کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی هێرش بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات؛ ئۆردوگای کۆمەڵە لە سوورداش کرایە ئامانج

10:07 - 16 خەرمانان 2726

بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە ١٦ی خەرمانانی ١٤٠٥، کۆماری ئیسلامیی ئێران هێرشێکی دڕۆنیی کردە سەر ئۆردوگاکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە ناوچەی سوورداش، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئامارەکان ئاماژە بە بەردەوامیی شەپۆلێکی چڕی هێرشی مووشەکی و دڕۆنی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن.

کاتژمێر ٤:٥٠ی بەیانیی ئەمڕۆ، ڕێژیمی ئێران بە سێ دڕۆن هێرشی کردە سەر مەقەڕ و ئۆردوگاکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە ناوچەی سوورداش.

بەپێی زانیارییەکان، هێرشەکە زیانی ماددیی لێ کەوتووەتەوە و بووەتە هۆی سووتانی چەند خانوو و بنکەیەک، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی بەر پێشمەرگەکانی کۆمەڵە نەکەوتووە.

بەپێی ئامارەکانی کۆمەڵە، لە دەستپێکی شەڕی نێوان ئێران و ئەمریکاوە تا ئێستا، زیاتر لە ۱۰۸ مووشەک و دڕۆن بۆ ئامانجگرتنی ئۆردوگاکانیان بەکار هێنراون.

بەردەوامیی هێرشەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر بنکە و شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکانی حیزبەکانی ڕؤژهەڵاتی کوردستان لەکاتێکدایە کە لە دەستپێکی شەڕەوە، بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ١٥٧ جار ڕووبەڕووی هێرشی مووشەکی و دڕۆنیی ڕێژیم بوونەتەوە.

ڕێژیمی ئێران لەو هێرشانەدا چەندین جۆری مووشەک و دڕۆنی بەکار هێناوە و بەردەوام شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکانی حیزبی کردووەتە ئامانج.

لە ئاکامی ئەو هێرشانەدا تا ئێستا دوو پێشمەرگە بەناوەکانی "سەمیرا ئەڵڵایاری" و "نەدا ئەمیری" و هەروەها کوڕی پێشمەرگەیەک بەناوی "شاهین ئازەربەرزین" شەهید و چەندین پێشمەرگە بریندار بوون.