
زانیار حوسێنی
لە شەترەنجی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، هێز هەر لە ژماردنی کڵاوەی ئەتۆمی، پانتاییی جوگرافیایی یان قەبارەی بەرهەمهێنانی بەرهەمی نێوخۆیی خاڵسدا نییە؛ هەندێک جار "ترس لە پێشبینینەکراوبوون"ی ڕابەرێک، لە سوپایەکی پڕچەک لە گۆڕەپانی ململانێکاندا کاریگەرتر و براوەترە. ئەم چەمکە کە لە ئەدەبیاتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکاندا بە "دۆکترینی پیاوێکی شێت" ناسراوە، ڕیشەی لە ڕیاڵیزمی سەردەمدا هەیە. ئەم دۆکترینە بۆ یەکەم جار لەلایەن "ڕیچارد ئۆلێت نیکسۆن" و "هێنری کیسینجەر"ەوە بۆ پاشەکشەکردنی بەرەی ڕۆژهەڵات و کۆتاییهێنان بە شەڕی ڤێتنام تیۆریزە و جێبەجێ کرا. بەڵام دوای زیاتر لە نیوە سەدە، دوناڵد ترامپ بوو کە بە زیندووکردنەوەی ئەم دۆکترینە لەنێو جەرگەی ئاڵۆزییەکانی سەدەی بیست و یەکدا، وەک ئامرازێکی گوشاری گشتگیر، توندوتیژ و هاوئاهەنگ دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەکاری هێنا.
مەنتیقی ژێرخانی ئەم ستراتیژییە زۆر ساده، بەڵام هاوکات زۆریش مەترسیدار و کردارییە؛ ئەگەر نەیارەکانت بڕوایان وابێ کە ئەتۆ هیچ هێڵێکی سوورت نییە، نۆرمە نێودەوڵەتییەکانت لەبەرچاو نییە و ئامادەی دەست بۆ هەموو شتێک بەریت، ئەوکات لە ترسی ڕوودانی خراپترین سیناریۆ (وەک شەڕێکی بەرفراوان یان هەڵوەشانەوەی پێکهاتەیی)، ناچار بە پاشەکشە، پێداچوونەوە بە هاوکێشەکان و دانی دەستکەوتی ستراتیژی دەبێت. لەم شێوازەدا عەقڵانییەت، وەک ئامرازێک لە شێوەی «بێعەقڵییەکی خۆویست و شۆئاسا» پێناسە دەکرێتەوە تاکوو نەیار لە دۆخی هەڵپەسێردراوی و تۆقینی بەردەوامدا بهێڵێتەوە.
پێناسەکردنەوەی یاسای یاریکردن: لە مامەڵەی پێشبینیکراوی ئۆباماوە تاکوو بێسەرەبەرەییی سازێنەری ترامپ
بۆ تێگەیشتنی قووڵتر لە جووڵەی ئەم دۆکترینە، دەبێت چوارچێوەی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دوو ڕوانگە جیاوازە لە واشنگتۆن شی بکرێتەوە. کابینەی باراک ئۆباما بە پشتبەستن بە دۆکترینی لیبراڵ - دیموکراتی و دیپلۆماسیی چەندلایەنە، هەوڵی دەدا لە ڕێگەی ڕێککەوتنی بەرجامەوە، ئێران لە هاوکێشە و سەقامگیرییە نێودەوڵەتییەکاندا بگونجێنێ. ئۆباما وێنەیەکی یاسایی، سەقامگیر و پێشبینیکراوی لە دەسەڵاتی ئەمریکا نیشان دا. لە ڕوانگەی ستراتیژکارە توندڕەوەکانی واشنگتۆنەوە، ئەم پێشبینیکراوبوونە خاڵێکی لاوازی گەورە بوو؛ چونکە ڕێگەی بە تاران دەدا بە لێکدانەوەی وردی ڕاشکاوی و نەرمیی ئەمریکا، دەسەڵاتی ناوچەییی خۆی بڕەو پێ بدا و بەرنامە مووشەکییەکانی بێ ترس لە پەرچەکرداری توندی واشنگتۆن بباتە پێشەوە.
بە هاتنی ترامپ بۆ کۆشکی سپی لە ساڵی ٢٠١٧، ئەم هاوکێشە سەقامگیرە بەتەواوی وێران بوو. ترامپ و ڕاوێژکارە باڵاکانی گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کۆنترۆڵکردنی ئێران پێویستی بە شوکێکی بەهێزی دەروونی و ستراتیژی هەیە. ترامپ نەهاتبوو ببێتە هاوبەشێکی دیپلۆماتیی جێگیر؛ بەڵکوو دەیوست دوژمنانی واشنگتۆن، هەر چرکەیەک چاوەڕێی بڕیارێکی وێرانکەر یان جووڵەیەکی چاوەڕواننەکراو بن.
