ئەرتەشی ئەمریکا ڕۆژی شەممە ١٦ی خەزەڵوەر، پێکهێنانی دەستەیەکی تایبەتی بۆ ڕێگریکردن لە گواستنەوەی چەکی پێشکەوتوو، تێکنۆلۆژیی دوومەبەستە و کەلوپەلە گەمارۆدراوەکان لە سنوورە زەمینییەکان و دەریای خەزەرەوە بۆ ئێران ڕاگەیاند؛ هەنگاوێک کە لە درێژەی گۆشەگیریی دەریایی و گەمارۆدانی هێڵە ئاسمانی و ئاسنینییەکانی کۆماری ئیسلامیدا دێت.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەرتەشی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند بە فەرمانی دەریاسالار برەد کۆپێر، دەستەی کار بۆ ڕاسپێردراوی "دەروازەی ئاسنین" (Task Force Iron Gate) پێکهێنراوە.
ئەم دەستەیە بە بەشداریی نزیکەی ٢٠ هێزی سەربازی و مەدەنی لە بنکەی سێنتکام لە فلۆریدا جێگیر دەبێت و ئەرکی هاواهەنگی لەگەڵ دامودەزگاکانی دیکەی ئەمریکا بۆ ڕێگریکردن لە گواستنەوەی بارە قەدەغەکراوەکان لە سنوورە زەوینییەکان و دەریای خەزەرەوە دەگرێتە ئەستۆ.
برەد کۆپێر ئەم دەستەیەی بە هەنگاوێک بۆ بەهێزکردنی ئەنجامەکانی گۆشەگیریی دەریایی زانی و ڕایگەیاند کە هاوکاریی نزیکتری سێنتکام لەگەڵ دامەزراوە حکوومییەکان، توانای کۆماری ئیسلامی بۆ دابینکردنی دارایی تێرۆریزم، نۆژەنکردنەوەی کارگەکانی چەک و کەلوپەلی سەربازی سنووردارتر دەکاتەوە.
سێنتکام ئاشکراشی کرد کە گۆشەگیریی دەریایی لە مانگەکانی ڕابردوودا ڕێگری لە هەناردەکردنی زیاتر لە ٢٥ میلیارد دۆلار نەوتی خاوی ئێران کردووە.
هاوکات لەگەڵ ئەم هەنگاوە، فواد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق پشتڕاستی کردەوە کە ئەمریکا بەشیوەی فەرمی داوای لە بەغدا کردووە جگە لە دوو دەروازە، سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ ئێراندا دابخات.
لەلایەکی دیکەشەوە، گوشارەکان لەسەر سنوورە زەوینییەکانی پاکستان و تورکیەش زیاتر بوون و ڕەوتی پەڕینەوەی بارهەڵگرەکان بەشێوەیەکی بەرچاو ڕاوەستاوە.
ئەم ڕێکارە نوێیانە لە درێژەی هەڵمەتی "گۆشەگیریی ئابووری"ی دەوڵەتی ترامپدا دێن، کە پێشتر بە مەبەستی داخرانی تەواوەتیی سەرجەم ڕێڕەوە جێگرەوەکانی تاران بۆ گواستنەوەی چەک، نەوت و کەلوپەلە قەدەغەکراوەکان گەمارۆی خستبووە سەر ۲۷ کۆمپانیای فڕۆکەوانی و هێڵی ئاسنینی کۆماری ئیسلامی.