وتووێژ: شەهرام سوبحانی
ئاماژە: ئەم وتووێژە لەگەڵ توێژەر و مێژووناس د. جەواد دانشپەژووهـ ئەنجام دراوە، کە تێیدا تیشک دەخاتە سەر ڕەهەندە نەبینراو و هەستیارەکانی کارەساتی کۆمەڵکوژیی ١١ی خەرمانان لە گوندەکانی قاڕنێ و قەڵاتان و ناوچەکانی دیکەی کوردستان. د. جەواد لە ئاخاوتنەکانیدا بەڕاشکاوی جەخت لەوە دەکاتەوە کە نابێت ئەم تاوانانە وەک ڕووداوی دابڕاو و سەربەخۆ سەیر بکرێن، بەڵکوو بەشێکن لە پڕۆسەیەکی سیستماتیک کە دوای فەتواکەی ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨ دەستی پێکردووە. هەروەها تیشک دەخاتە سەر کەمتەرخەمی لە دۆکیۆمێنتکردنی مێژووی زیندووی شایەتحاڵەکان، ئاستەنگە یاسایییەکانی دادگاییکردنی ئەنجامدەران لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، و ئامادەنەبوونی بەڵگەی پێویست بۆ سەلماندنی جینۆساید. لە کۆتاییشدا جەخت لە گرنگیی دامەزراندنی ناوەندێکی سەربەخۆ یان تریبوناڵێکی خەڵکی دەکاتەوە بۆ بەبەڵگەکردنی ئەم تاوانانە، تا ببێتە هەوێنێک بۆ دادپەروەریی ڕاگوزاری و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی کارەساتی هاوشێوە.
لە لێکۆڵینەوە مێژووییەکانتاندا سەبارەت بە ١١ی خەرمانان، تا چەند دەستتان بە بەڵگەنامەی فەرمی یان شایەتحاڵەکانی نێوخۆی ڕووداوەکە گەیشتووە، و گرنگترین ئەو زانیارییانەی کە هێشتا لە ئەرشیڤە مێژووییەکاندا بە تەمومژاوی ماونەتەوە چین؟
سەبارەت بە شایەتحاڵەکان، ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ئێستا دوای ٤٧ ساڵ، زۆر سەختە زانیارییەکان کۆبکرێنەوە؛ لەکاتێکدا لە ماوەی ئەم ٤٧ ساڵەی ڕابردوودا کاری جیددی لەسەر نەکراوە. بە بڕوای من گرفتەکە لەوەدایە کە ئەم بابەتە وەک پێویست بەبەڵگە نەکراوە و تا ئێستا کەس پێشەنگ نەبووە تا بە شێوەیەکی گشتگیر کار لەسەر دۆکیۆمێنتکردن و بەبەڵگەکردنی ئەم کۆمەڵکوژییانە بکات.
ئەمە خەسارەتێکی گەورەیە، چونکە بە تێپەڕبوونی کات شایەتحاڵەکان نامێنن تا دەرفەتی گێڕانەوەی ڕووداوەکانی قاڕنێ و گوندەکانی دیکە و ناساندنی کەسایەتییەکان بڕەخسێنن. ئێستا ٤٧ ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوانەدا تێپەڕیوە؛ بەشێکی زۆریان کۆچی دوایییان کردووە، ئەوانەشی لە ژیاندا ماون، پەیوەندیکردن پێیانەوە و کەڵکوەرگرتن لە شایەدییان تا ڕادەیەک دژوارە. لەگەڵ ئەوەشدا، بە دەستکەوتنی بەشێک لە شایەتحاڵەکان کە ئێستا لە وڵاتانی ئەورووپی دەژین، دەکرێت وەک سەرچاوەی زیندووی شایەدی کاریان لەگەڵدا بکرێت.
