ئەنجومەنە مەدەنییەکانی مەریوان بەبۆنەی کارەساتی هاتوچۆی ڕێگای سنە ـــ هەمەدان و گیانلەدەستدانی لانیکەم ١١ هاووڵاتی، بەیاننامەیەکیان لەژێر ناوی "کوردستان، خاکی تاڵانکارانی سامانی گشتی، ڕێگاکانی مەرگ، بەرپرسیاریەتییە لەبیرکراوەکان و هاتووچۆی مافیاکان" بڵاو کردەوە.
لە بەیاننامەدا هاتووە کە "جارێکی تر ئاژیری ئامبوڵانسەکان، گریانی خێزانەکان و هەواڵی مەرگی هاووڵاتییان، پشکی خەڵکی کوردستان بوو لە ڕێگاکانی بازرگانی و ترانزیت".
لە بەشێک لەو بەیاننامەدا نووسراوە: "بۆ ئەم تراژیدیایە تەنیا سەرەخۆشیکردن بەس نییە؛ چونکە ئەمە ئیتر ڕووداوێک نییە؛ بەڵکوو کارەساتێکی دووبارەبووەوەیە، کارەساتێک کە ساڵانێکە لە ڕێگاکانی کوردستاندا دووبارە دەبێتەوە؛ ئەو ڕێگاکانەی کە بۆ تێپەڕبوونی ئارامی ماشینە سووکەکانیش ستاندارد و سەلامەت نین، کەچی ڕۆژانە پێشوازی لە ڕێژەیەکی زۆر لە تانکەرەکانی هەڵگرتنی سووتەمەنی و بارهەڵگرە گەورەکان دەکەن".
لە بەشێکی دیکەدا هاتووە: "ئەم سووڕە دەبێت ڕابگیرێت، خەڵکی کوردستان مافی خۆیانە بپرسن؛ ئەگەر سامان و پێگەی جوگرافیایی ئەم خاکە بۆ بازرگانی، ترانزیت و داهات پەیداکردن بەنرخە، کەواتە بۆچی گیانی خەڵکەکەی بۆ دابینکردنی ژێرخانێکی سەلامەت هیچ بەهایەکی نییە؟".
لە جێگایەکی دیکەی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە "کاتێک ماشینەکان کۆنن و ڕێگاکە ناستانداردە، کاتێک قەبارەی هاتوچۆ لەگەڵ توانای ڕێگاکەدا یەک ناگرێتەوە، کاتێک هۆشداریی شارەزایان و خەڵک ساڵانێکە پشتگوێ خراوە، ناکرێت هەموو بەرپرسیاریەتییەک بخرێتە ئەستۆی شۆفیرێک، بەڵکوو بەرپرسیاریەتی، دەکەوێتە ئەستۆی کۆمەڵێک بەرپرسی بڕیاردەر، کەمتەرخەم و لاوازیی بەڕێوەبردن کە ئەم دۆخەیان کردووە بە دۆخێکی ئاسایی".
هەروەها بەشێکی دیکەی ئەو بەیاننامە تەرخان کراوە بۆ ئەو باسەی کە "خەڵکی کوردستان ئیتر سەرەخۆشی ناوێت؛ وڵامی دەوێت، کە بۆچی دوای دووبارەبوونەوەی ئەم ڕووداوانە، هێشتا چارەسەرێکی بنەڕەتی و بەردەوام جێبەجێ نەکراوە و داهاتی بازرگانیی سنووری و ترانزیت لە کوێدا خەرج دەکرێت و پشکی خەڵکی ئاسایی لەم سامانە داراییە چییە؟".
لە بەشێکی دیکەدا ئەو پرسیارە لە بەرپرسانی ڕێژیم کراوە کە "بۆچی گیانی مرۆڤەکان دەبێت باجی ئەو گەشەسەندنە بدات کە سوودەکەی بۆ کەسانی ترە؟".
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە "خەڵکی ئەم خاکە ناتوانن لە یەک کاتدا باجی بێبەشبوونی مێژوویی، کۆنبوونی ژێرخانەکان، پیسبوونی ژینگە، ناسەلامەتیی ڕێگاکان و ڕووداوە مەرگبارەکان بدەن و لە بەرانبەریشدا، تەنیا چاودێری سووڕی میلیاردیی سەرمایە و بازرگانیی دەستەیەک بن".
ئەنجومەنە مەدەنییەکانی مەریوان داوایان کردووە کە "ئەگەر بۆ گەشەسەندنی ئابووریی ناوچەکە بەرنامە هەبێت، دەبێت بۆ پاراستنی گیانی خەڵک و دابینکردنی ئاسایشیشیان بەرنامە هەبێت".
لە کۆتایی ئەو بەیاننامەدا هاتووە "بێدەنگی لە بەرانبەر دووبارەبوونەوەی ئەم مەرگانە، ئیتر قەبووڵکراو نییە".
ئەنجومە خەڵکییەکانی مەریوان پێکهاتووە لە: ئەنجومەنی فەرهەنگی ــ ئەدەبیی مەریوان، ئەنجومەنی فەرهەنگی ــ ئەدەبیی ڕۆجیار، ئەنجومەنی سەوزی چیا، کانوونی زانستی ــ فەرهەنگیی ڕۆنان، ئەنجومەنی فەرهەنگی ــ هونەریی ڤەژین، ئەنجومەنی خەڵکیی پێشگرتن لە ماددەی هۆشبەر "ژیانەوە"، کانوونی سڵامەتی "ژین"، سەندیکای کرێکارانی بیناسازی و یەکیەتیی مامۆستایانی ئایینیی مەریوان و هەورامان.