وتووێژ: شەهرام سوبحانی
ئاماژە: لەم وتووێژەدا کە لەگەڵ شرۆڤەکاری سیاسی، کاک ناسر باباخانی ئەنجام دراوە، تیشک دەخرێتە سەر ڕەهەندە جیاوازەکانی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان. باباخانی بە شیکردنەوەیەکی زانستییانە و سیاسی، پێشێلکارییەکانی سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان لەلایەن تارانەوە هەڵسەنگاندووە و ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم هێرشانە نیشانەی باڵادەستیی ئەمنی نین، بەڵکوو گوزارشت لە دەستەپاچەیی و داماویی ڕێژیم لەبەرانبەر کۆنتڕۆڵکردنی شۆڕشی ژینا دەکەن. هەروەها، ناوبراو تیشک دەخاتە سەر پەیوەندییە ئۆرگانیک و قووڵەکەی نێوان شەقامی ڕاپەڕیو لە نێوخۆی کوردستان و هێزە سیاسییەکانی دەرەوەی وڵات، و جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەرەڕای هەموو هەوڵێکی دەسەڵات بۆ چەواشەکردنی گوتاری شۆڕشەکە و پچڕاندنی ئەم پەیوەندییە، هاوخەمی و هاوکاریی نێوان «شاخ و شار» ڕۆژ بە ڕۆژ پۆڵایینتر و بەهێزتر دەبێت.
لە سۆنگەی شیکاریی زانستیی سیاسییەوە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی چۆن گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە هێرشی سەربازی بۆ سەر بنکەکانی حیزب لە قەڵای دێموکرات لە جەرگەی شۆڕشی ژینادا، دەتوانێت هاوکێشەی هێز لە نێوخۆی کوردستان بگۆڕێت؟ ئایا ئەم هەنگاوە نیشانەی باڵادەستیی ئەمنی بوو یان گوزارشت بوو لە دەستەپاچەیی لە کۆنتڕۆڵکردنی شۆڕشە جەماوەرییەکەدا؟
کاتێک دەسەڵاتێکی سیاسیی جێگیر لە وڵاتێک، هێرشی دەرەکی بۆ دەرەوەی سنوورەکانی خۆی دەکا، بۆ سەر ئۆپۆزیسیۆنێک کە دوور خراوەتەوە، ئەو ئۆپۆزیسیۆنەی کە دەمێک ساڵە شەڕی چەکداری و ڕاستەوخۆی لەگەڵ دەسەڵات وەستاندووە، لە ڕاستیدا ئەمە ناکرێ وەک ئامرازێک سەیر بکرێ کە هاوکێشەی سیاسی لە نێوخۆدا گۆڕیوە. ڕێک بە پێچەوانەوە، چونکە بینیمان کە لە نێوخۆدا جۆرێک لە هاوڕایی، هاوتەریبی و جۆرێک لە هاوئاهەنگی لە نێوان خەڵکی نێوخۆ و هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دەرەوەی سنوورەکانی ڕۆژهەڵات ساز بوو!
بەم واتایە کە لە ماوەی ئەم شۆڕشەدا بەردەوام دەبینیت جۆرێک لە پەیوەندییەکی پتەو لە نێوان خەڵک و حیزبەکاندا دیارە. بۆ وێنە دەنگهەڵبڕین، خۆپێشاندان و مانگرتنەکان لە هەموو ئەم ماوەیەدا - کە پێموایە شەش یان حەوت جار ئەو داوایە هاتە گۆڕێ - خەڵک بێ سڵکردنەوە و بێ دوودڵی بەدەم بانگەوازی حیزبەکانەوە هاتن. بۆیە پێموایە لە ڕاستیدا ئەمە نەیتوانی هاوکێشەکە لە نێوخۆدا بگۆڕێ و مەبەستی کۆماری ئیسلامی زیاتر ئەوە بوو کە بڵێ ئەم شۆڕشە لە دەرەوەی سنوورەکان لەلایەن هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە ڕێنمایی دەکرێ و هان دەدرێ!
