
عەلی فەتحی
ئەو بۆچوونە بەتەواوی دروستە کە دەڵێ دووری لە نیشتمان هەستی دڵپێوەبوون و خۆشەویستی وێڕای نۆستاڵژی چڕتر دەکا، بەتایبەت کە ئەو دوورییە بەزۆر بەسەر مرۆڤدا سەپێندرابێ، چونکە ئەوکاتە ئیدی دەبێتە هۆی دروستبوونی هەستی سۆزداری لەنێوان مرۆڤ و نیشتمانەکەی. ئەو سۆزە وەکوو چەمکێکی پیرۆز و زێدێکی خەیاڵی لە مێشک و دەروونی کەسەکەدا جێ دەگرێ. پێویستە ئاماژە بەوەش بکرێت کە خوڵقانی ئەو هەستە وەکوو دیاردە دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک. لەنێو هۆکارەکاندا سەرەکیترین و گرینگترینیان ئەوەیە کە هەروەخت مرۆڤ شتێک لەدەست بدا، دوای لەدەستدانی پتر بەهای پێدەبەخشێ و بابەتەکە لای ئەو بەقیمەتتر دەبێ. کاتێک مرۆڤ دوور خرابێتەوە یا تووشی ئاوارەیی و دەربەدەری هاتبێ، زۆر ناخایەنێ بابەتە بچووکەکانیش کە کاتی خۆی لای ئەو هیچ نرخێکیان نەبووە، دەبنە شتگەلی گرانبەها.
مرۆڤەکان بەعام کاتێک بە زۆرەملی تووشی دوورخراوەیی دەکرێن یا خۆیان ڕێگای هەندەران دەگرنەبەر، پاش فەترەیەک هەستی ئایدیالیزەکردنی نیشتمان لای ئەوان دەست پێ دەکا و ئەو دوورییە هەرچی زیادتر بخایەنێ، ئەو سۆزە خەستتر دەبێ. یادەوەرییە تاڵەکان کاڵ دەبنەوە و ساتە خۆشەکان زەقتتر خۆ دەنوێنن و جوانیی نیشتمان زۆرتر لە پێشوو لەنێو هزری مرۆڤەکاندا جێی خۆش دەکا و لە قالبی چوارچێوەیەکی جۆغرافیایی دێتەدەر و دەبێتە هێما و شوناس و ئارامییەکی لەدەستچوو. ئەو مرۆڤانەی لە تاراوگە، واتە لە جیهانێکی پڕ لە غەریبیدا دەژین، سەرەڕای گشت جموجۆڵەکانی ڕۆژانە، بەردەوامیش بەدوای ناسنامەی نەتەوەیی خۆیاندا عەوداڵ دەبن، چونکە دەبینن مرۆڤەکانی دیکەی دەوروبەریان چەندە بە خەمی ناسنامە و ئاڵا و زمان و کولتووری خۆیانەوەن.
کەم واهەیە دوورخراوەیەک ئیزنی توانەوە یا ئاسیمیلەبوونی خۆی بدات و بەپێچەوانەوە هەوڵ دەدا خۆی لەگەڵ دۆخی نوێ بگونجێنێ و لە هەمان کاتدا بەر بە توانەوەی شوناسی نەتەوەییەکەی بگرێت. بەهێزبوونی هەستی نیشتمانپەروەری مرۆڤەکان، دیاردەیەکی تازە یا تایبەت بە گەلانێکی دیاریکراو نییە، لە کۆنەوە هەبووە و وەختێک مێژوو و ئەدەبیاتی نەتەوەکان دەخوێنینەوە، چاومان بە زۆر بابەتی نووسراوی سەرنجڕاکیش دەکەوێ و دەبینین کە سۆزی نیشتمانپەروەری چۆن داگیرکەرێک بووە. چۆن دڵ و هزری مرۆڤەکانی ملکەچی خۆی کردووە و لە ئەدەبی جیهانیدا ڕەنگی داوەتەوە.
گێئۆ بوگزای، ڕۆماننووس و شاعیری ڕۆمانی دەنووسێ:
« لە وەرشەو...