ئامرازەکانی ئەو بۆ جێبەجێکردنی ئەم نمایشە بریتی نەبوون لە تەنیا ڕێگەیەکی تەواو سەربازی، بەڵکوو ترامپ تۆڕی ڕاگەیاندن و دیپلۆماسیی دیجیتاڵی خستە خزمەت خۆیەوە. توییتە لەناکاوه، توند و جەنجاڵییەکانی لە نیوەی شەواندا، نەک تەنیا بازاڕە داراییەکانی تارانی تووشی هەڵکشان و داکشان دەکرد، بەڵکوو ژوورە فکرییەکان و دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێرانیشی دەخستە لەنێو شرۆڤەگەلی شەکەتکەر و بەردەوام. ڕەوتی ئۆتۆماتیکیی ترامپ لەنێوان سیگناڵی داواکاری بۆ دانوستاندن و هەڕەشەی هۆڤانە بۆ وێرانکردنی تەواوەتیی ئێران، لەگەڵ پێکهێنانی کابینەیەک لە "توندڕەوە شەڕخوازەکان" وەک جان بۆڵتۆن و مایک پۆمپیۆ، هەموویان پارچەکانی پازڵێکی گەورە بوون: دروستکردنی کەسایەتیی سەرۆککۆمارێکی مەهارنەکراو کە ئامادەیە لە هەر چرکەیەکدا پەنجە بنێت بە پەلەپیتکەدا.
ئامرازەکانی سێکوچکەی گوشار: هەڵماڵینی میکانیزمی خنکاندنی تێکەڵاو
سیاسەتی "گوشاری لانی زۆری" بەرجەستەبوونی کردار و ڕێکخستنی دۆکترینی پیاوێکی شێت بوو بەرانبەر بە ئێران. واشنگتۆن شێوازی نەریتیی کۆنترۆڵکردنی وەلا نا و بە ئاوێتەکردنی یاسا، ئابووری و دەروونناسیی سیاسی، سێ زەبری سەرەکی بۆ چۆکدادانی سیستەمی بڕیاردان لە تارانی بەکار هێنا:
١- شوکی یاسایی - دەروونی بە دڕاندنی بەرجام (مای ٢٠١٨)
چوونەدەرەوەی یەکلایەنەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنێک کە پەسەندکراوی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو، یەکەم بوومەلەرزەی ستراتیژیی ترامپ بوو. ئامانجی سەرەکیی واشنگتۆن زۆر لە هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەیەک گەورەتر بوو؛ ترامپ دەیوست بێبایەخیی یاسا نێودەوڵەتییەکان لە بەرانبەر «ئیرادەی ڕەهای ئەمریکا» نیشان بدات. ئەم کردارە شوکێکی دەروونی و پێکهاتەیی توندی ئاراستەی جەستەی دەسەڵات و بازاڕی ئێران کرد. پەیامە شاراوەکەی ڕوون بوو: کاتێک واشنگتۆن ڕێککەوتنی خۆی پێشێل دەکات، واتە بۆ هەنگاوە توندترەکانی داهاتوو، هیچ بەربەستێکی نێودەوڵەتی بەفەرمی ناناسێت. ئەم کردەوەیە، هەموو ئەو پشتپەستنەی کە لەسەر دیپلۆماسیی ئەمریکا حیسابی لەسەر کرابوو، هەڵوەشاندەوە.
٢- شەڕی تەواوەتیی ئابووری و ستراتیژیی سفرکردنەوەی نەوت
لەم قۆناغەدا، دۆکترینی پیاوێکی شێت ئامرازی بەرجەستەی خۆی دۆزییەوە. واشنگتۆن سزای دواتری بانکی و نەوتی بە توندییەکی بێوێنە سەپاند. ئامانج، بڕینی یەکلاکەرەوەی شادەماری حەیاتی و خنکاندنی ڕەهای سەرچاوەکانی داهاتی ئێران بوو تاکوو توانای پشتیوانیی داراییی تاران لە هاوپەیمانە ناوچەیییەکانی وەربگیرێتەوە. ئاکامی ڕاستەوخۆی ئەم سیاسەتە، داڕمانی بەهای دراوی نیشتمانیی ئێران، بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و سەرهەڵدانی قەیرانی قووڵی بژێویی ژیان بوو. واشنگتۆن ژێرخانی سەقامگیریی ناوخۆیی ئێرانی کردە ئامانج تاکوو دەسەڵات بخاتە نێوان دوو ڕێگەوە: ملکەچبوون بۆ مەرجە ١٢ خاڵییەکەی پۆمپیۆ یان ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ داڕمانی پلەبەپلەی ئابووری.