لە ڕاستیدا ڕێژیم دەیویست بە «پەردەپۆشکردن و لادان» لە ئامانجەکانی شۆڕش، زەینی کۆمەڵگەی نێوخۆ و بەتایبەتی کۆمەڵگەی غەیرەکوردی و هەروەها کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرەو ئاقارێکی تر بەرێ و بڵێ ئەمە کێشەیەکی ئەمنی-نەتەوەییە. ئەمە ئەو لۆژیکە بوو بۆ هێرشی دڕندانە بۆ سەر بنکەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە پێموایە زیاتر لە حەفتا مووشەکی بالیستیک و درۆنی خۆکوژ بەکار هاتن و لە ئەنجامیدا چەند کەسێک، تەنانەت سیڤیل، شەهید بوون.
بۆیە من پێموایە ئەمە نیشانەی باڵادەستیی ئەمنی نەبوو. دیارە لە باری سەربازییەوە تۆ مووشەک و چەکوچۆڵت هەیە و دەتوانی بڵێی بە جۆرێک باڵادەستیت، بەڵام باڵادەستیی ئەمنی بەو واتایەی کە بتوانی تەناهی و ئاسایش مسۆگەر بکەی، نا، نەبوو. هەروەک خۆشت لە کۆتایی پرسیارەکەتدا ئاماژەت پێکردووە، گوزارشت بوو لە جۆرێک دەستەپاچەیی و داماوی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شۆڕشەکە.
سەیر بکە لە شەقامەکان دروشمی «قاسملوو قاسملوو ڕێگات درێژەی هەیە» ببوو بە مۆتیڤی سەرەکی. کەوابوو زۆر ئاساییە کە خاوەنی ئەم دروشمە کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە، بخرێتە بەر ڕەهێڵەی مووشەک و درۆنی دەسەڵاتەوە. بۆیە من ئەو هێرشە - کە دیارە ئێستاش هەر بەردەوامە، بۆ وێنە لە کاتێکدا کە شەڕ لە نێوان ئەمریکا و ئێران وەستاوە یان هێرشەکانی کە ئەوەی لەلای ئێمە پێی دەوترێ شەڕی «شەلم، کوێرم، ناپارێزم» بۆ وڵاتانی کەنداویش ڕاگرتووە، بەڵام لە هێرشکردنە سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەوەستاوە - ئەمە نیشاندەری ئەوەیە کە کێشەی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ پرسی کورد کێشەیەکی جەوهەرییە و هەر بۆیە ئێستاش بەردەوامە.
کۆماری ئیسلامی هەمیشە هەوڵی داوە ڕاپەڕینە ڕەوا و جەماوەرییەکانی نێوخۆ وەکوو «بزووتنەوەیەکی هاندراو لە دەرەوە» یان «دابەشکاری» فۆرمۆڵە بکات. هێرشی ٦ی ڕەزبەر تا چەند هەوڵێک بوو بۆ چەواشەکاریی گوتاری شۆڕشی ژینا و گۆڕینی نێڕاتیڤی شەقام بۆ شەڕی چەکداری و ئەمنی؟
ئەمە ئەو قەوانە کۆنەیە کە ئیتر پێموایە لەنێو کۆڕ و کۆبوونەوە سیاسییەکاندا بە تەواوی سواوە، بە حوکمی ئەوەی کە لە گوتاری کۆماری ئیسلامیدا بەردەوام هەندێک کلیلەوشە و مۆتیڤ هەن کە بەردەوام دووبارە دەبنەوە. تەنانەت کەسێکی وەک خامنەیی، ئەگەر لەبیرمان بێ، بەردەوام لە قسەکانیدا وشەی «دوژمن»ی بەکار دەبرد و باسی لەوە دەکرد کە ئەوەی لە نێوخۆدا وەک خۆپیشاندان ڕووی دەدا، هۆکارەکە و هاندەرەکەی دوژمنە! بۆیە سیاسەتەکە لەسەر بنەمای چەواشەکردنی گوتاری شۆڕش بوو، بە چ واتایەک؟
بەو واتایەی کە ئەگەر تۆ سەیری ڕاگەیەندراوەکانی سپای پاسداران و میدیای حکوومەت بکەی، ئەو هێرشەیان وەکوو لێدانی بنکەی تیرۆریستی پێناسە دەکرد و دەیانگوت ئەم بنکانە بەرپرسی سازبوونی لەمەترسیکەوتنی ئاسایشی نەتەوەیین و سەرچاوەی ئەم ڕاپەڕین و شۆڕشە هێزە سیاسییەکانی کوردستانن.
