەر ڕێبازی حیزب، واتە سەربەخۆییی سیاسی و تەشکیلاتیی حیزب و خەبات بۆ دابینکردنی مافەکانی میللەتی کورد و دێموکراسی لە وڵاتەکەماندا، لە هەر شتێکی دیکە گرنگترە.

ئێستا کە قۆناخێکی دیکە لە خەباتی حیزبەکەمان دەست پێ دەکات و ئێران و کوردستان و ناوچەش لە بەردەم ئاڵووگۆڕی گەورەدان، وێڕای هەڵسەنگاندنەوەی وەزعی سیاسی و هەلومەرجی خەباتی خۆمان و میللەتەکەمان، بە دڵێکی پڕ لە ئومێد و هیواوە بەرەو پێش دەڕۆین. دەزانین هەم دەرفەت و هەم مەترسیی جۆراوجۆرمان لە پێشدان.

وەزعێکی نوێ هاتۆتە پێش و لە مەیدانی خەباتی میللی و دێموکراتیی گەلەکەماندا، نەوەیەکی دیکە هاتۆتە مەیدان کە دوور دەڕوانێت و بایەخ و بەها سیاسییەکانی نێو بەرنامەی حیزبی ئێمە بە هی خۆی دەزانێت و خەباتیان بۆ دەکات. ئەمڕۆ پتر لە هەرکاتێکی دیکە ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ئێران گوێ بۆ قسە و پەیامی حیزبی ئێمە ڕادەگرن. نەسڵێک پێی ناوەتە مەیدانی خەبات و ژیان کە جگە لە ئازادی و دێموکراسی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی، بە هیچ شتێکی دی ڕازی نابێت. ئەو کاروانە دەڕواتە پێش و ڕێگای لێ ناگیرێت.

خەباتی ئێمە تایبەتمەندیی میللی و دێموکراتیکی هەیە هەر بۆیە هەر لەو کاتەدا کە پێویستیمان بە سیستم و ڕێکوپێکیی تەشکیلاتی هەیە، پێویستیمان بە پلۆڕالیزمی سیاسی و فکری و فەرهەنگی و نەزەری لە نێو بزووتنەوەدا هەیە. پێویستیمان بە هاوپێوەندیی میللی هەیە بۆیە ئێستا لە سەر پێویستیی ڕێککەوتن لە سەر پڕۆژەیەکی میللی لە هەرکاتێکی دیکە پتر پێ دادەگرین. خۆ لە خۆڕا نییە حیزبی ئێمە هێندە لە سەر پێویستیی لێک نزیکبوونەوە و هاوکاری و هاوئاهەنگیی هێزە خەباتگێڕەکانی کوردستانی ئێران پێ دادەگرێت.

ئێمە نامانەوێت لەو خەباتەدا بە تەنیا بین. حیزبی ئێمە لەمێژە گەیشتۆتە ئەو قەناعەتە کە سەرەڕای هەموو جیاوازییەکانمان، بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دێموکراتیک، دەبێت لەگەڵ هێزەکانی دیکە پێکەوە کار بکەین.

حیزبێک کە بە ڕەنج و کار و خەبات و تێکۆشانی چەند نەسڵ لە ڕۆڵەکانی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران درووست بووە، ئێستا بۆتە هێزێکی کارا و کارساز لە سیاسەتی کوردستان و ئێراندا. ئەندامان و تێکۆشەرانی حیزبی ئێمە لە سەریانە لەگەڵ حیزبی خۆیان گەشە بکەن و بڕۆنە پێش. خەباتی ئێمە بۆ ئازادیی میللەتێکە کە لە هەموو مافە نەتەوەییەکانی خۆی بێبەشە. بۆیە مەسەلەی ئەسڵی و بنەڕەتی لە خەباتی ئێمەدا، بریتییە لە گەیشتن بە ئازادی، وەدەستهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووس و دامەزراندنی دەسەڵاتی سیاسی و ئیداریی کوردستانی. ئەو ئامانجە ئەستێرەی ڕێنیشان دەری ڕێگای خەباتمانە و نابێت لە بەر چاوانمان ون بێت. ئیعتیبار و مانەوە و چوونه‌پێشمان بەوە بەستراوەتەوە کە چەندە دەتوانین بە ڕێگای ئەو ئامانجەدا بڕۆینە پێش.