٣- دروستکردنی ناڕوونیی سەربازی و ڕاگرتنی بەردەوام
گرنگترین بەشی دۆکترینی پیاوێکی شێت، بەڕێوەبردنی تێگەیشتنی نەیارە لە ئاستی پەرچەکرداری سەربازیدا. ئیدارەی ترامپ بە ئەنقەست تارانی لە دۆخی بەردەوامیی «شەڕ یان ئاشتی»دا هێشتەوە. لە شێوازە ڕەسەنەکاندا سوپاکان بەپێی دۆکترینی ڕاگەیەندراو ڕەفتار دەکەن، بەڵام ترامپ هیچ یاسایەکی ڕانەگەیاند.
ناردنی کەشتییە جەنگییەکان بۆ کەنداو، هەڕەشەکردن لە ئامانجگرتنی ناوەندە کولتوورییەکان و گۆڕینی ئاراستەی قسەکان بە شێوەیەکی لەناکاو، تێچووی هاوکێشەکانی بۆ فەرماندە سەربازییەکانی ئێران بەرز کردەوە. تاران لە هەر جووڵەیەکی ناوچەییدا دەبوو ئەم سناریۆیە بپشکنێت کە ئایا ئەم کارە دەبێتە هۆی وەڵامێکی ئەتۆمی یان بۆردومانێکی بەرفراوان لەلایەن «سەرۆککۆمارێکی پێشبینینەکراوەوە» یان نا؛ ئەو ناڕوونییە گەورەترین تۆرموز بوو بۆ کردەوە هێرشبەرەکانی نەیار.
ژانوییەی ٢٠٢٠؛ ساتەوەختی بەریەککەوتنی تیۆری و ڕاستیی ئاشکرا
بۆ ماوەی زیاتر لە سێ ساڵ، بەشێکی بەرچاو لە جەستەی شیکاری و بڕیاردان لە تاران لەسەر ئەو بڕوایە بوون کە ڕەفتار، هەڕەشە و جووڵەکانی ترامپ تەنیا «بلووفێکی گەورەی ڕاگەیاندن» و ئامرازێکی بازرگانییە بە مەبەستی کێشانی ئێران بۆ سەر مێزی دانوستان و سەپاندنی ڕێککەوتنێکی توندتر. فەرزەکە ئەوە بوو کە ئەمریکا لە ترسی لێکەوتەکانی شەڕێکی ناوچەیی، هەرگیز دەست بۆ کاری پڕ مەترسی نابات. بەڵام لە ژانوییەی ٢٠٢٠دا، فەرمانی ڕاستەوخۆی ترامپ بۆ کوشتنی قاسم سولەیمانی لە بەغدا، تەواوی ئەم فەرزە ڕەسەنانەی هەڵوەشاندەوە.
ئەم ئۆپراسیۆنە، لووتکە و بەرجەستەبوونی بێبەزەیییانەی دۆکترینی پیاوێکی شێت بوو. واشنگتۆن بە بەزاندنی هێڵێکی سوور کە ئیدارەکانی بووش و ئۆباما خۆیان لێ دەپاراست، هاوکێشە ستراتیژییەەکانی ئێرانی تووشی شڵەژانێکی گەورە کرد. ترامپ سەلماندی کە هیچ ترسێکی لە قبووڵکردنی بەرزترین ئاستی مەترسیی سەربازی و نوقمبوون لە شەڕێکی بەربڵاودا نییە. ئەم هەنگاوە ئاستی خۆڕاگریی ئەمریکای لە ناوچەکەدا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز کردەوە و ئاماژەی بە تاران کرد کە لە بەرانبەر دۆکترینی پیاوێکی شێتدا، فۆرمۆڵەی کۆنی "خۆڕاگریی ستراتیژیک" و "وەڵامدانەوەی هێزە سێبەرەکان" دەتوانێت بەهایەکی زۆری هەبێت. ئەم پێشهاتە سەلماندی کە ناڕوونیی ستراتیژیی واشنگتۆن لە کاتی پێویستدا دەگۆڕدرێت بە ئۆپراسیۆنی یەکلاکەرەوەی کوشندە.