دیارە ئەم فۆرمۆلەکردنە، فۆرمۆلەیەکی لەمێژینەیە؛ واتە سەرجەم ئەم وردەبزووتنەوانەی لە نێوخۆدا سەریان هەڵداوە بەتایبەتی لە کوردستان، بەردەوام دەسەڵات هەوڵی داوە بە جۆرێک هاوتایان بکا لەگەڵ هاندراوی دەرەوە، تەنانەت ئەو چەمکەی پێی دەوترێ تەجزیەتەڵەبی یان جیاخوازی، بۆیە هەمیشە ئەو فۆرمۆلاسیۆنە بوونی هەبووە و ئێستاش هەر هەیە!
لە ڕاستیدا ئامانجەکەشی هەر ئەوە بوو؛ تۆ کاتێک دێی شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» پێناسە دەکەی و ئێلێمانە گرینگەکانی لێ هەڵدەکڕێنی، دەبینی کە ڕاستە ئەم شۆڕشە بە شەهیدبوونی کیژۆڵەیەکی کورد لە تاران دەستی پێکرد و لە گۆڕستانی ئایچی خەڵک دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی»یان بەرز کردەوە، بەڵام دواجار لە هەناوی بزووتنەوەی نەتەوەییدا جێ دەگرێ!
بۆیە دەسەڵات بە تەواوی هێزەوە خەریکە گوتاری شۆڕشی ژینا چەواشە بکا. هۆکارە سەرەکییەکەی وەک باسم کرد دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی کە ئەم شۆڕشەی کە سازبوو، لە ڕاستیدا ناکرێ وەک شۆڕشێکی تەریککەوتوو یان ئیزۆلە لە گوتاری بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردی سەیر بکەی. واتە ئەو ویست و خواستەی کە لە شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی»دا بەدی دەکرا بەتایبەتی لە کوردستان، هەر ئەو کلیلەوشانەن کە لەنێو بزووتنەوە گەورەکەدا، کە بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردییە - و ئەو گوتارە دەکرێ بڵێین بەجۆرێک هەڵگرەکەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە - بەدی دەکرا.
کەوابوو ئەم شۆڕشە سەرەڕای ئەوەی کە سەرانسەری ئێرانی گرتەوە و تەنانەت تەشەنەی کرد بۆ دەرەوەی سنوورەکان، بە حوکمی ئەوەی کە لە هەناو و پێناسەی خۆیدا لە گوتاری بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردی زۆر نزیکە، ئەوە بوو کە ڕێژیم هەوڵی دا، وەکوو ئاماژەم پێکرد لە پرسیاری پێشووشدا، ئاراستەکە بەرەو شەڕی چەکداری ببات و جلوبەرگێکی ئەمنی لەبەر ئەم شۆڕشە بکا بۆ ئەوەی کە دەستی ئاواڵەتر بێت لە نێوخۆی وڵات و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ سەرکوتی زیاتر.
بۆیە ئەمە قەوانێکی کۆنە، فۆرمۆلاسیۆنەکە هەمان فۆرمۆلاسیۆنە و هەرچەشنە بزووتنەوەیەک وەک بزووتنەوەیەکی سەر بە هاندەری دەرەکی سەیر دەکا، و مەبەستەکە ئەوە بوو کە ئەم شۆڕشە کە بەشێوەیەکی مەدەنییانە دەستی پێکرد و تەنانەت درێژەی هەبوو، بەرەبەرە ئەوە کۆماری ئیسلامی بوو کە زیاتر توندوتیژی لەخۆی نیشان دا و بووە هۆکارێک بۆ ئەوەی کە شۆڕشەکە بەرەو دۆخێکی خوێناوی بڕوا تا وا پێناسەی بکات کە ئەوە هاندەرانی دەرەکین ئەم شۆڕشە بەڕێوە دەبەن.