ئێمە حیزبێک نین کە بە بەرزکردنەوەی دروشمی بژی فڵانەکەس و بمرێ فیسارەکەس پێمان نابێتە مەیدانی خەباتی سیاسییەوە. ئێمە ئامانجێکمان هەیە کە ئەویش بریتییە لە ئازادی و سڕینەوەی ستەمی نەتەوەیی لە هەموو بوارەکانی ژیانی میللەتەکەماندا. لە ڕێگای خەبات بۆ وەدەستهێنانی ئەو ئامانجەدا، بەو ئاکامە گەیشتووین کە دەبێت بە دژی ستەم و نابەرامبەری، بە دژی دیکتاتۆری، بە دژی ئیستبدادی سیاسی و مەزهەبی، بە دژی کۆنەپەرستی، بە دژی شوڤێنیزمی دەسەڵاتدار و ناسیۆنالیزمی بەرچاو تەنگی کورد، بە دژی تێکەڵاوکردنی دەسەڵاتی حکومەتی و دین، ڕاوەستین و تێکۆشین.

ڕێی خەبات سەختە و پڕ لە هەوراز و نشێوە. یەکیەتی و پشوودرێژی و ئازایەتی و چاوی تیژ و ئەژنۆی بەهێز و بیری وردی دەوێت. ئامانج بەرزە و ڕێگا دوور. بەڵام شێلگیری لە سەر ئوسوڵەکان و نەرم بوون لە هەڵبژاردن و کارکردن بە تاکتیکەکان، وەک هەمیشە دێمانپارێزێت و سەرەنجام خۆمان و میللەتەکەمان دەگەیەنێتە ترۆپکی ڕزگاری. ئێستا بە ڕۆحییەی فێربوون لە ڕابردوو و مێژووی خۆمان بەرەو پیری قۆناخێکی تازە لە خەبات و تێکۆشانی حیزبەکەمان دەڕۆین.

پاش پتر لە هەشتا ساڵ لە خەبات و تێکۆشان، خەباتی حیزبی ئێمە ئێستا خەریکە لە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی و دامەزراندنی ڕێژیمێکی دێموکراتیک لە وڵاتەکەماندا و لە خەبات بۆ وەدیهێنانی مافە نەتەوەییەکانی گەلەکەماندا دەبێتە هێزێکی کارساز و بڕیاردەر.

ئاسۆی بزووتنەوەی میللی دێموکراتی کوردستان ڕوون دێتە بەرچاو. ڕەوتێکی تازە لە سیاسەتی کوردیدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێ کردووە. هەرچەند ئەو ڕەوتە لە سەرەتادایە بەڵام تازە گەڕانەوەی بۆ نییە. ئەو ڕەوتەش بریتییە لە بەرەوپێشچوونی هەوڵەکان بۆ دەست پێکردنی دیالۆگی میللی، هاتنەدەر لە پرش و بڵاویی سیاسی، لێک نزیکبوونەوە، تەنانەت ڕێککەوتنی چەند لایەنە و پێکگەیشتن لە سەر مەسەلە بنەڕەتی و چوارچێوە ئەساسییەکانی خەبات و تێکۆشانی هاوبەش.

ئەو دیالۆگە لە نێوان بزووتنەوەی کورد و هێز و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی وڵاتەکەشماندا لە لایەکی دیکەوە هەر لە گۆڕێدایە. لەوێشدا هەرچەند مەیدانی کار وەک مەیدانی مین دێتە بەرچاو، بەڵام کورد لەو بەرەیەشدا هیچ ڕێگای دیکەی نییە دەبێت لە گۆڕەپانەکە بێت و ڕێگای چوونه‌پێشی ئامانجەکانی خۆش بکات و یەک بە یەک مینەکان هەڵگرێتەوە. هیچ جێی نیگەرانی نییە، بزووتنەوەی کورد زۆر لەوە بەهێزترە کە ئەکتەرەکانی سیاسەتی ئێران و ناوچە و دونیا بتوانن خۆیان لە بوون و کاریگەربوونی گێل بکەن. بەڵام دەبێت لە مەیدانەکەدا بین، بەهێز بین و چاکیش یاری بکەین.

