ناوەندی تەشکیلاتی نهێنیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ ناوزڕاندنی خەڵکی باش و دڵسۆزی وڵاتەکەمان و لێدانی تۆمەتی بێبنەما، ڕاگەیەندراوێکی ڕوو لە خەڵکی کوردستان بڵاو کردەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:
هاونیشتمانییانی بەڕێز!
دڵسۆزانی گەل و نیشتمان !
ماوەی چەند ساڵێکە دیاردەیەکی نەشیاو و دوور لە هەر ڕەوشت و ئەخلاقێکی مروڤانە لە چەند شار و ناوچەیەکی کوردستان بە کەڵکوەرگرتن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دانانی لاپەرە لەلایەن کەس یا کەسانێکی گوماناوی بە مەبەستی ناوزڕاندنی خەڵکی باش و دڵسۆزی وڵاتەکەمان و لێدانی تۆمەتی جاش و ئیتلاعاتی بە دوای ئامانجە دزێو و چەپەڵەکانیانەوەن، ئەوە لە حاڵێکدایە ئەو جۆرە هەواڵانە دوور لە ڕاستییەوەن .
بەڕێوەبەرانی ئەم جۆرە پەیجانە یا لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییە بەدناوەکانی ڕێژیمەوە بۆ تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگەی کوردستان ڕاسپێردراون یا کەسانێکی نەفس نزمن کە بۆ پارە و باجوەرگرتن لە خەڵک دەست بۆ ئەو کارە دزێوانە دەبەن کە لە هەر دوو حاڵەتدا ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئەو کارانەیان دەچێتە خانەی خەیانەت و خۆشخزمەتی بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی.
ناوەندی تەشکیلاتی نهێنیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای شەرمەزارکردنی ئەو کارانە ڕایدەگەینێ بەڕێوەبەرانی ئەو پەیج و کاناڵانە بۆ تەشکیلاتی حیزب ناسراون و لە ئەگەری درێژەدان بەو کارانە ناوەکانیان بۆ ئاگاداریی خەڵک لە ڕاگەیاندنەکان بڵاو دەکەینەوە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ناوەندی تەشکیلاتی نهێنی
٥ی سەرماوەزی ١٤٠٥