کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە سووریە دەست بەسەر بارە چەکە قاچاخەکانی سپای پاسداراندا گیرا

13:52 - 5 سەرماوەز 2726

برەد کوپێر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا، ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئەمنییەتی نێوخۆی سووریە دەستیان بەسەر بارێکی چەکی قاچاخی سپای پاسدارانی ئێراندا گرتووە کە بەرەو لوبنان دەگوازرایەوە.

فەرماندەی سێنتکام لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی «ئێکس» وێڕای دەستخۆشی لە هێزەکانی سووریە، ئاشکرای کرد کە سپای پاسداران بە شێوەی نایاسایی و بە مەبەستی پڕچەککردنی میلیشیاکان ئەو چەکانەی ڕەوانە کردبوون. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە سەرەتای ئەم مانگە ئیدارەی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی سووریە بڕێکی یەکجار زۆر حەبی «کێپتاگۆن»ی لە سنووری لوبنان دەست بەسەردا گرتووە و جەختی کردەوە کە ئەم هەوڵانە سەقامگیریی ناوچەکە بەهێز دەکەن.

هاوکات، ڕۆژی یەکشەممە ١ی سەرماوەزیش، هێزەکانی سووریە لە دەوروبەری دەمێشق دەستیان بەسەر بارێکی دیکەی چەکی قاچاخدا گرتبوو کە بەرەو لوبنان دەچوو؛ ئەمەش نیشاندەری بەردەوامیی هەوڵەکانی ئێرانە بۆ تێکدانی ئەمنییەتی ناوچەکە.