
شاهۆ حوسێنی
کاتێک مێژوو لە توێژی ڕووکەشیی ڕووداوەکان و ڕۆژژمێرەکان جیا دەکەینەوە و دەگەینە ژێرخانی ئەندێشە و وەرچەرخانە وێژەمانییەکان، تازە بەها و شکۆی ساتە چارەنووسسازەکانی وەک ٢٥ی گەلاوێژ ئاشکرا دەبێت؛ ساتێک کە تێیدا مرۆڤی کورد لە "دۆخێکی گنخاو"یەوە بۆ "ئیرادەیەکی عەقڵانی و مێژوویی" باز دەدات. مەخابن مێژوونووسیی نەریتی و دابەزێندراو لە نێو کورددا، هەمیشە ئارەزووی ئەوەی هەیە ڕووداوە سیاسییە گەورەکان لە زنجیرەیەک بەسەرهات، ڕووداو و کاردانەوە بەرامبەر بە بۆشایی دەسەڵات، یان کاریگەرییە ژێئۆپۆلیتیکییەکانی ناوچەکەدا قەتیس بکاتەوە. لەم جۆرە ڕوانینەدا، دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هاوینی ١٣٢٤ (ئاگوستی ١٩٤٥) تەنیا وەک بەرهەمی دۆخی بەرەو کۆتایی شەڕی جیهانیی دووهەم و ئامادەیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران دەناسێندرێت. بەڵام خوێندنەوەیەکی وەها ڕووکەش و ماتریالیستانە، شوناسی قووڵ، ژێرخانی هزری و بزوێنەرە بوونناسانەکەی (ئۆنتۆلۆژیکی) ئەم ڕووداوە بە تەواوی پشتگوێ دەخات. بۆ تێگەیشتنی ڕاستەقینە لەوەی لە ٢٥ی گەلاوێژدا ڕووی دا، دەبێت لە توێکڵ و ڕووکەسی ڕواڵەتی ڕووداوەکە تێپەڕین و ڕۆ بچینە نێو توێژگەلی دیاردەناسانە و پێکهاتەی سوژەبوون لە مێژووی هاوچەرخی کوردستاندا. مرۆڤی کورد تا پێش ئەم وەرچەرخانە مێژووییە، لە وتاری سیاسیی باڵادەستدا، لە "دۆخێکی گنخاو" یان ژیانێکی نائیرادیدا ڕاگیرابوو. ئەم دۆخە پەتییە، تایبەتمەندیی کۆمەڵگەیەکە کە ئەگەرچی ئامادەیی بابەتی، جوگرافی، کلتووری و زمانەوانیی هەیە، بەڵام بێبەشە لە ئامرازی دامەزراوەیی بۆ گۆڕینی ئەم ئامادەییە بۆ داخوازییەکی عەقڵانی و یاسایی.
لە نەریتی فەلسەفەی سیاسییدا جیاوازیی بنەڕەتیی نێوان "بوون لە خۆدا" و "بوون بۆ خۆ" ڕێک لەم خودئاگاهییە دامەزراوەییەدا حەشار دراوە. ڕاپەڕین و بزووتنەوەکانی پێشوو لە مێژووی کوردستاندا، بە هەموو چاونەترسی و ڕەسەنایەتیی ئەخلاقیی کۆڕگێڕانیەوە، زۆربەی جار تایبەتمەندی کاردانەوەی غەریزی، عەشیرەیی، یان ناوچەییان هەبوو لە بەرامبەر سەرکوتکاریی ناوەنددا. ئەوان هێشتا نەیانتوانیبوو ئازاری ژیاو وەربگێڕن بۆ تیۆرێکی سیاسی و ڕزگاردەر. دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە درێژەی دەرکەوتنی ئەم خودئاگاییەدا کە لە چوارچێوەی کۆمەڵەی ژ.ک-دا دەرکەوتبوو، ساتی وەرچەرخانی ناسیاریناسانە (ئێپیستەمۆلۆژی) بوو لەم ڕەوتە. لەم خاڵەدا، ئیرادەی بەکۆمەڵی نەتەوەی کورد لە فۆرمی پەڕشوبڵاوی، تاکەکەسی و غەریزی دەرچوو و بۆ فۆرمێکی پێکهاتەمەند، مۆدێرن و وێژەمانێکی بەرز. حیزب لێرەدا نەک تەنیا لەگوێن ڕێکخراوێکی سیاسی بۆ وەدەستهێنان یان دابەشکردنی دەسەڵات، بەڵکوو وەک ناوبژیوانێکی عەقڵانی دەرکەوت کە توانى ناسنامەی کوردی لە درێژبوونەوەیەکی سروشتی و نەریتتەوەرەوە، بگوێزێتەوە بۆ پڕوژەیەکی عەقڵانییانەی نەتەوەساز و نوێخواز. ئەمە هەمان بازدانی سوژەیە؛ ساتێک کە کۆمەڵگەیەک لەژێر باری "مۆدێلی بڕیاری بەسەردا سەپێنراوی ئەویدی" تێدەپەڕێت و خۆی وەک " بکەری مێژووساز" پێناسە دەکاتەوە.