دەسەڵاتی سیاسی و سەربازیی ئەو کاتەی ئێران لە ڕاگەیەندراوە فەرمییەکانیدا چۆن پاساوی بۆ ڕووداوەکانی قاڕنێ و قەڵاتان دەهێنایەوە، و ئەدەبیاتی بەکارهاتوو بۆ ناساندنی دانیشتووانی ئەو گوندانە چ جۆرە گوتارێک بوو؟
پەیوەست بەم پرسیارەوە کە لە ڕاگەیەندراوە فەرمییەکاندا چۆن پاساو بۆ ئەم ڕووداوانە (بەتایبەت قاڕنێ و قەڵاتان) دەهێننەوە، پێم خۆشە تیشک بخەمە سەر ئەوەی کە ئەگەر ئێمە تەمەنی ئەم کۆمەڵکوژییانە (لە دوای فەتواکەی خومەینییەوە، تا زەبروزەنگ، سێدارەدان، کوشتنی کۆڵبەران و قەتڵوعامی گوندنشینان) لە یەکتر جیا بکەینەوە، تووشی هەڵەیەکی گەورەی مێژوویی و یاسایی دەبین.
لە دوای فەرمان (یاخود فەتوا)کەی خومەینی بۆ هێرشکردنە سەر کوردستان لە ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاویدا، تاوەکو ئەمڕۆ پڕۆسەی کۆمەڵکوژی بە شێوازی جۆراوجۆر لە ڕێگەی کوشتنی کۆڵبەران، زیندانیکردن و سێدارەدانەوە بەردەوامە. ئەگەر تەواوی ئەم زنجیرەیە بە یەک بەستراوەیی لەبەرچاو نەگیرێت، ڕووبەڕووی هەڵەی تێگەیشتن دەبینەوە. هەر بۆیە پێویستە جەخت لەوە بکرێتەوە کە سەرجەم ئەم کۆمەڵکوژییانە دوای فەتواکەی ٢٨ی گەلاوێژ دەستیان پێکردووە و تا هەنووکەش بەردەوامن.
بڕوای من وایە، سەرەڕای جیاوازی لە کات، شێواز، چەندێتی و چۆنێتیی ئەم کوشتارانە، دەبێت هەموویان لە چوارچێوەیەکی یەکگرتوودا ببینرێن. لە یادمانە کاتێک لە ٢٨ی گەلاوێژدا خومەینی فەرمانەکەی دەرکرد، لە هەمان ڕۆژدا ٤ مەرجەعی شیعەی ئێران (ئایەتوڵڵا مەرعەشی نەجەفی، ئایەتوڵڵا قومی، محەممەد سادقی ڕۆحانی و محەممەد باقر شیرازی) بە نووسراو پشتگیرییان لە فەرمانەکەی خومەینی بۆ هێرشکردنە سەر کوردستان کرد.
خاڵی گرنگتر لەم پەیوەندییەدا ئەوەیە کە «محەممەد سادقی ڕۆحانی» تەنانەت چەمکی «جیهاد»ی بەکار هێنا، لەکاتێکدا لە فەرمانەکەی خومەینیدا وشەی «جیهاد» بەڕاشکاوی نەهاتبوو. کۆی ئەم فەتوایانە (فەرمانی خومەینی و پشتگیریی نووسراوی ئەم چوار مەرجەعە شیعەیە) بووە هۆی هاندانی هێزە چەکدارەکان و تەنانەت کۆکردنەوەی بەشێک لە خەڵکی ئاسایی بەرەو کوردستان، کە ئەنجامەکەی دەستپێکردنی قەتڵوعام بوو.
ڕاستەوخۆ دوای ئەوە، هێرش کرایە سەر کوردستان؛ لە ٢٩ی گەلاوێژدا (تەنیا ڕۆژێک دوای فەتواکە)، خەڵخاڵی ڕووی کردە کوردستان و تەنیا لە ماوەی ٦ ڕۆژدا زیاتر لە ٦٠ کەسی بە شێوەی بەکۆمەڵ لەسێدارە دا. دوو هەفتە دواتریش (١٣ ڕۆژ دواتر) هێرش کرایە سەر گوندەکان، کە گوندی «قاڕنێ» یەکێک بوو لەوانەی کرایە ئامانج.