لە شاری وەرشەو کیژێ وەهای گوت:
ئەگەر دەخوازی نەوازیشم بکەی، پێشت پێ ناگرم
ئەگەر دەخوازی ماچم بکەی، ڕێت لێ ناگرم
سینگیشم ڕووت بکەیەوە، دەستت ناگرم
بەڵام دەبێ ئەوە بزانی،
ئاڵمانییەکان باوکی منیان گولـلەباران کردووە
برایەکم،
ئەویشیان لە کوورەدا سووتاندووە.
ئەگەر دەخوازی نەوازیشم بکەی، هیچ پێشت پێ ناگرم
بەڵام دەبێ ئەوە بزانی،
تەواوی ئەو شەهیدانە
لە ناخی مندا گریان و هاواریانە
منیش خۆڵەمێشم تەواو، سەر تا پێ.
ماچم بکە،
هیوادارم بەو ماچە زارت تاڵ نەبێ...»
زۆربەمان ڕەنگە ئەو دیمەنەمان دیتبێ، وەختێک کێبەرکێیەکانی فوتباڵی جیهانی لە وڵاتی ئامریکادا بەڕێوە دەچوو، کابرایەکی کۆنگۆیی لەنێو هاندەرانی تیمی کۆنگۆ سەرنجی دەیان هەزار کەسی ئامادەبووی نێو ستادیۆم و سەدان کامیرای تەلەفزیۆنەکانی عالەمی بۆ لای خۆی ڕاکێشا. ئەو کابرایە ناسناوی «پەیکەری زیندوو»ی پێبەخشرا. ئەو کەوایەکی سوور و شاڵوارێکی شینی عاسمانیی دەبەردا بوو. ئەو لە تەواوی کاتی بەڕێوەچوونی کێبەرکێی نێوان تیمەکانی کۆنگۆ و کۆلۆمبیا، واتە بۆ ماوەی سەعات و نیوێک، بەپێوە و بێجووڵە وێستا. ئەو ڕاوەستانە بێجووڵەیەی ئەو بە نیشانەی دەنگهەڵبڕینێک بوو بە دژی ئەو غەدرەی وەختی خۆی لە سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی کرابوو. ناوی ڕاستیی ئەو کابرایە میشێل ئانکوکا ئامبۆلادینگا بوو، بەڵام ئەو ڕۆژە بە ناوی پاتریس لۆمۆمبا دەرکەوت. میشێل بەو کارەی ویستی وەبیر دەیان هەزار هاندەری نێو یاریگا و هەموو خەڵکی جیهان بێنێتەوە کە داگیرکەرانی بێلژیکی چۆن زوڵمیان لە وڵاتی ئەو کردووە. کاتێک پاتریس لۆمۆمبا دژی بێلژیکییە کۆلۆنیالیستەکان ڕاپەڕی و لە هەڵبژاردندا دەنگی هێناوە و بوو بە سەرۆکوەزیرانی هەڵبژێردراوی کۆنگۆییەکان، داگیرکەرە بێلژیکییەکان لێیکەوتنە بیانوو و کودەتایان دژی ناوبراو کرد. لۆمۆمبایان گرت و لەسێدارەیان دا و بۆ ئەوەی وەکوو قارەمانی میللەتەکەی نەبێتە خاوەن ئارامگەیەک، جەنازەکەیان لەنێو ئەسید سۆلفۆریکدا تواندەوە.
وەک دەبینین نیشتمانپەروەری هەرتەنیا خۆشویستنی چوارچێوەیەکی خاکی و جۆغرافیایی نییە، بەڵکوو سۆزدارییەکە جیا لە جوانییەکان و یادوەرییەکانی سەرزەمینێک، خەم و ئازارەکانیشی لە دڵی کەسی نیشتمانپەروەردا جێ دەکاتەوە و وەکوو میراتێک ناهێڵێ فەرامۆش بکرێن. باس لە نیشتمان دەکەین، واتە قەوارەیەکی فیکری و ڕوحی و جۆغرافی کە ڕۆژێک لە ڕۆژان بووەتە خاوەن سنوورێکی دیار. دەکرێ بڵێین لەدایکبوونی نیشتمان لەو کاتەوە دەست پێ دەکا کە مرۆڤەکان بەرەبەرە ژیانی کۆچەرییان وەلاناوە و گوزەرانی دامەزران و نیشتەجێییان ڕەچاوکردووە و ئینتیما و بەستراوەیی بە ئاو و خاک، هزر و هەستی ئەو ئینسانانەی داگیرکردووە. ئەو داگیرکارییەی هەست و سۆز، دواتر بووەتە بنەمای لەدایکبوونی نیشتمانپەروەری. نیشتمان و نیشتمانپەروەری ئیتر لەوێ سەردەم بەولاوە ڕوانگەی مرۆڤ و زانایانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە.
