کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمژەیی بەکۆمەڵ؛ کارەساتی بەکۆمەڵ!

12:41 - 26 گەلاوێژ 2726

عەلی لەیلاخ

«دیتریش بونهۆفەر»، قەشە و بیرمەندی ئایینیی دژەنازی، لەو نامانەیدا کە لە سەردەمی بەدیلگیران و زیندانیکردنیدا بە نهێنی تۆماری کردوون، پەردە لەسەر دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیی مەترسیدار لادەدات بە ناوی «گەمژەیی و گێلیی بەکۆمەڵ». واتای سادە و ڕوونی ئەم تێزە ئەوەیە: هەر کاتێک تاک سەربەخۆیی فکری، ئیرادە و هێزی لێکدانەوەی ڕەخنەگرانەی لەدەست دا، لە ڕاستیدا دەبێتە ئامرازێکی بێئیرادە لە خزمەت بڕیار و تەونی پڕوپاگەندەی دەسەڵاتە ستەمکارەکاندا.

بونهۆفەر، کە ئایینناسێکی خاوەن‌بڕوا و ڕەخنەگرێکی سەرسەختی سیاسەتەکانی حیزبی نازی بوو، ڕێک لە یەکەم ڕۆژەکانی بەدەسەڵاتگەیشتنی هیتلەردا، لە وتارێکی ڕادیۆییدا—کە دەستبەجێ لەلایەن دەزگای سانسۆرەوە پچڕێنرا و بە نیوەچڵی مایەوە—داوای لە گەلی ئەڵمانیا و بەتایبەت بڕوادارانی کەنیسە کرد کە «بت» لە هیتلەر دانەتاشن و ڕێگە نەدەن سەرۆک بکرێتە ئەفسانەیەکی پیرۆزی نەتەوەیی. دواتریش بە تەنیا دژی شەپۆلی ڕەگەزپەرستی و سڕینەوەی کەمینەکان وەستایەوە. ئەو گەیشتە ئەو دەرئەنجامە فیکرییە قووڵەی کە: «هەر کاتێک دەسەڵاتێکی گەورەی سیاسی یان ئایینی سەرهەڵدەدات، بەشێکی زۆری کۆمەڵگە تووشی دەردی گێلی و نەفامی دەکات؛ چونکە مانەوەی ئەو چەشنە دەسەڵاتە پێویستیی ڕاستەوخۆی بە گەمژەیی و بێئاگایی خەڵک هەیە.» دواجار لە ساڵی ١٩٤٥ و لە مانگەکانی بەرەو هەرەسی ڕژێمی نازی، ئەم ئازادیخوازە نەبەزە لە کەمپی «فلۆسنبۆرگ» لەژێر پەتی سێدارەدا و لە یەکەم هەنگاوی بەرەو مەرگدا گوتی: «ژیانی من ئاوا کۆتایی هات، بەڵام ئەمە تازە سەرەتای ڕێگەیە.»

ڕێگاکەی بونهۆفەر ڕێک بە شاڕێی هۆشیاری و بەئاگاهاتنەوەدا تێدەپەڕێت؛ وریابوونەوە لەوەی کە چۆن دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان لە ژێر ناوی «خوا، ئایین و پیرۆزییەکاندا» کۆمەڵگە لە خشتە نەبەن و نەیگەمژێنن؛ چونکە مانەوە و باڵادەستیی خۆیان تەنیا لە سایەی ئەو «گەمژەییە بەکۆمەڵە»دا مسۆگەر دەکەن.

سێ دەیە و نیو دوای لەسێدارەدانی بونهۆفەر و هەرەسهێنانی نازیزم لە ئەورووپا، ڕژێمێک لە ئێران هاتە سەر کار کە تەواوی خەسڵەتەکانی هەمان فاشیزمی ئەڵمانیای نازی، بەڵام بە بەرگێکی ئایینی و پیرۆزکراو هەڵگرتبوو. هەر لەو سەردەمەشدا کەسانێک هەبوون کە ماهیەتی ستەمکارانەی ئەو دەسەڵاتە نوێیەیان زۆر زوو ناسی و بوێرانە دژی ئەو شەپۆلە گێلکەرە دەنگیان هەڵبڕی. ئەم حکوومەتە ئایینییە هەر لە سەرەتاوە بە ئەفسانەی دروستکراوی وەک «دەرکەوتنی وێنەی ڕێبەرەکەیان لە مانگدا»، بناغەی دەسەڵاتی خۆی لەسەر خەڵەتاندنی گشتی دامەزراند و ملیۆنان مرۆڤی ڕاپێچی دەنگدانی نابینایانەی «بەڵێ» بۆ کۆماری ئیسلامی کرد. بێگومان تەنیا ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو کە بەپێی ئەزموونی ڕێکخراوەیی، پێشینەی مێژوویی و هۆشیاریی سیاسی و حیزبایەتی، دژی ئەو چەواشەکارییە ڕاوەستا و نەچووە ژێر ڕکێفی ئەو دەسەڵاتە ستەمکارە.

