وتووێژ: شەهرام سوبحانی
ئاماژە:
ئاماژە: بە بۆنەی چاپ و بڵاوبوونەوەی کتێبی نوێی لێکۆڵەر د. کامران ئەمین ئاوە لەژێر ناونیشانی «ڕۆژنامەی کوردستان چاپی باکۆ (١٩٤٧ - ١٩٦١)»، کە هاوکاتە لەگەڵ ٨٠ ساڵەی تەمەنی ڕۆژنامەی «کوردستان» (ئۆرگانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران)، ئەم وتووێژە لەگەڵ بەڕێزیان ئەنجام دراوە. لەم گفتوگۆیەدا تیشک دەخرێتە سەر مێژووی ١٤ ساڵ تێکۆشانی ڕۆژنامەوانی و سیاسیی ئەو قۆناغە کەمتر ناسراوەی ڕووناکبیرانی کورد لە تاراوگە، ڕەهەندە فیکری و تەشکیلاتییەکانی ڕۆژنامەکە لە باکۆ و، کاریگەری و پێوەندییەکانی لەگەڵ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا.
دوکتور کامران ئەمین ئاوه، وەک پرسیارێکی دەستپێک؛ لە کاتێکدا کە کۆماری کوردستان لە مەهاباد لە ساڵی ١٣٢٥دا ڕووخا و فەزایەکی هێندە تاریك و سەرکوتکەر لەسەر جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی کورد دروست بوو، بۆچی باکۆ (پایتەختی ئازەربایجانی سۆڤیەتی) هەڵبژێردرا بۆ دەرکردنەوەی ڕۆژنامەی "کوردستان" و ئەم پێوەندییە سیاسی و فەرهەنگییە چۆن لەنێوان کوردانی تاراوگە و کوردستانی ستەملێکراودا دروست بوو؟
لەسەرەتادا سپاس بۆ خولقاندنی ئەم دەرفەتە کە بتوانین باسی ١٤ ساڵ کار و تێکۆشانی ڕۆژنامەی «کوردستان»ی چاپی باکۆ وەک ئۆرگانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و شوێن و پێگەی ئەم ڕۆژنامەیە لە مێژووی خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستان و ڕۆژنامەگەریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەین. پێموایە بۆ وڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، پێویستە ئاوڕێک لە بارودۆخی پاش ڕووخاندنی کۆماری ساوای کوردستان و پەرتەوازەبوونی کادر و ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نێو ئێران و وڵاتانی دیکەدا بدەینەوە.
دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان و حکوومەتی میللیی ئازەربایجان لە سەرماوەزی ١٩٤٦ (تشرینی دووەمی ١٩٤٦) و سەرکوتکردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد و ئازەر، گیران، لەسێدارەدان و دوورخستنەوەی هەزاران کەس لە ڕێبەرایەتی، کادر، ئەندام و لایەنگرانی ئەو دوو بزووتنەوەیە دەستی پێ کرد و ئەوان تووشی چارەنووسێکی هاوبەش هاتن.
لەم بارودۆخە ناخۆشەدا، سەرەڕای حاکمبوونی فەزایەکی پۆلیسی، گیران و کوژرانی ئازادیخوازانی کورد، نەبوونی بزووتنەوەیەکی بەهێز لە کوردستان، هەروەها سەرهەڵدانی بێهیوایی و دڵساردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، شۆڕشگێڕانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ بووژاندنەوەی خەباتی نەتەوەیی، چ لە نێوخۆی وڵات و چ لەوبەری سنوورەکانەوە، ملیان بەو بارودۆخە نەدا و بەپێی دەرفەت و تواناییەکانیان دەستیان بە چالاکییەکی بێوێنە کرد و نەیانهێشت مەشخەلی شۆڕشی کورد بکوژێتەوە.
بەشێک لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، وەک نەمران: حەسەن قزلجی، محەممەد شاپەسەندی، عەبدوڵڕەحمانی زەبیحی، غەنی بلووریان، ڕەحیم سوڵتانیان، ڕەحیم خەرازی و... هتد، لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەوڵیان بۆ بووژاندنەوەی کار و چالاکیی حیزب دەدا. نزیک بە ساڵێک پاش ڕووخانی کۆماری کوردستان، خوێندکارانی کورد وەک ڕەحیم قازی، عەلی گەلاوێژ، سەید کەریم ئەیووبی، مستەفا شەڵماشی، سەید عەزیز شەمزینی، ڕەحمان گەرمیانی، حەسەن حیسامی، هەروەها موراد و عەبدوڵڵا ڕەزمئاوەر (دوو برای کرماشانیش کە ئەندامی حیزبی توودە بوون)، لە باکۆ و لە دیسامبری ١٩٤٧وە دەستیان کرد بە چاپ و بڵاوکردنەوەی خولی دووەمی ڕۆژنامەی «کوردستان» وەک ئۆرگانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە لاپەڕەی دووی ڕۆژنامەی «آذربایجان» (ئۆرگانی فیرقە) بە زمانی کوردی.
