
د. کامران ئەمینئاوە
(تێڕوانینێک لە وەرگێڕانی کوردیی "سڵاو لە حەیدەربابا"؛ بەرهەمی هاوبەشی ئەنوەر سوڵتانی و حەسەن ئەیوبزادە)
ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیە؛ وڵاتێک بە کولتوور و ناسنامەی جیاوازی نەتەوەکانی، ئەوانەی چەندین سەدە پێکەوە ژیاون، ئازاریان چێشتووە، خۆشییان بەش کردووە و مێژوویەکی هاوبەشیان دروست کردووە. ئەم فرەڕەنگییە نەتەوەیی و کولتوورییە، نەک مەترسی بۆ سەر ئەو وڵاتە نییە، بگرە گەورەترین سامان و سەروەتی ئەم وڵاتەیە؛ سامانێک کە تەنیا بە ڕێزگرتن لە یەکتر، گفتوگۆ و بەفەرمیناسینی یەکتر، دەتوانێت گەشە بکات.
یەکێک لە گرنگترین ڕێگاکانی بەفەرمیناسینی یەکتر، ئەدەبیاتە. شێعر و چیرۆک سنووری زمان تێدەپەڕێنن و مرۆڤەکان لە قووڵترین ئاستی هەست و بیرکردنەوەدا بە یەکەوە دەبەستنەوە. لەم نێوانەدا وەرگێڕان ڕۆڵێکی بێهاوتای هەیە؛ پردێکە کە بیر، سۆز و ئەزموونی نەتەوەیەک بە نەتەوەیەکی تر دەگەیەنێت. هەر وەرگێڕانێکی سەرکەوتوو، لە ڕاستیدا گەشتێکە لە جیهانێکەوە بۆ جیهانێکی تر؛ گەشتێک کە ئامانجی تەنیا گواستنەوەی وشە نییە، بەڵکوو گواستنەوەی ڕۆحی مرۆڤە.
مێژووی هاوچەرخی ئێران نموونەگەلێکی بایەخداری لە هاودڵیی کولتووری لە خۆ گرتووە. ڕۆژگارێک، نەمر عەلیڕەزا نابدڵ، شاعیری خەباتکاری ئازەربایجانی، بە زمانی تورکی شێعری بۆ کوردستان دەنووسی، و نەمر حەسەن قزڵجی دەیکرد بە کوردی و لە ڕادیۆی 'پەیکی ئێران' بڵاوی دەکردەوە. ئەو کارە تەنیا چالاکییەکی ئەدەبی نەبوو؛ بەڵکوو هەوڵێک بوو بۆ نزیککردنەوەی چارەنووس، ڕێگە، خەبات و دڵی دوو نەتەوەی دراوسێ، کە لە نێو جوگرافیای سیاسیی ئێراندا چارەنووسێکی هاوبەشیان هەبوو. لەو سەردەمەدا ئەدەبیات زمانی یەکگرتوویی بوو و، وەرگێڕان ئامرازی دۆستایەتی و هاوڕێیەتیی گەلانی چەوساوەی ئێران.
لە سەر ئەم ڕێچکەیە، وەرگێڕانی هەڵبەستی "سڵاو لە حەیدەربابا"ی محەممەدحوسێن شەهریار بۆ زمانی کوردی، هەنگاوێکی دیکە لە پێناو پتەوکردنی پەیوەندیی کولتووریی نێوان کورد و ئازەربایجانییەکاندا بوو. ئەم وەرگێڕانە بە هەوڵ و ماندووبوونی مامۆستا ئەنوەر سوڵتانی و مامۆستا حەسەن ئەیوبزادە کرا و ئەم شاکارە ئەدەبییە گەیشتە نێو ماڵی خوێنەرانی کورد؛ ئەوانەی عاشق و هۆگری شێعر و جوانین و ئاواتی ژیان لە کەشوهەوایەکدا هەن کە پڕ بێت لە ڕێز، پێکەوەژیانی ئاشتیخوازانە و هاوڕێیەتیی ئەم دوو نەتەوە دراوسێیە.
