پێداچوونەوە بە ساڵنامەی ئاماریی سازمانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە ساڵانی ١٤٠٠ تا ١٤٠٤ی هەتاویدا دەریدەخات کە ژمارەی تەونکەرانی بیمەکراو نزیکەی ٣٠ لەسەد کەم بووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیلنای سەر بە ڕێژیم، ژمارەی تەونکەرانی بیمەکراو لە ماوەی پێنج ساڵی سەرەتای ئەم دەیەیەدا، ٧٤ هەزار و ٢٧ کەس کەم بووەتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، کەمبوونەوەی ژمارەی بیمەکراوان مەرج نییە بە مانای کەمبوونەوەی ژمارەی تەونکەران بێت. بەڵکوو ڕوون نییە کە چەند کەس لەو کەسانەی لە پێڕستی بیمەکراوان دەرچوون، هێشتا لەم پیشەیەدا کار دەکەن، چەند کەس ڕوویان کردووەتە پیشەی تر و چەند کەسیش بە هۆکاری جۆراوجۆری تر لەژێر چاودێریی بیمەدا نین.
نەبوونی زانیاریی دروست سەبارەت بە کۆی گشتیی تەونکەرانی کارا، توانای هەژمارکردنی پشک و بەشی سوودمەندانی بیمە لە نێوان سەرقاڵانی ئەم پیشەیەدا سنووردار دەکات.
بەپێی ساڵنامەی ئاماریی سازمانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی، ژمارەی تەونکەرانی بیمەکراو لە ٢٤٧ هەزار و ٦٠٥ کەس لە ساڵی ١٤٠٠دا گەیشتووەتە ١٧٣ هەزار و ٥٧٨ کەس لە ساڵی ١٤٠٤دا.
بەراوردکردنی سەرەتا و کۆتایی ئەم ماوەیە باس لە کەمبوونەوەی ٧٤ هەزار و ٢٧ کەسیی بیمەکراوان دەکات؛ ژمارەیەک کە یەکسانە بە نزیکەی ٢٩.٩٪ی ئەو ژمارەیەی کە لە ساڵی ١٤٠٠دا تۆمار کرابوو.
پێنەدانی بیمە بە پیشە جیاوازەکان هۆکاری سەرەکیی ناڕەزایەتییەکانی چەند ساڵی ڕابردووی کرێکارانی پیشە جیاوازەکان بووە و بەرپرسانی ڕێژیمیش لەوبارەوە خەمسارد و کەمتەرخەم بوون و هاووڵاتییانیان لەو مافە سەرەتاییە بێبەش کردووە.