بەڵام لەو سەردەمەدا «بونهۆفەر»ەکانی کوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی «بتسازی» و بەپیرۆزکردنی فاشیزمی ئایینیدا تەنیا مانەوە؛ لەگەڵ ئەوەشدا چۆکیان بۆ داخرانی سیاسی و دیکتاتۆری دانەدا. ئەو چەقبەستووییەی کە لەسەر بنەمای پاوانخوازیی ئایینی، ئاگری جەنگ و ماڵوێرانیی هەڵگیرساند، خەرمانی بیرکردنەوە و ئاوەزی کۆمەڵگەی سوتاند؛ ئێستاش دووکەڵی ئەو سووتەمەنییە دەچێتە چاوی هەموو ئەو کەسانەی کە بوونەتە قوربانیی ئەو گەمژەییە بەکۆمەڵە. تەنانەت کار گەیشتە ئەو جێگەیەی خامنەیی خۆی وەک «زاری غەیب و دەمڕاستی ئاسمان» لە قەڵەم بدات!

ڕەنگە هەندێک وا تێبگەن کە هۆکاری ئەم نەفامی و گەمژەیییە، نەخوێندەواری یان کەمخوێندەواریی کۆمەڵگەیە! بەڵام بڕوادارانی تیۆریی گەمژەیی کۆمەڵایەتی—بەتایبەت بونهۆفەر—بە توندی ئەم بۆچوونە ڕەت دەکەنەوە. بەپێچەوانەوە، پێشەنگەکانی ئەم کارەساتە زۆرجار ئەو نووسەر و ڕووناکبیرە بەناو خوێندەوارانەن کە کۆمەڵگە چاوی لە دەمی ئەوان بڕیوە و وەک پێشەنگ سەیریان دەکات.

مێژوو پڕە لەو نووسەر، زانا و بلیمەتانەی کە لە سۆنگەی باوەڕهێنان بە «وەهمی ڕەگەزی باڵادەست» کەوتبوونە خزمەتی دەزگای نازییەوە؛ لە «مارتین هایدگەر»ی فەیلەسووفەوە تا «ڤێرنەر هایزنبێرگ»ی فیزیکزان و «یۆزێف مێنگەلە»ی پزیشک کە دواتر بە «فریشتەی مەرگ» ناوی دەرکرد.

هاوشێوەی ئەم کارەساتە مێژووییە، لە ئێراندا کەم نەبوون ئەو کەسانەی کە بە بەرگی خوێندەواری و ڕوخسارێکی مۆدێرنەوە، دەستەونەزەر لە بەردەم خومەینی و دەزگای سەرکوتەکەیدا چۆکیان دادا؛ تەنانەت ڕەوتێکی وەک «حیزبی توودە» کە بانگەشەی دادپەروەری و پێشکەوتنخوازیی دەکرد، پاساوی بۆ تاوان و لەسێدارەدانەکانی «خەڵخاڵی» دەهێنایەوە و پشتڕاستی دەکردنەوە. لێرەدایە کە وتەکەی بونهۆفەر سەنگ و بەهای ڕاستەقینەی خۆی دەردەخات کاتێک دەڵێت: «گەمژەیی کۆمەڵایەتی لە تاوانباری و شەڕانگێزی مەترسیدارترە؛ چونکە لە بەرامبەر خراپەدا دەکرێت خەبات بکرێت، بەڵام لە بەرامبەر گەمژەییدا دەستەوستان دەمێنینەوە.»

کاتێک نووسەرێکی وەک «مەحموود دەوڵەتئابادی» پاسدارێکی دەستپێوەکراو بە خوێنی هەزاران بێتاوانی وەک «قاسم سولەیمانی» بە پاڵەوانی نیشتمانی ناودێر دەکات، ئاشکرایە کە ناکرێت چاوەڕوانی ڕەخنەیەکی ڕاستەقینە و کاریگەر لە سیستەمی باڵادەست بکەین؛ چونکە لە نێو زەلکاوی گەمژەیی بەکۆمەڵدا هیچ دەنگێک جگە لە ژاوەژاو و فیکەی دەسەڵات نابیسترێت. هەر لەم ساڵانەی دواییدا و لەژێر کاریگەریی دەزگای پڕوپاگەندەی ڕژێمدا، بە ناوی ساختەی نیشتمانپەروەرییەوە، زۆر نووسەر و کەسایەتیی بەناو ڕۆشنبیر چاویان لە کۆمەڵکوژییەکانی شەقام و سەرکوتی خوێناویی خەڵک نووقاند و خۆیان لە تاوانەکانی پێنج دەیەی کۆماری ئیسلامی گێل کرد و لە تەنیشت بکۆژاندا ڕاوەستان.