بێگومان، مێژووی ئێران هەندێک جار شایەتی لێکتێنەگەیشتن، دڵگرانی و تەنانەت شەڕ و پێکدادان لەنێوان گەل و گرووپە جیاوازەکاندا بووە. کورد و ئازەربایجانییەکانیش لەم یاسایە بە دوور نەبوون. بەڵام ئەگەر مێژوو بە چاوێکی دادپەروەرانە بخوێنینەوە، دەبینین پەیوەندییە قووڵە مرۆییەکان، هاوسێیەتی، خزمایەتی، خەباتە هاوبەشەکان و هاودڵییە بێئەژمارەکان، لە ناکۆکییە کاتییەکان زۆر بەهێزتر و مێژووییتر بوون. ئەوەی گەلان لە یادەوەریی مێژوودا زیندوو ڕادەگرێت، نەک شەڕ و ناکۆکی، بەڵکوو هاوڕێیەتی و هاوکاریی نێوانیانە.
"حەیدەربابا"ی شەهریار یەکێک لە درەوشاوەترین هۆنراوەکانی ئەدەبیاتی تورکیی ئازەربایجانییە. ئەو بەرهەمە نەک لە سەر لووتکەی ئەدەبی ئازەربایجان لە هەردوو لای ڕووباری ئەرەسدا دەدرەوشێتەوە، بەڵکوو هەر خوێنەرێک، تەنانەت ئەگەر ناسیاوییەکی کەمیشی لە زمانی تورکی هەبێت، دەکاتە ئەوینداری ئاواز و مۆسیقای وشەکان، وێنەسازیی زیندوو و هەستی پاکی شاعیر. شەهریار لەم هۆنراوەیەدا ڕوو لە چیای "حەیدەربابا" دەکات، بەڵام لە ڕاستیدا لەگەڵ بیرەوەریی منداڵی، گوند، دایک، سروشت، مرۆڤ و کات گفتوگۆ دەکات.
مامۆستا ئەنوەر سوڵتانی لە پێشەکیی وەرگێڕانەکەیدا ئاماژە بە خاڵێکی جێی سەرنج دەکات، ئەویش ئەو کاتەیە کە شەهریاری بەناوبانگ شێعرەکانی بە فارسی دەگوت:
«"شەهریار" خێوەتی شێعری لە کاوان هەڵدا، لە کۆڕ و کۆبوونەواندا باسی کرا، لاپەڕەی دیوانەکەی وەک وەرەقی زێڕ برا و ڕێز لە هونەری گیرا، بەڵام بە تەنیشت خێڵی لایەنگرانەوە، هەبوون کەسانێک کە توانجیان دەگرتە گیانی و دەیانگوت ئەی بۆچی تیتۆڵێک لە زمانی زگماکیی خۆی - ئازەربایجانی، دانادڕێت؟ بۆچی خەڵکی خۆی وەلاناوە و مەیلی لێیان بڕاوە؟
ئەم گازندە و گلەییی مەردمە، چەندەها ساڵ درێژەی کێشا، بێ ئەوەی شەهریار متەقی لێوە بێت و کەس وەڵامی لێ ببیستێت. بەڵام لە سەرەتای پەنجاکاندا، ڕووداوێکی سەمەرە ڕووی دا. هۆی شتەکە چی بوو؟ خۆزگە و بڕیای خەڵک؟ بارودۆخی ژیان و سەردەم؟ کارەساتەکانی پاش کۆدەتای گەلاوێژ و ڕاپەڕینی گەلانی ئێران؟ کەسایەتیی شاعیر و هێزەکانی نێو دەروونی؟ یاخود ئامێتەیەک لەوانە و لە زۆر هۆی نەناسراوی تر؟ هەرچی و هەرچۆن بێت، هەستی نەتەواوەتیی شەهریار هاتبووە جۆش:
"تورکی دێدم، ئۆخسونلار ئوێزلەری"
بە تورکیم گوت، تا خۆیان بیخوێننەوە!
