کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیسبوونی هەوا لە ئێران ساڵانە گیانی ٥٩ هەزار کەس دەستێنێت

13:58 - 5 سەرماوەز 2726

ناکارامەیی و کەمتەرخەمیی دامەزراوەکانی ڕێژیمی ئێران لە پاراستنی ژینگە و تەندروستیی گشتی و بەکارهێنانی سووتەمەنیی کوالێتی نزم، بووەتە هۆی ئەوەی ساڵانە دەیان هەزار هاووڵاتی لە ئێران ببنە قوربانیی پیسبوونی هەوا و زیانێکی قورسی ئابووریش بە وڵات بگات.

ئەحمەد تاهیری، بەرپرسی ناوەندی نیشتمانیی هەوا و گۆڕانی کەشوهەوای ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی ڕێژیم، لە کۆبوونەوەی گرووپی کاریی کەمکردنەوەی پیسبوونی هەوادا دانی بەوەدا ناوە کە بەپێی لێکۆڵینەوەکانی وەزارەتی تەندروستی، ساڵانە نزیکەی ٥٩ هەزار کەس لە ئێران بە هۆی پیسبوونی هەواوە گیانیان لەدەست دەدەن و ئەم قەیرانە ساڵانە ١٧.٢ میلیارد دۆلار زیانی ئابووریی لێ دەکەوێتەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە کە ماشینە کۆن و لەکارکەوتووەکان زۆرترین پشکیان لە پیسکردنی هەوادا هەیە و ٦١ لەسەدی بڵاوبوونەوەی گەردیلە زیانبەخشەکان و ٨١ لەسەدی گازە پیسکەرەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هۆکارانە.

بە وتەی تاهیری، تەنیا لە تاران ٧ لەسەدی ماشینەکان لەکارکەوتوون، بەڵام ٣٨ لەسەدی پیسبوونی هەوای ئەو شارە پێک دەهێنن؛ هاوکات ١٦ هەزار و ٥٠٠ بارهەڵگری تەمەن سەرووی ٥٠ ساڵ هێشتا لە سەرانسەری ئێراندا کار دەکەن.

ئەم ئامارە کارەساتبارانە لە کاتێکدا بڵاو دەبنەوە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەجیاتی نوێکردنەوەی ژێرخانی گواستنەوە و دابینکردنی سووتەمەنیی ستاندارد، بە سووتاندنی "مازۆت" لە وێستگەکانی کارەبا و کەمتەرخەمی بەرانبەر ژینگە، ژیان و تەندروستیی هەموو خەڵکی ئێرانی خستووەتە مەترسییەوە.