هیتلەر گوتەنی: «پڕوپاگەندە ئێمەی هێنایە سەر دەسەڵات، هەر پڕوپاگەندەش توانای مانەوەی پێ بەخشین و ئامرازەکانی داگیرکردنی خستە بەردەستمان.»

گەمژەیی بەکۆمەڵ و تەنیایی خەباتی کوردستان

کاتێک ئامێری سەرکوتی کۆماری ئیسلامی ڕووی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد، شەپۆلی گێلیی بەکۆمەڵ و کۆبوونەوە لە دەوری دیکتاتۆرییەتی تاران، کەوتە شێواندنی واقیعی سیاسیی کوردستان؛ بە جۆرێک کە هەندێک کەس لە نێوەندی ئێراندا بۆ کوشتار و پەلاماردانی خەڵکی کوردستان کەوتنە چەپڵەلێدان و شادمانی!

ئامانجی نەتەوەی کورد، ڕووبەڕووبوونەوەی سیستەمێک بوو کە ڕێک وەک دەزگای نازی، بە کەڵکوەردەگرتن لە پڕوپاگەندەی پیرۆزکراو و ورووژاندنی هەستی خۆبەزلزانی، سەرکوتکردنی دژبەرانی کردبووە پردی دەسەڵاتخوازیی خۆی. کەمێک دواتر، هەمان ئەو دێوەزمەیەی کە خوێنی ڕۆڵەکانی کوردی مژتبوو، پەلاماری گەنجان و ئازادیخوازانی سەرجەم شارەکانی دیکەی ئێرانیشی دا و لە ماوەی چەند ڕۆژدا هەزاران کەسی ناڕازیی لە شەقامەکاندا خەڵتانی خوێن کرد.

کوردستانی بونهۆفەری، هاوشێوەی ئەو قەشە ئازادیخوازەی کە بە شەهیدی ڕێگەی مرۆڤدۆستی ناسراوە، کۆی خەباتەکەی خواستی دادپەروەری، مافخوازی و مرۆڤسالاریی گشتگیر بووە؛ بەڵام گوێگرانی ئەم هاوارە ڕەوایە لە نێو بازنەی دەستەبژێرانی غەیرەکوردی ئێراندا زۆر دەگمەن بوون! چۆن دەکرێت کۆمەڵگەیەک بەردەوام شانازی بە مێژووی دێرین و شارستانیەتی کەونارای خۆیەوە بکات، بەڵام لە واقیعدا کەمترین پشکی لە کولتووری دێموکراسی، یەکترقبووڵکردن و ئازادیدا هەبێت؟ ئەم باوەڕە وەهمییە بە باڵادەستی، بەرهەمی هەمان گەمژەیی بەکۆمەڵە کە دەسەڵاتداران پەرەی پێ دەدەن.

ئەگەر ئەم دیاردەیە نەبێت، چۆن دەکرێت لە کۆمەڵگەیەکی دەیان ملیۆنیدا، ئەو دەنگانەی کە لە دەرەوەی کوردستان پاڵپشتی لە مافی نەتەوە چەوساوەکانی وەک کورد، بەلووچ و تورکەمەن بکەن، لە پەنجەکانی دەست تێپەڕ نەکەن؟ مەگەر تێناگەن کە چەسپاندنی مافە بنەڕەتییەکانی گەلی کورد، هەنگاوێکی چارەنووسسازە بۆ دێموکراتیزەکردنی تەواوی ئێران کە هەمووان لێی سوودمەند دەبن؟ بەڵام ئەوەی دەبینرێت ئەوەیە کە تەنانەت هەندێک لە بەناو دژبەرانی ڕژێمیش (ئۆپۆزیسیۆن)، لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پرسی کورددا، ڕێک هەمان گوتار و ڕوانگەی ناوەندە ئەمنییەکانی ڕژێم دووبارە دەکەنەوە!