یەکێک لە گرنگترین ڕەهەندەکانی ئەم وەرچەرخانە مێژووییە دەکرێت بە ڕوانینێکی دیاردەناسانەی سیاسی و ڕەخنە لە چەمکی "هەڵپەساردن" و "بارودۆخی نائاسایی" شیکاریی بۆ بکرێت. لە تیۆری سیاسیی مۆدێرندا، سەروەریی ڕەها هەمیشە خۆی لە توانای ڕاگەیاندنی باری نائاساییدا بەرهەم دەهێنێتەوە. پێکهاتەی دەوڵەت-نەتەوەی ناوەندخواز لە ئێرانی سەرەتای سەدەی بیستەمدا، کوردستانی هەمیشە لە سێ هەڵپەساردنی بەردەوامدا ڕاگرتبوو:
هەڵپەساردنی یاسایی: پشتگوێخستنی ناسنامەی زمانی و کلتووری و بێبەشکردن لە مافە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتیبوون.
هەڵپەساردنی مێژوویی: دابەزاندنی مێژوو و سەردەمی ناوچەیی بۆ پەراوێزێک یان پەرەنەسەندوویەک بەراورد بە کاتی ناوەند.
هەڵپەساردنی سیاسی: پشتگوێخستنی مافی بڕیاردان، مافی دیاریکردنی چارەنووس و بەڕێوەبردنی کاروباری خۆیی.
لە وەها دۆخ و کەشێکدا، سەروەریی ناوەندی بۆ مرۆڤی کورد تەنها بە شێوەی "قۆرخکردنی توندوتیژی، سەرکوت و دیسپلینی ڕووتی سەربازی" دیار دەبوو. مرۆڤی کورد لەم چوارچێوەیەدا، لە بێکاتی و بێشوێنییەکی یاساییدا هەڵپەسێردرابوو. دامەزراندنی حیزبی دێموکرات، ڕێک ڕەتکردنەوەی ئەم هەڵپەساردنە بوو. حیزب بە پێشکەشکردنی پلاتفۆرمێکی مۆدێرن، دامەزراوەییکردنی ئەرکەکانی وەک خوێندن بە زمانی دایک، دامەزراندنی بەستێنی گشتی، بەشداریی توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە لە ڕۆشنبیران و بازرگانانەوە تا ژنان و جووتیاران، و لە کۆتاییدا بە بنەماییکردنی ئەزموونی مێژوویی "کۆماری کوردستان"، دیاردەی سەروەریی حاکمییەتی ناوەندی هەڵوەشاندەوە. حیزبی دێموکرات نیشانی دا کە سەروەری، دەستکەوتێکی ئاسمانی، قۆرخکراو و ڕەگەزیی پەیوەست بە ناوەند نییە؛ بەڵکوو بابەتێکی بەرجەستە، مەدەنی و عەقڵانییە کە دەکرێت لەسەر بنەمای کەرامەتی مرۆڤ، خواستی گشتی و عەقڵانییەتی ناوچەیی بەرهەم بهێنرێتەوە. ئەم هەنگاوە، ئەم ڕایەڵە وەهمیەی پچڕاند کە کورد دەبێت هەمیشە لە هەڵپەساردنی سیاسیدا بپووکێتەوە تا ناوەند بڕیاری بۆ بدات.