سوقڕات پێیوایە نیشتمان بەنرخترین کاڵایە کە مرۆڤ دەتوانێ هەیبێ. یونانییەکانی سەردەمی کۆن و دواتریش ڕۆمییەکان هیچ شتێکیان بەلاوە لە نیشتمان نازدارتر و پیرۆزتر نەبووە. وشەی نیشتمان یا «پاتریدا»، یەکەم وشە بووە ئەوان فێری مناڵانی خۆیان کردووە. بەردەوام گوتوویانە ئێمە هەموو شتێکی ژیانمان قەرزداری نیشتمانین. نیشتمان بەلای ئەوانەوە بەهەشتێک بووە کە خوداوەند لەسەر زەوی بنیاتی ناوە و مرۆڤەکانی ناردووەتە ئەوێ بۆوەی لێی بژین و پارێزگاریی لێ بکەن. سوقڕات خۆی دەڵێ لەنێو هەموو ئەژداددا، لە دایک و باوکیش پتر، نیشتمان شەڕەفمەندترین، بێگەردترین و پیرۆزترین دیارییە و بەرزترین شوێنی لەنێو زەینی خوداوەند و ئینسانەکاندا هەیە.
وەختێک نیشتمان تا ئەو ڕادەیە پیرۆز بێ و لای فەیلەسووف و مرۆڤە خاوەن هزر و تێگەیشتووەکان لە دایکوباب و ئەژداد و کەسوکار بەنرختر بێ، ئێ ئەوسا لای منی کوردیش دەتوانێ پیرۆزترین داگیرکەری سۆز و خۆشەویستی بێ. کە باسی کورد دەکەین، دۆخەکە زۆرزۆر جیاوازتریشە. شەڕ و نائەمنی هەمیشە بەشێکی بەرچاو لە ژیانی ئەو بووە. مێژووەکەی پڕە لە دەربەدەری و ماڵوێرانی. دوژمنان، ئەو بەهەشتەی سەرزەوی بە قەولی یونانییەکان، لێیان داگیرکردووە و کردوویانەتە دۆزەخێک. بۆیە تاکی کورد ئەگەر لە کوردستان چاوی بە دنیا پشکووتبێ و لەوێ بژی، ئەوە ئازارەکانی شەڕ و وێرانی بە ڕوح و جەستە هەست پێ دەکا. ئەگەریش لە تاراوگە لەدایک بووبێ، ئەوجار بە تاوانی کوردبوون ڕووبەڕووی گەلێک ناڕاحەتیی تر دەبێتەوە. ناڕاحەتیگەلێکی لە چەشنی بێوڵاتی و بێئاڵایی و دوورخراوییەکی سەپێندراو.
لەسەر یەک، کورد و حەسانەوە دوو بابەتی دژبەیەک و نامۆن. دێکارتی فیلۆسۆفی فەڕانسەوی دەڵێ «ئەمن بیر دەکەمەوە، کەواتە هەم!» ئەو گوتەیە ڕەنگە بۆ مرۆڤێکی خاوەن ژینی ئاسایی لەجێدا بێ، بەڵام بۆ کۆمەڵە ئینسانێک کە بەردەوام لەژێر هەڕەشەی توانەوە و ئاسیمیلەدا بن، وێناچێ دروستبێ. کورد کە وەک نەتەوە ناچارە بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدا بێ بوونی خۆی بپارێزێ و بسەلمێنێ، ئاساییە ئەوکاتە ئاڵوگۆڕێک لە وتەکەی جەنابی دێکارتدا پێک بێنێ و بڵێ: «دەبێ سەرەتا هەبم، تا بتوانم دواتر بیر بکەمەوە».