ساڵانێکی زۆرە چەمکی «جوداخوازی» کراوەتە پاساوی هاوبەشی دەسەڵات و بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆن تا دەنگی بزووتنەوەی ڕەوای کورد کپ و پەراوێز بخەن. بێ ئەوەی کات بۆ ناسینی خواستی دێموکراتیک و مرۆیی حیزب و بزووتنەوەکانی کوردستان تەرخان بکەن، هەمان داوی ناوەندە داپڵۆسێنەرەکان دووبارە دەکەنەوە. ئەگەر بەرتەسکیی بیرکردنەوە نەبێت، کام لۆژیکی سیاسی لە بەرامبەر مافی سەرەتایی نەتەوەیەکی ستەملێکراودا دەوەستێتەوە؟

یەکێک لە نیشانە دیارەکانی گەمژەیی بەکۆمەڵ ئەوەیە کە: تاکەکان هەموو وەڵامەکانیان لە دەمی دەسەڵات وەردەگرن و خۆیان زەحمەتی پرسیارکردن، گومان و لێکۆڵینەوە بە خۆیان نادەن.

پەنجا ساڵ ئەزموونی کارەساتباری کۆماری ئیسلامی سەلماندی کە ئەگەر هەر لە سەرەتاوە دان بە مافی ژنان و پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکاندا بنرایە و بێئاگایی نەکرابایە ئامرازی خۆسەپاندن، دۆخی ئەمڕۆی ئێران بەم لێڕەواری و وێرانبوونە نەدەگەیشت. ئەگەر سیاسەتی بەبرسیکردنی خەڵک و بەپیرۆزکردنی دەسەڵات لە سەرەتاوە لە لایەن هەمووانەوە شەرمەزار بکرایە، ئاگری ئەم کارەساتە بەرۆکی تەواوی خەڵکی نەدەگرت.

لە ماوەی ڕابردوودا دوو ڕووداوی پەیوەندیدار بە پرسی کورد لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوەی پەیدا کرد: کوژرانی کۆڵبەرێکی گەنجی ٢٠ ساڵان، و شەهیدبوونی چەند پێشمەرگەیەک بە هێرشی مووشەکیی ڕژێم. ئەوەی جێگەی سەرسوڕمان و پەرۆشی بوو، کاردانەوەی هەندێک لە بەکارهێنەرانی غەیرەکورد بوو؛ کە سەرەڕای ئەوەی خۆشیان قوربانیی هەمان دەسەڵات بوون، کەچی قسە و هەڵوێستیان بەرامبەر بە قوربانیانی کورد لە دەربڕینی خودی دەزگا ئەمنییەکانی ڕژێم قێزەونتر بوو! ئەم جۆرە کاردانەوانە لەبەر ئەوەی بەرهەمی گێلی و نەفامیی بەکۆمەڵن، ڕاستەوخۆ ئاو دەکەنە ئاشی دەزگای سەرکوتی ڕژێم و تەمەنی ستەمکاری درێژ دەکەنەوە.

دەرئەنجام: هوشیاریی تاکەکەس لە بەرامبەر کارەساتی گشتی

پوختەی باسەکە ئەوەیە: گەمژەیی بەکۆمەڵ هەمیشە دەبێتە هۆی کارەساتی بەکۆمەڵ. چونکە دژایەتیکردنی کورد نەک هەر برەو بە «کوردکوژی» دەدات، بەڵکوو زەمینە بۆ درێژەپێدانی توندوتیژیی بێسنووری دەسەڵات بەرامبەر تەواوی کۆمەڵگە خۆش دەکات؛ چونکە چارەسەرکردنی پرسی کورد کلیل و دەروازەی سەرەکیی کرانەوەی سیاسی، ئابووری و کولتوورییە بۆ سەرجەم خەڵکی ئێران.

تاکە ڕێگەی ڕزگاربوون لەم چەقبەستووییە سیاسی و وەهمە مێژووییە، جێگیرکردنی هۆشیاری و بیرکردنەوەی سەربەخۆی تاکەکەسییە لە جیاتی ئەو گەمژەییە بەکۆمەڵەی کە لەلایەن دەسەڵات و میدیاکانیەوە پەرەی پێ دەدرێت.

هەر چەشنە بێدەنگی و پاساوهێنانەوە بۆ کارەساتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نەک تەنیا نیشانەی چوونە ژێر باری گەمژەیی بەکۆمەڵە، بەڵکوو درێژەپێدەری ڕاستەوخۆی سیاسەتی چەوساندنەوە، سانسۆر و ستەمکارییە لە سەرانسەری وڵاتدا.

سەرچاوە و بەڵگەنامە فیکرییەکان:

نامە و بەڵگەنامەکانی زیندان (Letters and Papers from Prison) ـ دیتریش بونهۆفەر.

فاشیزم و هۆشیاریی کۆمەڵایەتی ـ توێژینەوە لە میکانیزمی پڕوپاگەندەی ستەمکاری.