ژمارەی یەکی ڕۆژنامەی کوردستان لە لاپەڕەی دووی ژمارەی دووی «آذربایجان» لە ڕێکەوتی ١٤ی سەرماوەزی ١٣٢٦ (٦ی دیسامبری ١٩٤٧) وەک «ماوەی ڕۆژنامەی کوردستان» بڵاو بووەوە. ئەم خەبات و چالاکییە بەهۆی بوونی مەلا مستەفا بارزانی و کادر و پێشمەرگەکانی باشووری کوردستان لە باکۆ، بەڕێوەبردنی کۆنفرانسی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ١٩ی ژانویەی (بەفرانباری) ١٩٤٨ و پێکهێنانی کۆمیتەی کورد لە باکۆ، ڕەنگ و ڕوویەکی جیددیتریشی گرت.
واتە کوردەکانی ڕۆژهەڵات و باشوور لە هاوکارییەکی نزیکدا لەگەڵ فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان و بە پشتیوانیی حکوومەتی ئازەربایجانی سۆڤیەت، دەستیان بە کاری هاوبەش، بەڕێوەبردنی کاری ڕۆژنامەکە و بەشی نیو سەعاتەی کوردیی رادیۆی فیرقە کرد.
لە سەرەتادا لەوە دەچێت ڕۆژنامەکە لە ڕێگای ئەو پۆستە و پێیکانەی (کاغەز/نامە) بۆ ئێران دەچوون، ڕەوانەی ئازەربایجان و کوردستان کرابێت، بەڵام کاریگەریی سەرەکیی ئەم ڕۆژنامەیە لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی بابەتەکانی لە ڕێگەی ڕادیۆوە بوو کە بەپێی ڕاپۆرتی «ویلیام س. بادیت»، کۆنسوڵی ئەمریکی لە تەورێز لە ساڵی ١٩٥١دا، لە گوند و کوێرەدەستەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش گوێیان بۆ دەگرت و تا سەرەتاکانی سەدەی پەنجای زایینی کاریگەرییەکی بەهێزیان لە کوردستاندا هەبوو.
لە روانگەی بەڵگەنامە مێژووییەکانەوە، لە سەرەتای دەرچوونی ڕۆژنامەکە لە باکۆ لە کۆتاییەکانی ١٩٤٧دا تاوەکو جێگیربوونی وەک "ئورگانی حیزبی دیموکراتی کوردستان"، ئایا پرۆسەی دەستنیشانکردنی سەرنووسەر، دەستەی نووسەران و شێوازی بڕیاردان لەنێو ئەم بلاوکراوەیەدا بە چ شێوازێک بەڕێوە دەچوو و ئایا دەسەڵاتدارانی سۆڤیەتی و فیرقەی دیموکراتی ئازەربایجان تا چەند چاودێریی ئەم پرۆسەیەیان دەکرد؟
بەداخەوە هیچ بەڵگە و زانیارییەک لەم پێوەندییەدا کە ئێوە باسی دەکەن، لەلایەن بەرپرسانی ڕۆژنامەی «کوردستان»ـەوە تا کاتێک لە ژیاندابوون، نەنووسراوە و نەبیندراوە؛ بەڵام بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی تەواو نهێنیی ئیمام داشدەمیر مستەفایێڤ، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئازەربایجان لە نێوان ساڵانی ١٩٥٤ تا ١٩٥٩، بۆ ولادیمیر نیکیفۆرۆویچ مالین، سەرۆکی لقی گشتیی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی یەکیەتیی سۆڤیەت، ڕەحیم قازی سەرنووسەری ڕۆژنامەی «کوردستان» بووە.