لە ڕوانگەی بوونناسییەوە (ئۆنتۆلۆژی)ەوە، گەورەترین مەترسی کە ڕووبەڕووی نەتەوەیەکی سەرکوتکراو دەبێتەوە، تەنها سەرکوتی فیزیکی یان ئابووری نییە، بەڵکوو نکۆڵی بوونناسانەیە؛ واتە بارودۆخێک کە تێیدا گوتاری باڵادەست بە جۆرێک هەڵسووکەوت دەکات کە گۆیا "ئەویتر" هەر بوونی نییە، یان بوونی بابەتێکی زیادە، دەستدرێژیکار و بێبەهای مێژووییە. لە بەستێنیکی وەهادا، "بەرخۆدان" مانایەکی زۆر قووڵتر لە خەباتێکی حیزبی یان ئایدۆلۆژی پەیدا دەکات. بەرخۆدان دەبێتە تاقە ڕێگەی "ڕەسەنایەتیی بوون".
کەواتە دامەزراندنی حیزبی دێموکرات لە ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٢٤دا، ڕێکخستنی ئەم بەرخۆدانە بوونناسانەیە بوو. حیزب بە خستنەڕووی فۆرمولەی سیاسیی فرەچەشن (وەک دێموکراسی بۆ ئێران و خۆبەڕێوەبەری/فیدراڵیزم بۆ کوردستان)، نەک تەنیا مافی بوونی نەتەوەی کوردی سەلماند، بەڵکوو دیالێکتیکێکی نوێی هێنایە نێو کایەی سیاسیی ئێرانەوە: دیالێکتیکی بوون لە هەناوی نکۆڵی لێکراندا، بەرخۆدانێک کە بەم دامەزراندنە گیانی بەبەردا هات، نیشانی دا کە "کوردبوون" تاوان یان بێئاگاییەکی مێژوویی نییە، بەڵکوو "مافێکی بوونناسانەی عەقڵانییە". حیزبی دێموکرات، ئازاری مێژوویی، سەرکوتی کەڵەکەبوو و بێبەشبوونی نەتەوەیەکی وەرگرت و کردی بە ئیرادەیەکی ئیجابی، ئەرێنی و بنیادنەر.
بۆیە، دووبارە خوێندنەوەی ساڵیادی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، نابێت بۆ ڕێوڕەسمێکی مێژوویی کورت بكرێتەوە. ئەم ساڵیادە، وەبیرهێنەرەوەی ساتێکە کە عەقڵانییەتی سیاسی لە کوردستاندا لەدایک بوو و کاتی مێژوویی ئەم کۆمەڵگەیە لە "وەستان و هەڵپەساردن"ەوە گۆڕدرا بۆ "جووڵە و کردار".
لە کۆیگشتی ئەم نووسینەدا، هەوڵ دەدرێت بە تێپەڕین لە گێڕانەوەی ڕواڵەتی ڕۆژانە، سێ تەوەرەی سەرەکیی ئەم وەرچەرخانە مێژووییە هەڵبدرێتەوە:
١. یەکەم، لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی گۆڕانی سوژەی پاسیڤ بۆ سوژەی خۆئاگا و عەقڵانی لە بەستێنی پێکهاتەی حیزبدا.
٢. شیکاریی دیاردەناسانەی چەمکی سەروەری و شێوازی دابڕانی حیزبی دێموکرات لە مۆدێلی خۆسەپێنی ناوەندگەرا و ڕەتکردنەوەی دۆخی هەڵپەساردن.
٣. سێیەم، شرۆڤەی بوونناسیی بەرخۆدان لەگوێن ئامرازی سەرلەنوێ دروستکردنەوەی کەرامەت، ناسنامە و مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەیەک لە ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی نکۆڵی و سڕینەوەی مێژوویی.
