وتووێژ: شەهرام سوبحانی
ئاماژە: شەهیدکردنی دوکتور سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی لە کارەساتی میکۆنۆسدا، زەبرێکی دژوار بوو لە جەستەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد، بەڵام نەیتوانی ئیرادەی حیزبی دێموکرات بۆ بەردەوامی لە خەبات ڕابگرێت. لەم وتووێژە تایبەتەدا، کەریم پەرویزی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، تیشک دەخاتە سەر تایبەتمەندییە هۆشیار و دیپلۆماسییەکانی دوکتور سەعید و جەخت لەوە دەکاتەوە کە سیستماتیکبوونی حیزب و ڕەگداکوتاویی قوتابخانەی قاسملوو بووە هۆی تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە قورسە. پەرویزی ئاماژە بە گرنگیی مێژوویی بڕیاری دادگای میکۆنۆس دەکات وەک یەکەم بەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر تێرۆریستبوونی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و هاوکارانی. هەروەها جەخت لە زیندووبوونی ستراتیژیی دوکتور شەرەفکەندی بۆ دروستکردنی هاوپەیمانی لەگەڵ هێزە دێموکراتەکانی ئێران و گەیاندنی دەنگی کورد بۆ ناوەندە جیهانییەکان دەکاتەوە، و دووپاتی دەکاتەوە کە توانای خۆنوێکردنەوەی سیستم و ئامادەیی نەوەی نوێ، گەرەنتیی بەردەوامیی ئەم ڕێبازەن.
دوکتور سادق شەرەفکەندی لە قۆناغێکی پڕ لە گۆڕانکاری و پاش دوکتور قاسملووەوە سەرکردایەتیی حیزبی گرتە دەست؛ بە ڕای بەڕێزتان، تایبەتمەندییە هۆشیار و دیپلۆماسییەکانی ئەو لە گواستنەوەی خەباتی کورد بۆ ناوەندە ئورووپاییەکان چی بوون کە دەسەڵاتی ئێرانی هێنایە سەر ئەو باوەڕەی کە دەبێت لەناو ببرێت؟
دوکتور قاسملووی نەمر ڕێبەری کاریزماتیک و داڕێژەرەوەی بناغەی سیستمی حیزبی دێموکرات بوو کە وەهای داڕشتەوە کە بە وتەی خۆی چیدی خەباتی کورد گرێدراوی تاکێک نەبێت و سیستمی حیزبی دێموکرات بتوانێ توانای خۆگۆڕین و خۆڕێکخستنی لەگەڵ دۆخ و پێشهات و کەشی نوێدا هەبێت. یەکێک لەو دڵڕاوکێیانەی دوکتور قاسملوو ئەوە بوو کە حیزبی دێموکرات وەها سیستمێکی خەبات و ڕێکخستنی هەبێت کە بە شێوەی خۆبەخۆیی، بتوانێ لە دۆخە دژوارەکاندا ڕێبەرییەکەی نوێ بکاتەوە و نە چەقبەستوو بێت و نە بە نەمانی کەسێک یان تەنانەت گرووپێک لەو ڕێبەرییەدا خەباتی نەتەوەیی دێموکراتیک تووشی نسکۆ نەبێت.
لەسەر ئەم بنەما بیرکردنەوەیییە بوو کە کاتێک کارەساتێک وەک تێرۆری ڤییەن و شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو بە دەستی تێرۆریستانی نێردراوی کۆماری ئیسلامی ڕوو دەدات، ڕێبەریی حیزبی دێموکرات لەو دۆخە دژوارەی دوای ئاگربەستی شەڕی ئێران و عێراقدا کە گۆڕەپانی هەڵسووڕان بەتەواوی بەرتەسک کرابووەوە، شان دەداتە بەر کارەسات و لێی دەرباز دەبێت و خۆی ساز و ساخ دەکاتەوە و دوکتور سەعید وەکوو هاوڕێی ڕاستەقینە و جێگرەوەی شیاو و بەهەڵوێستی دوکتور قاسملوو دەکاتە سکرتێری حیزبەکە.
کۆماری ئیسلامی بۆ ئەژنۆشکاندن و ملپێکەچکردنی خەباتی کورد و حیزبی دێموکرات، پیلانی لە نێوبردنی ڕێبەری بزووتنەوەکە واتە دوکتور قاسملووی بەڕێوە برد و پێی وابوو بە نەمانی دوکتور قاسملوو لە مێشکی بزووتنەوەی داوە و تووشی لەکارکەوتنی مێشکیی دەکات. بەڵام لە مەیداندا، بوونی دوکتور سەعیدی تیژبیر و بەهەڵوێست، ئەو خەونە چەپەڵەی ڕێژیمی داگیرکەری بەتاڵ کردەوە و دوکتور سەعید بە توانا و لێوەشاوەیی و بیری تیژی ڕێبەرایەتیکردنی خەبات، نیشانی دا کە قوتابخانەی قاسملوو ڕەگی داکوتاوە و مامۆستای نوێی تێدا هەیە کە دەتوانێ پێ بخاتە جێ پێی ڕێبەری نەمری.