لە کتێبی جەمیل حەسەنلی، مێژوونووسی کۆماری ئازەربایجان، بە ناوی «ئازەربایجانی سۆڤیەتی لە سەردەمی کرانەوە تا وەستانی (١٩٥٩-١٩٦٩)»، کە بەپێی کەڵک وەرگرتن لە بەڵگەنامەکانی یەکیەتیی سۆڤیەت نووسراوە، بەرپرسیارەتیی عەلی گەڵاوێژ لە ئاستی جێگری سەرنووسەری ڕۆژنامەی «آذربایجان» بووە. لە دوو بەڵگەنامەی ساڵانی پەنجای زایینیدا، ناوی ئەم کەسانە: ڕەحمان گەرمیانی، ڕەحیم قازی، عەبدوڵڵا ڕەزمئاوەر، عەلی گەڵاوێژ، قادر مەحموودزادە و سوڵتان وەتەمیشی وەکوو دەستەی نووسەران هاتووە.
ئەوەی گریمانە دەکرێت، ئەوەیە کە تا کاتێک نووسەرانی ڕۆژنامەی «کوردستان»، بەتایبەتی تا سەرەتاکانی ١٩٥٠، لە باکۆ کۆ ببوونەوە، پێکەوە ئەم ڕۆژنامەیان بەڕێوە بردووە؛ بەڵام پاش ئەوەی بۆ درێژەپێدان بە خوێندن و کارکردن بەشێکیان باکۆیان بەجێ هێشت و تەنانەت تووشی ناکۆکییش بوون، کاری سەرەکیی بەڕێوەبردنی ئەم ڕۆژنامەیە کەوتە سەر ئەستۆی ڕەحیم قازی و عەلی گەڵاوێژ و تا کۆتاییهاتن بە بڵاوبوونەوەی ئەم ڕۆژنامەیە، هەفتەی دوو ژمارە و بەسەرجەم ١٣٣٧ ژمارەیان ئامادە و بڵاو کردووەتەوە.
لە ڕووی ئابووری و لوجستییەوە، ڕۆژنامەیەکی کوردی کە لە ناو فەزایەکی داخراوی وەک یەکیەتیی سۆڤیەتی و لەسەر لاپەڕەی دووەمی ڕۆژنامەی "آذربایجان" چاپ دەبوو، سەرچاوەی دابینکردنی بودجەکەی چۆن بوو و چۆن توانرا ماوەی ١٤ ساڵ (١٩٤٧ تا ١٩٦١) بە بێچوونی بەردەوامبێت، لە حالێکدا کە تەمەنی زۆربەی بڵاوکراوە کوردییەکانی دیکە زۆر کورتتر بوون؟
ڕۆژنامەی «ئازەربایجان» هەر لە سەرەتاوە تا کۆتاییهاتنی سیستەمی سۆسیالیستی لە یەکیەتیی سۆڤیەتدا، بە پشتیوانیی ماددی و مەعنەویی حیزبی کۆمۆنیستی یەکیەتیی سۆڤیەت بڵاو دەکرایەوە. هەروەها، فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان، وەک حیزبێکی برا و پەنابەر لە ئازەربایجانی سۆڤیەتدا، لە ڕووی داراییەوە پشتی بە حکوومەتی ئەو وڵاتە دەبەست و بودجەی پێویستی لەو سەرچاوەیەوە دابین دەکرا. بێگومان، کوردەکانیش لەم دەرفەتە کەڵکیان وەرگرتووە بۆ چاپ و بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی «کوردستان». لەبەر ئەوەی دۆخی ژیانی سیاسی و تەشکیلاتیی ئەوان لە ئازەربایجانی سۆڤیەتدا، بە بەراورد لەگەڵ دۆخی دێموکراتەکانی کوردستان لە باشووری کوردستان یان هەر شوێنێکی دیکە، سەقامگیرتر بووە، توانیویانە بەردەوام بن لە چالاکییە ڕۆژنامەوانی و سیاسییەکانیان و درێژە بە کاری خۆیان بدەن.