ئەم دووبارە خوێندنەوە فەلسەفییە نیشان دەدات کە بۆچی ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٢٤، تەنها دەستپێکی ڕێکخراوێک نییە، بەڵکوو لەدایکبوونی بڕیارنامەی عەقڵانییەتی سیاسیی مۆدێرنە لە کوردستاندا.
- لە "نکۆڵیی بوونناسانە"وە تا "خۆئاگایی هزرمەندانە": دابڕانی ئێپیستەمۆلۆژیک لە ڕەوتی دەرکەوتنی سوژەڤانیدا
ڕەوتی مێژوویی نەتەوەکان و گروپە مرۆییەکان، بەر لەوی دیاردەیەک بێت لەخۆگری ڕەهەندی جوگرافی، سەربازی یان لەخۆگری پێکهاتەی یاسایی بێت، ڕووداوێکی ناسیاریناسانەیە (ئێپیستەمۆلۆژیکە). لەسەر بنەمای خوێندنەوەی دیاردەناسانە و تیۆرەکانی سوژەڤانی لە فەلسەفەی سیاسییدا، مرۆڤی قەتیسماو لە دۆخی پێش-دامەزراوەییدا، لە نێو نکۆڵییەکی بوونناسانەی قووڵدا دەژێت. ئەم نکۆڵییە ئاکامی جۆرێک لە بیگانەبوونی پێکهاتەیی و سەپاندنی گێڕانەوەیەکە کە تێیدا ئامێری دەسەڵاتداری و خۆسەپێنی ناوەند، دەقێک دەنووسێتەوە و ئەویتری پەراوێزخراو تەنیا وەک خەیاڵێکی بێدەنگ یان ئۆبژەی گەمەکانی دەسەڵاتداران وێنە دەکرێت. لەم دۆخی پێش-دامەزراوەییەدا، سوژە نە توانای پێناسەکردنی خۆی هەیە و نە ئاسۆیەکی بۆ تێپەڕین بەرەو داهاتوو دەبینێت. ئەو لە مێژوویەکدا دەژێت کە لەلایەن ئەویترەوە دەنووسرێتەوە، بەڵام خۆی مێژووساز نییە. جیهانی ژیاوی ئەو بە چەمکگەلێکی ژەهراویی وەک: چارەنووسی دیاریکراو، ناشایستەیی سیاسی و پێویستیی توواندنەوە لە ناوەنددا پێناسە دەکرێت.
دامەزراندنی حیزبی دێموکرات لەم سەردەمەی مێژوودا، تەنیا وەڵامێکی ڕێکخراوەیی یان تاکتیکی بۆ داواکارییەکانی کەڵەکەبووی ڕۆژانە نەبوو. ئەم دامەزراندنە، لە زاتی خۆیدا دابڕانێکی ناسیاریناسانە بوو. حیزب لە پێگەی ماتریکسی پێکهاتەمەندی ئاگاییدا هاتە نێو مەیدانەکەوە تا زمان، لۆژیک و چەمکەکانی پێشووی گەمەی سیاسی بسڕێتەوە. ئەم دابڕانە ناسیاریناسانەیە لە چەند ئاستێکی بنەڕەتیدا ڕووی دا:
١. پەڕینەوە لە بێفۆڕمی بۆ فۆرمبەندی سیاسی: کۆمەڵگەیەک کە تا پێش ئەوە لە قالبێکی تووڕەیی بڵاو، ڕاپەڕینی ناوچەیی و کاردانەوەیی، یان دڵساردبوونی تاکەکەسیدا خۆی دەردەخست، لەپڕ عەقڵانییەتی خۆی لە قالبێکی فۆرمبەندی هاوئاهەنگ و عەقڵانیدا دۆزییەوە. حیزب وەک دامەزراوە، دەرفەتی گۆڕینی وزەی سەرەتایی و خاوی بۆ ئیرادەیەکی گشتیی پەروەردەکراو ڕەخساند.