تەلیسم شکابوو، چاوەڕوانی میوەی دابوو، شەهریار بە تورکی هاتبووە زمان، "حەیدەربابا" لە دایک ببوو، سڵاو لە حەیدەربابا!
"حەیدەربابا" بە خێرایی کشایە نێو دڵی خەڵک و خوشایە نێو گوند و شاری ئازەربایجانەوە، خوێنەرانی هەژاند و بیسەرانی شڵەژاند. بوو بە لاوکی سەر زاران، بەند و باوی کۆڵانان، باسی کۆڕ و کۆمەڵان و سەردێڕی ڕۆژنامە و گۆڤاران. بە گۆرانی گوترا، هەوا و مەقاماتی لەسەر دانرا. لە قەوان و شریتان خرا. سنووری بڕی و بەرەو ئازەربایجانی باکووری هەڵکشا و ئەمجار هەر شاباش و ئافەرین بوو بە سەرشان و ملی پیرەپیاوە "خوشکەناب"ییەکەدا باری...»
کاک ئەنوەر، کە لە کاتی لاوییەوە ئاشنای زمان و ئەدەبی تورکی بووە و لە خێزانێکی ئەهلی فەرهەنگ و ئەدەب گەورە بووە، زوو تێگەیشت کە "حەیدەربابا" تەنیا شێعرێک نییە، بەڵکوو جیهانێکە لە بیرەوەری، هەست و ناسنامە. ئەو لەگەڵ "حەیدەربابا" ژیا و شێعرەکانی لەبەر کرد.
ساڵان تێپەڕین. ڕۆژگاری پڕ لە ڕووداوی ئێران، لە ساڵانی هەوری، تاریک و خەفەقانی حکومەتی پەهلەوییەوە تا گەردەلوولی شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ و ڕووداوەکانی دوای ئەو، چارەنووسی زۆرێک لە ڕووناکبیرانی کوردی گۆڕی. کاک ئەنوەر سوڵتانییش پاش چەندین ساڵ کار و چالاکیی سیاسی، بە هۆی بارودۆخی ئاڵۆز و سەرکوتکەرانەی کۆماری ئیسلامی، لە کۆتاییدا ناچار بوو وڵات بەجێ بێڵێت و لە شاری لەندەن نیشتەجێ ببێت. بەڵام دووریی جوگرافی قەت نەیتوانی پەیوەندیی ئەو لەگەڵ ئەدەبیات و بیرەوەریی ساڵانی لاوی ببڕێت.
لە غەریبیدا، جارێکی تر گەڕایەوە سەر "حەیدەربابا". شێعرەکەی دووبارە خوێندەوە و بە وردبینی، هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی و خۆشەویستییەوە، کردییە کوردی. هەوڵی دا تەنیا واتای شێعر نەگوازێتەوە، بەڵکوو مۆسیقا، ناسکی و ڕۆحی شێعرەکەشی بپارێزێت. وەرگێڕانەکەی چەندین جار دەستکاری کرد، مشتوماڵی دا و گیانێکی تازەی بە بەردا کردەوە.
لە شوێنێکی دیکەی ئورووپا، هاوڕێی کۆنی، مامۆستا حەسەن ئەیوبزادە، یاسازان، توێژەر و یەکێک لە کەسایەتییە ناسراوەکانی کورد لە هۆڵەندا دەژیا. ئەم دوو هاوڕێ، هاوگەڕەک و هاوپۆلە، کە گێژەڵووکەی ڕۆژگار ساڵانێک لە یەکتری دوور خستبوونەوە، دووبارە بەهۆی نامەیەکەوە یەکتریان دۆزییەوە. ئەو نامەیە تەنیا چەند دێڕێک نەبوو؛ بەڵکوو پردێک بوو لە نێوان بیرەوەریی منداڵی، ساڵانی گەنجی و هیوا هاوبەشەکانیان.