ئەم هێرشە مووشەکییە لە ڕوانگەی مافی نێودەوڵەتی و پێگەی ژیۆپۆلیتیکی هەرێمی کوردستانەوە چۆن شرۆڤە دەکەن؟ ئایا ڕێژیم توانی لە بۆشایی دیپلۆماسی و ئەمنیی ناوچەکە کەڵک وەربگرێت، یان ئەکتەرە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان تا ڕادەیەک ئامادەیی نیشاندانی کاردانەوەی جیدییان نەبوو؟
ئەمە زۆر پرسیاری چاکە، بە حوکمی ئەوەی کە بەڵێ، لە پێش هەموو شتێکدا دەتوانین بڵێین لە ڕوانگەی مافی نێودەوڵەتییەوە، هێرشەکە پێشێلکردنی سەروەریی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان بوو، ئەمە هیچ شک و گومانی تێدا نییە. دیارە بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە لەلایەن ڕێکخراوەکانی چاوەدێریی مافی مرۆڤەوە ئاماژەیان پێ کرا، شوێنی مەدەنیش هێرشی کراوەتە سەر، کە ئەمە بەخۆی چیرۆکێکی تایبەت بەخۆی هەیە کە چۆن دەکرا بەرامبەر بە هێرشێکی لەم چەشنە لەباری یاسایی و مافی مرۆڤەوە بوەستیت!
بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت، کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەمە یەکەم جاری نییە کە بەم شێوازە تەواوی یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافە نێونەتەوەییەکان پێشێل دەکا؛ ئەمە لە سەرەتای هاتنەسەرکارییەوە بە شێوازی جۆراوجۆر دەبینرێ. ئەوەی کە شوێنێک وەکوو وڵاتێک بە ناوی عێراق و هەرێمی کوردستان، کە یەکەیەکی دانپێنراوە لە باری نێونەتەوەیی و نێودەوڵەتییەوە، دەکرێتە ئامانج، لە ڕاستیدا دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی کە عێراقێکی لاواز هەیە و هەرێمێکت هەیە کە توانای بەرگریکردنی لە خۆی نییە، واتە وڵامی سەربازیی هاوسەنگی پێ نییە و لەو کاتیشدا سەرنجەکان لە باری نێودەوڵەتییەوە زیاتر لەسەر ئۆکراین و پرسی ناوکی بوو.
با لە کەوانەیەکیشدا باس بکەین کە ئێستا کە ئێمە خەریکی ئەو گفتوگۆیەیین، بە حوکمی ئەوەی ئەمریکا عێراقی چۆڵ کرد و دوایین سەربازەکانی لە هەرێمی کوردستان ڕۆیشتن، نیگەرانی و مەترسیی ئەوە هەیە کە جێپێی کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆی عێراقدا قایمتر بێت. ئەمە دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی کە هێژمۆنیی کۆماری ئیسلامی بەسەر عێراقدا زیاتر مسۆگەر بێت، بە حوکمی ئەوەی کە حکوومەتێکی شیعییش وەکوو هەمیشە لەسەر کارە، و ئەمە بە بڕوای من لە داهاتوودا ئەگەر نەڵێین مەترسی، سەرئێشەی جیدی بۆ سەر هەرێمی کوردستانیش ساز دەکا!
بۆیە بە گشتی دەتوانم بڵێم ئەوەی کە ڕووی دا، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی کە عێراق بە تەواوی لەژێر هێژمۆنیی کۆماری ئیسلامیدایە، هەرێم توانای سەربازی و هێزی هاوسەنگی نییە کە لە بەرامەر کۆماری ئیسلامیدا ڕابوەستێت، و دنیای دەرەوەش (بەتایبەتی ئەمریکا و ئورووپا) سەرنجیان لەسەر پرسەکانی دیکە بوو؛ وەکوو پرسی ناوکیی ئێران و هەروەها پرسی ئۆکراین.