لەبەر ئەوە، پێم وایە دەبێت تەواوی ئەم کۆمەڵکوژییانە وەک یەک دۆسیەی پێکەوەبەستراو سەیر بکرێن. لە ڕوانگەی یاسایییەوە دەکرێت بەو جۆرە بڕوانرێت کە دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی ٤٧ بۆ ٤٨ ساڵی ڕابردوودا (لە ٢٨ی گەلاوێژەوە تا ئەمڕۆ) بە شێوازێکی سیستماتیک هەوڵی داوە گەلی کوردستان بە شێوەی جۆراوجۆر کۆمەڵکوژ بکات و لەناوی ببات.
لە پاش کارەساتی قاڕنێ، هەندێک هەوڵ و سەردان لەلایەن کەسایەتییە ئایینی و سیاسییەکانەوە (وەک لیژنەکانی ناوچەکە) بۆ بەدواداچوون درا؛ ئەرشیڤی مێژوویی سەبارەت بە ئەنجام و ئاستی کاریگەریی ئەو بەدواداچوونانە چی دەڵێت؟
پەیوەست بەم پرسیارەوە کە ئاماژە بە بەدواداچوونی ڕووداوەکان دەکات، دەکرێت بگوترێت بەرپرسانی سەرەکیی پلاندانان و ئەنجامدانی ئەم قەتڵوعامانە بریتی بوون لە: مەلا حەسەنی ئیمام جومعەی نەغەدە، سەرتیپ زەهیرنەژاد (فەرماندەی لەشکری ٦٤ی ورمێ)، عەزیم مەعبوودی (ئەندام و بەرپرسی شۆرای نەغەدە) و سەرهەنگ شەهبازیان.
دوای ڕوودانی هێرشەکان و بڵاوبوونەوەی دەنگدانەوەیان لە ڕۆژنامەکانی ئێراندا، ڕووحوڵڵا خومەینی ناچار بوو نوێنەرێک بە ناوی «مەهدی بەهادۆران» بنێرێتە کوردستان تا بەدواداچوون بۆ بابەتەکە بکات. بەهادۆران نزیکەی مانگێک لە ناوچەکە مایەوە و ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلی ئامادە کرد و بۆ خومەینی نارد. لە ڕاپۆرتەکەیدا ڕاشکاوانە ئاماژەی بەوە کردبوو کە هەندێک دەسەڵاتدار و کەسایەتیی سەر بە کۆماری ئیسلامی لەگەڵ کۆمەڵێک ساواکیی پێشوو دەستیان لەم قەتڵوعامانەدا هەبووە، هەروەها زانیاریی ناڕاستیان بڵاو کردووەتەوە تا وا نیشان بدەن قوربانییەکان لە شەڕدا کوژراون.
بەهادۆران لە کۆتاییی ڕاپۆرتەکەیدا پێشنیاری بۆ خومەینی کردبوو کە دادگایەک بۆ دادگاییکردنی ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە پێک بهێنرێت، بەڵام لە کردەوەدا هیچ ئەنجامێکی نەبوو. سەرەڕای ئەوەش، نوێنەرایەتییەک لە خەڵکی گوندەکان و کەسووکاری قوربانییان دوو جار سەردانی خومەینییان کرد؛ هەرچەندە بەڵێنی بەدواداچوونیان پێدرابوو، بەڵام لە ڕووی یاسایی و دادوەرییەوە هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەنرا.
لە لایەکی ترەوە، لەبارەی بەشێک لە گوندەکانی ناوچەی هەوشار، دوای سکاڵای بنەماڵەی قوربانییەکان، دوو تا سێ دادگا پێکهێنران. گرنگیی ئەم دادگایانە لەوەدا بوو کە لە حوکمەکاندا بە شێوەیەکی بەڵگەدار دانپێدانان (ئیقرار) کرا بەوەی کە قەتڵوعام لە ناوچەکەدا ڕووی داوە و لەلایەن دەستوپێوەندەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ئەنجام دراون و پێویستە سزای یاسایی وەرگرن. ئەگەرچی ئەم حوکمانەش نەبرانە سەر، بەڵام دانپێدانانی دادگا سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی خۆی بەڵگەیەکی مێژوویی و یاساییی گرنگە.