دوکتور سەعید خاوەن تیۆریی داڕشتنەوەی خەبات و ڕێکخستنەوەی جەماوەر و وەسەریەکخستنەوەی هێزە جۆربەجۆرە هاوشانەکانی نێو ئێران و هەروەها گرێدانی بە هەستی گشتیی نێونەتەوەیی بوو، بۆیە لە ماوەیەکی کورتدا توانی ببێتە تیشکی ڕووناکیی نەتەوەکەی و ئازاردەری چاوی بیرتەسک و بەتاریکی ڕاهاتووانی ویلایەتی فەقیهی. ئەمە ئەو هۆکارە سەرەکییە بوو کە شەمشەمەکوێرەکانی ڕاهاتوو بە ئەشکەوتی دواکەوتوویی لێی بێزار بوون و بۆیە پیلانی دووبارە گورزوەشاندنەوە لە مێشکی ڕێبەریی بزووتنەوەی نەتەوەیی دێموکراتیکی کوردستانیان داڕشتەوە.
لە ڕوانگەی بەڵگەنامە و زانیارییە نێوخۆییەکانی حیزبەوە، چ زانیارییەکی ورد یان پەیوەندییەکی نهێنی لەسەر چۆنیەتیی داڕشتنی پیلانی تێرۆری میکۆنۆس هەیە کە تا ئێستا لە دادگاکان یان ڕای گشتیدا بە تەواوی باس نەکراوە و پێویستە بۆ مێژوو تۆمار بکرێت؟
بەخۆشییەوە دادگایەکی دادپەروەرانەی وڵاتێکی دێموکراتیک ڕۆڵی مێژوویی خۆی گێڕا و سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی و دەستوپێوەندییەکانی بۆ بێدەنگکردن و بەلاڕێدا بردنی ئەو دادگایە، بەڵام قازیی دادپەروەر و بوێری دادگای میکۆنۆس لەسەر ڕێچکەی دادئەستێنیی خۆی سوور بوو و تەسلیمی پەلەقاژەکانی کۆماری ئیسلامی نەبوو.
وێڕای ئەوەی کە دادگا بڕیاری دا و ڕێبەریی کۆماری ئیسلامیی لە ئاستی هەرە بەرزدا مەحکووم بە بڕیاردەریی تێرۆریستی کرد و بوو بە بەڵگەیەکی نێودەوڵەتی بۆ سەلماندنی تێرۆریستبوونی ڕێژیمی تاوانباری خومەینی و خامنەیی، بەڵام یەک دوو خاڵی مێژوویی هەیە کە پێویستە وەبیریان بێنینەوە و ئاماژەیان پێ بدەین:
یەکەم، بڕیاری دادگای میکۆنۆس یەکەم بەڵگەی نێودەوڵەتیی سەلماندنی تێرۆریستبوونی کۆماری ئیسلامی و ئایدۆلۆژییە تێرۆریستییەکەیەتی.
دووەم، ڕێکخراوی تێرۆریستیی حیزبوڵڵای لوبنان، کە هی وڵاتێکی دیکە بوو و هیچ گرێدراوییەکی بە پرسی کوردەوە نەبوو، بەڵام چونکە گرووپێکی دژەمرۆیی تێرۆریستییە، بە فەرمانی ڕێبەرانی ڕێژیمی تاران، تیمی تێرۆریستیی نارد تاکوو لە کردەوەی تێرۆرکردنی دوکتور سەعیدی شەهیددا هاوکار و هاوتاوانی کۆماری ئیسلامی بن کە بەخۆشییەوە ڕێبەری حیزبوڵڵا لە بەیرووت بە بۆمبی چەندین تۆنی بە سزای تێرۆریستبوونی گەیشت!
سێیەم، هەندێ ڕێکخراو و هەندێ دەسەڵات ڕۆڵی باشیان لە گەیاندنی زانیاری بە دادگای میکۆنۆس و یارمەتیدانی ئەو دادگایە و هەروەها ئیفشاکردنی پەلەقاژەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ بێدەنگکردنی دادگا هەبوو.
کۆماری ئیسلامی گوشاری بۆ هەندێ لە کەسانی نێودەوڵەتیی ئاڵمان هێنابوو کە ئەو پەڕاوەیە لە ڕەوتی خۆی دوور بخرێتەوە و دادگا دابخرێت، بەڵام ئەو زانیارییانەی ئەو ڕێکخراو و دەوڵەتانە، پێشی بەو هەوڵە نگریسانەی ڕێژیمی ئێران گرت.