سەرسووڕهێنەرە لە ماوەی ئەم شەڕەی دواییدا – چل ڕۆژە، دوازدە ڕۆژە و ئەو هەڕەشانەی ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل لە یەکتری دەکەن - زۆر بە دەگمەن باسی مافی مرۆڤ لە نێوخۆی ئێراندا دەکرێ.
ئەوەی کە لە کۆتایی وڵامی ئەم پرسیارەتدا دەمەوێ ئاماژەی پێ بکەم ڕەنگە بۆت سەرنجڕاکێش بێت، نیکی هێیڵی باڵوێزی ئەوکاتی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە پاش هێرشی دڕندانەی کۆماری ئیسلامی، بۆ یەکەم جار ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە سەحنی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هێنا گۆڕێ و باسی لەوە کرد کە چەند کەسێک شەهید بوون. ئەمە دەیتوانی پۆتانسیەلێکی زۆر باش بێ بۆ ئەوەی لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکاندا بەدواداچوونی بۆ بکرێ، بەڵام بەهەرحاڵ بەدواداچوونی بۆ نەکرا و پشتگوێ خرا. ڕاستە دنیا سەرنجی نەدا سەر ئەم تاوانەی کە کۆماری ئیسلامی کردی، بەڵام بۆخۆشمان دەمانتوانی بەڕاستی زیاتر کاریگەر بین و زیاتر ئەو دەرفەتە لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی مافی مرۆڤدا بورووژێنین کە بەداخەوە نەکرا.
هێرشەکە ئامانجی لێکترازانی پەیوەندیی نێوان سەرکردایەتیی حیزب و شەقامی ڕاپەڕیو بوو؛ بەڵام لە کاردانەوەکاندا بەپێچەوانەوە هاوپەیوەندییەکی بەهێزتر بینرا. لە ڕوانگەی ئێوەوە ئەم دیاردەیە چۆن شرۆڤە دەکرێت و هۆکاری شکستخواردنی حیساباتی ئەمنیی ڕێژیم لەم خاڵەدا چی بوو؟
لەو کاتەوە کۆماری ئیسلامی هاتووەتە سەر کار، بەردەوام ئامانجەکەی ئەوە بووە کە پەیوەندیی نێوان ڕێبەرایەتیی حیزب یان بزووتنەوەی نەتەوەیی لەگەڵ شەقامی ڕاپەڕیو بپچڕێنێ. بەتایبەتی لە دۆخێکی نائاساییدا کە شەقام هەڵدەستێ، جۆرێک پەیوەندیی «ئەمئەوێتی» ساز دەبێ؛ واتە هەر کات شەقام ڕادەپەڕێ لەوبەریشەوە حیزبەکان دەکەونە جموجۆڵ، و بەپێچەوانەوە، کاتێک دەبینی بۆ وێنە شۆڕش لە هەشتاکاندا لە لووتکەدایە، ئەوا خەڵکیش بە هەمان شێوە دەبنە پاڵپشت و یارمەتیدەری هێزی پێشمەرگە.
ئەو هەڵەحیساباتییەی کە کۆماری ئیسلامی بەردەوام کردوویەتی لەوێشدا ڕەنگی داوەتەوە. کێشەکە لەسەر ئەوە بوو کە نەیدەتوانی - یان لە ڕاستیدا باشتر وایە بڵێم دەیزانی کە - ئەو سەرهەڵدانە لە نێوخۆی وڵاتدا لەگەڵ ڕێبەرایەتیدا پەیوەندییەکی ئۆرگانیکی هەیە؛ نەک لە باری ڕێکخراوەییەوە، بەڵکوو لە باری گوتارییەوە. وەک عەرزم کردی، ئەمە دوو گوتاری هاوتەریب بوون.
کۆماری ئیسلامی نایهەوێ لەو هێما هاوبەشانە تێبگات؛ واتە جیاکردنەوەی خەڵک لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەمان هەڵەحیساباتییە کە بە ئەنقەست دەیکا. دیارە شکم لەوەدا نییە خەڵکانێک هەن کە سەمپاتیی حیزبەکانیان نییە یان خولیاکانیان لە نێو ئەو حیزبانەدا نابیننەوە و ئەمەش شتێکی ئاساییە، بەڵام بە متمانەیەکی زۆر باڵاوە دەڵێم کە ئەم حیزبانە شیلەی ئەم خەڵکەن کە لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندان.