سەبارەت به دابەشبوونی سیاسیی نێو ڕێبەرایەتیی کورد و کێشە نێوخۆییەکان؛ لە پەڕتووکەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هەندێک جار ناکۆکی لەنێوان کۆچبەرانی کورد و ڕەوتی حیزبی تودەی ئێران یان دەسەڵاتی باکۆ هەبووە. ئایا بەستنەوەی چارەنووسی بڵاوکراوەکە بە لاپەڕەیەکی ڕۆژنامەیەکی ئازەربایجانییەوە، تا چه ڕادەیەک سەربەخویی سیاسی و فەرهەنگیی بزووتنەوەی کوردی لەو تاراوگەیەدا خستە ژێر کاریگەریی خۆیەوە؟
لە ڕاستیدا، کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەرەتای بوونیان لە باکۆ، لە پێوەندییەکی ڕاستەوخۆ و زۆر نزیکدا لەگەڵ فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان کاریان کردووە. ڕەحیم قازی و عەلی گەلاوێژ ئەندامی ڕێبەریی فیرقەی دیموکراتی ئازەربایجان بوون و کاک ڕەحیم قازی تەنانەت بۆ ماوەی نزیک بە شەش ساڵ جێگری سەرۆکی فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان بووە. بەڵام، سەرەڕای ئەم پێوەندییە تەشکیلاتییە نزیکە و هاوبەشییە فیکرییەکان، نێوەڕۆکی ڕۆژنامەی «کوردستان» نیشان دەدات کە ڕەوتی سەرەکیی ئەو ڕۆژنامەیە لە بواری سیاسەت، مێژوو، فەرهەنگ و بابەتەکانی تری تایبەت بە کوردستان بووە. واتە، هەرچەندە لە ڕووی فکرییەوە نزیکییەکی بەرچاو لە نێوان ئەم دوو ڕەوتەدا هەبووە، ئەمە نەبووەتە هۆی ئەوەی ڕۆژنامەی «کوردستان» لە ئەرکی سەرەکیی خۆی، کە بریتی بووە لە خزمەتکردن بە بەرژەوەندییە نەتەوەیی و سیاسییەکانی گەلی کورد، دوور بکەوێتەوە.
بەڵگەیەکی تری ئەم جیاوازییە لە ڕاپۆرتێکدا دەبینرێت کە غولام یەحیا دانیشیان و عەبدولسەمەد کامبەخش لە ڕێکەوتی ٣٠ی ژوئەنی ١٩٥٣دا ئامادەیان کردووە. بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، نێوەڕۆکی سێ بەشی تورکی، فارسی و کوردیی ڕادیۆی فیرقە، جگە لە وتارێکی کوردی کە بەپێی تایبەتمەندییەکانی کوردستان ئامادە دەکرا، تا ڕادەیەک یەکسان بووە. ئەم ئاماژەیە گرنگە، چونکە جیاوازیی نێوان نێوەڕۆکی گشتیی دامەزراوە ڕاگەیاندنییەکانی فیرقە و ئەو بابەتانەی کە بەتایبەتی بۆ کوردستان ئامادە دەکران، دەخاتە ڕوو.
نێوەڕۆکی ڕۆژنامەی «کوردستان» نیشان دەدات کە نووسەرانی ئەو ڕۆژنامەیە لە ڕوانگەیەکی چەپ و لە هەمان کاتدا لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی گەلی کوردەوە هەڵسوکەوتیان کردووە. وتارەکانی عەلی گەلاوێژ لە سەردەمی بەڕێوەچوونی ڕەوتی «وحدت» بۆ دامەزراندنی تاکە حیزبی کرێکاری لە ئێران لە کۆتایی دەیەی پەنجای زایینیدا، بەڵگەیەکن بۆ ئەوەی بۆچوونە سیاسییەکانی ئەو لەگەڵ سیاسەت و ئاراستەکانی حیزبی توودەی ئێران لە هەندێک بواردا جیاوازیی بەرچاویان هەبووە و لەگەڵ یەکتر نەگونجاون. عەلی گەلاوێژ و بەشێک لە ڕێبەرانی فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان لەگەڵ ئەو ئاراستەیە نەبوون کە ببێتە هۆی هەڵوەشانەوەی فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان و حیزبی دێموکراتی کوردستان و تێکەڵبوونەوەیان لە نێو حیزبی توودەی ئێران یان هەر حیزبێکی تری سەرانسەریی ئێرانیدا. لە ڕاستیدا، پاراستنی ناسنامەی سیاسی و نەتەوەیی و سەربەخۆیی تەشکیلاتی، یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی ئەم ناکۆکییە فیکری و سیاسییانە بووە.
ئەم بابەتە بە پشتبەستن بە بەڵگە مێژووییەکان و بە شێوەیەکی وردتر لە کتێبی «ڕۆژنامەی کوردستان، چاپی باکۆ»دا شیکراوەتەوە. ئەو بەڵگانە یارمەتیمان دەدەن کە پێوەندییەکانی نێوان حیزبی دێموکراتی کوردستان، فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان و حیزبی توودەی ئێران، نەک تەنیا لە ڕووی هاوبەشییە فیکرییەکانەوە، بەڵکوو لە ڕووی سنووری ئەو هاوبەشییە و جیاوازییە سیاسی و نەتەوەییەکانیشەوە هەڵبسەنگێنین.
درێژەی هەیە ...