ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هێرانا" ڕایگەیاند دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە مەشهەد سزای سێدارەی بەسەر "عەلی زاغی" و "ئیلیا ئەکبەری"، دوو دەسبەسەرکراوی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاویدا سەپاندووە. بەمەش ژمارەی سزادراوان بە سێدارە لەم دۆسییە هاوبەشەی ناسراو بە "شاندیز" گەیشتە شەش کەس.
بەپێی ڕاپۆرتی هێرانا، لقی پێنجەمی دادگای ئینقلابی مەشهەد، تۆمەتی وەک "موحاربه لە ڕێگەی بەشداری لە تێکدانی موڵکی گشتی و ئاگرتێبەردانی بنکە ئایینییەکان" و "کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژ بە ئەمنییەتی وڵات"ی داوەتە پاڵ ئەم دوو هاووڵاتییە ناڕازییە کە ئێستا لە بەندیخانەی وەکیلئابادی مەشهەددا دەسبەسەرن. سزای ئەم دوو کەسە هێشتا لە قۆناغی سەرەتاییدایە.
لەم دۆسییە هاوبەشەدا، پێشتر سزای سێدارەی چوار هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی مەهدی زەریف، مەتین شەبانی، حوسێن ڕەسووڵینەسەب و حەسەن گوڵشەننژاد دەرچوو بوو، کە سزای مەهدی زەریف و حوسێن ڕەسووڵینەسەب یەکلایی بووەتەوە و پەسەند کراوە.
ئەم دۆسییە پەیوەندیدار بە ڕووداوەکانی ناڕەزایەتییەکانی ١٨ و ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە شاری شاندیز لە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوییە.
ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ لە ٧ی بەفرانبارەوە لە تاران بە مانگرتنی کاسبکاران دەستی پێکرد و بەخێرایی سەرجەم چین و توێژەکانی گرتەوە.
لە ڕەوتی سەرکوتکردنی ئەم ناڕەزایەتییانەدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، هەزاران کەس کوژران یان بریندار بوون و دەیان هەزار کەسی دیکەش دەسبەسەر کران.