بۆیە من بە گشتی پێم وایە چونکە ڕێژیم نەیتوانی لەمە بگات، دیسان تووشی شکست بووەوە. باڵادەستیی سەربازی لەگەڵ باڵادەستیی گوتاری زۆر زۆر جیاوازە. ئەوەی کە ئێستا کۆماری ئیسلامی دەیکات ئەوەیە کە لە ڕێگەی سەربازییەوە خەڵک کۆنترۆڵ دەکات، ئەمانە هەموو بەجێگەی خۆی، بەڵام تۆ کاتێک هێما سیاسی و فەرهەنگییەکان، بۆ وێنە ئەو ڕووداوە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییانەی کە لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتدا ڕوو دەدەن - بۆ وێنە ڕووداوێکی وەک نەورۆز، کە من وەک وردەبزووتنەوەیەک لە هەناوی بزووتنەوەی نەتەوەییدا سەیری دەکەم - ئەمانە هەمووی نیشاندەری ئەوەن کە ڕاستە لە باری باڵادەستیی سەربازییەوە ڕەنگە هێژمۆنی هەبێت، بەڵام ئاکامی ئەو باڵادەستییە لە کوردستاندا بە چی گەیشتووە؟
جگە لەوەی کە خەڵک هەر ئەمساڵ لە ساڵوەگەڕی شەهیدبوونی ژینادا دیسان بەدەم بانگەوازی حیزبەکانەوە هاتن؛ سەرەڕای ئەوەی کە خۆت دەزانی دۆخی ئابووری چەندە ئەستەم و دژوارە، بەڵام خەڵک لەم حیزبانە دانەبڕاوە. هەرچەند ئەوەش دەسەلمێنم کە لە ڕوانگەی خەسارناسییەوە دەکرێ بێین و باس لە کەموکوڕیی هێزە سیاسییەکانمان بکەین، بەڵام بەهەرحاڵ دەبێ پۆتانسیەلی ئەم هێزانە ڕەچاو بکرێت.
من بەپێچەوانەوە، بەردەوام ئەو هاوپەیوەندییە بە پەیوەندییەکی بەهێزتر دەبینم؛ و هەر کات کە زەبروزەنگ و زۆرەکە زیاتر دەبێت، ئەو هاوپەیوەندی و هاوخەمییە لە نێوان ئەم دوولایەنەدا زیاتر دەبێت. من پێشتر وتارێکم نووسیبوو بە ناوی «سێکوچکەی خەبات»؛ بڕوام وایە کە خەڵک لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هێزە سیاسییەکان لە باشوور، و کوردی دیاسپۆڕا لە دەرەوەی وڵات، سێکوچکەی ئەم خەباتەن کە هەر یەک لە کات و شوێنی خۆیدا پەیوەندییەکی پۆڵایینیان هەیە و دەتوانن لەسەر هاوکێشەکان بە شێوازی جۆراوجۆر شوێندانەر بن.
ئەگەر بە دیدێکی ڕەخنەگرانە و شرۆڤەکارانە سەیری ڕووداوەکە بکەین، ٦ی ڕەزبەر چ دەرسێک یان مۆدێلێکی نوێی لە پەیوەندیی نێوان خەباتی چەکداری/سیاسی لە دەرەوەی سنوور و خەباتی مەدەنی لە نێوخۆدا خستە بەردەم حیزبە ڕزگاریخوازەکانی ڕۆژهەڵات؟
ڕەنگە سەرەکیترین دەرس و وانە ئەوە بێت کە حیزبەکان – کە لەوەپێشیش کردوویانە - دەتوانن پشتگیریی سیاسی، میدیایی و مرۆیی شەقام بکەن. واتە شاخ وەک پشتیوانیی شار!