٢. بەرزبوونەوەی پلەی بوونناسانە: سوژەی کورد لە ئۆبژەیەک لە مێژوودا گۆڕا بۆ خوڵقێنەری مێژوو. ئەو تێگەیشت کە چارەنووسی سیاسیی ئاکامی ئیرادەیەکی پێشوەختەی دیاریکراوی کۆلۆنیالیزم یان خۆسەپێنی ناوەند نییە، بەڵکوو پێکهاتەیەکە کە دەکرێت بە هۆی هەڵسەنگاندن، خودئاگایی و کردەی بەکۆمەڵ هەڵوەشێندرێتەوە و لە نوێوە بنیاد بنرێتەوە.
٣. پێناسەکردنەوەی عەقڵانییەت لە کایەی گشتیدا: عەقڵانییەت لەم مانایەدا، دابەزاندنی خواستی سازشکاریی پاسیڤانە نەبوو؛ بەڵکوو وەدەستهێنانی مەعریفەیەک بوو کە توانای هەڵسەنگاندنی دۆخی ژێردەستەیی و داڕشتنی پڕۆژە بۆ دەرچوون لەو دۆخەی هەبوو. ئاگاداریی عەقڵانیی ئەم توانایی بە سوژە دا تا جیاوازیی نێوان دۆخی سروشتی و دۆخی سەپێندراو لەلایەن دەسەڵاتەوە بکات.
بەم شێوەیە، وەرچەرخان لە سوژەی پاسیڤەوە بۆ سوژەی خودئاگا، بڕبڕەی پشتی وەرچەرخانی مێژوویی بوو. حیزب کە لەدایک بوو، تەنیا ڕێکخراوێکی سیاسی نەبوو، بەڵکوو شوێنێک بوو بۆ گەشەکردنەوەی عەقڵانییەتی بەکۆمەڵ و گۆڕینی توانای نەتەوەیەک بۆ کردەییترین فۆرمەکانی خەبات و پێکهاتەمەندبوون.
- سەروەری، هەڵوەشاندنەوەی هەڵپەساردن و دابڕان لە مۆدێلی ناوەندگەرا
بۆ تێگەیشتن لە شوناسی سیاسیی سەروەری لە مۆدێلی خۆسەپێنی ناوەندخوازدا، دەبێت چەمکی دۆخی هەڵپەساردن لە دیاردەناسیی دەسەڵاتدا تاوتوێ بکەین. ناوەندی دەسەڵاتخواز هەمیشە لە ڕێگەی پێکهاتەیەکی دووفاقییەوە هەڵسووکەوت دەکات: ئەویتر لە جوگرافیا و یاسادا دەتوێنێتەوە، ئا بەم جۆرەش بەردەوام دەیکاتە بەشێک لە ئیستسنایەکی هەمیشەیی هەڵپەسێردراو. لە دۆخی هەڵپەساردندا، یاسا بوونی هەیە بەڵام ئامرازێکە بۆ سەرکوتکردنی ئەویتر؛ مافی هاووڵاتیبوون باس دەکرێت، بەڵام مافی بنەڕەتی کە ڕێک "مافی هەبوونی ماف"ـە، ڕەت دەکرێتەوە. ئەویتر هەمیشە لە دۆخی ناجێگیری، نەبوونی ئاسایشی بەردەوام، و نکۆڵی لێکراوی ناسنامەییدا دەژێت. سەروەریی ناوەند لە ڕێگەی شاردنەوەی ئەم هەڵپەساردنە و سروشتی نیشاندانی، بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەو تاقە سەرچاوەی ڕەوای نەزم، ئاسایش و عەقڵانییەتە.