کورد بە هەموو هێز و تواناوە سەرقاڵی خۆپاراستن و خۆسەلماندنە. نەیارانی ئەو بە هەر شێوەیەک بۆیان بلوێ، هەوڵی سڕینەوەی دەدەن. ئەو خۆپاراستن و خۆسەلماندنە پێویستی بە هێزێکی هەمیشەیی هەیە کە ببێتە داینامۆی لەجووڵە نەکەوتن. ئەو هێزە بەلای منەوە هەر هەمان ئەو سۆزە نیشتیمانییە کە پێشتر ئاماژەم پێ کردووە. بۆوەی هەمیشەییش بێ، دەبێ ڕەگی لە فیکر و ڕوحی تاکی کورددا ڕۆچووبێ. سۆزی نیشتمانپەروەری بۆ زیندوویی زێدی بابوباپیران وەکوو ئاوێکە کە دەبێتە هۆی هەڵقوڵانی کانییەک. هەڵبەت هەبوونی سۆز بەتەنیا خۆی لە خۆیدا گرینگییەکی ئەوتۆی نییە، ئەگەر ئاوێتەی ئارمانج نەبێ. بۆ کانیاویش هەر بە هەمان شێوەیە. ئەوە نییە لە کۆنەوە دەڵێن، ئاوی کانیاو بە ئاواتی گەیشتن بە دەریا ڕێگە دەگرێتەبەر. کەوابوو سۆزی نیشتمانپەروەری لای کوردیش، پێویستە ڕوو لە ئاسۆی سەربەستی و خاڵی ڕزگاریی چاوساغی بکرێت، واتە گەیشتن بە دەریای سەربەخۆیی. ئەو سۆزە، یا باشترە بڵێم ئەو هەستی نیشتمانپەروەرییە، لای ئێمەی کوردیش چەشنی یونانی و ڕۆمییەکان لە سەردەمی مناڵییەوە تا ئێستا بەردەوام لەنێو هزر و ڕوحماندا جێ خۆش دەکا، ئەویش جێخۆشکردنێکی کردەیی و هەتاهەتایی. ڕەنگە ئەو وتەیەی نووسەری یونانی، نیکۆس کازانتاکیس سەبارەت بە هەستی نیشتمانپەروەریی جوانترین بۆچوون بێ و بەتایبەت بۆ کورد کە خاوەن زۆرترین ژمارەی قوربانیدانە لە ڕێگای سەربەستیدا. ناوبراو لە ڕۆمانی «ڕاپۆرت بۆ یونان»*دا دەڵێ: بۆ ڕوحێک گەلێک قورسە و زۆر ئاستەمە خۆی لە نیشتمانی دایک، لە شاخ و دەریاکانی، لە نەتەوە ئازیزەکەی و لە ماڵە بچووک و هەژارەکەی و دواجاریش لە خۆشەویستەکەی جیا بکاتەوە. ڕوح خۆی لە خۆیدا ئۆختاپووسێکە (هەشپا) و بۆ هەموو ئەوانەی ناویان هات، گەرەکە بەپەرۆش بێ. دیارە ئەو بەخەمەوەبوونە بە قسەی کازانتاکیس تەنیا بۆ ئەو کوردەیە کە ئەمڕۆ لە وڵات دەژی، با بزانین بۆ ئەو کەسەش کە بە زۆر تووشی دەربەدەری و ئاوارەیی هاتووە، لەجێدایە یان نا.
مرۆڤ وەختێک بارگە و بنە تێکدەنێ و ڕێگای هەندەران دەگرێتەبەر و ژیان لە تاراوگە هەڵدەبژێرێ، لە دەستپێکی وەڕێکەوتندا دنیایەک خۆزگە و خەیاڵ هزری داگیر دەکەن. بۆیە باسی کەسێکی ئەوتۆ دەکەم، دەخوازم جیاوازی جێگۆڕکێی ئەو لەگەڵ کەسانیتر لەبەرچاو بگرم. جیاوازی لەگەڵ ئەوانەی لەڕووی ناچارییەوە، بەهۆی شەڕ و دوورخرانەوەی ئیجباریی بەرەو هەندەران دەجوڵێن، مەبەستمە. مرۆڤی دەستەی یەکەم زۆربەی جاران، خۆزگە و خەیاڵ و ئیدیالەکان هانی دەدەن و بە هومێدی ژیانی ئاسوودەتر نیشتمان جێ دەهێڵێ. بەڵام ئەوەی دووهەم، بە ئامانجی ڕزگارکردنی گیانی خۆی یا