پێموایە یەکەم جار من بووم ئەو دەستەواژەیەم بە ئەمانەتەوە لە قسەکانی شەهید مامۆستا شەرەفکەندی هێنایە نێو ئەدەبیاتی ڕۆژنامەوانی و میدیایی کوردییەوە. لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا شاخ دەتوانێت ئەو پشتگیرییە سیاسی، میدیایی و مرۆییە بکا، بێ ئەوەی خۆی خاوەندارێتیی ڕاستەوخۆی بزووتنەوە مەدەنییەکە بکات.
تۆ سەیر بکە، ئەو هێزانەی کە کۆماری ئیسلامی وەکوو هێزی هاندەر پێناسەیان دەکا (هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان)، بەبێ ئەوەی کە دەورێکی ئەوتۆ ببینن لە باری ڕێکخراوەییەوە بەس ئەمە دەکاتە بیانوو بۆ ئەوەی ئەم ڕاپەڕینە مەدەنییە بە شێوەیەکی خوێناوی سەرکوت بکا و دواتر هێرش بکاتە سەر بنکەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لەگەڵ ئەوەشدا کە هێزە سیاسییەکانی کوردستان هەتا ئەمڕۆ لە ماوەی ئەم چارەکە سەدەی ڕابردوودا هیچ جووڵەیەکی چەکداریی ئەوتۆیان نەکردووە کە کۆماری ئیسلامی دواتر وەکوو ئامرازێک کەڵکی لێ وەربگرێت و بیەوێت ئەم شۆڕشە مەدەنییە بە چەواشەکاری بە شۆڕشێکی دەرەکی نێودێر بکا.
بۆیە ئەمە گرنگترین دەرسە؛ بوونی هێزە سیاسییەکانی کوردستان پاڵپشتییەکی گەورەیە بۆ ئەم بزووتنەوە مەدەنییانەی کە لە نێوخۆی وڵاتدا ڕوو دەدەن. ئێستا ئێمە ڕێکخراوە مەدەنییەکانمان لە نێوخۆی وڵاتدا - لە ئەنجومەنە ئەدەبییەکانەوە بگرە هەتا ژینگەپارێزی، فیلم، مۆسیقا، فێرگەکانی زمانی کوردی و زۆر شتی دیکە - دەبینین کە چەندە توانیویانە بەرامبەر بەم هێژمۆنییەی کە دەسەڵات لە یەکەم ساڵەکانی هاتنەسەرکارییەوە دەیەوێت لەنێوی ببات، ڕابوەستن و بەپێچەوانەوە بوون بە هێمای ناسنامەی نەتەوەیی.
واتە لە ئەدەب، شێعر، مۆسیقا، پەیکەرسازی و زمانی کوردیدا دەبینیت کە خەڵک ڕەنگدانەوەی ناسنامەی نەتەوەییانە لەژێر زەخت و گوشاری دەسەڵاتی فەرمانڕەوادا. ئەوە سەرنجڕاکێشە کە ئەم بزووتنەوانە بەبێ ئەوەی پاڵپشتییەکی ڕاستەوخۆی هێزەکانیان هەبێت، خۆڕسکن لە نێوخۆیاندا، هەرچەند حاشا لەوەش ناکەم کە ئینتیمای نەتەوەیی و ڕەنگە ئینتیمای حیزبیش لە گۆڕێدا هەبێت.
بۆیە بە بڕوای من ئەوە گرنگترین دەرسە و دەتوانێت بەردەوام بێت. لە هەموویان گرنگتر ئەوەیە کە ئەم «دەرەوە» و «نێوخۆ»یە لێک دانەبڕاون. کاتێک بارەگاکانی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێنە ئامانج، تۆ شەپۆلی هاوسۆزی و هاوخەمیی ئەم خەڵکە دەبینی؛ و بەپێچەوانەوە، کاتێک خەڵک دەکەوێتە ژێر زەخت و گوشارەوە، ئەوە هێزەکانن کە لە دەرەوەی سنوورەکان لە ڕێگەی جۆراوجۆری سیاسی و میدیاییەوە هەوڵ دەدەن ببنە دەنگی ئەم خەڵکە.