مامۆستا حەسەن ئەیوبزادە، کاتێک لە شاری کۆڵن میوانی هاوڕێیەکی بوو، لە ڕێگەی ئەوەوە زانی کە هاوڕێی دێرینی، کاک ئەنوەر سوڵتانی، لە لەندەن دەژی. بۆیە دەستبەجێ نامەیەکی بۆ نارد و تێیدا نووسی:
«کاک ئەنوەر سوڵتانی! هاڤاڵەکەی سەردەمی منداڵی و لاویم!... داخوا دڵت بۆ گۆشەیەک لە بیرەوەرییەکانی سەردەمی منداڵیت دەکورکێنێت؟ گەڵۆ دەتەوێت بیرەوەرییە هاوبەشەکانمان لە ژێر خۆڵەمێشی فەرامۆشی دەرکێشین؟...»
مامۆستا حەسەن ئەیوبزادە دواتر نووسی:
«چاوەڕوانیم نەدەکرد وەڵامەکەم ئەو نامە پڕ لە هەستی دڵسۆزییە بێت کە بیرەوەرییە تاڵ و شیرینەکانی منی لە مردن ڕزگار کرد. ئەزموونی ئەو ساڵانە و ئاڵوگۆڕەکانی، پیریان کردبووین. هەردووکمان گۆڕابووین. لەگەڵ ئەوەش، من گیرۆدەی ئێش و ئازاری ئەو دڵە بەندپساوەی خۆم و ئەو ئۆگری نووسین و توێژینەوە. ئێستاش ئەو لەو بەری دەریایە و من لەم بەری دەریام.»
بەڵام چارەنووس تاقیکردنەوەیەکی دیکەشی لەبەردەم مامۆستا حەسەن ئەیوبزادە دانا. ئەو بەهۆی نەخۆشیی دڵ بۆ سێیەم جار نەشتەرگەری کرا. هەر لەو ڕۆژە سەختانەی چارەسەردا بوو کە وەرگێڕانی کوردیی "سڵاو لە حەیدەربابا"، لەگەڵ نامەیەک لە کاک ئەنوەرەوە لە لەندەن گەیشتە دەستی. کاک ئەنوەر داوای لێکردبوو شێعرەکە بخوێنێتەوە و بۆچوونی خۆی لەبارەی وەرگێڕانەکەوە بنووسێت.
مامۆستا حەسەن ئەیوبزادە دواتر هەستی ئەو ساتەی خۆی دەردەبڕێت و دەڵێت:
«داوای لێ کردبووم بیخوێنمەوە و لەمەڕ وەرگێڕانی شێعرەکە بە کوردی، بێمە زمان و تشتێک بێژم. هەیاران من و تورکی! ئەویش ئەو تورکییەی شەهریار، کە نیگارکێشانە بە وشەیە. من شارەزاییەکم لە کۆچەباخەکانی هونەری شەهریار نییە و نازانم کاتێک هەژانی شێعر دەیگرێت چۆن دەکەوێتە سەما و بە ئاهەنگێک جەزم دەبێت. لاساییکردنەوەی نەکاری کەسە و گێڕانەوەی ئەو حاڵەتەی دەیگرێت، لە باسکردن نایەت.[...]»
کاک ئەنوەر سەردەمێک لە تاران بە دەنگە نەرمە بەسۆزەکەی حەیدەربابای بۆ کاک حەسەن خوێندبۆوە، بەڵام ئەم جار بۆ خۆی بە خوێندنەوەی حەیدەربابا بە کوردی «بە باڵی ئەو خەیاڵەوە دەفڕێت کە هەژاری هەستیار لە 'بەرەو موکریان'ەکەیدا پێی فڕیبوو»:
«لێرە بۆ منی دوورخراوە لە زێد و نیشتمانەکەم، چی لەوە خۆشترە، گوێ بدەمە شێعری هەستیارێک کە لە وڵاتەکەی خۆیدا دوور خراوەیەکە، وەکوو من تامەزرۆی دیتنی تابڵۆیەکە لەو هەزار تابڵۆیەی کە ڕۆژگارێک لە کاتی کێشانیاندا، گریاوە، پێکەنیوە، مردووە و زیندوو بووەتەوە.»