وەک توێژەرێک، سەرلەبەری ڕووداوەکانی ١١ی خەرمانان لە قاڕنێ و قەڵاتان لەژێر کام زاراوەی یاساییی نێودەوڵەتیدا دەگونجێنن؟ ئایا بەڵگە مێژووییەکان توخمەکانی تاوانی داڕێژراو دەسەلمێنن؟
سەبارەت بەم پرسیارە و گونجاندنی زاراوە یاسایییە نێودەوڵەتییەکان؛ ئەگەر سەرجەم ڕووداوەکانی کوردستان لەبەرچاو بگرین، دەتوانین لەسەر چەمکی «جینۆساید» بدوێین. بەڵام بۆ سەلماندنی جینۆساید، پێویست بە بەڵگەی سەلمێنەر دەکرێت کە نیشان بدات دەسەڵاتداران بە نووسراو یان بە ئاخاوتن نییەتی لەناوبردنی تەواوەتی یان بەشێک لە گەلی کوردیان هەبووە، کە دەستکەوتنی ئەم جۆرە بەڵگانە ئاسان نییە. بەڵام بابەتی «تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی» خاڵێکی یاساییی زۆر بەهێزە و بە ئاسانی دەسەلمێندرێت.
لەلایەکی دیکەوە، لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (ICC) یان لاهەی ناتوانرێت ئەم کەیسە بورووژێندرێت، چونکە یەکەم: کوردستان خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ و ئەندامێتیی فەرمی نییە؛ دووەم: دادگای ICC بەپێی ئەو پەیماننامەیەی کە خۆیان پەسەندیان کردووە، تەنیا پێڕاگەیشتن بەو تاوانانە دەکات کە لە دوای ساڵی ٢٠٠٢ەوە ڕوویان داوە، لەکاتێکدا ئەم قەتڵوعامانە پێش ئەو بەروارە ڕوویان داوە.
لە ئامادەکردنی مێژووی زارەکی و بەڵگەدارکردنی ئەم کۆمەڵکوژییەدا، گەورەترین ئاستەنگی مێژوونووسان چییە؟ چۆن دەکرێت ڕێگە لە سڕینەوە یان شێواندنی ئەم بەشە لە مێژووی هاوچەرخی کوردستان بگیرێت؟
گەورەترین ئاستەنگی بەڵگەدارکردن (دۆکیۆمێنتکردن) ئەوەیە کە ئەم ڕووداوانە بە دروستی و بە بەڵگەی زانستی تۆمار نەکراون. بەشێک لە شایەتحاڵەکان کۆچی دوایییان کردووە و بەشێکی دیکەشیان تەمەنیان هەڵکشاوە؛ ئەگەر بەزوویی وتووێژیان لەگەڵدا نەکرێت و زانیارییەکان تۆمار نەکرێن، ڕووبەڕووی کارەساتێکی مێژوویی لەدەستدانی بەڵگەکان دەبینەوە.
لە کۆتاییدا دوای تێپەڕبوونی دەیان ساڵ بەسەر کارەساتی قاڕنێ و قەڵاتاندا، ڕوونکردنەوەی ڕاستییە مێژووییەکان لە ئاستی ئەکادیمی و گشتی، چۆن دەکرێت ببێتە هەوێنێک بۆ بەدیهاتنی دادپەروەریی ڕاگوزاری و دروستبوونی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی کۆمەڵکوژیی هاوشێوە؟
بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک و ئامادەکاری بۆ داهاتوو، گرنگترین کار، سەرەڕای هەوڵدان بۆ پێکهێنانی دادگا لە داهاتوودا، بریتییە لە دامەزراندنی ناوەندێک، دادگایەکی ڕەمزی، یان تریبوناڵێکی سەربەخۆی خەڵکی. ئەرکی ئەم ناوەندە تۆمارکردن، بەڵگەدارکردن و گەیاندنی دەنگی قوربانییان و ئازارەکانیان دەبێت بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.