حیزبی دێموکرات بە هاتنی بۆ نێو کایەی سیاسی، دەستی دایە هەڵوەشاندنەوەیەکی دیاردەناسانە؛ هەڵوەشاندنەوەی ئەو لۆژیکەی کە دەسەڵاتی ناوەندی بە هەتاهەتایی و نەگۆڕ وێنای دەکرد. دیاردەناسیی سەروەری لەم بزووتنەوەیەدا نیشانی دا کە سەروەریی ڕەوا، لە زۆرداریی چڕکراوە، گێڕانەوەی نەتەوەپەرستەکانی باڵادەست یان ڕەوایەتییە ئاسمانی و مێژووییە خۆسەپێنەکانەوە سەرچاوە ناگرێت؛ بەڵکوو بەرجەستەبوونی ئیرادە و ئاگاداریی ژیاوی خودی خەڵکە لە نیشتمانی خۆیاندا. ئەم دابڕانە لە دوو کایەی بنەڕەتیدا هاتە دی:
١. تێکشکاندنی ئەفسانەی ناوەند وەک تاقە دەستەبەرکەری نەزم:
خۆسەپێنیی ناوەند، هەمیشە فرەچەشنی و مافی دیاریکردنی چارەنووسی ئەوی تری وەک بشێوی، پارچەپارچەبوون و وێرانبوونی نەزم وێنا دەکات. بزووتنەوەی دێموکراتیک بە پێشکەشکردنی مۆدێلێکی مەدەنی، عەقڵانی و لەسەر بنەمای بەشداریی گشتی، ئەوە ئاشکرا دەکات کە خودی ناوەند سەرچاوەی سەرەکیی بێنەزمی (ئانۆمی)، توندوتیژیی پێکهاتەیی و ئاڵۆزییە. سەروەریی هەڵقوڵاو لە هەناوی کۆمەڵگەوە نیشانی دا کە نەزمی ڕاستەقینە تەنها کاتێک دەردەکەوێت کە یەکسانی بوونی هەبێت.
٢. کۆتاییهێنان بە دۆخی هەڵپەساردن و گەڕاندنەوەی خواستی سیاسی:
بە دامەزراندنی ئیرادەیەکی سەربەخۆ، سوژەی کورد توانی خۆی لە بوونەوەرێکی هەڵپەسێردراو لە بێمافیدا بگۆڕێت بۆ یاسادانەر و داڕێژەری ماف. حیزب، سەروەریی لە کایەی قۆرخکراوی فەرمانڕەوایانی ناوەند دەرهێنا و بە شێوازێکی ئاسۆیی، فرەچەشن و وەڵامدەر سەرلەنوێ دایڕشتەوە. ئەم وەرچەرخانە پێکهاتەییە، کاروباری سیاسیی ژیاندەوە. سیاست ئیتر نە ملکەچبوون بوو بەرامبەر بڕیارەکانی ناوەندی خۆسەپێن، بەڵکوو توانای کۆمەڵگە بوو لە بڕیاردان بۆ ژیانی بەکۆمەڵ، شێوازی دابەشکردنی دەسەڵات، و دروستکردنی پێکهاتە دێموکراتیکەکانی خودی کۆمەڵگە .
- بوونناسیی بەرخۆدان: ئافراندنەوەی کەرامەت، ناسنامە و مافی دیاریکردنی چارەنووس
کاتێک سیستمێکی دەسەڵاتخواز سیاسەتێک لەسەر بنەمای نکۆڵی، سڕینەوەی مێژوویی و هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی ناسنامەیی دەگرێتە بەر، ئامرازی سەرکوتکارییەکەی تەنیا بۆ چەک و بەندیخانە کورت نابێتەوە؛ بەڵکوو دەست دەداتە نهبوونکردنی بوونناسانە. لەم ستراتیژیەدا، ئامانجی کۆتایی ئەوەیە نەتەوەی ژێردەست، زمان، بیرەوەریی بەکۆمەڵ، کەرامەتی مرۆیی و تەنانەت وێنەکردنی داهاتوویەکیش لە دەست بدات و بگوڕێت بۆ بوونێکی بێلایەن و تواوە.
