کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کرێکارانی شارەوانیی ئیلام لە بەرانبەر پارێزگاریدا

10:24 - 17 خەزەڵوەر 2726

درێژەکێشانی سیاسەتی پشتگوێخستنی مافی کەرتە بێبەشەکان لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیم و شیرکەتە بەڵێندەرەکانەوە، جارێکی دیکە کرێکارانی شارەوانیی ئیلامی هێنایە سەر شەقام.

ڕۆژی شەممە ١٧ی خەزەڵوەر، ژمارەیەک لە کرێکارانی شارەوانی ئیلام لە ناڕەزایەتی بەرانبەر جێبەجێنەکردنی پڕۆژەی ڕێکخستنی شێوازی دانانی مووچە، لە بەرانبەر بینای پارێزگاریی ئەو شارەدا کۆ بوونەوە.

ناڕەزایەتیی کرێکاران لەکاتێکدایە کە بەڵێندەرانی شارەوانی لە تۆمارکردنی ناوی هێزی کار لە سیستمی پەیوەندیداردا خۆ دەبوێرن.

بەپێی بڕیارە فەرمییەکان، دەبا ناوی ئەم کرێکارانە تۆمار ببا تا مووچەکانیان بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ و بەبێ نێوەندگیریی شیرکەتە نێوەندگیرەکان بخرێتە سەر هەژمارەکانیان، بەڵام بەرپرسانی شارەوانی نەک هەر ئامادەی ڕوونکردنەوە نین، بەڵکوو بە پاساوی ناڕاست دەڵێن ئەم ڕێکارانە بەشی خزمەتگوزاری ناگرێتەوە.

یەکێک لە کرێکارە ناڕازییەکان وتی: "سەرەڕای ئەوەی بەشێک لە هاوکارانمان زیاتر لە ٢٠ ساڵە لە شارەوانیی ئیلام کار دەکەن، بەڵام بەردەوام هێزی کارمان دەچەوسێندرێتەوە و مافەکانمان پێشێل دەکرێن."

ناوبراو جەختی کردەوە کە تەنیا چارەسەر بۆ کۆتاییهێنان بەم نادادپەروەرییە، سڕینەوەی یەکجاریی شیرکەتە نێوەندگیرەکان و بەستنی گرێبەستی ڕاستەوخۆیە لەگەڵ خودی شارەوانیدا.

دەسەڵاتی گەندەڵی کۆماری ئیسلامی ساڵانێکە لە ڕێگەی سپاردنی پڕۆژەکان بە بەڵێندەرانی سەر بە دامەزراوەکانی ڕێژیم، دەستڕەنجی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان بە تاڵان دەبات و مافە سەرەتاییەکانیان پشتگوێ دەخات.