دوو هاوڕێ کە ساڵانی ساڵ هر کامیان بۆ گەیشتن بە ئاواتی گەلەکەیان بە شوێن دوو ڕێبازی جیا کەوتبوون، جارێکی تر لە غەریبی و تاراوگەدا بە یەک گەیشتنەوە و قۆڵیان لێ هەڵماڵی و "سڵاو لە حەیدەربابا"یان بە کوردی خوڵقاند. بەرهەمی ئەم هاوکارییە تەنیا بڵاوکردنەوەی وەرگێڕانێک نەبوو؛ بەڵکوو لەدایکبوونێکی نوێی "حەیدەربابا" بە زمانی کوردی بوو. ئەو بەرهەمە، ئەمجار بە هەوڵی دوو هاوڕێی دێرین لە تاراوگەدا گیانی پێ بەخشرا و گەیشتە دەستی خوێنەرانی کورد؛ خوێنەرانێک کە تەنانەت لە غەریبیشدا لە شێعری شەهریاردا وێنەی شاخ، گوند، دایک، بیرەوەری و نیشتمان دەدۆزنەوە، و لە نێوان دێڕەکانیدا نهێنییەکی هاوبەش دەخوێننەوە؛ نهێنیی هاودڵیی مرۆڤگەلێک کە، سەرەڕای جیاوازیی زمان، چارەنووسێکی هاوبەشیان هەیە.
چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەم وەرگێڕانە لە ساڵی ١٣٨٥ی هەتاوی (٢٠٠٦ی زایینی) لەلایەن دەزگای چاپی ئەرزان لە سوید، تەنیا ڕووداوێکی ساکار بۆ چاپی کتێبێک نەبوو؛ بەڵکوو بەڵگەیەکی فەرهەنگی بوو بۆ ئەوەی کە ئەدەبیات دەتوانێت ئەوانەی سیاست هەندێک جار لێکیان دوور دەخاتەوە، دووبارە لێکیان نزیک بکاتەوە. شێعری شەهریار، بە تێپەڕبوون لە سنووری زمان، لە زمانی کوردیدا ژیانێکی نوێی وەرگرت و نیشانی دا کە هونەر، ماڵی هاوبەشی هەر مرۆڤێکە.
لەوانەیە ئەمڕۆ، زیاتر لە هەر کاتێکی تر، کۆمەڵگەی ئێران و بە تایبەتی گەلی کورد و ئازەری پێویستی بەو جۆرە ئەزموونانە هەبێت؛ ئەزموونێک کە لە جیاتی جەختکردنەوە لەسەر جیاوازییەکان، سەرنج بخاتە سەر خاڵە هاوبەشەکان. وەرگێڕانی "سڵاو لە حەیدەربابا" ئەم ڕاستییەمان بیر دەخاتەوە کە نەتەوەکان و زمانەکان نەک ڕکابەر و دوژمنی یەکتر، بەڵکوو پەنجەرەیەک بە ڕووی جیهانە جیاوازەکاندان. هەر کاتێک ئەم پەنجەرانە بە ڕووی یەکتردا بکرێنەوە، سروەی دۆستایەتی، ڕێزگرتن لە یەکتر و پێکەوەژیانی ئاشتیخوازانەش بە ئازادی لەنێوان نەتەوەکاندا هەڵدەکات.
"حەیدەربابا" تەنیا سڵاوی شەهریار لە چیایەکی زێدی خۆی نییە؛ بەڵکوو سڵاوێکە بۆ هەموو ئەو مرۆڤانەی نیشتمانیان خۆش دەوێت، بیرەوەرییەکانیان پاراستووە، زمانی دایکیان لەلا بەنرخە و باوەڕیان وایە شێعر دەتوانێت ئەوەی سنوورەکان لێکیان جیا دەکاتەوە، دووبارە لێکیان گرێ بداتەوە.