لە ئاسۆیەکی وەها تاریک و ترسناکدا، بەرخۆدان مانایەکی زۆر فرەتر لە تاکتیکێکی سەربازی یان کاردانەوەیەکی کاتیی سیاسی پەیدا دەکات. بەرخۆدان دەبێتە شێوازێکی بوون لە جیهاندا و پێویستییەکی بوونناسانە. پێکهاتە سێقۆڵییەکانی بوونناسیی بەرخۆدان برێتین لە:
١. ئافراندنەوەی کەرامەت:
خۆسەپێنی بە سووکایەتیکردنی بەردەوام و سڕینەوەی ئیرادە، بە دوای تێکشکاندنی سوژەیە. بەرخۆدان، ڕەتکردنەوەیەکی بڕواپێکراو و ڕەهای ئەم سووکایەتییەیە. مرۆڤی بەربەرکانیکەر بە ڕاوەستانی خۆی ڕادەگەیەنێت کە بەها و کەرامەتی ئەو داگیر نەکراوە. بەرخۆدان، گەڕاندنەوەی شکۆی مرۆیی و بەکۆمەڵە؛ پرۆسەیەک کە تێیدا کۆمەڵگە فێر دەبێت نەچێتە ژێر باری گێڕانەوە سووکایەتیپێکراوەکانی دەسەڵات و قامەتی خۆی لە بەرامبەر سەرکوتدا بە بەرزی ڕابگرێت.
٢. ناسنامە وەک پڕۆژەیەکی بزوێنەر:
لە بوونناسیی بەرخۆداندا، ناسنامە نە ئاسەوارێکی موزەیی یان کەلەپوورێکی نەگۆڕ و دەستکارینەکراوی ڕابردووە، بەڵکوو پڕۆژەیەکی بزوێنەرە لە سەیروورەتی بووندا. ناسنامە لە بەستێنی خەبات، ئاگاداری و ڕەخنەی بەردەوامدا سەرلەنوێ بەرهەم دێتەوە. ئەم ناسنامە نوێیە، نە لەسەر بنەمای دووژمنایەتی، بەڵکوو لەسەر بنەمای ئاگاداریی نەتەوەیی، ئازادیخوازی و پەیوەندیی نێوان نەوەکان دروست دەبێت و لە بەرامبەر وێرانکاریی مێژووییدا بەرخۆدان دەکات.
٣. مافی دیاریکردنی چارەنووس؛ بەرجەستەبوونی عەینی ئازادی:
مافی دیاریکردنی چارەنووس، ئامانجی بوونناسانەی ئەم ڕێگەیەیە. ئەگەر سوژە، خۆئاگا بووبێت و سەروەریی لە دۆخی هەڵپەساردن دەرهێنابێت، دەرکەوتنی کۆتایی ئەم ئاگادارییە لە ڕەسەنایەتی بڕیاردان بۆ داهاتوودا دەردەکەوێت. مافی دیاریکردنی چارەنووس، ڕاگەیاندنی ئەم ڕاستێیە کە هیچ دەسەڵاتێک لە دەرەوەی ئیرادەی بەردەوامی نەتەوەیەک، ڕەوایەتیی دیاریکردنی ڕێگەی ژیان، کولتوور، ئابووری و سیاستەکەی نییە .
- دەرئەنجام
بە تێپەڕین لە گێڕانەوەی ڕواڵەتی، ڕووکەشی و دابەزاندخوازانەی ڕووداوەکان، ئاسۆی فەلسەفیی ئەم نووسینە بە ڕوونی نیشانی دەدات کە جووڵەی مێژوویی ئەنجامدراو بە دامەزراندنی حیزبی دێموکرات لە ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٢٤دا، هەرگیز ململانێیەکی سنوورداری سیاسی بۆ پشکخوازی لە دەسەڵات، یان کاردانەوەیەکی کاتی بۆ بۆشایی دەسەڵاتی ناوچەیی نەبووە. ئەم ڕووداوە، لە جەوهەر و پێکهاتەی بنەمایی هزریی خۆیدا، سەرلەنوێ بووژانەوەیەکی دیاردەناسانەی سوژەی کورد و خاڵی دەستپێکی عەقڵانییەتی سیاسیی مۆدێرنە لە پانتایی مێژووی هاوچەرخی کوردستاندا.
