کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەرەبستان چەند هێرشێکی مووشەکیی حوسییەکانی تێکشکاند

10:27 - 17 خەزەڵوەر 2726

ڕۆیتێرز ڕایگەیاند کە کەمێک دوای دەرکردنی هۆشداریی پێشوەختەی بەرگریی مەدەنیی عەرەبستان سەبارەت بە مەترسییەکی ئەگەری هێرشی حوسییەکان، دەنگی چەند تەقینەوەیەکی گەورە لە ڕیاز بیستراوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆتە، دوای بیستنی دەنگی چەند تەقینەوەیەک، بەرگریی مەدەنیی عەرەبستانی سعوودی ڕایگەیاند کە مەترسی لە ڕیاز کۆتایی پێهاتووە و هێرشەکان بەرپەرچ دراونەتەوە.

هاوپەیمانیی بە سەرکردایەتیی عەرەبستان ڕایگەیاند کە سیستەمی دژەئاسمانیی ئەو وڵاتە توانیویەتی دوو مووشەکی بالستیک لەنێو ببات کە حوسییەکان بەرەو ڕیاز هاویشتوویانە.

ئەم هاوپەیمانییە دواتر، هەواڵی لەناوبردن و ڕێگریکردن لە دوو مووشەکی کرووزی تری لە ناوچەکانی ڕیاز و باشووری عەرەبستانی سعوودی ڕاگەیاند.

شایانی باسە پێشتریش هێرشی حوسییەکان بۆ سەر مەککە و مەدینە دوو شاری پیرۆزی موسڵمانان، کاردانەوەی جیهانی لێکەوتەوە و زۆربەی وڵاتانی موسڵمانان مەحکوومیان کردبوو.