ئەوەی هەتا ئێستا کۆماری ئیسلامی ڕاگرتووە، سەرەنێزە و دۆلارە نەوتییەکان بوون. ئێستا بەو ئابڵۆقە سەختە کە دونیا خستوویەتییە سەر ڕێژیم، هەموومان گوێمان لە قرچەقرچی ئەو ئەستووندانەیە کە تاوڵی کۆماری ئیسلامیان بە پێوە ڕاگرتووە. چوونه‌پێشی ئەو وەزعە، سەرەنێزەی سەرکوتی ڕێژیمیش دەکاتە چەقۆیەکی کول و بێ ئەسەر.

لە لایەکی دیکەشەوە، شەڕی نێوان دارودەستەکانی نێو حاکمییەت بە قوڵبوونەوەی ئەو قەیرانە، جارێکی دیکە خەریکە سەرتاسەری دەسەڵاتی ئاخووندی دادەگرێت. وەزعی ناوچەش بە گشتی بە قازانجی ئازادی و دێموکراسی دەڕواتە پێش. کەیسی کوردستان و پرسی کوردیش ئیدی بۆتە کێشەیەکی گەورەی دونیا و هەموو تێگەیشتوون کە ئەو پرسە دەبێت چارەسەر بکرێت.

حیزبی ئێمە هەم لە گۆڕەپانی سیاسەتی کوردستان و پرسی کورددا دەتوانێت دەوری لێوەشاوەی خۆی بگێڕێت و هەم لە ئاستی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشدا دەتوانێت ڕۆڵی خۆی ببینێت.

بەرنامەی سیاسیی حیزبی ئێمە بەرنامەیەکە بۆ دێموکراتیزەکردنی ئێران، دیسانتڕالیزەکردنی دەسەڵاتی ناوەندی و بۆ دابینکردنی مافی چارەی خۆنووسینی میللەتی کورد. ئەو بەرنامەیە بەرنامەی بنیاتنانەوەی ئێرانی دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامییە. بۆیە هەتا دێت پتر دەبێتە بەرنامەی سیاسیی کۆمەڵانی هەراوی میللەتی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. ئەمڕۆ پەیامی حیزب بە گوێی هەموو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەگات و بانگەوازی ئامانجە نەتەوەیی و دێموکراتی و ئینسانییەکانی لە گوێی خەڵکدا دەزرینگێتەوە. هەر بۆیە چ لە ئاستی سەرانسەریدا و چ لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چ لە ئاستی کوردستانی گەورەدا، هیچ هێزێکی سیاسیی نیشتمانی و نەتەوەیی جیدی نابینی کە حیزبی ئێمە بە هەموو جیاوازییەکانیشییەوە لەگەڵ خۆیدا، وەک هێزێکی کاریگەری مەیدانی خەبات نەبینێت و نەیهەوێت هاوکاری و هاوڕایی لەگەڵ بکات.

کارنامە و بەرنامە و پراکتیکی حیزبی ئێمە بۆتە جێگای بڕوا و متمانەی نەتەوەی کورد و هەموو گەلانی ناوچە. ئەوەش لە لایەکی دیکەوە حیزبی ئێمەی کردۆتە حیزبێکی مەسئول کە بیروڕای گشتی حیسابی لە سەر دەکات. ئێستا وەختی ئەوە هاتووە تەشکیلاتی خۆمان بە جۆرێک ئامادە بکەین کە بتوانێت وا کار بکات کە حیزب بکاتە پاڕامێترێکی کاریگەری سەر ئەو وەزعە سیاسییەی خەریکە دێتە گۆڕێ. ئەوەش بەوە دەکرێت کە حیزبی ئێمە وەک هێزێکی میللی و جەماوەریی گەورە و بەهێز دەرکەوێت و بتوانێت هەموو هێزە خەباتگێڕەکانی گۆڕەپانەکە لەگەڵ خۆی بدا. نابێت لە بیرمان بچێت کە هەر لە ئەساسدا حیزبی دێموکرات بۆ ئەو مەبەستە دامەزراوە. یانی ئەوە ڕیسالەتی حیزبی دێموکراتە کە ببێتە داینامۆی خەباتی میللی و دێموکراتیکی گەلەکەمان و ئەو خەباتە بەرێتە پێش. بۆیە لە هەشتا و یەکەمین ساڵی تێکۆشانی حیزبەکەماندا، تێکۆشەرانی حیزب لە سەریانە خۆیان هەڵکێشنە ئاستی مەوقعییەت.