سەیری گەشەکردن و لۆژیکی دەروونی ئەم وەرچەرخانە مێژووییە دەکرێت لە سێ وەرزی ڕزگاریبەخشدا کۆبکرێتەوە:
یەکەم؛ پەڕینەوە لە پاسیڤبوونەوە بۆ سوژەییەتی عەقڵانییانە: حیزبی دێموکرات توانی کۆمەڵگە لە دۆخی پەتی، واتە ژیان لە مێژووی نووسراو لەلایەن ئەویترەوە دەربهێنێت و بۆ ئاستی خۆئاگایی بۆخۆ بەرزی بکاتەوە. لەم خاڵەدا، ئازاری کەڵەکەبوو و تووڕەییە بڵاوەکان گۆڕدران بۆ پڕۆژەیەکی عەقڵانی، پێکهاتەمەند و نەتەوەساز.
دووەم؛ هەڵوەشاندنەوەی سەروەریی ناوەند و ڕەتکردنەوەی هەڵپەساردن: بە پێشکەشکردنی مۆدێلێکی مەدەنی، فرەچەشن و دامەزراوەیی، پێکهاتەی خۆسەپێنی ناوەند کە ئەوانیتری لە دۆخێکی هەڵپەساردنی بەردەوامدا (یاسایی، مێژوویی و سیاسی) ڕاگرتبوو، ڕووخا. سەروەری لە بابەتێکی ئاسمانی، سەرکوتکار و قۆرخکراوەوە، بۆ بابەتێکی بەرجەستە، وەڵامدەرەوە و هەڵقوڵاو لە ئیرادەی گشتی پێناسە کرایەوە.
سێیەم؛ جێگیرکردنی بوونناسیی بەرخۆدان: لە ڕووبەڕووبوونەوەی ستراتیژیی نکۆڵی و سڕینەوەی بوونناسانەدا، بەرخۆدان لە تاکتیکێکی سەربازی یان ئامرازێکی خەباتکارانەی ڕووتەوە، بۆ شێوازی ژیان و تاقە ڕێگەی گەڕاندنەوەی کەرامەتی مرۆیی، سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی ناسنامەی بزوێنەر و هێنانەدیی مافی دیاریکردنی چارەنووس بەرز بووەوە.
بەردەوامیی ئەم دابڕانە مێژووییە لە کاتی ئێستادا و لە ئاسۆی داهاتوودا، پێش هەموو شتێک پێویستی بە پاراستنی دەستکەوتەکانی ئەم عەقڵە ڕەخنەیی و سوژەڤانیە ئەکتیڤە هەیە. پەیامی بنەڕەتیی ٢٥ی گەلاوێژ بۆ ئەمڕۆ ئەوەیە کە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پڕۆژە تازەداڕێژراوەکانی نکۆڵی و دەسەڵاتخوازی، تەنیا لە ڕێگەی پشتبەستن بە خۆئاگایی پێکهاتەیی و عەقڵانییەتی لۆکاڵی ڕێگەپێدراوە. تا ئەو کاتەی ئەم ئاگاداریی بنەڕەتییە لەمەر ماف، ڕەتکردنەوەی هەڵپەساردن و بەرخۆدان وەک بنەمای کەرامەتی مرۆیی، لە دەمارەکانی هزر و کردەی بەکۆمەڵدا بڕوات، هیچ ئامێرێکی سەرکوت یان وتارێکی دەسەڵاتخواز ناتوانێت ئەم ڕاستییە مێژووییە بگەڕێنێتەوە بۆ پەراوێزی بێدەنگی مێژوو. بەرخۆدان لەم ئاسۆ فەلسەفییەدا، نە تەنیا خۆڕاگری لە بەرامبەر سەرکوتدا، بەڵکوو بەرزترین فۆرمی هێنانەدیی ئازادی، جێگیرکردنی مسۆگەری مافی مرۆڤ بەسەر چارەنووسی خۆیدا و پەیماننامەی هەمیشەیی عەقڵانییەتی سیاسییە لە کوردستاندا.