دوکتور سادق شەرەفکەندی باوەڕێکی قووڵی بە دێموکراسی بۆ ئێران و هاوکات مافی دیاریکردنی چارەنووسی کورد هەبوو، و هەمیشە جەختی لەسەر هاوپەیمانی لەگەڵ هێزە ئۆپۆزیسیۆنە ئێرانییەکان دەکردەوە. لە ئێستادا، کە هەندێک جار ڕەخنە لەم جۆرە هاوکارییانە دەگیرێت، کۆمیتەی ناوەندی چۆن ئەم ستراتیژە سیاسییەی دوکتور سادق وەک میراتێکی فیکری بۆ داهاتوو هەڵسەنگاندن بۆ دەکات؛ ئایا ئەم ڕێبازە هێشتا وەک خۆی زیندووە یان پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە؟
ئەو ستراتیژییەی کە دوکتور سەعید شەرەفکەندی پێڕەویی لێ دەکرد، هەمان سیاسەتی داڕێژراو و پێڕەوکراوی حیزبی دێموکراتە کە چەندین دەیەیە هەبوو و هەیە و خەتێکی بنەماییی سیاسەت لەم حیزبەدایە. حیزبی دێموکرات لەسەر بنەمای خەبات بۆ گەیشتن بە مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەی کورد، لەسەر خاکی خۆی و بە دەستی خۆی داڕێژراوە و هەر بۆیە لە چاوی نیشتمانەوە دەڕوانێتە ڕابردوو، ئەمڕۆ و داهاتوو. هەر لەو چاو و ڕوانگەیەوە دەڕوانێتە سیاسەت و واقیع و دەوروبەریش.
لەو ئاراستەیەدایە کە بۆ گەیشتن بە مافی ئەم نەتەوە بێبەشکراوە لە سەرەتاییترین مافەکانی، هەم تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردستان ڕێک دەخات و هەم لە نێو گۆڕەپانی ئێراندا بەدوای کەسان و ڕێکخراوی وادا دەگەڕێت کە گوێیان بۆ بیستنی دەنگی ئازادی هەبێت و خەمی مرۆڤیان لە دڵدا هەڵگرتبێت. لە ئاستی نێونەتەوەییشدا بەدوای ئەو قوژبنانەدا دەگەڕێت کە تێیاندا دەکرێ باس لە ئاشتی لەسەر بنەمای یەکسانیی مرۆڤەکان و هاوتاییی نەتەوەکان و دادپەروەری لە ژیانی کۆمەڵگەکاندا بکرێت.
حیزبی دێموکرات، حیزبێکی پەرلەمانی نییە تا تەنیا لە یاسا باوەکاندا بەدوای مافی نەتەوەکەیدا بگەڕێت، بەڵکوو حیزبێکی شۆڕشگێڕە، بەو مانایە کە دۆخی هەنووکەیی بە نادادپەروەرانە و ستەمکارانە دەبینێت و دەیەوێت لە بنەڕەتەوە بیگۆڕێت.
هەر لە هەمان کاتیشدا واقیعی ژیانی سیاسی لە ناوچەکە دەبینێت و بۆ گەیشتن بە ئاواتەکانی نەتەوەکەی بەدوای هاوپەیماندا لە نێو چوارچێوەی گوتارێکدا دەگەڕێت کە دەتوانێت دادپەروەری و ئازادی هەم بۆ کورد و هەم بۆ نەتەوەکانی دیکە لە ئێراندا وەدی بێنێت.
لێرەوەیە کە دوکتور شەرەفکەندی دەبینین کە هەم لە نێو کورددا بەدوای پێکەوەبوونی سیاسیدا دەگەڕێت و هەم لە نێو ئێراندا حیزب و ڕێکخراو و کەسایەتیی دێموکرات دەبینێتەوە و لەگەڵیان دادەنیشێت تاکوو خەباتی هەمەلایەنە و هاوشان بەڕێوە ببرێت و ڕێک بخرێت.
هەر لە کۆبوونەوەی ئینتێرناسیۆناڵی سۆسیالیستدا دەیەوێت گوتاری جیهانی ئاوڕ لە گوتاری کورد بداتەوە و هەر لەوێوە دەڕواتە نێو کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ڕێکخراوە ئێرانییەکان تاکوو هانیان بدات هاوکاریی کردەییمان بۆ گۆڕینی سیستمی سیاسی و گوتاری فیکری لە ئێرانی بندەستی دیکتاتۆری و فاشیستیدا هەبێت.