هاوسەنگیی ستراتیژی؛ سەرکەوتن یان داخوران؟
هەڵسەنگاندنی واقیعیانەی ئەنجامەکانی ئەم دۆکترینە دەرخەری ئەوەیە کە هەڵسەنگاندنی دەستکەوتەکانی پێویستی بە تێڕوانینێکی چەندڕەهەندییە:
- لە ڕوانگەی واشنگتۆن و داڕێژەرانی گوشاری لانی زۆرەوە: ئەم سیاسەتە سەرکەوتنێکی چاوەڕوانکراو بوو؛ ئەوان توانییان بە سەپاندنی سەختترین قەیرانی داراییی مێژووی هاوچەرخی ئێران، یەدەگی دراوی وڵاتەکە کەم بکەنەوە، فرۆشتنی نەوت بگەیەننە نزمترین ئاست و مەودای مانۆڕی ئابووری و لۆجستیی تاران لە پڕۆژە ناوچەییەکاندا دیاری بکەن. پیشاندانی توندوتیژیی ئاشکرا لە ژانڤییەی ٢٠٢٠دا، ئاستی ڕێگریکردنی ئەمریکای گەڕاندەوە و پاشەکشەی بە دەسەڵاتی ئێرانی کرد لە بڕیاردانی هێرشبەرانەدا.
- بەڵام ئەم ستراتیژییە تێچووی خۆی هەبوو و ڕەخنەگران ئاماژە بەوە دەکەن کە دۆکترینی پیاوێکی شێت نەگەیشتە ئامانجی کۆتاییی خۆی، کە تەسلیمبوونی تەواوەتیی تاران، واژۆکردنی ڕێککەوتنی نوێ (کە سیاسەتی ناوچەیی و هاژەکیی خۆی سنووردار بکات) یان گۆڕینی ڕەفتاری بنەڕەتیی سیستەمەکە بوو. لە بەرانبەردا، ئەم گوشارە لانی زۆرانە بووە هۆی ئەوەی کە ئێران سیستەمی بەرگری و هێرشبەریی خۆی بەهێزتر بکات، بەرەو ستراتیژیی «تێڕوانین بەرەو ڕۆژهەڵات» و هاوپەیمانی لەگەڵ هێزەکانی وەک چین و ڕووسیە هەنگاو بنێت و بەرنامە ئەتۆمییەکەی بە خێرایییەکی زۆرتر لە سنوورەکانی ڕابردوو بباتە پێشەوە.
- دۆکترینی پیاوێکی شێت هەمیشە لەسەر لێواری شمشێر دەجووڵێتەوە؛ ئەم ستراتیژییە یارییەکی پڕ لە مەترسییە لە بەرزترین ئاستی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا. ئەگەر نەیار هەڕەشەکانی ڕابەرێک تەنیا وەک نمایش تێبگات، تەواوی ستراتیژییەکە شکەست دەهێنێت؛ بەڵام ئەگەر نەیار ئەم هەڕەشانە زۆر بە جیددی وەربگرێت و تووشی شڵەژان ببێت، مەترسیی ڕوودانی پێکدادانی سەربازیی پێشدەستانە، کە هیچ کام لە لایەنەکان مەیلیان لێ نەبووە، بە شێوەیەکی کارەساتبار بەرز دەبێتەوە.
ئەزموونی ترامپ لە بەرانبەر ئێران پیشانی دا کە نمایشی لەقەڵەدراوی ناڕەخسانی سەقامگیری، بڕیاری بێبەربەست و ناڕوونیی ستراتیژی، دەکرێت وەک ئامرازی کارای دەسەڵات، چەرخی دیپلۆماسیی ڕەسەن بە قازانجی زلهێزەکان ڕاگرێت و لایەنی بەرانبەر لە دۆخێکی لاوازی و پاسیڤبوون و گرژبوونی ئابووری و سەربازیدا دابنێت. ترامپ سەلماندی کە لە جیهانی واقیعیی سیاسەتدا، بەزاندنی ئاگادارانەی یاساکانی یارییەکە، هەندێک جار کاریگەرترە لە پەیڕەوکردنی بنەما دیپلۆماسییەکان؛ ئەمەش نەیار دەبەستێتەوە. ئەم دۆکترینە، گەرچی ئێرانی نەهێنایە سەر میزی دانوستانی مەبەستی ترامپ، بەڵام بە گۆڕینی بنەڕەتی لە گۆڕەپانی یارییەکەدا، موازەنەی ژیۆپۆلیتیکی بە قازانجی واشنگتۆن پێناسە کردووەتەوە.