دوورکەوتنەوەی ئیجباریی نیشتەجێی هەندەران دەبێ. بۆ هەردوو دەستە دواجار سۆزی نیشتمانپەروەری بەرەبەرە گەشە دەستێنێ، جا بۆ یەکیان هێورتر و بۆ ئەوەی دیکە خێراتر. ئەوانەی دەستەی یەکەم، چونکە بڕیارەکە لەڕووی ناچاری نەبووە و کەسەکە پێش ئەوەی وەڕێ بکەوێ، ساغ بووەتەوە ڕابردوو و ژیانی پێشووی لە زێدەکەی بە چاک و خراپ لەدوای خۆی جێ بهێڵێ و بە خەیاڵی دەستپێکی ژیانێکی نوێ ڕێگای ئاوارەیی دەگرێتەبەر، هەست پێ ناکا و ئاگادار نییە پشکۆیەکی شاراوە لە گۆشەیەکی هزر و دڵی ئەودا خۆی حەشاردەدا و لە کات و ساتی گونجاودا دەگەشێتەوە. ئەو پێی وایە هەموو شتێکی جێ هێشتووە و بەو ڕۆیشتنەی، لەدایکبوونێکی نوێ چاوەڕێیەتی، بەڵام شاعیری ناسراوی یونانی، کۆنستاندینۆس کەڤافیس بەو شێعری «شار»، جوانترین وڵامی بۆ ئەو کۆمەڵە مرۆڤە هەیە:
« شار »*
گوتت: کۆچ دهکهم بۆ شارێکی دیکه، ڕێگای دهریایهکیتر دهگرمهبهر
شارێک دهدۆزمهوه خۆشتر لێره
لێره، ههر ههوڵێکم مهحکوومی چارهنووسێکه و
دڵیشم چهشنی مردوویهکی نێژراوه
بە خەیاڵیش تا کەی بژیم لهو وڵاته سیسههڵگهڕاوه!
نیگام بهرهو ههر شوێنێ بێ، سهیری ههر جێگایهک بکهم،
وێرانییە ڕەشەکانی ژین بهدی دهکهم
که ساڵانێک لهگهڵیان ژیاوم و وێرانیان کردووم و ڕووخانی تهواوە
بەڵام، تۆ هیچ وڵاتێک نادۆزییهوه، دهریایهکیتریش ههروهها
ئهو شاره بهدوای تۆدا عهوداڵه،
دیسان لە شهقامهکان ئەودا دهخولێیهوه
له کۆڵان و گهڕهکەکانی ئەودا دهتلێیهوه
له ههمان ماڵدا سەرت سپی ههڵدهگهڕێ
بهردهوام بهسهر ههمان شاردا دهکهوی،
خۆزگهی شاریتر، وەلا نێ!
نه گهمیت دهست دهکهوێ، نه ڕێگایهک دهدۆزییهوه
کاتێک تۆ لێره ژیانت وێران کردووه
لهو گۆشه بچکۆلانهیه،
له سهراسهری ئهو جیهانه
ڕووخانی خۆتت دهستهبهر کردووە.
کهڤافیس وەختێک بەو کەسە یا کەسانە دەڵێ تۆ کە لێرە بەرلەوەی وەڕێ بکەوی، ژیانی خۆتت وێران کردووە، هەر ئەو وێرانکردنە و ئەو شارە لە زەین و دڵتدا لەگەڵ خۆت بۆ هەندەرانیش دەبەی. لەوێش ڕووخانی خۆت دەستەبەر دەکەی و شەو و ڕۆژ بیری لێ دەکەیەوە و ناتوانی فەرامۆشی بکەی. کەوابوو ئەو هەستی نیشتمانپەروەرییە بەهێزە، وەک پشکۆی ژێر خۆڵەمێش وایە، ڕەنگە بۆ ماوەیەک دیار نەبێ، بەڵام بەدڵنیاییەوە زۆر ناخایەنێ دەگەشێتەوە. ئەویش ڕاست ئەو کاتەی مرۆڤ دەست دەکا بە فەرامۆشکردنی تاڵییەکانی وڵات و تەنیا جوانی و خۆشییەکانی بیر دەکەوێتەوە. بە واتایەک، نیشتمان دووبارە هەست و سۆزی مرۆڤ داگیر دەکاتەوە. بەهەشتەکەی سەرزەوی، جوانتر، خۆشەویستتر و پیرۆزتر لە پێشوو لەنێو ڕوح و هزردا دەپشکوێتەوە.
* شێعری شار، وەرگێڕدراوی عەلی فەتحی لە زمانی یونانییەوە، ساڵی ٢٠١٤