دادگای میکۆنۆس و بڕیارە مێژووییەکەی لە دژی دەسەڵاتدارانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران خاڵێکی وەرچەرخان بوو؛ حیزبی دێموکرات لەو سەرکەوتنە دادوەرییەدا چۆن توانی دەستکەوتی سیاسی بۆ دۆزی کورد مسۆگەر بکات و ئەم ئەزموونە چۆن بۆ داهاتوو دەپارێزرێت؟
ئەم بڕیارەی دادگا سەلماندی کە:
یەکەم، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ڕێژیمێکی تێرۆریستییە و تێرۆریزم لەم ڕێژیمەدا تەوجیه و پاساوهێنانەوەی ئایدۆلۆژیکی بۆ دەکرێت.
دووەم، ڕێژیمی حاکم لە تاران بە زۆرەملێ و کوشتار و تێرۆر حوکمڕانی دەکات و خواستی خەڵک نییە.
سێیەم، ڕێژیمی ویلایەتی فەقیهی ڕێژیمێکە کە هەوڵی لە نێوبردن و سڕینەوەی کەمینە نەتەوەیی و جیاوازەکان دەدات.
چوارەم، کورد لە ئێراندا نەتەوەیەکە کە بەدوای مافی خۆی کەوتووە و قوربانیی دەستی تێرۆریزمی حکوومەتییە.
پێنجەم، داواکان و تێگەیشتنەکانی کورد و کوردستانیان لەگەڵ گوتاری جیهانی و گشتیدا یەک دەگرنەوە و بیری تەسکی حکوومەتی تاران ڕێک پێچەوانەی خێری گشتی و ئاسایشی جیهانییە. هەر بۆیە دەبینین کە لە ئێستادا ڕێژیمی تاران بەر بۆمب و مووشەکی ئەمریکا دەکەوێت و کورد وەکوو هاوپەیمانێکی ئیحتمالیی جیهانی ئازاد چاوی لێ دەکرێت!
دوای شەهیدبوونی دوکتور سادق، حیزب ڕووبەڕووی شەپۆلێکی قورسی گوشار بووەوە؛ کۆمیتەی ناوەندی چۆن توانی ڕێگری لە پووکانەوەی ڕێکخراوەیی بکات و پەیامی «خەبات بەردەوامە» بگەیەنێتە دەستی نەوەی نوێ؟
ئەم حیزبە ڕێکخراوێکی موجەڕەد و سازماندەری نێوان تاکەکان بۆ بەرژەوەندییەکی کاتی نییە، تاکوو لە دۆخی دژواردا زۆر ئاسان بکەوێتە ژێر گوشار و وشەی پووکانەوەی بۆ بەکار بهێنرێت.
حیزبێکە کە لە بیری نێو قووڵاییی کۆمەڵگەوە هەڵقوڵاوە و لەسەر بنەمای ڕێکخستنی هێزەکانی کۆمەڵگەی کوردستان لە پێناو ئاواتەکانیان و گەیشتن بە دیدگا و خواستە دادپەروەرانە و ئازادیخوازەکانیان دامەزراوە.
حیزبێکە کە بە سیستمێکی دێموکراتیک و خەباتکارانە و شۆڕشگێڕانە داڕێژراوە و ئەم سیستمە دەبێ و دەتوانێ قۆناغ بە قۆناغ لەگەڵ پێداویستییەکانی هەر پلەیەکدا خۆی بگونجێنێتەوە.
پەیامی «خەبات بەردەوامە»، لە نێو قووڵاییی ویستی گەنج و لاو و ژن و پیاوی کۆمەڵگەوە سەرهەڵدەدات و هەر بە پیرەوەچوونی ئەو ڕوانینە و جێخستنەوە و جێگرتنەوەی هێزەکانی خەبات و تێگەیشتنی سیاسی و شۆڕشگێڕانەدا، ئەم سیستمە ئەو کات توانی قورس و قایم لە بیاڤی تێکۆشاندا بمێنێتەوە و لە داهاتووشدا بە لەبەرچاوگرتنی هەمان ڕێڕەوەکانی قوتابخانەی هزری دەتوانێت ڕێبەری خەبات بێت.
خەبات گەر بەسیستم کرا و سیستمێکی ئەمڕۆییی بۆ دامەزرا و ئەم سیستمە توانای خۆنوێکردنەوەی هەبوو، بەردەوام دەبێت. خەباتێک کۆسپی دێتە سەر ڕێ و نیگەرانیی بەردەوام نەبوونی لێ دەکرێت کە یان گوتارەکەی بە لاپەڕەکانی مێژوو ئەسپێردرابێت یان توانای خۆنوێکردنەوەی سیستماتیکی نەبێت.
ئەگەر ئەمڕۆ دوکتور سادق شەرەفکەندی لەگەڵ نەوەی نوێی ڕۆژهەڵات قسە بکات، کام پەیام یان ڕستەی لە وتارەکانیدا وەکوو میتۆدێکی ڕزگاریبەخش بۆ داهاتووی ئەم خەباتە پێشکەش دەکەن؟
«میللەتێک چاومان لێ دەکات.»