لە درێژەی شەپۆلی سەرکوت و ڕەشبگیریی هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران لە شاری ئاودانانی سەر بە پارێزگای ئیلام، دوو هاووڵاتیی دیکە بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کران و ژمارەی دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارە گەیشتە ٢٠ کەس.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا"، ڕۆژی چوارشەممە ٤ی سەرماوەزی ١٤٠٥، هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاووڵاتیان "هوومەن دارابی"، "حەمیدڕەزا ساداتی" و "ئومید عەزیمی" (مێرمنداڵی ١٧ ساڵە) و بەبێ هیچ حوکمێکی دادوەری دەسبەسەریان کردوون و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستوونەتەوە.
دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییانە لە پەیوەندی لەگەڵ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ی شاری ئاوداناندا بووە، کە دوای گیانلەدەستدانی ١٣ کرێکاری خەڵکی ئەو شارە لە ڕووداوی وەرگەڕانی ئوتوبووسی پێترۆپالایشی دێهلوڕان سەری هەڵدا.
لەو ناڕەزایەتییانەدا، هاووڵاتییان و بازاڕییانی ئاودانان دژی خراپیی ڕێگاوبان، پەراوێزخستنی ژێرخانەکانی پارێزگای ئیلام و گەندەڵی و ناکارامەیی بەرپرسانی ڕێژیم ڕژانە سەر شەقامەکان و مانیان گرت؛ بەڵام هێزەکانی یەکەی تایبەت بە گازی فرمێسکڕێژ و چەکی ساچمەیی هێرشیان کردە سەر خەڵک و چەندین خۆپیشاندەریان بریندار کرد.
ناسنامەی ٢٠ کەس لە دەسبەسەرکراوانی ئاودانان کە لە نێویاندا سێ مێرمنداڵی ١٥ و ١٧ ساڵەش هەن، بەم شێوەیەیە: "سینا دەرویشی (١٥ ساڵە)، ئیرەج حەیدەری، سەعید عەبدوڵڵاهی، ئەسغەر ئەکبەری، ئارمین سلێمانی، بێهنام مورادی، پەیمان کەریمزادە، شەهرام جاویدانە، مەیسەم نەزەری، محەممەدحوسێن کاویانی، حوسێن عەلیزادە، حەمید شامحەممەدی، حەمزە هاشمی، عەلی حوسێنی، شایان مەردانی، ئومید عەزیمی (١٧ ساڵە)، تەها سەبزی (١٥ ساڵە)، عەلی کەریمی، هوومەن دارابی و حەمیدڕەزا ساداتی." هەروەها موحسێن باوێریش بۆ ماوەی چەند کاتژمێر دەسبەسەر کرابوو و دواتر ئازاد کراوە.